مردنێکی له‌بیرکراو: شه‌کیب عه‌قراوی سه‌ندوقه‌ داخراوه‌که‌ی پاراستن

Monday, 04/06/2018, 18:59

12370 بینراوە


یه‌کێک له‌ که‌سایه‌تییه‌ گرنگه‌که‌ی پاراستن پاش مه‌سعود بارزانی، شه‌کیب عه‌قراوی بوو، کە له‌سه‌ره‌تای دروست بوونی ئه‌و ده‌زگایه‌ هه‌تا  ساڵی 1975 و ئاشبه‌تاڵ ده‌وری گرنگی بینی و به‌ دڵسۆزی خۆی کاره‌کانی جێ به‌جێ ده‌کرد.
هەڵبەت ده‌زگای پاراست ده‌بێت که‌سانی لێوه‌شاوه‌ و باوه‌ڕپێکراوی ماڵی مه‌لامستافای بارزانی بێت، ئه‌گه‌رنا ئه‌و ئه‌رکه‌ی پیناسپێردرێت. دیاره‌ دڵسۆز و باوه‌رپێکراوی ئه‌وانیش (شه‌کیب عه‌قراوی) بووه‌.
وەک باسی لێوه‌ده‌که‌ن شه‌کیب عه‌قراوی لە خێزانێکی دیاری شارۆچکەی ئاکرێ ساڵی 1938 لە دایک بووە. لە 23 ئۆکتۆبەری 2017 گوایە بە نەشتەرگەریی کۆچی دوایی کردووە. لە ئەمریکای هیندە پێشکەوتوو لە بواری پزیشکی، کەچی گیانی رزگارنەکراوە و مردووە.
شەکیب عەقراوی لە ساڵانی شەستەکان لە بەغدا بەشی یاسای تەواوکردووە. لە ساڵی 1970 لە کۆنگرەی هەشتەمی پارتی بووە ئەندامی کۆمیتەی ناوەندی.
ساڵی 1974  مەلا مستەفای بارزانی داوای خوازبێنی لە شەهید سالح یوسفی دەکات، کە (نارین)ی کچی بداتە شەکیب عەقراوی، دیارە سەیدا سالح داواکەی مەلامستەفا بە دایکی نارین دەڵێ ئەویش حەزی نەکردووە ئەو خوازبێنییە سەربگرێت لەبەر دەور و شوێنی شەکیب عەقراوی، پاشان بەدەستخەتی خۆی مەلا مستەفا نامە دەنیرێ و داوادەکات ڕازی بن، بەو خوازبێنیە چونکە شەکیب وەکو یەکێکە لە کوڕەکانی مەلا مستەفا،  بۆیە لە ئاداری 1974 لەگەڵ کچی شەهید سالح یوسفی کە هاوسەرگیریی دەکات. دوو منداڵیان پێکەوە دەبێت بە ناوی {سەعید و میدیا}.
ماوەیەک شەکیب عەقراوی کە لە ئێران بوو، دوایی رایکرد لە سوریا ژیا، پاشان چووە میسر و لەوێش دەستبەسەرکرا،  لە رێگای پارێزەر نەجیب بابان لە میسرەوە سەفەری کرد بۆ ئەمریکا  دوا سەفەری بۆ کوردستان ئایاری 2017 بوو. واتە پینج مانگ بەر لە کۆچی دوایی.
گەلۆ مانگی ئایاری ئەو ساڵە، شەکیب عەقراوی لە کوردستان کێی بینیووە و نان و چای لای کێ خواردووە؟ هەموو ئەمانە دەکەویتە ژێر پرسیار، بە تایبەت ئەو ماوەیە نەخۆش نەبوو. ئەوانەی لە نزیکەوە بینیوویانە یان چاوپێکەوتنیان لەگەڵدا کردووە دەتوانن وەڵامی گەلێک پرسیار بدەنەوە. 
دروست بوونی پاراستن :
ئەوەی لە کتیب و ڕۆژنامەکاندا دەربارەی ئەو دەزگایە نووسراوە ، ئێمە بۆ جارەکی تر لێرەوە زانیاریی دەربارەی دەنووسین.
یەکێک لەو ناوانەی لە دروستبوونی ئەو دەزگایە باس دەکرێت و دەنووسرێت شەکیب عەقراوییە. دیارە لەو کەسانەشم زۆرجار ناوی بیستووە، کە باسی پاراستنیان بۆ دەکردم. ئەو دەزگایە بە یارمەتی موسادی ئیسرائیلی و ساڤاکی ئێرانی دروست کراوە. هەندێک دەڵێن ساڵی 1965 و هەندێکی تر دەڵێن سەرەتای 1966 دروستکراوە. سەرەتا ناوی مەسعود بارزانی و شەکیب عەقراوی و فەرەنسۆ حەریری و کەریم شەنگاڵی و ئازاد محەمەد نەجیب بەرواری و محەمەد هەرسین و عەزیز عەقراوی و حەمەی عەزیز دێت کە لەو دەزگایە بوون. یەکەم جاریش بۆ زانیاری وەرگرتن و سوود بینین لە مۆساد سەفەری ئیسرائیلیان کرد، شەکیب عەقراوی و محەمەد هەرسینی و عەزیز عەقراوی بوون. هەرسێکیان لە ژیاندا نەماوون. محەمەد هەرسین ساڵی 1979 بەدەستی خویان کوژراوە بۆ ئەوەی نهینیەکانیان ئاشکرا نەکات، دیارە دەیانزانی لەملاو لەولا قسەی دەربارەیان دەکرد.  پەیوەندی ئیسرائیل و ئێران و بارزانی زۆر کات لە رێگای شەکیب عەقراوی بووە، شوینی خۆی لای ساڤاک و مۆساد کردبۆوە، بۆیە کاتێک شٶڕش تێکچوو لە ئێران نەیتوانی وەکو ئەوانەی تر بژیت و ناچار خۆی لەدەستی ساڤاک ڕزگارکرد.
لە بیرکراو  
ئەو کاتەی دەبوایە لە بەرەی مەسعود بارزانی بێت و ببێتە دەستە ڕاستی، خۆی لە ئەمریکا شاردەوە و نزیکی ماڵی بارزانی نەکەوتەوە، ئەو نهێنیە لەو کتێبە باس نەکراوە، لەوانە کە لەساڵی 1975 هەتا ساڵی 1992 چ کارێکی کردووە و لەگەڵ کێ کاری کردووە؟ هەروەها لە کتێب و نووسینەکانی شەکیب عەقرای بۆی باس نەکردووین، ئیتر بۆچی و چۆن لە شۆڕش و لە ماڵی بارزانی ماڵئاوایی کردووە و دوورکەوتۆتەوە باسی نەکردووە. بەگوێرەی قسەی کەسوکاری داوای لێکراوە جارەکی تر بگەڕێتەوە و دەوری خۆی ببینی، بەڵام خۆی رازی نەبووە و دەستی لە لە هەموو شتێک هەڵگرتووە.
لە گەلێک سەرچاوە کە باسی پاراستن دەکرێت و ناوی شەکیب عەقرای هاتووە بە هەڵە نووسراوە گوایە لە ئەمریکا ژەهرخواردکراوە یان لە ماڵەکەی خۆی کوژراوە، میژووەکەش دەگەڕێننەوە بۆ ساڵانی 2000 و 2006 کە بەداخەوە میژووەکە بە هەڵە نووسراوە. سەرچاوەکانیش ئەو نووسینانەن کە بە نادروستی و نازانستی باسی لێوەکراوە.
نووسینی کتێبیک دەربارەی مەسەلەی کورد بووە سەرەتای دەستپێکردنەوەی چاڵاکی شەکیب عەقراوی.
 لە شاری هەولێر لە چاپخانەی منارە ساڵی 2007 کتابی [سنوات المحنه فی کردستان] چاپکردووە و 525 لاپەرەیە. بۆ ئەوانەی لە نزیکەوە شارەزای ڕووداوەکان نیبن، زانیاری چاکی تێدایە و مێژووەکان کە بەخۆی لە نزیکەوە ئاگاداربووە لەبەر ئەوەی لە دەزگایەکی تایبەتی نزیک بارزانی کاری کردووە، مەسەلە سیاسییەکەی کە کوردستان پیدا ڕۆیشتووە بە شێوەیەکی سەرەتایی خۆی لێبردووە و باسی کردووە، هیندە بە ڕەخنەگرانە لە سەرکردایەتیکە نزیک نەبۆتەوە، دیارە ئەوەش هەر بۆیە خۆی لە نزیکی ئەو بنەماڵەیە داناوە و مەسعود بارزانی بە سەرۆکی بزووتنەوە دادەنێت و وێنەی مەلا مستەفاشی لە لاپەرەی یەکەمی کتابەکەی داناوە.
من کتێبەکەم لە هەولێر ساڵی 2008 بە دەست کەوت و کتابەکەم لەگەڵ خۆم هیناوە سوید بەڵام دەیانگووت ماڵی بارزانی ئەو کتابەشیان لە بازار کۆکردۆتەوە، دیارە حەزیان نەکردووە بڵاوببیتەوە،  بەکەم و زۆر خۆی لە دەزگای پاراستن و کارەکانی نەداوە، ئەوەش ڕەنگە بۆ ئەوە بیت خۆی زیاتر ناشرین نەکات لەلایەن پارتی و ماڵی بارزانی. ئەگەر دەزای پاراستن ساڵی 1965 دروست بووبێت و ساڵی 1975 یش ئاشبەتاڵی شۆرشی ئەیلول بێت ئەوا دەکرا نهینیەکانی 30 ساڵە بنووسرێتەوە و باسی لێوەبکرێت.
ئەو کتێبەی کە 32 ساڵ دوای ئاشبەتالەکەیە و 42 ساڵیش پاش دروست بوونی دەزگای پاراستنە. شەکیب عەقراوی بۆخۆی پارێزەر بووە و دەزانی لە ئەمریکاش هیندە نهینی پاش 30 ساڵ تەمەن نهینی خۆی لە دەست دەدا بۆ خۆی لەو باسانە دزیوەتەوە، ئەوە بەداخەوە نەکرا لە ڕۆژنامەکان پرسیارەکی ئاوای لێبکرێت و بەدەمی خۆی و بە نووسینی خۆی ڕوونکردنەوە بدات.
دیارە نووسینی بابەتی ئاوا پێویستی بە سەرچاوەی گەلێک گرنگتر هەیە، بۆیە ئەوەش لێدەگەڕێم بۆ ئەو دەرفەتە.


نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە