قۆناغی ١: لەبەر کۆمەڵی هۆکاری خەباتی ریکخراوەیی، کۆمەڵێ کیژ و ژنی نێو شار، روویان کردە شاخ و لەنێو بنکە و ناوچەرزگارکراوەکان و تیپەکاندا خۆیان بینییەوە. چواریان بەر دەزگەی راگەیاندن(ئیزگە و ئیعلام) کەوتن، لەنێویاندا کیژێکی چاو جرپنی جوان و خرپنێکی سپیکەلانەی وریا و سەرنجکۆکەرەوەی تێدا بوو، جار بەجارێ شەرمن و جارە ناجارێکیش رووخۆشی دەم بەخەندە، ناوی ئاشتی بوو، ئاشتی برایم ئەفەندی. دوای ماوەیەک یەکی لە موهەندیسەکانی ئیزگەکە، بەناوی رێبوارکەرکوکی ، تووشی داوی عیشقی ئاشتی بوو!! زۆری نەبرد و خێزانێکیان پێکهێنا. لەبری ئاهەنگی نیشانکردن و بووک گواستنەوە! لەبری جلی سپی سیحراوی بووک و کەژاوە! لەبری شای و هەڵپەڕکێی ئازیزان!لەبری مانگی هەنگوینی و نێوماڵی تازە و کەش و هەوای هاوسەرگیریی....ژوورێکی تاریکی خانووە قۆرێک،بوو بەنسیبی،داڵانێکی تەسکی بەنایلۆن داپۆشراو، دوو دەست نوێنی بەکارهاتوو، هەندێ قاپ و قاچاغی پەککەوتوو،ماڵی بووکێ بوو. لەپاڵ مشک و دووپشک و کێچ و ئەسپێ و جارەناجارێکیش مارێ دەبوو بە میوانیان، لەکوێ!؟لە کوێستانێکی سەخت و دژواردا....
قۆناغی٢:بەهەمان دەردەسەری و کێشمەکیشی ژیانێکی سەخت و ترسناک و نادیارەوە، ژیانیان بردە سەر.منیش لە بەرگەڵوو هاوڕێیەتیم، چ لەگەڵ رێبوار و چ لەگەڵ ئاشتی و باقی هاوڕێیانمان توندتر و پتەوتر بوو......بەنێو خۆشی و ناخۆشیدا رێمان دەبڕی........
قۆناغی٣: لەدەور و بەری ١٩٨٦، هاوڕێکانی بەرگەڵووم جێهێشت، لە ١٩٨٧ بۆ ١٩٨٨، ئەوان لەدەست رەشەبا و ئافاتی ئەنفال، روویان لە دۆڵەکۆگێ دوورەدەستی سەخت کرد،بە منداڵێکی یەکساڵەوە، ناویان لێ نابوو،هێما. خەریکی دانانی ئیزگە بووین لەپاڵ کارەکانی چاپ لە دەزگەی شەهید ئیراهیم عەزۆدا.وا هاتە پێشەوە، کە دەبێ ئاشتی بڕوات بۆ ئێران و هێماش بەسەر من و رێبواردا بەجێهێڵرا!! نەخێر کاتی هاتنەوەی ئاشتی، رێبوار ناچار بوو بڕوات بەدوایدا و من و هێماش ماینەوە! بەڵام، بەفر رێی لێگرتن و مانگێکی خایند، منیش بووم بە باوک و دایک ە لەعابە بۆ هێما....کاتێ رێبوار و ئاشتی حەمەموکری هاتنەوە...ئاشتی بە تامەزرۆی دایکێکی پڕ لەحەسرەتەوە خۆی کردبە ژووردا و بە سوز و میهەرەبانییەکی پڕ لەگڕەوە چوو بەرەو پیری هێما...!! هێماش دەستیکرد بەگریان و رایکرد باوەشمەوە!! ئاخر چۆن بیناسێتەوە...وای کە سەخت بوو بۆ ئاشتی.....