با روباری ئاراسمان لێ نەکەن بەدەریاکەی بەردەمی موسا

Sunday, 08/04/2018, 13:30

7640 بینراوە


چەند ساڵێک لەمەوبەر کتێبێکم کەوتە بەردەست بەناوی ؛ بیرەوەریەکانی ئێلێن بێر، (  Hélène Berr). هەر کە دەستم کرد بەخوێندنەوەی هەتا کۆتایی نەمتوانی دەستی لێ بەردەم . حەزم لەو کتێبانەیە کە هەر خێرا دەم بەن بۆ خۆیان.  ئێلێن بێر، کچیکی جولەکەی فەرەنسی بوو،  کەسێکی شارەزا بوو لە لیتێراتوری ئنگلیزی و ئەوروپیدا. لەبەر ئەوەی لە خێزانێکی  جولەکە بوو، لە سەردەمی حوکمی ڤیشیدا لەفەرەنسا،  ئەو کاتەی فەرەنسا لەلایەن نازیەکانەوە داگیر کرابوو، بۆی نەبوو  بچیێە تاقیکردنەوەی ئنگلیزی  (   l’agrégation) کە بەرزترین پلەی تاقیکردنەوەیە لە فەرەنسا .
  لەساڵی 1944 دا کاتێک لە پاریس ژیانی جولەکەکانی دەکەوێتە مەترسیەوە، خێزانی ئەویش بەهەمان شیوە. هەمو ڕۆژێک ئێلێن لە دەفتەرێکدا  بیرەوەریەکانی خۆی دەنوسێتەوە؛ ئەوەی لە ساتێکدا بە بیری دا هاتوە، ئەو ڕوداوانەی لە دەورو بەری رویانداوە، ڕۆژ بەڕۆژ دەینوسێتەوە، بە خۆڕسکانە و بەبێ کوژاندنەوە دێرەکانی هۆنیونەتەوە، بە شکڵیکی ئەدەبی نایاب، هەندێک جار ووتەی شکسپیر یان نوسەری تری خزاندۆتە ناو باسەکانی. لە پەرەگرافێکدا دەڵێت : ئەمڕۆ بۆیە دێمە سەر ئەم دەفتەرە، بۆ نوسینی چەند دێڕێک، لەبەر ئەوەی کەس شک نابەم هەتاوەک و  نیاز و ڕازی خۆمی بۆ بدرکێنم.......
 پاش ئەوەی خێزانی ئێلێن خۆیان دەشارنەوە، هەر یەکەیان لە لایەک،  شەوێک بڕیار ئەدەن هەمویان پێکەوە لە ماڵی خۆیاندا وەک جاران، لە دەوری ئێوارە خوانێک کۆ ببەنەوە، بەڵام ئەفسوس ئەو شەوە دراوسێکان خەبەریان لێ ئەدەن. پاش ئەوەی پۆلیس دێن و خۆیی و خێزانەکەی دەبەن بۆ بەندیخانە و لەوێوە بۆ ئەڵمانیا، سەرونگوم دەبن.  باوکی ئێلێن بەڕیوەبەری شەریەکەیەکی کیمیاویی فەرەنسا بوو، هەر لە خەستەخانەیەکی فەرنسیدا بە دەرزی ژەهراوی دەی کوژن.
پاش کۆتایی شەڕ، بەدوای ئێلێندا دەگەڕێن،  چەند کچێک باسی ئێلێنیان کردوە، گوایە لە ئاوشویتز، لە پۆڵۆنیا بەندکرابوون پێکەوە. وەهای دەگێڕنەوە کە  ئێلێن  لە بەندیخانەکە لەگەڵ ئەواندا، هیوایەیەک بوە  بۆ دەوروبەرەکەی؛ کچێکی هاوەڵیان لەبەر باری گرانی و ئەشکەنجە و شۆک، کەوتبوە حالەتێکی شێتیەوە و کەس نەیدەتوانی لێێ نزیک بێتەوە،  تەنها ئێلێن توانیویەتی لێی نزیک بێتەوە و بی دوێنێت.  بەڵام  بەیانیەک، ئێلێن لەبەر ئازاری جومگەکانی و نەخۆشی و لاوازی، هێزی تیا نەماوە هەڵسێتە سەرپێ و جێگەکەی جێ بهێڵێت، لە جێگەکەیدا دەمێنێتەوە،  یەکێک لە حەرەسەکان، کە ژنێکی ئەڵمانیە و زۆر قینی لە  ئێلێنە، وەک هەمو ئەو بەڕبەرانەی کە لە ئەقڵی کامڵ و زیرەک دەترسن، هەر لەویادا بە تێڵا دەکەوێتە گیانی ئێلێن و  لەژێر لێداندا دەیکوژێت. 
چەند ڕۆژێک پێش کریسمس بوو، لە لادێ بووم کاتێک کتێبەکەم تەواو کرد، لە گەڵ دواهەمین رستەی کتێبەکەدا، کتێبەکەم گرت بەخۆمەوە و چومە ژورێکەوە، دەرگام لەسەر خۆم داخست، کەوتمە حاڵەتێکەوە؛ بە جۆرێک توشی شۆک بوو بووم، خۆمم نە دەناسیەوە؛ وەک ئەوەی نزیکترین خۆشەویستم لەکیس دابێت ؛ کتێبەکەم گرتبوو بە بەر سنگمەوە و هاوار هاوار و ناڵە ناڵەم بوو، وەک ئەوەی ئەو ژنە حەرەسە ئەڵمانیە بەسەرمنەوە، من دارکاری بکات، ئەوەی سەیر بوو بەلامەوە ئەوە بوو کە  دەنگی هاواری خۆمم نە دەناسیەوە،  وەک ئەوەی دەنگی ڕۆحێکی تر بێت لە گیانما هاوار بکات، بە بێ زیادەڕۆیی.
 هاوسەرەکەم تەقەی دا لە دەرگا هەتاوەکو بزانێت چی ڕوی داوە. هاوسەرەکەم دەیزانی کە کتێبی ئێلێنم بەدەستەوەیە و دەی خوێنمەوە، هەر ئەویش کتێبەکەی پێ دابووم، لەبەر ئەوەی مامۆستای مێژوە و کاری ئەوە کارەساتی شۆوا و ژینۆسایدی جولەکە بۆ خویندکارەکانی باس بکات و هەندێک جار زیارەتی مێنیمۆنتەکان بکەن. دەرگاکەم لێ نەکردەوە،  داوام لێ کرد بۆ چەند ساتێک وازم لێ بێنن بەتەنیا لە ژورەکەدا..... ..کوتووپڕ بەهۆش خۆمدا هاتمەوە؛ خۆم بینیەوە لە ژورێکدا، بۆ کەسێک دەگریم، نە بینیومە و نە دەیناسم .
هەزارەها کەس ئەمڕۆ لە جیهاندا دەمرن، لە ژێر ئەشکەنجە و ئازاردا، لە کوردستان بە نمونە، بەخۆمم ووت ؛ بۆچی کارەساتی ئەو کچە هێندە کاری تێ کردم ؟   وادیار بوو ئەوەی منی خستبوە ئەو حاڵەتەوە، ئەوە بوو کە ڕۆحێکی فراوان و هۆشمەند و کامڵی وەک ئێلێن بە تێڵایەک،  لەلایەن بەڕبەرێکەوە بکوژرێت.  بێ شک فەرەنسا گەورەترین  نوسەری لەکیس چوو.  ئاخۆ ئەگەر بمایە ئەمڕۆ چ ڕۆمانێکی  بۆ دەنوسین ؟
ئێلێن، دەفتەری بیرەوەریەکانی پێشکەش دەکات بە کوڕیک کەناوی ناوە؛ کوڕە چاو خۆڵەمێشیەکە، ناوبراویش  لە هێزی بەرگری فەرەنسیدا بوو لەو سەردەمەدا، پاشان بوە دیبلۆماتکار.  پاش کۆتایی شەڕ،  دەفتەرەکەی دەدرێتێ لەلایەن خێزانی ئێلێنەوە، ئەویش  چەندەها ساڵ وەک من لەگەڵ بیرەوەری و ئازارەکانی ئێلێندا  دەژی و دەتلێتەوە. کاتێک خێزان پێک دەهێنێت، بە کچە دەستگیرانەکەی دەڵیت، بۆ ئەوەی بزانێت کەسێک لە پێش ئەو خۆشی ویستوە، دەفتەرەکە دەدات بە هاوسەرەکەی هەتاوەکو ئەویش بی خوێنێتەوە، دوای خوێندنەوەی کتێبەکە، ژنەکەی پێی دەڵێت : چەندە خۆشە، لە ژیانتا کەسێکی ئاوا  خۆشی بوێیت. 
لە ساڵی   2008 دا کوڕە چاو خۆڵەمێشەکە دەفتەرەکە چاپ دەکات، وەک خۆی دەڵێت ؛ ویستم خەڵکی بەشداربن لە ئازارەکانم. کتێبەکەی ئێلێن دەبێتە کتێبێکی نایاب لە کتێبخانەی فەرەنسادا. پاشان کوڕە چاو خۆلە مێشیەکە دەڵێت: لەگەڵ هاوسەرەکەمدا ژینام پێک هێنا و منداڵمان بوو، هەرگیز سێبەری ئێلێن نەبوە ڕێگر لە نێوانماندا، هێندە کچێکی دڵ فراوان بوو.
 ئەمڕۆ چەند شوێنێک بەناوی ئێلێنەوە ناونراون لە فەرنسا، لەوانە؛ کتێبخانەیەکی گشتی. کاتێک بە کٶلانەکانی گەڕەکی پێنج و شەشی پاریسدا تێ پەڕدەبم، بەتایبەتی دەوروبەری دانشگای سۆربۆن،  بیر لە ئێلێن دەکەمەوە؛ ئاخۆ چۆن بە خەون و خەمەکانیەوە بەم کۆڵانانەدا گوزەری کردبێت ؟
بۆیە ئەم باسەم گێرایەوە لەبەرئەوەی لە لاپەڕەیەکی دەفەتەری بیرەوەریەکەیدا، ئێلێن دەڵێت ؛  رۆژێک دایکم لە بیستنی هەولێکی جەرگبڕ، پرسیاری دەکرد، کە ئایا کەسێک هەیە  ئەم روداوانە بنوسێتەوە هەتاوەک و خەڵکی لە داهاتودا  بزانن چی رویداوە ؟  چونکێ دایکی نەیدەزانی کە ئێلێن هەموو ڕوداوەکان دەنوسێتەوە  ڕۆژ بە ڕۆژ.   بۆیە منیش دەڵێم:  ئایا کەسێک هەیە لە کوردستان ئەم  روداوانەی ئەم سی ساڵەی رابوردوی کوردوستان بنوسێتەوە بۆ مێژو، هەتاوەک و  روباری ئاراسمان لێ نەکەن بە دەریاکەی بەردەمی موسا و زیاتر گرنگی بدەن بە تاوانەکانی ئەنفال ؟

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە