ئەوانەی کە وڵاتیان کاولکرد

Thursday, 26/07/2018, 10:30

5441 بینراوە


بە گشتی لە دوای ڕاپەڕینەوە و بە تایبەتیش لەو ڕۆژەوەی کەسێک بە ناوی (نەوزادی موهەندیس)ەوە کراوە بە بەڕێوەبەری کارگەی جگەرەی سلێمانی.ئەو کارگەیەی، کە ژیانی سەدان کرێکار و فەرمانبەران و هەزارەها جوتیاری تووتن و حەماڵی لەسەر بووە، یەک تاکە جگەرەی بەرهەم نەهێناوە.هۆکارەکەشی ئەگەڕیتەوە بۆ ئەوەی، کە لێپرسراوە دز و گەندەڵەکانی سەر بە بنەماڵەی تالەبانی، بازرگانی هێنانی جگەرەیان بۆ خۆیان قۆرخکردووە و لە هەمان کاتیشدا زۆر دەمێکە مڕیان لە زەوییە چاک و نایابەکەی ئەو کارگەیە خۆشکردووە.دانانی کەسێکی وەک نەوزاد، کە نۆکەرێکی ئەڵقە لە گوێی خۆیانە، تەنها و تەنها بۆ داخستنی ئەو کارگەیە بووە، کە لە ڕۆژی دامەزراندنییەوە جگە لە قازانج هیچ شتێکی کەی نەبووە بۆ خەڵکی ئەو شارە.ناوبراو وەک نۆکەرێکی ئەڵقە لە گوێی ئەو گەندەڵانە بیری کردۆتەوە و هەلپەرستانە پشتگیری کردوون و مەکینەکانی ئەو کارگەیەی بە کۆن و بێ کەڵک لە قەڵەمداوە و توانیویەتی بە جوانی لیستی مەکینە و کەرەسە و کەلوپەلی ئەو کارگەیە بۆ ئەو لێپرسراواە دز و جەردانە ئامادەبکات و ئەوانیش وەک تاڵانی و بە نرخی تۆڵەکە هەموویان بە کیلۆ فرۆشتووە و بە تەواوی هیچییان تیا نەهێشتۆتەوە و کارگەکەش ئەکرێت بە پیشانگا و بازاڕ و پارکی سەیارە.
لە مانەش سەیر تر ئەو کەسەی کە چەند مەکینەیەکی جگەرەی بە کیلۆ کڕیوە، ماوەیەکە لە ناوچەی شارەزور کارگەیەکی جگەرەی داناوە و بەو مەکینانەی کاکی موهەندیس و دزەکان بە کۆن و بێ کەڵکیان داناوە، ئەمڕۆ جگەرەی پێ دروستدەکات.ئەمەش بەڵگەیە کە ئەو مەکینانە هیچ عەیبیکیان نەبووە.
لە هەموو ئەمانەش سەیرتر، کە پەردە لەسەر ئەو لێپرسراوە گەندەڵانە لادەبات و ئەوەی بە لایدا نەچن بەرژەوەندی گەل و نیشتمانە، سەیر کەن نەوزادی موهەندیس بە دەمی خۆی ئەڵێ چیی: (وەک بەڕێوەبەری کارگەی جگەرەی سلێمانی لە دیوانی پارێزگاری سلێمانی، لەلایەن پارێزگاری سلێمانی بە وەکالەت بەڕێز کاک (عمر قەلادزێ)یەوە سوپاس و پێزانین مان ئاڕاستەکرا.بەرامبەر دڵسۆزی و جدیەتمان لە کارەکانماندا و هاوکاری و کارئاسانیکردن لە ڕاپەڕاندنی ئیشوکارەکان و وەستانەوە بە ڕووی گەندەڵی و گەندەڵکاراندا و پارێزگاریکردنمان لە موڵک و ماڵی دەوڵەت ).
جا ئێستا با چەند پرسیارێک لەم هەلپەرستە بکەین کە شێتی وەرگرتنی پۆستە و هەر ڕۆژەی لەسەر تەلەفزیۆنێک و زوو زوو لەسەر لاپەڕەی ڕۆژنامە ڕوو ڕەشەکەی کوردستانی نوێ باسی دڵسۆزی خۆیمان بۆ دەکات، ئایا لە ڕۆژەوەی جەنابتان کراون بە بەڕێوەبەری ئەو کارگەیە توانیوتانە تەنها یەک جگەرە بەرهەم بهێنن ؟.هەر لەسەردەمی جەنابتاندا، هەموو کرێکار و فەرمانبەرانی ئەو کارگەیە ڕەوانەی ماڵەوە نەکراونەتەوە و دەرگا کەیتان دانەخستووە؟.مەکینە و کەلوپەلی کارگەکەتان هەمووی بە کیلۆ و نرخی تۆڵەکە نەفرۆشتووە؟.لە چ وڵاتێکدا کارگەیەکی بەرهەمهێن کاولدەکرێت و دەکرێت بە بازار و پێشانگا و پارکی سەیارە و مەکینەکانی بە کیلۆ ئەفرۆشرێت و هەزاران کەس لە کاردەخرێن؟.خۆ ئەگەر شوێنەکەی لەبار نەبوو، ئەکرا بگوێزرێتەوە بۆ دەرەوەی شار و بخرایەتەوە کار.جا پێمان ناڵێیت دڵسۆزی و جدییەتی ئێوە لە چیدا بووە؟.باشە تاڵانکردن و بە کیلۆ فرۆشتنی مەکینە و کەلوپەلەکانی ئەو کارگەیە بە ڕاپەڕاندنی ئیشوکاری خۆتی حسێب ئەکەیت و بەوجۆرە پارێزگاری لە موڵک و ماڵی دەوڵەت ئەکەی؟.ئەی پێمان ناڵێیت چ ڕووبەڕووبوونەوەیەکتان لەگەڵ گەندەڵیدا کردووە، کە خۆت یەکەم دەستکەلای دەستی ئەو گەندەڵانە بوویت و لە وێرانکردنی ئەو کارگەیەدا کارئاسانی تەواوت بۆ کردوون.پاشان پێمان ناڵێیت چۆنە هەتا ئێستا بەڕێوەبەری کارگەیەکی، کە زۆر دەمێکە شتێک نەماوە ناوی کارگەی جگەرە بێ ؟.دیارە تۆش چوویتەتە لیستی بەڕێوەبەرە بن دیوارەکانەوە و تەنها سەرقاڵی نۆکەرایەتیت بۆ ئەو دەسەڵاتە مافیایەی شەرم لە هیچ خیانەتێک ناکات.ئەوەی تۆ ئەی کەیت ئیشی موهەندیس نیە، بەڵکو مامە حەمەیی یە و تەنها و تەنها بۆ وەرگرتنی پلە و پۆستی زیاترە.بێگومان ئەو دەسەڵاتە بەهۆی کەسانی وەک تۆی بێ ویژدانەوە درێژە بە تەمەن و مانەوەی خۆی ئەدات.
 ئەو ڕیزلێنان و پاداشتەی لە لایەن جێگری پارێزگای سلێمانییەوە بە تۆ بەخشراوە، ئەوە دەرئەخا کە ئەو جێگری پارێزگایە فری بەسەر ئیدارەوە نییە و نازانێ کارگەکە بە کیلۆ فرۆشراوە و لای وایە تۆ ٢٤ کاتژمێر کار بەو کارگەیە ئەکەیت.
ئێوە لە پێناوی بەرژەوەندی وگیرفانی خۆتاندا ئەو وڵاتەتان کاولکرد.
سەلام کەریم

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە