خەیار نامە

Sunday, 12/08/2018, 13:31

8164 بینراوە


چاوخشاندنێکى خێرا بە کتێبى خەیار نامە:
  خەیار نامە بیرەوەریە ، لێکدانەوەی سیاسیە ، بۆ چونى سەربازیە ، باسى چەک و چۆڵ و تفاقى شەڕە ، ئاماژەى گرنگى تێدایە بۆ مەتارەى ئاو (زەمزەمیە ) قەت لەتەنگەى کاکى نوسەر جیا نەبۆتەوە ، خەیار وەک میوە کەهەندێ کەس بەناهەق پێیئەڵێن سەوزە ئەوەش بەڕاى نوسەر ناهەقیە دەرحەق بەخەیار خۆ خەیار کەوەر و کەرەوز نیە ، ئێستاو لە ژێر سایەى حکومەتى هەرێم و سەرکردایەتیە حەکیمەکەى خەیارو چاندنى پەرەى سەندووە و هەزاران خانوى پلاستیکى هەزاران تەن خەیار بەرهەم ئەهینرێت بەڵام بەداخەوە تامى ئەو خەیارەى شارەزور نادات کەهەر بەقوڕەکەوە بەرقەمپم ئەدا سەرەتاڵەکەشیم ئەخوارد ئەیانووت بۆ کرمى ناوسک باشە .
--------------------------
  نوسەر لەقەیەکى لە پێشەکى داوە و لە دواى پێنجەم پەڕەگراف ئەڵێت : فارسەکان شانامەیان هەیە و کوردیش بەچەند سەد ساڵێک بەر لە ئێستا میر شەرەفخانی بەدلیسی شەرەفنامەى نوسیوە بەڵام سەد حەیف و مخابن بەزمانى شیرینى کوردى نیە  ، لە خەونامە ( وەرگێڕدراوە ) زیاترم نەبینیوە بۆیە پڕکردنەوەى ئەو بۆشاییە ئەرکێکى نیشتمانى ونەتەوەییە ، سوێندم نەکەوێت ئەڵێن خەجاڵەت نامەیەک هەیە نەمبینیومە و نەمخوێندوتەوە بەڵام بەناوەکەیدا ئەبێت کتێبێکى قەبە بێت لە کوردستانە ئەوەندە خەجاڵەتبار هەیە لەژمارە نایە . 
 نوسەر لە بەشێکیترى کتێبەکەیدا باسى ناسکە خەیار و بەڕولە خەیار و خەیار شۆرو خەیار بۆ ترشیاتى کردووە ، نوسینەکە پەلى کێشاوە بۆ بەکارهێنانى خەیار وەکو زەڵاتەى خەیار ، خەیار و ماست ... نوسەر هیچ ئاماژەیەکى بەکارهێنانى خەیارى نەکردووە لە بوارى جوانکارى خانماندا چونکە ڕاى وایە هیچ شتێک جێگەى سمڵ و مێخەک و ڕیحانە ڕەشەو کل و خەنە ناگرێتەوە .
 نوسەری خەیارنامە ئاماژەى بەوە کردووە کە ئەبوایە جەنابى مام جەلال درۆ نامەى بنوسیایە لەبەر زۆرى درۆکانى بەڕێزیان و ئەبوایە گردى گۆڕان گردنامەیان بنوسیایە ، نوسەر پێیوایە ئەگەر بینوسن باسى گردەکەى کاکە چیا و کاکە نما ناکەن و ئەوەش ئامانەتى ئەدەبى و ئەخلاقی تیا نامێنێت . نوسەر ئاماژەى بەوە کردووە کە کاک مەسعودیش ئەبێت خیانەت نامە بنوسێت لەبەر زۆرى خیانەتەکانى بەڕێزیان . 
 ئەم کۆتا پێشنیارەى نوسەر توشى شۆکی کردم زۆر سەرنج ڕاکێشبوو زۆرم لا سەیر بوو ، وتم با پەیجورى ئەمە بکەم و سەرم ئەکرد بەهەمو کەلێن وکون و کەلەبەرێکدا ، وتم تۆ بڵییت ئەمە حەمەکەى گوڵە خانە بێت ، بەڵام من لە خەیاڵ و حەمە لە خەیار .
  سەرچاوەیەکى زۆر باوەڕپێکراوى کە بە خزمایەتى لە باوکمەوە پێم ئەگات و لە دێی گوڵەخانەوە پێى ڕاگەیاندم کاتێک کە کتێبى خەیار نامە دەرچوو ، ووشەى خیانەتنامەیان بۆ مەسعود دانابوو ، کاکە حەمە زۆر توڕەبوو بە جۆرێک دەمارى ملى وەها بەرزبوبۆوە ئەتوت سۆندەى بەر خۆرەتاوە ئاگر لەناو چەوانى ئەبارى وەها سور بوبۆوە ئەتوت پشکۆى دار بەڕووە ، هاوارى ئەکرد چ دەستێکى بەدکار ئەو وشەیەى خستۆتە ناو کتێبەکەم ، کاک مەسعود وەکو سەرۆکى هەرێم زەروەتە بۆ ئەم قۆناغە و قۆناغەکانى داهاتوو ، قەوم و قیلەى دێکانى قەیەفەرى و تەپى سەفاو تەپى کەرەم کەوتنە نێوان و وتیان کاکە حەمە هێمن بەرەوە چارەسەرى ئەکەین ، پێشنیارى ئەوەیان خستە بەردەم کاکە حەمە کە کۆبونەوەى مەکتەبى سیاسی و مەکتەبى عەسکەرى بکات نەوەکو پیلانێکى دەرەکى و ناوەکى بێت دەستى لە پشتەوە بێت ، جەنابیان فەرمویان : ئەم لاژەلاژەتان لە چیە هەموى خۆمم بڕۆن عەبەى برام بۆبدۆزنەوە خۆزیا ئەمزانى بە چیەوە خەریکە لەکاتى تەنگانەدا لاتراسکەم لێئەبەستێت ، سەرچاوەکە تکاى خوێنێکى لێکردین کەدورو نزیک ئاماژە بەناوەکەى نەکەین ، وە وتى : بەپەلە پڕوزێ چەند ئەندام مەکتەب سیاسیەک بە پرتاو خۆیانکرد بەگوڵەخانەدا ، یەکێک ئەیوت فۆتۆ شۆپە یەکێک ئەیوت هەڵەیە یەکێکیکیتر وتى ئەوە هەڵەو نسیانە ئەگەڕێتەوە بۆ هەردولا کاکە حەمە ئەوەندەى تر قەبە بوو ئەتووت میزەڵانى فوتێکراوە , ووتى چەڵتە چەڵت خۆبارە خەیار و بەرچنە تەماتەمان نەفرۆشتووە ، لەم گۆڵمەز و مشتومڕە سیاسی و خەیار ئامێزە دا زەنگى مۆبایلەکەى کاکە حەمە هەموانى ڕاچڵەکاند ، دواى گفتوگۆکە ، حەمە وتى ئەو مۆبایلەم بۆ بخەنە قەمسەڵەکەمەوە بالەبیرم نەچێت بەردەستێک وەڵامیدایەوە گەورەم هاوینە قەمسەڵە چى ، کاکە حەمە فەرمووى ئادەى بازگە لە هەموو شوێنێکدا دابنێن هەرچى کتێبى خەیار نامەى پێبوو مسادەرى شۆڕشگێڕانەى بکەن ، هێزەکە کۆبکەنەوە بە هەموو چەکى قورسەوە ئەچین ئەو چاپخانەیە خاپور ئەکەین کە کتێبەکەى چاپکردووە ئەوان دەسکاریانکردووە و ئەڵێن پیتچنە کە ئەو کەتنەى کردووە ، ئامادەبویەک وتى : بەڕێزم ئەو چاپخانەیە لە کۆڵانێکى بچوکى سلێمانیدا کە ئەوەندە ماوەى مانۆڕ و هێرشى نیە دوایى ئەوە ئارامى سلێمانى تێکبچێت بەخوا خەڵک هێڵى سەرى ڕەش – گوڵەخانەمان لێتێک ئەدات ، دوایى ئەوە ئەم کاتە ئابلوقە خراوەتە سەر ئێران و ئەم هێزە زەبەڵاحە ببزوێت ئەمەریکاش تەفروتونامان ئەکات وائەزانێت هێرشى ئێرانە و جەماعەتى گردەکەى گۆڕانیش سەرى مەنهۆڵى دەمیان هەڵئەدەنەوە و پڕ بەزێرابێک جنێوو ئەدەن ، کاکە حەمە کەناوى سەرى ڕەشیان هێنا هەڵوێستەیەکیکرد و تۆزێک ڕاماو ڕوى لەئامادەبوانکرد ووتى : پەندێکى چینى هەیە ئەڵێت توڕەبون فوو لە چراى بیر کردنەوە ئەکات ، بابیرێکى لێبکەینەوە خۆ ئیمەش سۆشیالیست و دیموکراتین دەى با هەردوکیان بخەینەکار بزانین چى بکەین و فەرمویان وەختەکە بۆ ئێمە زۆر ناسکە کاک مەسعود بڕیارى داوە ئەو قۆناغە تێبپەڕینم کەجامانەى سورم لە مل ئەکرد و بەڕێزیان پەیوەندیان بەکۆمپانیا تورکیەکانەوە کردووە کە جامانەیەکى سورى گەورەتر لەوەى بەڕێزیان بە قەبارەى سەرو کەللەى خۆم لە تورکیاوە بۆ بنێرن وەکو ئەوەى خۆى بەئاڵاى تورکیاوە ڕازێنرابێتەوە و ئەوە ببەستم ، ئەوەش نیشانەى بەرەو پێشجونێکى نەوعیە لە پەیوەندیەکانماندا ، دوور نیە هەر لەسەرى ڕەش بەشەخانوویەک زەویم بداتێ هەتا بۆ هەموو بۆنەیەک ئامادەبم . بۆ ئەوەى بەڕیزیان عاجز نەبێت و دڵە میهرەبانەکەى گەرد نەگرێت کە ماوەیەکە غەمگین دیارە و لە ماوەیەى پێشودا بینیتان ئەگریا ، واباشە وەفدێک بنێرین ، پێشنیارێکى دروست کرا: بالە خاڵى هاوبەشەوە دەستپێبکەین خۆ ئەوانیش کاک ئومێدى خەیاریان هەیە بینیتان چۆن خەیارى بەسەر ئاوارەکاندا دابەشئەکرد ، با ئەو تەدارەکاتى ئەم وەفدەمان بۆ بکات پشت بەخوا ئەنجامێکى دڵخۆشکەرى بۆ هەردولا ئەبێت . 
 بەداخەوە نەمانزانى وەفدەکە ڕۆشتوە وە نەمانزانى جامانە سورەکەى کاکە حەمە گەیشتووە ، لەبەر ئەوەى ئەو سەرچاوەیەى کە ئەم دەنگوباسانەى بۆ ناردین میمۆرى مۆبایلەکەى تواناى لەوە زیاتر خەزنى تیانەمابوو وە باڵانسەکەشى ڕوو لە کۆتایى بوو .
 بۆ دیدارێکیتر چاوەڕوانین هەتا بەرگى دووەمى خەیار نامە ئەکەوێتە بەردیدى خوێنەران ئێوەش شاد و بەختەوەر بن و بیرتان نەچێت :  بەخەیارى خۆماڵى سفرەتان ڕازاوە بکەن .

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە