گەندەڵیەکانى نوێنەرایەتیەکانى حکومەت لە دەرەوە (بەشی دووەم)

Tuesday, 15/05/2018, 0:50

6566 بینراوە


گەندەڵیەکانى نوێنەرایەتیەکانى حکومەتى هەرێم لە دەرەوە بابەتێکە بە داخەوە هیچ گرنگیەکى پێ نەدراوە نە لەلایەن فەرمانگەى پەیوەندییەکانى دەرەوە و نە لەلایەن ئەنجومەنى وەزیران و دەستەى نەزاهە ئەمەش دەگەڕێتەوە بۆ نەبوونى هیچ یاسا و ڕێنماییەکى دیاریکراو بۆ کاروبارى نوێنەرایەتییەکانى حکومەتى هەرێم لە دەرەوە، کە ڕێگەى زۆر زیاتر خۆش کردووە لەبەردەم بەهەدەردانى پارە و سەرچاوەى دارایى بۆ مەبەستى شەخسی و گیرفان پڕکردن و بازرگانى تایبەتى.
-------------------------------------

 8- نوێنەرایەتى حکومەتى هەرێم لە ئیتالیا:
نوێنەرى حکومەتى هەرێم/ ڕێزان حەمەساڵح ئاغا
ژمارەى تەلەفۆن: 393286656690+ / 390685356943+
ئیمێل: [email protected]
وێبسایت: www.italy.gov.krd
ناونیشان: Via Giacomo Carissimi 37, 00198 Roma
ڕێزان حمە ساڵح قادر ئاغا نوێنەرى حکومەتى هەرێمە لە ئیتالیا کە زیاتر لە ١٤ ساڵە لەو پۆستە بەردەوامە و خۆى زۆر لە باڵیۆزى عێراق بە زیاتر دەزانێت و لە ڕێگاى کۆمپانیاى ئیتالیەوە پەیوەندى لەگەڵ بەرپرسانى وەزارەتى دەرەوەى ئیتالیا دروست کردووە بەرامبەر بە دۆزینەوەى تەندەر بۆ ئەو کۆمپانیابانە لە کوردستان. ڕێزان ئاغا ئەگەر خۆى بە باڵیۆز دادەنێت دەبوایە هەر زوو دەستى لە پۆستەکە بەردابووایە چونکە پۆستى باڵیۆز تەنها ٤ ساڵە. ڕێزان خان بە ئارەزووى خۆى کارمەند دادەمەزرێنێت و بە هەوەس مووچەیان بۆ دیارى دەکات تا چەند ماستاوچێتى بۆ دەکەن، بودجەى نوێنەرایەتى زیاتر بۆ مەسروفاتى شەخصى خەرج دەکات نەوەک بۆ کارى نوێنەرایەتى، بۆ نموونە لە هیچ قاموسێک نەبووە نوێنەرى حکومەت شوێنى حەوانەوەى لە هۆتێلى پێنج ئەستێرە بێت بۆ ماوەى ١٤ ساڵ و هەموو هەفتەیەک بە بلیتى بزنس کلاس سەفەر بکات، ئەم کارانە لەسەر ئەساسى هیچ ڕێنماییەکى وەزارەتى دارایى حکومەتى هەرێم و ڕێنماییەکانى تایبەت بە شاند و سەفەر و ژیان لە دەرەوەیە. ناوبراو نوێنەرایەتى وەک کۆمپانیا تۆمارکردووە و هەر بەوشێوەیەش مامەڵەى لەگەڵ دەکات باشترین نموونەش چالاکیەکانى نوێنەرایەتیە کە زیاتر لە چالاکى ڕێکخراوێکى کەلتورى دەچێت نەوەک نوێنەرایەتى دیبلۆماسى.
9- نوێنەرایەتى حکومەتى هەرێم لە ئوسترالیا:
نوێنەرى حکومەتى هەرێم/ بەڕێز هەڤاڵ دەسکۆ سیان
ژمارەى تەلەفۆن: 61298222272+
ئیمێل: [email protected]
ناونیشان: P O Box 491 Liverpool / NSW 2170 Sydney, Australia
هەڤاڵ دەسکۆ نوێنەرى حکومەتى هەرێمە لە ئوسترالیا و ئەم نوێنەرایەتیە دەکرێت وا سەیر بکرێت کە هاوشێوەى نوێنەرایەتى حکومەتە لە پۆلۆنیا چونکە لە پایتەخت نیە لە شارى سیدنىیە لە ئوسترالیا، تاوەکو ئێستا نەتوانراوە نوێنەرایەتى لە کانبێرا بکرێتەوە، کە ئەمەش دوو هۆکارى هەیە یەکێکیان لەبەر ئەوەى نوێنەرایەتیەکە وەک کۆمپانیاى کەلتورى تۆمارکراوە، یاخود لەبەرئەوەى نوێنەر خۆى دانیشتووى سیدنی یە و ناتوانێت لە کانبێرا کاربکات. نوێنەرایەتى لاوازترین پەیوەندى لەگەڵ وەزارەتى دەرەوە و باڵیۆزخانەکاندا هەیە چونکە لە پایتەخت نییە. نوێنەرایەتى حکومەتى هەرێم لە ڕووى کاروبارى نوێنەرایەتى و کارمەندەکان و بودجە بە هەمان شێوەى پۆلەندا و نوێنەرایەتیەکانى ترە کە بێ سەروبەرى پێوە دیارە لەسەر هیچ بنەمایەکى دیبلۆماسى نییە.
خالێکى گرنگ کە لە تەواوى نوێنەرایەتیەکان گرنگى پێ نادرێت کاروبارى ڕەوەندى کوردستانیە کە لەسەر بنەماى حیزبابەتى بەڕێوە دەبردرێت و زۆر لاوازە، نوێنەرەکان تەنها لە کاتى هەڵبژاردن هەوڵدەدەن خۆیان نزیک بکەنەوە لە ڕەوەندى کوردستانى بۆ بەدەست هێنانى دەنگ بۆ حیزبەکانیان ئەمەش بۆتە هۆى ئەوەى کە متمانە و بێ لایەنى خۆیان لە دەست بدەن. تەنانەت لە هەندێک نوێنەرایەتى هەندێک کارمەند وەک باند کاردەکەن و ڕوویەکى سپیان نییە بەرامبەر بە ڕەوەندى کوردستانى و باشترین نموونەش سامان بۆیا لە نوێنەرایەتى فەڕەنسا، زانا کوردە لە نوێنەرایەتى برۆکسل، نەجات لە نوێنەرایەتى ئەمریکا، ئەمانە ئەو کەسانەن کە یارى بە مامەڵە و کاروبارەکانى ڕەوەندى کوردستانى دەکەن و پارە وەردەگرن، پرسیارکردن لە هەر تاکێکى ڕەوەندى کوردستانى لەو ووڵاتانە کە ئەم کارمەندانە چیان کردووە سەدان چیڕۆکت دەست دەکەوێت کە زۆرجار شەرمە باسى بکەیت.
سەبارەت بە خودی هەڤاڵ دەسکۆ لە دایک بووی ساڵی ١٩٧٢ لە خێزانێکی هەژاری گوندەکانی دەوروبەری شاری هەولێرە، بەعسی بوو، لە قوتابخانەی ئامادەیی کوردستان ساڵی هەشتاکان لە هەولێر ئەندامی (اتحاد طلبة)ی (بەعس) بوو. ئەم کەسە پێش ئەوەی ئەو بەرپرسیارییەتیە وەربگرێت، لە خانووی حکومی هەژاران دەژیا، تەنانەت ئەو قەنەفەیەی کە لەسەری دادنیشت پێچکەی نەبوو، بلۆکی خستبووە ژێر،بەڵام ئیستا دوو خانوی گەورەی هەیە، ئۆفیسەکەی بە 75 هەزار دۆلار ساڵانە بەکرێ گرتووە. منداڵەکانی لە قوتابخانەی مەلک فەهدی سعودییە دەخوێنن، کە ئەو قوتابخانەیە تایبەتە و ساڵانە بە هەزاران دۆلار بۆ هەر یەک لە منداڵەکانی دەدات، جگە لەوە شۆڤێری تایبەتی بۆ گرتوون کە بۆ قوتابخانە دەیانبات و دەیانهێنێتەوە. تەنانەت ئۆتۆمبیلی کوڕەکەی بە ٧٠ هەزار دۆلار بۆ کڕیوە. ئۆتۆمبیلەکەی خۆشی زۆر تایبەتە کە بە بڕی 160 هەزار دۆلار کڕیوێتی.
لەلایەکی دیکە ئۆفیسەکەی وەکو کۆمپانیا تۆمار کردووە، بە پێی یاسای ئوستورالیا دەبێت کۆمپانیا ئاڵای تایبەتی خۆی هەبێت، بەڵام هەڤاڵ دەسکۆ ئاڵای کوردستانی کردووە بە ئاڵای کۆمپانیاکەی، بەم شیوەیەش فێڵ لە هەستی خەڵکیش دەکەن.
کاتی خۆی هەڤاڵ دەسکۆ پیاوێکی دانابوو وەکو چاگێڕ و خزمەتکار، ئەم پیاوە تورکمان بوو، دوایی ناردییەوە بۆ هەولێر، ئیستا لە دانیشگای سەڵاحەدین پلەیەکی بەرزی هەیە. یەکێکی دیکە لە شوێنی ئەو کابرا تورکمانەی داناوە بە ناوی کەریم، خزمەتکاری ماڵەوەشی پێدەکات.
ژنەکەی هەڤاڵ دەسکۆ لە لای ئاڵتونچییەکی شاری سیدنی تەنیا پشتێنێکی بە دروستکردن داوە، بە 160 هەزار دۆلار. لە وڵاتی چینەوە کەلوپەلی ناوماڵی هێناوە و دیکۆری ماڵەکەی زۆر تایبەتە، هەموو ئەمانە زیاتر لە 200 هەزار دۆلاری تێچووە.
ئەم هەموو پارەیەی کە لەبەر دەستیایەتی بەهۆی ئەوەشەوەیە، کەوا پارەکان لەلایەن مەسرور و مەنسور بارزانییەوە بۆ دێت و بۆیان سپی دەکاتەوە بەناوی، گرێبەستی تایبەتی بازرگانی. جگە لەمانە تەنیا چالکییەک لە رووی سیاسییەوە هەیبێت ئەوەیە، کە خەڵکی زۆری لە ئەندامانی پارتیی بردۆتە ئوستورالیا و هەموویان موچەی تایبەتیان هەیە.
10- نوێنەرایەتى حکومەتى هەرێم لە سوید:
ژمارەى تەلەفۆن: 46841045797+
ئیمێل: [email protected]
وێبسایت: http://sweden.gov.krd/
ناونیشان: Grev Turegatan 38 (2nd floor) / 114 38 Stockholm

دواى ئەوەى پارتى و یەکێتى کابینەى یەکگرتووى حکومەتى هەرێمیان پێک هێنا، دووبارە هەڵسان بە دابەشکردنەوەى نوێنەرایەتیەکانى حکومەت لە دەرەوە لە نێو خۆیان. سوید بەهۆى ئەوەى کوردستانیەکى زۆر لە ووڵاتە دەژین و پێگەیەکى تایبەتیان هەیە بەر یەکێتى نیشتیمانى کوردستان کەوت بەڵام یەکێتى هاوشێوەى کارەکانى تر بەهۆى باڵ باڵێنەوە بۆ ماوەیەکى زۆر نەیتوانى هیچ کەسێک لەو پۆستە دابنێت تا ئەو کاتەى کە ئەرسەڵان بایز بەرپرسى مەکتەبى ڕێکخستنى یەکێتى توانى ڕەزامەندى مەکتەبى سیاسى وەربگرێت بۆ دانانى خزمێکى خۆى بۆ ئەو پۆستە کە ئەویش (هێرش خولە عزیز فرحان) لە ڕێکەوتى ١٣/١٠/٢٠١١ کە بە ئیمزاى دکتۆر بەرهەم ساڵح کە ئەو کات سەرۆک وەزیران بوو فەرمانى دامەزراندنى ژمارە ٢٥٥٧ى بۆ دەرچوو. بۆ پشت ڕاست کردنەوەى زانیاریەکان دەتوانن سەردانى ئەم لینکە بکەن
(http://www.gov.krd/a/d.aspx?a=41865&l=13&r=26&s=010000).
هێرش خولە هەڵگرى ڕەگەزنامەى سویدى بوو و پێشووتر وەک شارەزا لە وەزارەتى بازرگانى عێراقى لەسەر لیستى یەکێتى دامەزرابوو و هەموو ئەو کارانەشى کە بۆى کرابوو بە پشتگیرى ڕاستەوخۆى ئەرسەڵان بایز لەسەر ئەو بنەمایەى کە باوکى شەهیدى یەکێتى بووە و تەنانەت ماوەیەک بنەماڵەى خولە لەسەر داواى یەکێتى لە دادگا سکاڵایان دژى نەوشێروان مستەفا تۆمارکرد کە گوایە دەستى هەبووە لە شەهیدبوونى باوکیان. هێرش خولە بەهۆى کەم ئەزموونى و بێ توانایى لە ماوەى دەست بە کاربوونى تاوەکو لەسەر کارلادانى لە ڕێکەوتى ١٨/١١/٢٠١٣ بە فەرمانى ژمارە ١٤٢٧ کە شۆڕش قادر ڕەحیم نوێنەرى یەکێتى لە شوێنى دانرا نەیتوانى بوو هیچ بکات جگە لە دامەزراندنى خوشکەکەى و زاواکەى لە نوێنەرایەتى و بەتاڵان بردنى بودجەى نوێنەرایەتى. تەنانەت لابردنەکەى لەسەر داواى یەکێتى و لایەنگرانى یەکێتى بوو چونکە بەهیچ شێوەیەک ڕێگەى نەدەدا یەکێتى سەردانى نوێنەرایەتى بکەن
دواى ئەوەى کە دەرکرا هێرش خولە ئامادە نەبوو کلیلى بارەگاى نوێنەرایەتى بداتەوە و لە تەلەفۆنیش لە کاروان جمال تاهیر کە جێگرى فەلاح مەستەفاى گووتبوو ئەگەر سەردانى سوید بکات بۆ ئەوەى کلیلى نوێنەرایەتى وەربگرێتەوە ئەوا لە دادگاى سویدى سکالایان لەسەر تۆمار دەکات و بە پۆلیسى سویدى دەڵێت دەست گیریان بکات.هێرش خولە دەیتوانى ئەو کارە بکات چونکە نوێنەرایەتى وەک کۆمپانیا یاخود ڕێکخراو لەسەر ناوى خۆى تۆمارکراوە و هەموو مافێکى هەبوو، هەموو ئەم کارانە بووە هۆى ئەوەى کە لە کۆبوونەوەى مەکتەبى سیاسى یەکێتى بە فەرمى داوا لە ئەرسەلان بایز بکرێت ئەو کێشەیە چارەسەر بکات چونکە ئەو نوێنەرایەتیە هەر بۆ یەکێتیە و ئەو کەسەى دەست بەکاردەبێت کادیرى یەکێتیە. دواى پەیوەندى ڕاستەوخۆى ئەرسەلان بایز بە هێرش خولە ئنجا ڕەزامەند بوو کە کلیلى نوێنەرایەتى تەسلیم بکات و بەو مەرجەى کە مووچەى سالێکى پێش وەختەى لەسەر بودجەى نوێنەرایەتى بۆ خەرج بکرێت و بە پلەى وەزیر لەسەر لیستى یەکێتى لە حکومەتى هەرێم خانەنشین بکرێت. هەموو ڕەوەندى کوردستانى لە سوید شاهێدى ئەو بێ حورمەتیانەن کە هێرش خولە بەرامبەرى کردوون لە ماوەى ئەو دوو ساڵەى کە نوێنەر بوو چونکە بەردەوام نوێنەرایەتى داخراو بوو و لە کاتى پێویستى بە هەر بەڵگەنامەیەک بۆ پشت ڕاست کردنەوە خەڵک دەبوایە سەردانى باڵیۆزخانەى عێراق بکردبووایە. هەرچەند شۆڕش قادر تا ڕادەیەک توانى ناوپێگەى یەکێتى ڕاست بکاتەوە دواى دەست بە کاربوونى بەڵام ئەویش دواى خیانەتى ١٦ى ئۆکتۆبەر لە لاپەڕەى تایبەتى فەیسبوکەکەى ڕایگەیاند کە دەستى لە کارکێشایەوە لە نوێنەرایەتى چونکە یەکێتى خیانەتى لە شارەکەى ئەو لە کەرکوک کردووە بۆیە ئێستا نوێنەرایەتى حکومەتى لە سوید بێ نوێنەرە و یەکێتى وەک پیشەى هەمیشەیى ناتوانێت کەسێک بۆ ئەو پۆستە دیارى بکات.

11- نوێنەرایەتى حکومەتى هەرێم لە بەلجیکا:
ژمارەى تەلەفۆن: +3225137228
ئیمێل: [email protected]
وێبسایت:
ناونیشان: Avenue Franklin Roosevelt 228 – 1050 Brussels, Belgium

ئەگەرچی هەمیشە قسە لە نوێنەرایەتی حکومەتی هەرێم دەکرێت لای یەکێتی ئەورپا بەڵام هیچ بنەمایەکی دبلۆماسی و ڕاستی نییە و تەنها ناو لە خۆنانێکە. نوێنەرایەتی هەرێم لە بەلجیکا لە ژێر ناوی کۆمپانیای بازرگانی دادامەزراوە و تا ئێستاش هەر ئاوا ماوەتەوە (سەیری بڵاوکراوەی فەرمی دامەزراندنی نوێنەرایەتیەکە بکە)
ئەم نوێنەرایەتیە هەمیشە نوێنەرایەتی بنەماڵە خێڵەکیەکەی بارزانی بووە مێژویەکی ڕەشی هەیە لە ڕوبەڕوبونەوەی چالاکوانان ولایەنەکانی دژ بە پارتی و بنەماڵە. یەکەمین نوێنەری ئەم کۆمپانیایە بورهان جاف بو کە قوتابیەکی زانکۆی بەلجیکا بو پاش فەشەل هێنانی لە خوێندن ئەم کارەی پێ سپێردرا. ناوبراو بە دەگمەن ڕێی دەکەوتە نوێنەرایەتیەکە ولەگەڵ هاوسەر و منداڵەکانی لە بەریتانیا دەژیا ، نوێنەرایەتیەکەی دابووە دەست کچێکی پۆلؤنی کە بەهۆینەبونی ئەزمون و بێتوانایی لە زمانەکانی ئەم وڵاتەدا نەیدەیتوانی هیچ پەیوەندیەک بنایت بنێت و هەروەها نەیدەتوانی وتووێژ لەگەڵ کوردانی ئەم وڵاتە بکات و کارەکانیان ئەنجام بدات. بورهان جاف کەسێکی داوێن پیس بو پلە و جێگای خۆی بەکاردەهێنا بۆ ئارەزوەکانی و پەیوەندی لەگەڵ چەند فەرمانبەرێکی مێینەی یەک بەدوای یەکی نوێنەرایەتیەکە کردبو. یەکێك لەو پەیوەندیانە بووە هۆکاری هەڵوەشاندنەوەی خێزانێکی کورد و لەیەکتری جیابونەوەیان. بورهان جاف کەسێکی لوت بەرز بو بەرامبەر ڕەوەندی کوردی و سەرشۆڕ و بچکۆلانە بەرامبەر ئەندامانی بنەماڵەی بارزانی بۆیە کەسێکی نەخوازراو بو. پاش دەرمانخوارد کردنی جەوهەر نامیقی برای و سەرشۆرکردنی بورهان بەرامبەر ئەو تاوانەی بنەماڵە لە پاداشتدا لە نوێنەرەوە کرایە باڵوێزی ئێراق لە یۆنان . ئێستاش بە دەگمەن ناوی دەبیسترێت
سەلیم گرافی نوێنەری دوهەمی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە بەلجیکا سەلیم گراڤى کە پێشووتر نوێنەرى حکومەتى هەرێمى پارتى بوو لە ئیسپانیا بە فەرمانى ژمارە ٢٣٥٩ لە ٢٣/٩/٢٠١٠ بە واژووى دکتۆر بەرهەم ساڵح وەک نوێنەرى حکومەتى هەرێم لە بەلجیکا برۆکسل دامەزرا 
لە سەرەتای ٢٠١١ دسەسبەکار بوو . پارتیەکی دانیشتوی ئیسپانیا بو خۆی ناونابو (کارلۆس) ڕەوەندی کوردیش بۆ گاڵتەجاری ناویان نابو(خوان کارلۆس گرافیۆس)، ناوبراو لەسەر پێشنیارى مەکتەبى سیاسى پارتى ئەو پۆستەى پێ درا بەڵام هیچ شارەزایەکى دیبلۆماسى و پەیوەندیەکانى نەبوو تەنها بەهۆى ئەوەى کە هەڵگرى ڕەگەزنامەى ئیسپانى بوو و لە ووڵاتە ژیابوو هەندێک پەیوەندى لەگەڵ چەند کەسایەتیەکى کەمى ئیسپانیا هەبوو کە ئەوانیش لە پەرلەمانتارە ڕاست ڕەوەکان بوون. خراپترین ئەزموونى کارى نوێنەرایەتى برۆکسل ئەو سەردەمە بوو، کە سلیم گراڤى نوێنەر بوو، چونکە زیاتر خەریکى کارى بازرگانى و گەڕانەوە بۆ ئیسپانیا و کارى بەڵێندەرایەتى بوو. ناوبراو بە شانازیەوە لەوە دەدوا کە لە ٤٠ پرۆژەدا شەریکی بەرپرسانی کوردستانە. لە ناویان دا شێخ نیهاد بارزانی برای مەسعود بارزانی.
 ئەم نوێنەرە لەگەڵ گەیشتنی بە بەلجیکا ژنێکی نوێی زۆر کەم تەمەنتری لەخۆی هێنایەوە و هاوسەرەکەی پێشوشی لە ئیسپانیا بۆ ئیحتیات هێشتبۆوە . هەروەها یەکەم پێشنیاری گرنگی بۆ بەرپرسی لیزنەی ناوچەی پارتی بەلجیکا کردبووکە کچی هەڤدە هەژدە ساڵی کۆبکاتەوە و رایان بهێنێ بە زەردەخەنە و لەنجەولارەوە پێشوازی سەردانەکانی سەرۆك بارزانی بکەن.
ناوبرا و لەگەڵ بەڕیوەبەرایەتی پەیوەندیەکان و فەلاح مستەفادا کەوتە کێشە و ئاژاوە لەبەر ئەوەی گوایە ١٤٠ هەزار ئێرۆی بۆ نوێژەن کردنەوەی نوێنەرایەتیەکە سەرفکردووە بەڵام چارەکی ئەو بڕە پارەیە وەسڵی لەبەردەستا نەبو . گرافی برایەکی لە سویدەوە و ئامۆزایەکی لە بەریتانیاوە هێنا بۆ نوێنەرایەتیەکە و ئامۆزایەکیشی لە کوردستانەوە وەکو چێشتکەر هێنا بۆ برۆکسل. بە هۆی هەندێك کێشە لەسەر” پەیوەندیە نێودەوڵەتیەکان” ئەم خزمانە بوو بە شەرە بۆکسیان و هەڵۆی ئەحە سمێڵیش کە مستەشاری نوێنەرایەتیەکەیە چەند کۆڵە مشت و شەقێکی بەرکەوتبو، بە کورتی ئەم نوێنەرە سەرباری ئەم هەبێدەسەڵاتی و سیفاتە ناشرینانەی دەرنەکرا تەنها و تەنها لەسەر ئەوە دەرکرا کە لە سەردانی مەسعود بارزانی بۆ ماڵی باڵوێزی ئێراقی پەرداخێ ویسکی لە “حوزوری جەنابی سەرۆك” خواردبۆوە ، بێگومان مەسعودیش ئەمەی بە بێرێزی زانیبو بۆیە پاش گەرانەوەی تەخت و تاراجیان پێ پێچایەوە ، تەنانەت هەواڵى دەرکردنەى کە پێى گەیشتبوو، بووە هۆى ئەوەى جەڵتە لێى بدات و لە نەخۆشخانە بکەوێت.
پاش چەند مانگێك لە سەرەتای ٢٠١٣ دا نێردرایەوە بۆ ئیسپانیا. گرافی تەواوی ئەو دوو ساڵەی بەلجیکای هەر سەرقاڵی نوێژەن کردنەوەی نوێنەرایەتیەکە و خانوە تایبەتیەکەی و کارو پرۆژە بازرگانیەکانی بوو بە بێ ئەوەی هیچ کار و چالاکیەکی لەبەرچاوی ئەنجام دابێت 
دوایى ئەوە پارتى لەسەر پێشنیارى مەکتەبى پەیوەندیەکانى دەرەوەى حیزب دلاوەر ئاژگەیى کە پێشووتر نوێنەرى پارتى بوو لە دانیمارک کرایە نوێنەرى حکومەت لە برۆکسل. 
هاوشێوەى نوێنەرایەتیەکانى تر بەهۆى ئەوەى کە بودجەى نوێنەرایەتى لەسەر حیسابى تایبەتى سلیم گراڤى بوو و جەڵتە لێى دا نەتوانرا هیچی لەگەڵ بکرێت بۆ گەڕاندنەوەى ئەو پارەیە و تەنانەت چەند مانگێکیش دواى ئەوەى سلیم گراڤى لەو نوێنەرایەتیە نەمابوو نوێنەرایەتى هەر خەریکى دانەوەى قەرزى ئاو و کارەبا و ئینتەرنێت و تەلەفۆنى سەلیم گراڤى بوو. تەنها کەس کە لە پرۆسەى گۆڕینى نوێنەرەکان لە برۆکسل سوودى وەرگرتووە زانا کوردە یە کە کوڕى هەڵۆ کوردەى بەرپرسى لقى پێشووى پارتى بووە لە سلێمانى کە بە شێوەیەک تەواوى خەرجیەکانى خۆى و خوێندنى لەسەر نوێنەرایەتى بووە کە توانیویەتى لەسەر بودجەى نوێنەرایەتى ماستەر تەواو بکات و ئێستاش لەسەر بودجەى نوێنەرایەتى قوتابى دکتۆرایە.
تاکو ئێستا ئاژگەیی نوێنەری بنەماڵەی بارزانیە لە بەلجیکا ، ناوبراو هەڵگری ناسنامەی دانیمارکیە. خالید ئاژگەیی باوکی دلاوەر لەپێش پەیوەندی کردن بە پارتیەوە جاشی حکومەتی بەعس بووە و ڕابردویەکی دزێوی هەیە. دلاوەر ئاژگەیی چەندین کەسی ىیتوانای دۆست و هاوڕێی خۆی کە دانیشتوی دانیمارک ڕاکێشایە ناو نوێنەرایەتیەکە، یەکێك لەوانە دکتۆر نەوزاد کە دەرچوی کۆلێژی پزیشکی ڕۆمانیا بووو. دکتۆر نەوزاد لە نوێنەرایەتیەکە وەکو جێگری نوێنەر لە پاڵ موچەی کارەکەی پارەی سۆسیالی دانیمارکیشی وەردەگرت، نەوزاد لە لایەن منداڵەکانی و هاوسەرەکەیەوە نهێنی ساختەکاریەکانی لای دەزگاکانی دانیمارك ئاشکرا کرا وەك کاردانەوەی ئەوەی کە ژنێکی منداڵکاری نوێێ لە بەلجیکا هێنا بوو.
دلاوەر ئاژگەیی سەرباری دەیان و سەدان سەردانی کۆبونەوە و کۆنفرانسەکانی یەکێتی ئەوروپا و وێنەی سێڵفی گرتن و پۆزلیدان لەگەڵ ئەندامانی پەرلەمانی ئەوروپا و بەرپرسانی بەلجیکا نەیتوانیوە کەمترین پشتیوانی و سۆز بۆ کێشەی کوردی بنیاتبنێت. لەپێش ڕیفەرەندۆم وای ڕادەگەیەیاند کە هەمو شتێك لە یەکێتی ئەوروپادا مەیسەرکراوە و پشتیوانیەکان مسۆگەرن، دوای تێکشکانی ڕیفەرەندۆم و بەهۆیەوە لەدەستدانی نیوەی خاکی کوردستان تەنها ڕێگایەك کە گرتیە بەر ڕێکخستنی خۆپێشاندان بو لە مشتێك ئەندامانی پارتەکەی بارزانی لەبەردەم یەکێتی ئەوروپا. ناوبراو لە ژێرەوەیە و چەندین پەیج و و فەیسبوکی نهێنی هەیە و لەو ڕێگایانەوە خراپکاری دەکات. خۆبەزلزانیەکەی و ڕەفتاری لوتبەرزانەی بە بێ هیچ بنەمایەکی ئەکادیمی نازناوی دکتۆری لەخۆی ناوە. وەك ئەوەی لە ماوەی ڕابردودا پەلاماردانی چالاکوانانی دا بە تایبەتی لە بەردەم پەرلەمانی ئەوروپا و لە برۆکسلی پایتەختی دیموکراسی ئەوروپا. بەو هۆیەشەوە سکاڵای لەسەر تۆمار کراوە و ڕوبەڕوی دادگا دەکرێتەوە. هەروەها لە لایەن دەزگای تایبەتی بەلجیکاوە بە کاری گەندەڵی و نایاسایی تۆمەتی خستنەکارەوەی فەرمانبەری بە شێوەی نافەرمی لەسەرە، کە تۆماری نەکردون لە کۆمپانیای نوێنەرایەتیەکەی و هیج زەمانی کۆمەڵایەتی بۆ نەداون و پەیڕەوی هیچ یاسا و ڕێسایەکی ئەم وڵاتەی نەکردووە لە پێناوی دەسکەوتی زیاتر بۆ گیرفانی خۆی.

12- نوێنەرایەتى حکومەتى هەرێم لە ئەمریکا:
نوێنەرى حکومەتى هەرێم/ بەیان سامى عەبدولرەحمان
ژمارەى تەلەفۆن: 12027977575+
ئیمێل: [email protected]
وێبسایت: http://us.gov.krd
ناونیشان: 1532 16th St NW – Washington, D.C. 20036 USA
یەکێک لە گرفتەکانى نێوان پارتى و یەکێتى ئەوەبووە کە یەکێتى نوێنەرایەتى حکومەتى هەرێمى لە ئەمریکا بۆ بەرژەوەندیەکانى خۆى بە کارهێناوە بەهۆى ئەوەى کە ئەو نوێنەرایەتى ماوەیەکى زۆر لە لای یەکێتى بووە لە سەردەمى بەرهەم ساڵح و تا دەگاتە قوباد تاڵەبانى. دواى گەڕانەوەى قوباد تاڵەبانى بۆ کوردستان و دەست بە کاربوونى لە حکومەتى هەرێم پارتى ئەوەى بە یەکێتى ڕاگەیاند کە جارێکى تر ئەو نوێنەرایەتیە نادرێتەوە بە یەکێتى و لاوازى یەکێتى و باڵ باڵێنى ئەو حیزبەش یەکێک لە خاڵەکان بوو کە نەیتوانى ڕێگرى لە پارتى بکات کاتێک بەشێوەیەکى مەرکەزى و بەبێ گەڕانەوە تەنانەت بۆ قوباد تاڵەبانى کە جێگرى سەرۆکى حکومەت بوو ئەوا بەیان سامى عبدالرحمن فەرمانى گواستنەوەى بۆ دەرچوو بە پلەى نوێنەر لە بەریتانیا وە بۆ ئەمریکا. بودجەى نوێنەرایەتى حکومەتى هەرێم لە ئەمریکا مانگانە لە نێوان٢٠٠ بۆ ٢٥٠ هەزار دۆلارى ئەمریکیە کە ئەمەش لەوانەیە پرسیار لەلایەن خوێنەر دروست بکات کە بە چ شێوەیەک خەرج دەکرێت، حکومەتى هەرێم بەهۆى نەبوونى بەرنامەیەکى زانستیانە بۆ دروست کردنى پەیوەندیەکان و سوود وەرنەگرتن لە توانا و ڕۆڵى ڕەوەندى کوردستانى لە ئەمریکا بەشێکى زۆرى بودجەکەى لە کارى بەکرێ گرتنى گروپە لۆبیکارەکان خەرج دەکات و بەپێى چەندین توێژینەوەش کارى لۆبى کوردى شکستى هێناوە و هیچ دەسکەوتێکى نەبووە. یەکێک لەو بابەتانەى کە پێشووتر بڵاوکراوەتەوە لەسەر شکستى لۆبى کوردى دەتوانرێت لە ڕێگاى ئەم بەستەرەوە بخوێنرێتەوە 
بەپێى ماڵپەڕى ئەلمۆنیتەر تەنها لە ساڵى ٢٠١٦ نوێنەرایەتى حکومەتى هەرێم لە هەولێرەوە بودجەى ١,٣٤ ملیۆن دۆلارى بۆ هاتووە و جگە لەم بودجەیە بڕى ٢٠٠ هەزار دۆلارى ترى داوە بە ٥ گروپە لۆبیکار
تەنانەت لە ڕۆژنامەى نیۆرک تایمزى ئەمریکى باس لەو پارانە کە کراوە کە دراوە بە گروپە لۆبیکارەکان و کە ئەو پارانەى دراون لە ئاستى ووڵاتانى وەک سعودیە و تورکیا و ئیماراتە :

ئەگەر هاتوو کارمەندانى نوێنەرایەتى لەسەر ئاستى شارەزا و توانا و لێهاتوویان دامەزران بن و دوور لە حیزبابەتى کە زۆربەیان لەسەر تەکلیفى شەخصى مەکتەب سیاسیەکانى یەکێتى و پارتى دامەزراون و هیچ سوودێکیان بۆ نوێنەرایەتى نیە، کەمترین مووچەى کارمەندانى حیزبى نوێنەرایەتى لە نێوان ٤ بۆ ٥ هەزار دۆلار ئەمە جگە لە خەرجى هاتوو چۆ و بیمەى تەندروستى.
ئێمە دەتوانین بڵێین کە نوێنەرایەتیەکانى حکومەتى هەرێم لە دەرەوە شکستیان خواردووە چونکە نەتوانراوە لە دەست حیزب و لە ژێر فشارى حیزب بێتە دەرەوە، تاوەکو ئێستا فەرمانگەى پەیوەندیەکانى دەرەوە دوو کۆنفرانسى بۆ ڕێکخستنى کاروبارى نوێنەرایەتیەکانى حکومەتى هەرێم لە دەرەوە ئەنجامداوە بەڵام تەنانەت نەیان توانیووە یەک خاڵى جێ بەجێ بکەن و ئەو بەڕەڵایەى کە لە نوێنەرایەتیەکان هەیە کۆنترۆڵى بکەن. یەکەمین کۆنفرانس لە مانگى ئەیلول ٢٠١١ ئەنجامدرا لەسەردەمى دکتۆر بەرهەم ساڵح و دووەمین کۆنفرانس بە سەرپەرشتى و ئامادەبوونى ڕاستەوخۆى قوباد تاڵەبانى جێگرى سەرۆکى حکومەت لە ساڵى ٢٠١٥، خوێنەر دەتوانێت سەیرى بەلاغى کۆتایى کۆنفرانسەکان بکات و پرسیار لە نوێنەرەکان و فەرمانگە بکات کە ئایا چەند خاڵى جێ بەجێ کراوە، ئایا دەستەى نەزاهە و چاودێرى دارایى چەند دۆسیەى دارایى و ژمێریارى نوێنەرایەتیەکانیان ووردبینى کردووە و شێوازى دامەزراندنى کارمەندان بە چ شێوەیەکە؟ نوێنەرایەتیەکانى حکومەتى هەرێم لە دەرەوە دۆسیە یەکى پڕ لە گەندەڵى بۆ بەرژەوەندى کۆمپانیا و حیزب و تاکە کەس.
دڵشاد بارزانی (دڵشاد بارۆنی)
13- نوێنەری حکومەتی هەرێم لە ئەڵمانیا:
نوێنەرى حکومەتى هەرێم/ دڵشاد بارزانى
ژمارەى تەلەفۆن: 493028884950+ / 493028849516+
ئیمێل: [email protected]
وێبسایت:
ناونیشان: P F 150101/ 10663 Berlin
نوێنەری حکومەتی هەرێم لە ئەڵمانیا دڵشاد بارزانی برای مەسعود بارزانییە، لە هەموو نوێەرایەتییەکانی دیکە دەوڵەمەندتر و دەستڕۆیشتووترە، لە هەموویان زیاتر چالاکی سپیکردنەوەی پارەی دزراوی بنەمالەی بارزانی دەکات. دڵشاد بارزانی لە ئەڵمانیا ناوی خۆی گۆڕیوە بۆ دڵشاد بارۆنی. کلیکی ئەمەی خوارەوە بکە سەبارەت بە گۆڕین و ناوی بازرگانی دڵشاد بارزانی، کە ناوی دڵشاد بارۆنییە.
سەرنج: ناوی ئەو شوێنە لە پەیجی کەمال کەریم وەرگیراوە.
تێبینی: لەم بارەیەوە کەناڵی (KNN) بە دوور و درێژی لەسەر نوێنەرایەتی هەرێم لە ئەڵمانیا ئەم راپۆرتەی خوارەوەی نووسیوە
لە کۆتاییدا خوێنەر دەتوانێت سەردانى ئەم بەستەرانەى خوارەوە بکات، کە چ بەڵێنێکیان داوە و ئێستا با دەزگاکانى ڕاگەیاندن پەیوەندى بە نوێنەرایەتیەکان و فەرمانگەى پەیوەندیەکانى دەرەوە بکەن، کە نازانرێت دەرەنجامەکانى ئەو کۆنفرانسانە بەکوێ گەیشت.
 
 
--------------------------------------



نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە