پەیامی "بەرەی خەڵک" بۆ خۆپیشاندانی هاوڵاتیانی عێراق

Saturday, 14/07/2018, 19:52

4508 بینراوە


ئاشکرایە، خەڵکی عێراق لە بەسرەوە تا زاخۆ، دەناڵێنێ لەژێر سایەی دەسەڵاتی پێڕێک لە تاڵانچی و تاوانباری هەلپەرست، کە کۆی کۆمەڵگای عێراقیان بە گشت پێکهاتەکانەوە، داماڵیوە لە بچووکترین ڕووبەری ئارامیی و بەختەوەریی! لەم سۆنگەیەوە خەڵک هەموو مافێکی بەدەستە بۆ دژوەستانەوە و بەرگریی کردن لە دۆخی ژیان و کەرامەتی خۆی، ئەم دژوەستانەوەیەش تا پاکژکردنەوەی دەسەڵات لە تاڵانچی و دەڵاڵەکانی سیاسەت بووەتە ئەرک و پێویستیی. هەر ئەم هاواریی نادادیی و چەوساندنەوەی مرۆڤە کە ئێستا لە باشووری عێراق خەڵکی لە گشت چین و توێژەکان هێناوەتە شەقام و ڕێ بە تاڵانکردنی خاکەکەیان دەگرن.
"بەرەی خەڵك" بەردەوام لەگەڵ وەها جووڵانەوەیەکی جەماوەرییە کە بە دەستی خۆی مافەکانی بسەنێتەوە بێ بەلارێدا بردن و سواربوونی ئازارەکانی خەڵک لەلایەن حیزبگەلی بێفەڕ و پاڵەوانەکانی سەر شاشەوە و کردنی کۆششیی خەڵک، بە دەستکەوتی سیاسی بۆ خۆیان و حیزب و بنەماڵەکانیان. لە ٢٠٠٣ەوە حزبی عێراقی بە عەرەب و کورد و پێکاتەکانی ترەوە بە تێکڕای مەزهەب و ئایدۆلۆژیا و ڕەنگەوە، لەبری بونیادنانەوەی عێراق بە لێشاوی پەترۆ-دۆلار، خۆیان لە خەزێنەی مۆڵی دانیشتوانی عێراق دیەوە و بە حکومەت و پەرلەمان و دیموکراسیەتی دەمامکدارەوە، کەوتنە تاڵان و کڕاندەنەوەی لاشەی کۆمەڵگا لە گشت کووچەکەی ئەم وڵاتەدا، کە بەردەوام خوێنی لێ دەچۆڕی، ئەوانیش بە ئێستاشەوە شاگەشکەی دزین!
بۆ خەڵکی کوردستان (کە سەد هێندە ئەرکە و مافیشی بەدەستە بۆ ڕاماڵین و دادگایکردنی سەرانی تاڵانیی)، دەبێ وێنای ئەو سات و ڕۆژە بکەن کە کۆی تاوانبارانی ٢٧ساڵ دەسەڵاتی ستەم و تاڵان، لەبەر هروژمی تووڕەیی و ئازار و کوێرەوەریی و بە خەساردانی تەمەن و خەونەکانیان، بە چۆکدا بێن و لە دادگای گەل و مێژوودا... سزای هاوئاستی تاوانەکانیان بدرێن.
"بەرەی خەڵک" تەقینەوەی جەماوەریی هەڕەمەکیی و بێئامانج و نیگا ناخوازێ، بەڵکو دەبێت نارەزاییەکان بە ئامانجی ڕوون و بە دیدگای گێڕانەوەی ماف و دادگەریی و ژیانی شایستە بۆ گشت تاکێکی کۆمەڵگا، بە جووڵە بکەوێ، لەم جۆرە لە خۆپیشاندان و ناڕەزایی و شۆڕشدا، دەبێت تەنها ئەنجامدەرانی تاڵان و تاوان بکرێنە ئامانجی پاکسازیی و لێپرسنەوە، دەستبردن بۆ دامەزراوە خزمەتگوزاریی و پەیوەندیدار بە هەڵسوڕاندنی کاروباری کۆمەڵگاوە بکرێتە هێڵی سوور. کرۆکی پەیامی بەرەی خەڵک ئەوەیە هەموو کردەیەک بە کەڵکی خەڵک و زیانی تاوانباران دەستپێبکا و کۆتایی بێت... ئەگینا هەر کردەیەکی دەسکردی تری ئامانجدار بۆ سوودی لایەنێکی تری بێگانە یان خۆماڵی، شۆڕش نییە و لێدانی زیاترە لە دۆخی خراپی ئێستای هاوڵاتیان.
لەم دۆخ و ساتەدا (بەرەی خەڵک) ئاگاداری گشت ئەندام و پاڵپشتێکی ئامانجەکانی دەکا، بە وریاییەوە ئامادەبن بۆ پێشهاتەکان و ئەگەرەکان بۆ دژوەستانەوەی تاوانباران، لە گشت کووچە و کۆڵانێکی شارەکانی هەرێم، کراوەیە لەلایەن خەڵکی ستەملێکراوی هەرێمی کوردستانەوە!

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە