ئیسرائیل چی بۆ کورد پێیە؟!

Thursday, 28/09/2017, 1:08

5215 بینراوە


ئەوەى لە چەند رۆژی ڕابردوو لە میدیا ناوخۆیی و هەرێمى و دەوڵەتان گوزەری کردوە وەک بابەتی گەرمى رۆژ، نەخاسمە بابەتە پەیوەندارەکانى تایبەت بە ریفڕاندۆمەکەى هەرێمى کوردستان بۆ سەربەخۆیی، جا ئێمە لێرەدا نایەینە سەر وردەکاریەکانى بۆچوون و هەڵوێستە کۆ دەنگیەکانى کۆمەڵگای نێو دەوڵەتى و وڵاتە زلهێزەکانى دونیا لەمەڕ دواخستن و هەڵوەشاندنەوەی ئەو ریفراندۆمەو دووبارە گەڕانەوە بۆ سەر مێزى گفتوگۆکان لەنێوان سەرکردایەتى سیاسی کورد و بەغدا بۆگەیشتن بە چارەسەریەک بۆئەو کێشانەى لەنێوان هەردوولا هەبووە.
لێرەدا ئەوەى بووە  بنێشتە خۆشەى سەر زاری سەرکردەکانى لای خۆمان، تەنها ئاماژەدانە بە ئیسرائیل کە یەکەم دەوڵەتە دان بەدەوڵەتى سەربەخۆیی کوردستان دادەنێ و پاساوەکانیش هەمیشە ئەوەیە کە ئەگەر ئیسرائیل دانى بەو دەوڵەتە دانا، ئەوە هەموو دونیا دان بەو دەوڵەتە دادەنێ وە بەدیاریکراوى ئەمریکا.
لێرەدا خاڵگەلێک هەن دەکرێ لەسەری بوەستین و پرسیاری لەبارەوە بکەین، ئەوانیش:
یەکەم: ئەگەرچی هەندێ لێدوان لێرەو لەوێ بەزاری وەزیرێک و چاودێرێکى سیاسی ئیسرائیل لەسەر دۆزى رەوای کورد بڵاو بۆوە، کەچی لەلایەن سەرۆک وەزیرانى ئیسرائیلەوە هەموو بەرپرسان ئاگادار کرانەوە کە بەهیچ شێوەیەک لەسەر ئەو کەیسە و بابەتى ریفراندۆم و داهاتووى کوردستان لێدوان نەدەن، لێرەدا دەپرسین ئەگەر پەرۆشی بۆ ئەو بابەتە هەیە، بۆچی ئیسرائیل وەکو حکومەت بەفەرمى و بەبێ ترس کە لەکەس ناترسێن هەڵوێستى فەرمیان لەهەمبەر کوردو کوردستان و دەوڵەتى سەربەخۆ راناگەیەنن؟
دووەم: هەموو دەوڵەتێک دەتوانێ بە لێدوانێک پاڵپشتى خۆی یان دژایەتى خۆیبۆ ئەو ریفراندۆمە دەرببڕێت، دژایەتیەکان بە ئاشکرا گوێبیست بووین کە ئەمریکاو بەریتانیاو فەرەنسا ونەتەوە یەکگرتووەکان چۆن بیاننامەیان دەرکردو لە کۆبوونەوەکانیان چۆن بێ پەروا هۆشداریان بۆ ئەو مەسەلەیە دەربڕی، بێگومان رۆژانە لە رووداوە نەخوازراوەکاندا بەدەیەها بەیاننامە دەردەکرێت و بەدەیەها لێدوانى جیا جیا دەدرێت کەچی واقع شتێکە و ئەوەى دیوى پشتەوە شتێکى ترە، لێرەدا دەپرسین ئیسرائیل لەهەموو ئەوماوەیەى جەنگى دژ بەداعش کوا هاوکاریەکانیان لەڕووى ماددى و مەعنەوى؟ ئەگەر بوترێ ئەوە شتێکى نهێنیە لەنێوان هەرێم و ئیسرائیل، دووبارە دەپرسین: ئیسرائیل ئەوەندە ترسنۆکە ئەگەر بیەوێ یارمەتى گەلێک بدات لەترسی وڵاتانى هەرێمی نەتوانێ بەئاشکرا باسی بکات، لەکاتێکدا هەزار هەزار بەیاننامەو لێدوان ناگاتە ئەوەى لەرووى ماددیەوە هاوکاری وپشتیوانى هەرێم بکەن و کام چەک و جبەخانەى پێویست و سەردەمە بۆ هەرێمى دابین بکەن.
سێ یەم: زۆر لە ناوەندەکان باس لەوە دەکەن نە لەرابردوو و نە لە ئێستادا بەکردەنى رووى راستەقینەى ئیسرائیل لە یارمەتیدانى کورد دەرنەکەوتووە وەک چۆن کورد کیماباران کراو ئەنفالکراو گوندەکانى خاپوور کرا، هەموو دونیا بە ئەمریکاو ئیسرائیلەوە بێدەنگیان نواند و تەنانەت ئیسرائیل لە کوڕەوە ملیۆنیەکەى بەهاری1991ی هاونیشتمانیانى کوردستان هیچ رۆڵێکى نەبوو، لێرەدا پرسیارێک دێتە کایە: ئایا لەم ئان و ساتە ناسکەدا هەر بەڕاستى ئیسرائیل دەیەوێ ببێتە دۆستى کورد؟ یان هەر بۆ ئیستیفزازکردنى وڵاتانى عەرەبی ئەو جۆرە لێدوانانە دەدات؟
چوارەم: هەمیشە دەوترێ: ئەمریکا یانى ئیسرائیل و ئەمریکا سیاسەتى ئیسرائیل پەیڕەو دەکات کە لەهەمان کاتیش دووبارە دەوترێ: ئەمریکا یانى بەریتانیاو ئەمریکا سیاسەتى بەریتانیا پەیرەو دەکات، ئەوەش هەریەکەیان هەنجەت بۆ پشتڕاستکردنەوەى ئەو قسانە بەکۆمەڵێک بەڵگە باس دەکرێ، بەڵام خاڵی جەوهەری وەک هەقیقەتێکى حاشا هەڵنەگر ئەوەیە هەموو دونیا ئەوە ناشارنەوە کە ئیسرائیل جگە لە خۆی وەک -شعب الە المختار- هەموو ئایین و ئانزاکان بە مەسیحی ئەمریکاش رەت دەکاتەوە و دوژمنى سەرسەختى ئیسلامە بەتایبەت سوننە مەزهەب، کەواتە ئەگەر بابەتێک هەبێت بۆ لێک تێکگەیشتن و دروست کردنى پەیوەندى دیبلۆماسی، ئەوە دەبێ ئیسرائیل بەکردەوە ئەو هەقیقەتە بسەلمێنێ کە دۆستى کوردەو کوردیش بەهاوپەیمانى خۆی بزانێت، نەک کورد وتەنێ دەنگى دەهۆڵ لەدوورەوە خۆشە، هەموو هاوارێک ناکاتە یەک کردار بۆ پشتگیری کردن، وە بەپێچەوانەوە کورد لەلایەن وڵاتانى هەرێمایەتى و عەرەبەوە کە بەئیسرائیل ناوى هات، ئەوە هێندەى دیکە رقی لێ دادەگرن کە ئیدى هەنگاوەکانى دانیشت وگفتوگۆکان بە بن بەست بگەن.

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە