خۆنیشاندان یان خۆپیشاندان؟!

Wednesday, 20/12/2017, 19:44

4359 بینراوە


جارێکی تر، بزیسکەی نارەزایەتییە پەنگ خواردووەکانی خەڵکی کوردستان، کڵپەی کردو،هەر وەک جارەکانی پێشتر، لە بری ئاڵ و گۆڕی شۆڕشگێڕانە ، تەنها بە کڵپەکەی چەند بارەگایەکی حیزبی سووتاندو، چەند لاوێکی دڵ پڕ لە هیوای کردە قوربانی و سووتەمەنی ئەو سیستەمە ئابووری و سیاسی و بەڕێوەبردنە خواروو خێچەی هەرێمی کوردوستان، کە لە جوغرافیای سیاسی هەموو دونیادا لەم ڤێرشنە خراپەی نادۆزیتەوە!!  
زۆر کەس و لایەن و دەزگای راگەیاندن ، تا ئاستی ڕاپەڕین و شۆڕش ، وەسفی خۆپیشاندان و ناڕەزایەتییەکانی ئەمجارە دەکەن و، ئومێدی خەڵکی لە سەر هەڵدەچنن ، بۆ رزگار بوون لەو چەقبەستن و بەستەڵەکە ئابوری و سیاسییەی هەرێم، کە چارەکە سەدەیەکە ، ژیانی خەڵکی بەشمەینەتی کوردوستانی سڕ کردووە   
بەڵام من ئەم خۆپیشاندان و نارەزایەتییەی ئەمجارەش هەروەک درێژکراوەی جارەکانی تر دەبینم و، ئەوەی خۆ پیشاندانی ئەمجارەش لە جارەکانی تر جیا ناکاتەوە ، نەبوونی ئامانج و ستراتیژی ڕۆشن و دیاریکراوە. نەبوونی داخوازی هاوبەشە، نەنانەت بوونی داخوازی جۆراو جۆرو کورت و ناکۆک بە یەکە، لە نێوان داوای موچە (واتە مانەوەی حکومەت) و بارەگا سووتاندن (واتە ڕاماڵێنی حکومەت)دا چەندین وردە داخوازی تر هەیە کە خۆپیشاندەرانی گووم کردووەو، وا دەردەکەون کە خۆشیان نازانن بە دیاریکراوی بە تەمای چین و بەرەو کام ئاراستە هەنگاو دەنێن، هەر بۆیە خۆپیشاندەرانی پیرەمەگروون بە نموونە ، کاتێک سەرجەم بارەگای حیزبەکان بە بێ جیاوازی دەگرن و دەسوتێنن، دوای ئەوە دەچنەوە ماڵەوە و نازانن دوای ئەوە چی بکەن.چونکە لە بنەڕەتدا ئامانج و ستراتیژی ڕۆشن و درێژماوەیان نییە. . 
 خۆپیشاندان ئەگەر ئامانج و ستراتیزی ڕۆشن و دیاریکراوی نەبوو دەبێتە ( خۆنیشاندان) وەک ئەوەی ئێستا هەیە، واتە کەمێک خۆت نیشان دەدەیت لە ئاکتێکی کۆمەڵایەتیداو بەشێک لەو ئینیرژی نەفرەت و نارەزایەتییانەی، کە لە لات کەڵەکە بووە، خەرج دەکەیت و بەم کارەش لە ڕووی دەروونییەوە، بڕێک خۆت ئاسوودە دەکەیت. . هەرچەندە لە ڕووی ماناو دەربڕینەوە ( خۆپیشاندان) و ( خۆنیشاندان) جیاوازییەکی ئەوتۆیان نییە، بەڵام خۆپیشاندان تا ئێستا لە فەرهەنگی سیاسیدا وا لێک دراوەتەوە کە چوڵەیەکی کۆمەڵایەتیە بۆ بەدیهێنانی ئاڵ و گۆڕ لە ژیان و گوزەرانی خەڵکدا، لوتکەی هەرەمی ئەم ئاڵ و گۆڕەش، شۆڕش و ئاڵ و گۆڕی شۆڕشگێڕانەیە . 
 بەڵآم لە خۆپیشاندانەکانی ئەم جارەشدا ئەو ئومێدو ماناو لێکدانەوە هەستی پێ ناکرێت و خۆپیشاندانەکانی ئەمجارەش نزیک دەکاتەوە لە خۆنیشاندان، واتە خۆنیشاندان لە جوڵەو کەرنەڤاڵێکی کۆمەڵایەتیدا بە بێ بەدیهێنانی ئاڵ و گۆڕ.  
خۆپیشاندەران و ڕابەرانیان ( هەرچەندە تا ئێشتا ڕابەرانی زۆر دیار نین) دەبێت ئامانج و ستراتیژی ڕۆشنیان هەبیت و بەرەو بەدیهێنانی ئاڵ و گۆڕی بنەڕەتی و شۆڕشگێڕانە هەنگاو بنێن، دەبێت وەک خاوەنی ئەسڵی کۆمەڵگا هەڵس و کەوت بکەن، ئەگەر وەک خاوەنی ئەسڵی کۆمەڵگا ڕەفتار بکەن چۆن دەتوانن دوابەدوای گرتنی سەرجەم بارەگاو دام و دەزگا حکومییەکان بڕۆنەوە بۆ ماڵەوە ؟! چۆن دەتوانن ئەو بیناو دام و دەزگا حکومییانە بسوتێنن؟! مەگەر ئەوانە موڵکی خەڵک نین؟! مەگەر بە بودجەو نانی خەڵک نەکڕدراوە، مەگەر سبەینێ دیسانەوە بە بودجەو نانی خەڵک نۆژەن ناکرێتەوە؟!   
بۆئەوەی خۆپیشاندان و نارەزایەتیەکانی ئەمجارەش نەبێتە خۆنیشاندان، پیویستە خەڵکی ناڕازی و خۆپیشاندەر، لەو جێگایانە کە حکومەت پاشەکشەی کردووە لە بەڕێوەبردن و حکومەتداری و تەنانەت بارەگاکانیشی بە جێهێشتووە، بارەگاکان نەسوتنێت، بەڵکو کۆببێتەوە و نوێنەرانی جێگا برواو متمانەی خۆی هەڵبژێرێت و بیخاتە جێگا چۆڵ کراوەکانی ئەوان و کارەکانی خەڵک بەڕێوە بەرێت و وەک خاوەنی کۆمەڵگاو داهاتەکانی رەفتار بکات، تەنانەت خەڵکی ناڕازی و خۆپیشاندەر دەبێت لە شوێنی ژیان و گوزەران و کارکردنی خۆیدا، هەمان پرۆسە بە جێ بگەیەنێت و کۆبوونەوە گشتییەکانی خۆیان بەرپا بکەن و نوێنەرانی گەرەکەکان و شوێنی کارەکان هەڵبژێرێت و بنێرێت بۆ بەشداری کردن لە سیستەمی بەڕێوەبردندا . ئە گەر ئەم کارەش نەکرێت ئەوا خۆپیشاندانەکان هەر ( خۆ نیشان دانن) و کۆنترۆڵی کۆمەڵگاو داهاتەکانی هەر لە دەستی ڕەشی هەمان سیستەم و حکومەتی ڕەشدا دەبێت.   

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە