شەڕی بێدەنگی نێوان پارتیی و یەکێتیی لە رێگای شاسواری ئێن ئارتی

Thursday, 21/12/2017, 21:51

18797 بینراوە


•  ئێران رۆژی 7 / 3 /2018 دیاریی کردووە، کە یەکێتیی کۆنگرەی تێدا ببەستێت.
•  لە رێگای مەلا بەختیار و کەسانی دیکەوە رێککەوتنێکی ژێربەژێر لە نیوان پارتیی و شاسوار عەبدولواحیدا کراوە.
•  گۆڕان بە دەست کەسانی کۆنە جەلالیی بەڕیوە دەبرێت.
•  ئێران و تورکیا سیاسەتی پارتەکانی باشوور بەڕیوە دەبەن
•  گومان لەسەر پەیوەندی نێوان پارتی و شاسوار هەیە، بۆیە یەکێتیی ئەرشیفەکانی کەناڵی (NRT) بردووە
-------------------------
 لە هەر خۆپیشاندان و کۆبوونەوەیەکی جەماوەرییدا، دەسەڵات(هەموو دەسەڵاتێکی دیکتاتۆر)، لایەنێکی سیاسیی نەیاری خۆی تاوانبار دەکات بەوەی ئەوان هاندەر و لە پشتیەوەن، رەنگە تا رادەیەک ئەمە راستییەکی پۆسەتیڤ بێت بۆ ئەو لایەنە تاوانبارکراوە، کە لەگەڵ داواکاری خەڵکییدا بێت، بەڵام بۆ خۆپیشاندانەکانی ١٧ شوبات و ١٨ی ئەم مانگەدا جگە لە تووڕەیی و پڕبوونی جەماوەری کوردستان هیچ لایەنێکی دیکە لە پشتییەوە نەبوو، هەرچەندە لە ١٧ شوباتدا گۆڕان و کۆمەڵ هاتنە ناو ئاپورەی جەماوەرەوە، دوایی وەک بینرا ئەوان بۆ مەبەستی سیاسیی خۆیان بەکاریان هێنا و بە خراپیش بە سەر خەڵکییدا شکایەوە، بووە هۆی سەرهەڵدانی دیاردەی رەوکردن و وڵاتجێهێشتنی گەنجان، خۆشبەختانە ئەمجارە خۆپیشاندانە رەوتێکی دیکەی گرتووە و لە بازنەی هاندان و لەپشتەوە وەستانی گۆڕان و لایەنێکی دیکە چۆتە دەرێ، ئەمانیش داوای هێوربوونەوەو و بەکارنەهێنانی توندوتیژی لە خەڵکی راپەڕیو دەکەن، نەک لە دەسەڵات، بۆیە خەڵکەکە گوێیان لێناگرن، خۆپیشاندانەکان چۆتە قۆناغێکی نوێوە، ئەمە سەرەتایە ئەگەر خۆپیشاندانەکە کپ و هێوریش بکرێتەوە، بەڵام سەرەتایە بۆ وەک دەستنیشانکردن لە پاشەڕۆژدا سەری زۆربەی بەرپرسە تاوانبارەکانیشی تێدا دەچێت! چونکە لەوە چووە دەرێ، هیچ لایەنێکی بەناو ئۆپۆزیسیۆنیش بتوانی جڵەوی ئەو خۆپیشاندانە بگرێتە دەست، بەتایبەتی گۆڕان متمانەی جەماوەری لەدەست داوە، ئەوەندە دەستیان بە پشتی پارتیی و یەکێتییدا داوە داوە، ئیتر متمانە و شەرعیەتی رابەرایەتیی جەماوەریان نەماوە.
گەمەی ریفراندۆم و رووداوەکانی کەرکوک و شارەبان (توزخورماتو) کارەساتێکی بچوک نەبوو کە پارتیی و یەکێتی بەسەر کوردیاندا هێنا، لەوەدا گۆڕان و یەکگرتووش چوونە پاڵ پرۆژەکەی پارتیی و تا چەند رۆژ لەمەوپێش ناچاربوون تاکتیکی خۆیان بگۆڕن وا ئیستا هەردوولایان دەستیان لە حکومەتی پارتیی و نێچیرەڤان و یەکێتیی بەرداوە، ئەمەش بە گەمە دەزانرێت، لێ تازە گۆڕان و کۆمەڵ هەرچییەک بکەن، ناتوان متمانەی خەڵکی کوردستان بۆ لای خۆیان رابکێشن بەتایبەتیی لەوەشدا بزووتنەوەی گۆڕان، کە ئیستا کۆمەڵێک کەسی کۆنە جەلالیی ناحاڵی و ناسیاسیی وەکو عومەری سەید عەلی بزووتنەوەکە بەڕێوە دەبەن.
ئەم سەرەتایە بۆ ئەو مەبەستەیە، کە بچینە ناو قوڵایی راپۆرتە هەواڵەکەمانەوە، کە دوو سەرچاوەی جیاواز چەند زانیارییەی بۆ ناردووین:
• سەرچاوەیەک لە نێو دەزگای پاراستن پێمانی راگەیاند، کەوا بە رێککەوتنی پارتیی و یەکێتیی هەردووکیان بڕیاریان دا کەناڵی (NRT) دابخەن، بۆ ئەمەش یەکێک لەو لایەنانە ناوی پارێزگاری سلێمانی هەڤاڵ ئەبوبەکریان خستە نێو تێوەگلانی لایەنی دەرەوەی خۆیان، گوایە ئەو داوای داخستنی کەناڵەکەی کردووە، هەر ئەو سەرچاوەیە وتی: هەرچەندە هەڤاڵ ئەبوبەکر کەسێکی لێهاتوو نییە بۆ ئەو پۆستە، بەڵام هەردوو لا پارتیی و یەکێتی دەتوانن بە ئارەزووی خۆیان هەڤاڵ ئەبوبەکر بەکار بهێنن. لەو بارەیەوە کوردستانپۆست پرسیاری ئەوەی کرد، کە نهێنی ئەمە لە چییدایە!؟ لە وەڵامدا وتی: ئەوەی کردیان کە بەناوی پاریزگاری سلێمانیەوە گوایە داواکراوە کەناڵی NRT دابخرێت، ئەوە مەسجێکیش بوو کە بە هەڤاڵ بڵێن ئەو پۆست و کورسییەی لەسەری دانیشتووی دەبێت فەرمانەکانی ئێمەی تیا جێبەجێ بکەیت، نەک سیاسەتی گۆڕان! ئەوەی کرا ئێمە بۆمان کردیت، دەبوو تۆ خۆت داوات بکردایە کەناڵەکە دابخرێت، کاری تۆ بوو نەک ئێمە بەو کارەی تۆ هەڵبستین.
• سەرچاوەی دووەم لە نێو دەزگای زانیاریی، کە پێی خۆش بوو بەو شێوەیە ناوی بهێنرێت، وتی: پارتیی کە فەرمانی داخستنی کەناڵەکەی دەرکرد، یەکێتییش لەولاوە هێزێکی چەکداری ناردە سەر کەناڵەکە، وەکو سەرچاوەکە دەڵێت: ئەو هێزەی چوونە (NRT) جگە لە چەکدارەکان کەسانی شارەزایان لەگەڵدا بووە، بەتایبەتی تەکنیککار و شارەزا کە لەو بوارەدا کار دەکەن، توانیان لە ماوەیەکی کەمدا کارتیی پەخشی کەناڵەکە دەربهێنن و هاردی کۆمپیتەر و ئەرشیفەکانیشان لەگەڵ خۆیاندا بەرن. ئەم کارەش بۆ ئەو مەبەستە بوو، وەک یەکێتیی ئاگادار بوو، کەوا بۆ ئەو بەڵگانە دەگەڕان تا پەیوەندیی شاسوار و پارتیی و هەندێک سەرکردەی ناو یەکێتییان بە بەڵگەوە دەست بکەوێت!
ئەم زانیارییە نوێیە بۆ کوردستانپۆست بووە جێگای پرسیاری زۆرتر، بۆیە پرسیاری ئەوە لە سەرچاوەکەی نێو دەزگای زانیاریی کرا، کە چۆن دەکرێت شاسوار پەیوەندیی بە پارتییەوە هەبێت!؟ ئایا ئەمە بڕوای پێدەکرێت وا بێت!؟ سەرچاوەکە وتی بۆ نا، ئێمە زانیارییمان هەیە، کەوا مەلا بەختیار و عومەر فەتاح، هەروەها دوو کەسی دیکە، کە جارێ ساغ نەبۆتەوە، ئەو چوار کەسە تەواوکەری پەیوەندیی نێوان شاسوار و پارتیین، کە دەیانەوێت لە رێگای ئەو جموجۆڵەی شاسوارەوە، کاریگەریی بخەنە سەر هەڵبژاردنەکانی حکومەتی عێراق لە رۆژی ١٥ / ٥ / ٢٠١٨ بەو مانایەی پارتیی وای داناوە، لە هەڵبژاردنەکاندا یەکێتیی دەتوانێت تەنیا 8 کورسی بهێنێت، بەڵام شاسوار بەهۆی ئەو رێکخراوەی دروستی کردووە، هەروەها کەناڵی NRT، دەتوانێت دەنگی گۆڕانیش کەم بکاتەوە، چونکە پێشتر تا نەوشیروان مستەفا مابوو کەسێکی نزیک بوو لە بزووتنەوەی گۆڕان، هەربۆیە سروەی خوشکی کرا بە ئەندام پەرلەمانی گۆڕان لە بەغدا، پارتی پێی وایە ئەم دوو جووتە خوشک و برایە دەتوانن چەند دەنگێک لە گۆڕانخوازەکان بۆ لای خۆیان رابکێشن و بەوە کورسیی دەنگدەرەکانی گۆڕان کەم بکەنەوە. سەرچاوەکە دەڵێت: دەمەوێت ئەو راستییەشتان لێنەشارمەوە، ئەم شەڕە لە شەری پارتە کوردییەکانیش چۆتە دەرێ، شەڕی شاراوەی نێوان ئێران و تورکیاشە لە سەر باشوور، ئەم پارتە کوردیانە بەکار دەهێنن.
• دیسان سەرچاوەکە دوو نمونەی وەکو بەڵگە دابەدەستەوە، یەکێکیان ئەوەیان بوو، کە بە فەرمانی ئێران رۆژی 7 / 3 /2018 دیاریی کراوە تا یەکێتیی کۆنگرەی تێدا ببەستێت، واتە ئێران بڕیاردەری سیاسەت و هەموو کارێکی یەکێتییە! هەر لە ئیستاوە بڕیاردراوە کە کێ دەبێتە ئەندامی سەرکردایەتی یەکێتیی، واتە هەموو ئەندامانی بنەماڵەی تالەبانی یەکێتیی بەڕیوەدەبەن و هەموو ئەوانی دیکە دەکرێنە دەرەوە، لەملاشەوە نمونەکانی وەکو مەلا بەختیار، شێخ جەعفەر، د. بەرهەم و عومەر فەتاح، ئاگاداری ئەو مەترسییەن و لە چارەنووسی خۆیان دەترسن، هیچیان پێناکرێت، کەم تا زۆر دەستیان بە پوشێکی وەکو شاسوارەوە بردووە، تورکیاش لەمەدا رۆڵی خۆی دەبینێت.
• ئەو سەرچاوەیە وای داناوە دەڵێت: پارتیی پارووی چەوری خستۆتە بەردەم شاسوار و سەرپشکی کردووە لەوەی کە رێگاپێدراوە ئەگەر هێرش بکاتە سەر سەرکردەکانی پارتیش و بەلایەوە ئاساییە، لەلایەکی دیکە یەکگرتووی ئیسلامی لە میدیا و راگەیاندنەکانەوە بە شان و باڵی شاسواردا هەڵدەدەن، ئەوەتا پەرلەمەنتارێکی یەکگرتوو بە ناوی ئەبوبەکر هەڵەدنی دەڵێت: کاک شاسوار ژیانی خۆی و خانه‌واده‌كه‌ی خستۆته‌ به‌رده‌م مه‌ترسیه‌وه‌ ئه‌بێت ئه‌م هه‌ڵوێسته‌ی به‌رز بۆ تۆمار بكرێت (کلیک).
شاسوار واحید و ئەبوبەکر هەڵەدنیی یەکگرتووی ئیسلامی

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە