ئەحمەد ئاغا

Wednesday, 18/04/2018, 22:43

4210 بینراوە


کەسایەتی ناوداری کەرکوك و گەرمیانی کوردستان بەهەشتی{ ئەحمەد ئاغا كوڕی مەردان ئاغا }لەدایکبووی ساڵی ۱۸۹٥ز ، ناوچەی ( شێخبزێنی )یە . ئەم کەسایەتییە کوردە ناودارەی گەرمیانی کوردستان و خۆشەویستەی خەڵکی شاری کەرکووکی بێناز ، ساڵی ۱۹٤۰ لە شاری کەرکوك بەرامبەر بە گەرەکی قۆریە و بازاری قۆریە ، چەند پارچە زەویەكی کڕیوە . پاشان لەسەر زەوییەکانی خانووی بۆ خانەوادەی خۆی و کەسوکاری دروست کردووە ، و ئیدی هەواریان لە ناوچەی(شێخبزێنی)یەوە گواستۆتەوە بۆ نێو شاری کەرکوك و لەخانووەکانی خۆیاندا نیشتەجێ بوون . پاشتر ئەو بڕکە ماڵە بە ( گەڕەکی ئەحمەدئاغا ) ناسراوە .
ئەحمەد ئاغا لە کۆتایی ساڵی ۱۹٤۰ دا پارچە زەوییەکی دیکە لەسەر سیلەی  جادەی بازاڕی قۆریە دەکڕێت و چایخانەیەکی گەورە و بێ هاوتای لەسەر بونیاد دەنێت .
پاش تەواو بوونی چایخانەکە و کەوتنە خزمەتی گەشتییارانییەوە ، ئیدی ناو باگ دەردەکات و دەبێتە مەڵبەندی کۆبوونەوە و دیداری شاعیران و ئەدیبان و بەرپرسان و سەرۆك عەشیرەتەکان و کەسایەتی ناوداری شارەکە ، لە کورد و تورکمان و سەرجەمی خەڵکی ناوچەکانی دەوروبەری کەرکووك و دەڤەری گەرمیان .
خودی ئەحمەد ئاغایش زیاتر دەناسرێت و دەبێتە جێی ڕامان و ڕێزی هەموو خەڵکی شاری کەرکوك و دەڤەری گەرمیان .
وەک بەهەشتی رفیق حیلمی دامەزرێنەری حیزبی هیوا ، لە یاداشتەکانیدا باسی دەکات ، دەڵێت : ئەحمەد ئاغا ھاوکارێکی دڵسۆزی حیزبی هیوا بوو . 
ئەحمەد ئاغا ھەمیشە جێگەی رێز و حورمەتی هەموو خەڵکی شارەکە و ئەو چین و توێژانە بووە کە باسمان لێوەکرد . 
هەرچەندە لە ئێستادا گۆڕانکاری بەسەر ئەو شوێنەوارە مێژووییەدا هاتووە ، بەڵام تا ئێستاش لەنێو خەڵکی شارەکەدا ئەو شوێنە بە [ئەحمەد ئاغا] ناوزەد دەکرێت و دەناسرێت .
دروود بۆ ڕوانی ئەحمەد ئاغا و سەرجەم ناودارانی کورد .

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە