پەیام بۆ دژەکانی "بەرەی بایکۆت"

Friday, 11/05/2018, 19:51

4175 بینراوە


ئێوە خودا نین
تا بڕیار لە ویست و کردەی ئێمە بدەن و هەڵسەنگاندن بە ویستی لێڵی خۆتان بۆ بیرکردنەوەی ئێمە بکەن! بڕیاردان لەبری ئەوانی تر (فاشیزمە نەک ئازادی)!
لە پێش هەڵبژاردنیشەوە، ئێمە وەک کۆمەڵێک هاوڕێ و هاوبیر دەربارەی سیاسەتکردن لە عێراق و کوردستاندا، باوەڕمان بەوە گەیشتووە، لەم دۆخە کۆمەڵایەتیی و سیستەمەی لە هەرێمی دوای ١٩٩١ و لە عێراقی دوای ٢٠٠٣ەوە... بەهایەک بۆ (ویست و کەرامەتی مرۆڤەکانی ئەم کۆمەڵگایە نەماوە، چونکە هێزەکان خۆیان دەسەڵاتدارن و کردەی هەڵبژاردن (کە ماکیاژیی دیموکراسییانە بۆ شاردنەوەی دیوە دزێوەکەی دەسەڵات و تاڵانکردنی هەموو سامان و بەهایەکی نیشتمانیی) تەنها دەرزی ئازارشکێنە بۆ دروستکردنی ئەو وەهمە لای هاوڵاتی بەوەی (بەشدارە لە بەڕێوەبردنی وڵات و بڕیاردان لە چارەنووس و ئایندەی).
بایکۆتی ئێمە لەم سۆنگە و ڕوانینە قووڵ و هۆشدارییەوەیە بۆ کردەیەکی ئاوەها گرنگ، کە لەسەر دەستی حزبە دەسەڵاتدارەکان (کە دەبێ تێکڕا دادگایی بکرێن و لەبری هەڵبژاردنیان دەبووا لە زینداندا بن و وەک تاوانبار بە مێژوو بناسرێن)، کراوەتە بەیعەتی چوارساڵەی گەل بە مانەوەی هەمیشەییان! 
هەرچی ئەوەی لە عێراق و کوردستاندا بە حزبە ئۆپۆزیسیۆنەکان خۆ دەناسێنن، لە بنەڕەتدا دژی لە گۆڕنانی ئەو سیستەمی تاڵانە نین کە بانگەشەی دەکەن، چونکە بۆ خۆیان ماڵجیاییان لە سیستەمەکە نەکردووە و بەشدار و بخۆرن لەسەر ئەو خوانی خیانەتە لە هاوڵاتی! گەر لە گۆڕنانی سیستەم و ئاواکردنی ئانیدەیەکی نوێ مەبەست بێ، دەبێت فرسەخێک لەو تاوانبار و تاڵانچیانە بەدوور بن، نەک لە حکومەت و پەرلەمان و سیاسەتکردنیدا مامەڵە و دەستوپەنجەیان لەگەڵ گەرم بکەن!
ئێمە ڕێز و بەها بۆ هەموو خەمخۆرێکی ئازادیی و مافە گشتییەکان دادەنێین و تانە و تەشەرمان لە هیچ کەس و لایەنێک نەداوە و ڕێزی مرۆڤبوون و کەرامەتی هەر تاکێکی ئەم خاکەمان بەرزڕاگرتووە! قسە و دیدی ئێمە دەربارەی کۆی سیستەمەکەیە کە هۆشیاریی دەتگەیەنێتە ئەو باوەڕەی سێڵاوێکی گلاوە نابێت پێی تێ بخرێت بەڵکو دەبێت ژێرگڵ بخرێت.
هاوڵاتی لە عێراق و کوردستاندا (تەنها بە پوولی ئەو دۆمینەیە دەچێت) کە لە گەمەی تاڵانچییەکان و سەر مێزی فەساددا... خاڵی دابەشکردووی حزبەکانی پێ دەگیرێت. نەک گەمەکارێک بێ و بەشدار بێت لە یارییەکەدا!
بۆ ئەوانەی کە لەم دیدە تێناگەن و پێیان وایە (بەداخەوە زۆرێک لەوانەی لە نزیکیشەوە ئێمە دەناسن)، ئێمە خزمەت بە دەسەڵات دەکەین (بە خائین و جاش و دەسکەلای دەسەڵاتمان دەبینن) باشترە مشووری لابردنی ئەو ژەنگ و خەوشە بخۆن (کە ویست و ئیرادە)ی ئەوانی تا ئێستا جلەوکردووە و ناتوانن "دیوە ڕاستەقینەکەی سیاسەتکردن پۆشراو بە تاڵانی" ببینن، کە وردە وردە هەموو وزە و تەمەن و ئایندەیان (لە وەهمی کاریگەریی دەنگەکەت)دا بەفیڕۆ دەڕوات!
هەڵبژاردن ڕێ بە تاوانی دەسەڵات ناگرێ! فلسێکی دزراو و مەترێ زەوی داگیرکراو ناگێڕێتەوە بۆ گشت، خوێنی ڕژاوی سەدان گەنج کورژاو ناسەنێتەوە، دادی نێوان منداڵەکانی ئێمە و ئەوان بەدیناهێنێ! هەڵبژاردن کاتێک بەهادارە کە هۆشمەندانە دەنگ بدرێ و سەنگەری بەرگری لە ویست و مەرجی ئەو دەنگە بگیرێت!
لێرەوە کە ئەمانە لە ئارادا نین... باشترین بژاردە (بایکۆتکردن)ی هەر پڕۆسەیەکە لە کۆی ئەم سیستەمە بانگەشەی دەکا، تا بێ بازاڕ و بێ شەرعییەت بمێنێتەوە و ویستێک هەبێ بڵێ ئێوە و سیستەمە گڵاوەکەتان بە نەفرەت بن و لە گۆرەپانەکە وێڵ ببن. کورت و کرمانجی هەڵبژاردن گەرمکردنی بازاڕی تاڵانچییەکان نەک پێچەوانەکەی!  

بەرەی بایکۆتی هەڵبژاردن
١١ی ئایاری ٢٠١٨

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە