کۆچەر تکایە ئاگات لە خۆت بێ!

Wednesday, 08/08/2018, 1:25

8644 بینراوە


نا مەچۆ، جوانێ مەچۆ، واوە مەچۆ؟
تۆ فریوی زێڕ و زیوی وان مەخۆ!
ئەو ھەوەسبازانە جێی متمانە نین
ھەر دەزانن گوڵ چنین و بەی ڕنین

تا پێش چەند ڕۆژێک لەمەوبەر لە کوردستان و ڕەنگە لە جیهانیش ناوێکی درەوشاوە نەبوویت، وا ئێستا هەم بە خۆت و هەم بە خەڵاتەکەیشت ئاشنا بووین. بەم دەستکەوتەشت دڵی هەموو، نا! زۆرینەی کوردت خۆش کرد. خۆت وتەنی خەڵاتەکەت پێشکەشە بە هەموو کورد، بە هەر چل ملیۆنەکە، بەڵام من بزانم چل ملیۆن هەندێک کەمترە. ببوورە! تۆ زانای ماتماتیکیت و منیش بە ئەستەم خشتەی لێکدانم بیر ماوە. ناحەقم مەگرە، تاڵی و ساردی ڕۆژگار وەک خەونێک شتەکان دەهێنێتەوە پێش چاوم. بیرمە مامۆستای فیزیا لە قۆناغی ناوەندی سێ خوێندکاری [باش]ی لە وانەکەی خۆی دەستنیشان کرد. پلەی دووەمی بۆ من دانابوو. لەو قۆناغەدا کەڵکەڵەی فیزیا و فەلسەفە مێشکمی داگیر کردبوو. لەگەڵ هەڵکشانی تەمەندا نازانم فیزیا منی بە جێ هێشت یان من ئەوم بە جێ هێشت .... بەڵام من هەر کۆڵم نەدا و بەردەوام بووم تا خوێندنم لە بەشێک تەواو کرد کە نزیک بوو لە فەلسەفەوە. لەو دەمەیشەوە کەڵکەڵەی خوێندنی باڵا –ماستەر و دکتۆرا- تەواوی ژیانی داگیر کردووم. وا ئێستا دوازدە ساڵە لەگەڵ ئەو وەهمەدا دەژیم و هیچیشم لێ هەڵنەهێنجاوە. هەر بە بێعاری خۆم خۆم فێری چەند زمانێک کردووە، هەوڵی فێربوونی هی تریشم داوە کە خولیای هەمیشەییم بووە. منیش وەک تۆ کوڕە هەژارێک بووم، بەڵام هەڵەی من ئەوە بوو مانەوەم هەڵبژارد. مانەوە بە خەونی ژیانێکی باشتر، ئەمڕۆنا سبەی، ئەمڕۆ نا سبەی، ئەمڕۆ نا س ... هەتا شەوێک بە دەم چراوە لە ئاوێنەدا تەماشای خۆم کرد ڕووخساری ڕەش و دزێوی خۆم بینی. سەرەتا وتم ڕەنگە لەبەر نەبوونی کارەبا چراکە ڕووخساری ڕەش داگەڕاندبم. دواتر وەتم نا پێدەچێت خوێندنەوە بەدەم ئەم چرا نەفرەتییەوە تینی لە چاوەکانم بڕیبێت. ئینجا خەیاڵم بۆ شتێکی تر چوو، چەند ڕۆژێک بوو ئاو نەهاتبووەوە و دەموچاوم نەشۆردبوو. پاشان وتم تۆ بڵێیت هی ئەوە نەبێت بە درێژایی ئەم ماوەیە لەبەر نەبوونی نەوت و غاز بە خەڵوز و مقەبا و چیلکە چێشتمان لێ دەنا و خۆمان گەرم دەکردەوە. دواجار هەستم کرد چاو و مێشکم لاواز بوون و ڕاستییەکەم پێ ناڵێن. نازانم لە کوێوە، دەنگێک پێی وتم "ئەوەی مابێتەوە دزێوە." "یانی وەک من ڕووڕەشە؟!" تەماشای پەنجەی شایەتومانم کرد لێوم گەست. ببوورە خودایە! ببوورە پێنووسەکەم! پڕ بەدڵ حەزم دەکرد ئەو پەنجەیەم نەبووایە. بەو پەنجەیە بوو براکانم کوشت! هەر ئەو پەنجەیە بوو کردم بە مەرەکەبی خیانەتدا و تاغوتەکانم لەسەر کوورسی توندتر کردەوە. لای من پەنجەی شایەتومان پیرۆز بوو، سەرگەورەی ئەوانی تر بوو، متمانەی دروست کردبوو. من هەر خەیاڵم لای نوێژەکانی بوو، نەمدەزانی لە کووشتن و خیانەتیشدا بە کارە. درەنگ هۆشم هاتەوە، کاتێکم زانی کار لە کار ترازاوە، کەوتوومەتە گێژاوێکەوە و لە خشتەبراوم. ئێستا تێگەیشتی بۆ دەڵێم خەڵاتەکەت بۆ چل ملیۆن نییە؟ 
لەمڕۆژانەدا ئەو هەواڵە دڵی (40-س) ملیۆن مرۆڤی کوردی خۆش کرد. تاقمی (س) –لێرەدا دەکرێت پێیان بڵێین تاقمی بروسکە و بەیاننامە و پیرۆزبایی، ئەوانەی لەسەر کوورسی قوونیان پان کردووەتەوە و خەریکی تاڵانکردن و فرۆشتنی نیشتیمانن- وەک پیشەی هەمیشەییان هاتنە سەر سفرەی حازری و خۆیان کرد بە برابەشی جەنابت. وەک ئەوەی ئەو داهێنان و خەڵاتە بەری ڕەنج و ماندووبوونی ئەوان بووبێت! هەر لە سەرەتاوە خۆیان دەبردە پێشەوە و کێبەرکێیان دەکرد لەسەر ئەوەی کێ زووتر پەیامت ئاڕاستە بکات و بە وشەی باقوبریق و موجامەلەی درۆ بیڕازێنێتەوە. بۆ نەیانزانیوە لە تاو ئەوانە گەنجان سەری خۆیان هەڵدەگرن، هەر ئەوانن ڕەوانەی ئیجە و ئەودنیایان دەکەن، هەر ئەوانن و ئەوان بوون گەنجانیان کردووەتە خۆراکی شەڕە نەبڕاوە و بێئامانجەکانیان. کردوویانن بە کۆیلە و سیخۆڕ. پێمان بڵێن کامانەن ئەو داهێنەرانەی بەرهەمی بیست و حەوت ساڵ حوکمڕانی ئێوە بوون؟ بە چ ڕوویەکەوە شانازی بە دەستکەوتێکەوە دەکەن کە تەقەلای تاکلایەنانەی گەنجێکە؟! 
دڵنیابە ئەگەر تۆ لەم وڵاتە بوویتایە لە جێی پێدانی شەهادە، شەهادەیان پێ دەهێنایت. لە بری جائیزە، بە فەتوای دینی و سیاسی کوشتنتیان جائیز دەکرد. زۆرن ئەو گەنجانەی وەک تۆ [بیرکار] بوون و لە سایەی ئەوان [بیرکۆڵ] کران. 
دەزانم هەر لە ئێستاوە لە دەرفەتێک دەگەڕێن دەمت چەور بکەن و لە خشتەت ببەن. بە مەلەفی چەندین ساڵەتدا دەچنەوە، تا بزانن چۆن دەتخەنە داوەکەوە. گەر ئاگات لە خۆت نەبێت دەکەویتە ناویەوە. تۆ نێچیرێکی بەچێژی بۆ ئەوان. ببوورە پێت دەڵێم هاوشێوەی چەندین نووسەر و ڕۆشنبیر و داهێنەری دیکە گەر وریای خۆت نەبیت دەتخەنە ئەو زەلکاوەوە کە هەنوکە خەریکی چێ کردنین بۆت. وەک ئەوانەی پێشوو دەبیت بە لێبووک و بووکەڵە بە دەستیانەوە. ئای دەترسم بە نامەکانی ئەوان دڵخۆش بووبیت! تو خوا هەرگیز شتی وا نەڵێیت. هیچ شتێک تۆ بەوانەوە نابەستێتەوە، دڵنیابە تۆ هیچ شتێکت لەوان ناچێت. تۆ دزیت لێ دەکرێت ئەوان دزی دەکەن. تۆ خزمەت دەکەیت ئەوان تێکی دەدەن. تۆ (بیردۆز)یت و ئەوان بیردز. تۆ لە بیرێکی تازە دەگەڕێیت تا تیۆرەیەکی لەسەر گەڵاڵە بکەیت. ئەوانیش لە بیرێکی تازە دەگەڕێن تا گیرفانیان زیاتر پڕ بکەن. تۆ بیرمەندی و ئەوان بیرتەنگ، ببینە چی ماوە نەیانکردبێت بە پەنگ. تۆ بە هەوڵی خۆت پێگەیشتوویت و ئەوانیش تۆپزی هێناونی. وا هەست دەکەم بۆیە بەو خەڵاتەیشت دڵخۆشن چونکە بە (فێڵ دز) گۆی دەکەن. دوو وشە کە بنەوانی ئەوانە و لەسەری سەوز بوون. یان کێ دەڵێت ڕەنگە وشەی (Fields)ی ئینگلیزی کە بە واتای کێڵگە یان حقل دێت تام و بۆی نەوت نەدات لای ئەوان؟ کە ئەویش هەر دەچێتەوە نێو هەمان فەرهەنگە نەگریسەکەیانەوە. بەڵام من بەهۆی بەڕێزتەوە تێگەیشتووم مەدالیای فیڵدز (Fields Medal ) چییە؟ دەزانم بە ناوی داهێنەرەکەی جۆن چارلز فیڵدزەوە ناونراوە. هاوتای خەڵاتی نۆبێڵە چونکە نۆبێڵ لە بیرکاریدا نییە. چوار ساڵ جارێک دەدرێت بەوانەی زانا و داهێنەرن لە بواری ماتماتیکدا ... 
ئاگادار بە! تۆی گەنج لە ئێستادا گەنجینەیەکیت ئەوان دەیانەوێت بتدزن. تا بەهۆی تۆوە ڕووخساری قێزەونی خۆیان ئارایشت بکەن. 
کۆچەر! ئەرێ تۆ دەزانیت لە سایەی ئەوانەوە زۆرینەی گەنجی ئەم وڵاتە کۆچیان کرد - کۆچ بەرەو غوربەت، بەرەو گۆڕستان، بەرەو شێتی ... تۆ دەزانیت هەر کە ئەوان هاتن عەقڵ لە شەقەی باڵیدا، فەرهەنگ و زمان بارگەوبنەیان پێچایەوە. یەکەم کاریشیان ئەوە بوو کە هەر بە خۆمان شورایەکیان لەنێوان ئێمە و خۆیاندا هەڵچنی، تا بووە دیواری بەرلین، وا هەنوکە بووەتە شورای چین. تازە ئیدی هیچ شتێک ئێمە بەوانەوە نابەستێتەوە، تا گۆڕستانەکانیشمان لە یەک جیاوازن! تۆ دەزانیت گیرفانی شلیفئاسای ئەمانە کونە و لێی دەڕژێت. هەموو بوجەی سەرزەویشی تێ بچێت هەر بەتاڵە. دە بزانم ئەمە لە کوێی زانستەکەی تۆدا جێی دەبێتەوە؟! لای ئەمان هەموو ژمارەکان یەکسانن بە سفر! گەر هەموو بوجەی دنیایش بخەیتە خورجەکەیانەوە، هەر دەبێت [عەرەبە پێپەتییەکان] کە هەنوکە بوونەتە [برا عەرەبە چاوڕەشەکان] چارەکەمووچەکەمان بۆ بنێرن. ببوورە! کاکی خۆم ئەمە مەتەڵێکە و زانستەکەی تۆ ناتوانێت شیکاری بکات، چونکە زانستەکەیشت وەک خۆت درۆ نازانێت. ئەمە سیحرێکە، چاوبەستێکە و لەم جەهلستانەدا ناویان لێ ناوە سیاسەت کە تەنیا هەر خۆیان سەری لێ دەردەکەن. 
کۆچەر ئاگاداربە! هەرگیز خۆشیان ناوێیت، چاویان لە ناوبانگتە. تۆ لەو گەنجانە زیاتر نیت ڕاوەدوویان ناون و دەنێن. شتێک نەماوە نەیاندزیبێت، تەنانەت پارەی کەمئەندام و نابینا و شیر و دایبی منداڵیش تا دەگات بە پارەی ئەوانەی پاسەوانییان دەکەن و پارەی ئەوانەی لەپێناو ئەواندا دەکوژرێن و منداڵەکانیان دەکەونە سەرجادە. ئێستا چاویان بڕیوەتە ناوبانگی تۆش. دەبێت ئاگادار بیت دوپشکی سەوز و زەرد بێئامانن! هەنوکە لە پەیجۆرتان. ئەوان دەیانەوێت بە پارە هەموو شتێک بکڕن، بە پارەی خۆیان نا بە پارەی دزراوی ئەو خەڵکە! بیهێنە پێش چاوت چ کارەساتە لە بارێکی لەم جۆرەدا داوەتێکیان قبوڵ بکەیت یان تەنانەت قاوەیەک یان قومە ئاوێکیان لەگەڵ بخۆیتەوە. 
هەموو کات بە هاتنتەوەت بۆ ئەم بەشە داغانبووەی نیشتیمان شاگەشکەین. گەر بێت و پەشێو ئاسا بێیتەوە (پشت لە نەوا و ڕوو لە کڕێوە). لە بری سەردانکردنی بارەگا و کۆشک و دیوەخانەکانی ئەوان بێیتەوە نێو دڵی خەڵکی ئاخر ئەوان هەر دڵیان بۆ ماوە. 
لە کۆتاییدا دەڵێم 
تکایە،
تکایە،
تکایە!
ئاگاداربە!
ئەوەی دەتدەنێ ژاراوە، ژاراوە، ژاراوێکی خەست. 
بادەکە هەمان بادەیە چ ئەم دەست بیدات چ ئەو دەست. 

میم. عەلی 

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە