بەیاننامەی "بەرەی بایکۆتی هەڵبژاردن" لەسەر ئەنجامی دەنگدانی دوانزەی ئایار

Monday, 21/05/2018, 12:05

4142 بینراوە


هاوڵاتیانی باشوری کوردستان!
ئێمە لەبەر ئەوە بڕیاری بایکۆتی هەڵبژاردنی پەڕلەمانی عێراقمان دا چونکە دڵنیا بووین کە سیستێمی هەڵبژاردن لە کوردستاندا دیموکراتییانە نییە. لە کوردستاندا هەلومەرجی هەڵبژاردنێک نییە کە خەڵک بتوانێت نوێنەری جەماوەرو بەرژەوەندیی میللەت هەڵببژێرێت. ئەو لایەن و پارتانەی کە سیستێمی دەستەڵاتداریی هەرێمیان پێک هێناوە، بە دەستەڵات و ئۆپۆزیسیۆنەکەیەوە، داگیرکاری باشورن نەک بەڕێوبەری. هەر لایەنەی بە گوێرەی پشکی خۆی بەشدارە لە پیسخوریی و لاداندا. بۆیە دەنگدان نە بۆ دیموکراتییە نە بۆ ئامانجێکی نیشتیمانییە. بەڵکو بۆ تازەکردنەوەی ملکەچیی و راگریی دەستەڵاتدارییەکە کە خەڵکی باشور بە دەست قەیران و ناهەموارییەکانییەوە دەناڵێنێت. ئەمەش دیاردەیەکە پیسخۆران خۆیان نەبێت، هەر هاوڵاتییەک ئەرکی نیشتیمانییە هەڵوێستی لێ بگرێت. هەڵوێستیش "رێگای بایکۆت" بوو کە ئەڵتەرناتیڤی دەنگدان بوو.
هاوڵاتیانی بەئاگا!
وەکو هەمووان دەزانن لەدۆڕاوەکان سیستەکە. چونکە زۆربەی خەڵک، کە لە دیموکراتییدا دەستەڵات پێکدێنن، نەچوون بۆ دەنگدان. هەڵبژاردن وەکو جارانی پێشوو بێ متمانە بوو. لەگەڵ ئەوەشدا لایەنەکانی بەشدار لە هەڵبژاردندا بەردەوام گفتیان دەدا بە جەماوەرو دڵنیایان دەکردنەوە کە ئەم جارە دەنگدان بێ فێڵ و ساختە دەبێت. کەچی وەکو پیشەیان دەنگدەرانیان خەڵەتاندو بە رێگای هەڵەدا بردیانن. دەرکەوت کە حسابکردنی دەنگەکان دەستی تێوەردرابوو. هاوکات جگە لە دوو هێزە گەورەکە پارتی و یەکێتی، زۆربەی لایەنەکانی دی کەوتنە دەربڕینی ناڕەزایی و هەڕەشەی کشانەوە لە چوونە ناو پەڕلەمان. بەڵام ئایا ئەم لایەنانە لە چی ناڕازین؟
ئەوەی راستییە ئەوەیە کە: ئەم لایەنە ناڕازییانە لە سیستێمی هەڵبژاردنە فێڵدارەکە رازین. بەڵام لە پشکەکانیان لە سیستێمەکەدا ناڕازین.
هاوڵاتیانی غەدرلێکراو!
ئێمە رایدەگەیەنینەوە کە هەتا هەبوونی "سیستێمێکی هەڵبژاردنی باوەڕپێکراو" رێگای بایکۆت ئەڵتەرناتیڤی هەڵبژاردنەکانە. سیستێمێکی هەڵبژاردنی وا کە جەماوەر تیایدا هەلومەرجی هەبێت بۆ داهێنانی پارت و بەرنامەی سیاسیی نوێ و هاوڵاتیی ئازادانە نوێنەری بەرژەوەندیی نیشتیمان، خۆی و خەڵک هەڵببژێرێت.

بەرەی بایکۆتی هەڵبژاردن
١٨/٠٥/٢٠١٨

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە