پرسەنامەکەی "کەجەکە" بۆ ماڵباتی بارزانی هەموومانی نائومێد و سەرسام کرد

Thursday, 05/04/2018, 16:51

6790 بینراوە


لێتان ناشارمەوە، کە یەکەمین جارم بوو لەناو عەشرەتە خائینەکەی ماڵباتی بارزانی ناوی "دلۆڤان" ببیستم، چونکە رۆژانە هەر وێنەی ئەو تۆپەڵە جامانەسوورانەی ئەو بنەماڵەیەم دەبینی، ئیتر وا راهاتبووم کە هەموویانم وەکو یەک سەیردەکرد، ئاخر تۆ لە کونە زێرابێکدا ئەو هەموو جرجە ببینیت، ئیتر چوزانیت کامە کامەیانە و لە یەکتریان جیادەکەیتەوە!؟ هەموویان وەکو یەک جەواڵدڕ و زیانبەخشن! ئەندام و منداڵ و کچانی بنەماڵەی بارزانیش بۆ من ئاوان، هەموو دز و خائین و ناپاکن، چ پێویست دەکات بەدوای ناوەکانیاندا بگەڕێم، یا تەماشای شان و شەوکەتیان بکەم! ئەوەی بۆ من ئاشکرابووە، بیستوومە، خوێندنومەتەوە و دیومە، ئەوەبووە کە ماڵی مەلامستەفا و ئەولادەکانی ڕۆژێک بۆ ئازادیی بەردێکیان نەخستۆێتە سەر بەردێک، ئەوەی جێگای داخە وا دەبینم کەجەکە دێت لەپرسەنامەیەکدا ئەمانەمان لێدەکات بە فریادڕەس، جا کەوایە بۆ زوو نەهاتن ئەم قارەمانانەی بنەماڵەی بارزانیتان نەکردە رابەری خۆتان و رۆڵی ئاپۆ وعەگید و مەزلوم دۆخان و موساتان پێنەدان!؟ ئایا ئێوە جارێک لە خۆتان پرسیوە کە بۆچی گەلی باشوور هێندە لێتان زویر و توڕەیە، لە ماوەی ئەم ٢٧ ساڵەدا هەرچییەکی لێقومابێت بەدەستی ئەم بنەماڵەیە، ئێوە پرسە و سەرخۆشییەک چییە نەتان ناردووە، دڵخۆشییەکی قوربانییەکانتان نەداوەتەوە. گەلی باشور هەزارانی وەک ڕێژوان، بیلال، سۆران، گەرمیان و سەردەشتان لێدەکوژرێت، نەک هاوبەشی خەمیان ناکەن، بەڵکو چاو و گوێی خۆیان دادەخەن، بەڵام لە عەشرەتەکەی بارزان منداڵێکی سەربێشکەیان نەخۆش دەکەوێت، یان خوێن لە لوتی منداڵێکیان بێت خۆتان دەکەن بەخاوەندارێتی و خەمی ئەوان بە هی خۆتان دەزانن.
جارێک خودا لە یەکێک لە مریدەکانی دەپرسێت:
- چیت بەدەست هێنا لەو ژیانەی کە پێم بەخشیت؟
مریدەکەش دەڵێ:
- توانیم خەندە بخەمەسەر لێوی هاوڕێکەم، من هاوڕێکەمم فێری پێکەنین کرد.
ئێمەش نامانەوێت کەجەکە نوکتەمان بۆ بکات تا پێبکەنین، بەڵام نامانەوێت دڵمان ناخۆش بکات و خەممان زیاتر بکات. بەم پرسەنامەیە هەموومانیان خستە گریان و پێکەنین، چونکە باسی کەسێکمان بۆ دەکات کە تاکو ئێستا نەمان ناسیوە، لە پەناماندا نەبووە، شەڕی داعش و تیرۆریستانی نەکردووە! ئەم تێکۆشەرە لەدژی دوژمنانی کورد هاوشانی موسا و باوکی لەیلاو شەڕڤانەکان لەشەڕدا نەبووە.
لە کۆتاییدا بەڕاستی نازانم ئەم پرسەنامەیە تا چەند لە قسەکانی ئاپۆوە نزیکە؟ بۆیە لاتان سەیر نەبێت کە پەکەکە هیچی پێ نییە بۆ باشور، ئەوەتانێ تاڤگەڕی ئازادیی، کە کۆمەڵێک منداڵەورتکە بەڕێوەی دەبات و هەموویان پەروەردەی کەلتوری پارتەکانی باشوورن لەگەڵ شاسواری دزدا دەچێت پێکەوە بە لیستێک دادەبەزن، هەست دەکەیت کەجەکە ئاگایان لە ڕابەرەکەیان (ئۆجەلان) نییە، یان دەستێک چۆتە ناویانەوە، دەستێکی چڵکن و بەد.
بەهیوام داوای لێبوردن لەگەلی باشور بکەن، لایەنی کەم پرسەنامەیەک بۆ قوربانییەکانی باشور بنێرن. یان نامەیەک بۆ ئەو مامۆستا پیرەی، کە لە هەولێر بە شەق تێیان هەڵدا.


بابەتی هاوشێوە:



نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە