چیرۆکەکانی چیا: سوپای تورک و جەندرمەکانیان، بۆچی نەیان توانی ئێمە چەک بکەن؟

Friday, 07/09/2018, 1:01

8292 بینراوە


ئەنایس نین Anaïs Nin خانمە ڕۆماننوسی  فەرەنسی ئەمەریکی  دەڵێت :" ئێمە  ئەنوسین  بۆئەوەی دووجار تامی ژیان بکەین    لەئێستادا و ، لەبیرکردنەوەش لە ڕابردوودا ".
من نازانم  ئەو ڕۆژانە  تامیان چۆن بوو ؟ لەکاتێکدا  ڕۆژانە لەگەڵ تەرم . خوێن، برسێتی ، ماندووبوون ، ڕێکردن ،  بۆردمان ، ،شەڕدا دەمان گوزەراند ، بەڵام : گەڕانەوە بۆ ئەو ڕۆژانە ،  گەڕانەوەیە بۆ چنینەوەی کەرامەت  ، ژیان لەو چیایانە  واتای "دەسگرتن بەچەکەکانتەوە"  بوو بۆ ئەوەی  کبریاو کەرامەتت پارێزراوبێت .
پاشان  زۆری کورد لەو بەشەداگیرکراوەدا کەباشوری ناوبوو  جاشبوون یان لەسوپای داگیرکەردا  سەربازێکی گوێڕایەڵ بوون ، جگە لەفایلدارو سیخوڕو شتی تریش کەدوایی ناویان لێنرا  .
 بۆیە ئەو ڕۆژانە بۆ ئێمە  چنینەوەی سەرفرازی بوو ، ئێمە  هێزێکی کەم بووین ژمارەمان ١٤پێشمەرگەبوو  لە چیای کێلەشینەوە داگەڕاینە خوارەوە بۆ خواکورک و بەبێ وەستان  بۆ گەلی ڕەش و لەوێشەوە  بۆ  دەشتی بەرازگر و ناوچەی شیروانەو سەر ڕوباری "ڕۆشین " ئەو ڕوبارەی بەچیاکانی  باکوردا ڕێگەیان گرتبوو  ،بەفراوی  ئەو چیایانەبوو کە بێگەردبوون  و سەر بەرەوخوار دەهاتن ،  ئاوی ڕووبارەکە ، لەسەرپۆشی  دایکێکی نورانی ، یان دڵی منداڵێکی  خاوێن  ڕونتربوو ، کە لەڕوبارەکەت دەڕوانی لەشاشەی تەلەفیزۆن دەچوو، دەتوانی هەموو ماسی و قرژاڵەکان  سەرژمێرکەیت ، جگە لەوەش ئاوەکەی لە شیرینیدا تامی هەنگوینی دەدا . 
 کەلەڕووبارە پەڕینەوە  دەبوو ڕاستەو خۆ بەچیاکەدا هەزنێین کە وەک پلیکانەبوو  بەردەڵانێکی ساف و خز و ترسناک ، ئێمە کاروانێک بووین کە چەک و جبەخانەیەکی زۆرمان  پێبوو،  لەگەڵ ماسکی کیمیایی و تفەنگ و فیشەک و  دەرمان و هەندێک بڵاو کراوەشمان پێبوو هەموویمان لەپشتی چەند هێسترێک نابوو ، بارەکان هەمووی شتگەلی  پێویست بوون ، لە ناوەڕاستی پێپلیکانەکاندا   یەکێک لەباشترین هێسترەکانمان  قاچی دەرچوو  بەبارەکەوە  کەوتە سەر زەوی و خزا   کەف بەدەمیا  دەهاتە  دەرەوە  چاوەکانی خەریک بوو دەر دەپەڕی ، دیمەنێکی ترسناک  ،زۆر هەوڵماندا هەڵیسێنین بەڵام  نەی دەتوانی  بارەکەمان لێکردەوە  بەشان بردمانە سەرەوە  ، هێسترەکە خەڵکی مازندەرانی  ئێران بوو، یەکێک لەهێسترە گرانەکان بوو ئەو ڕەگەزێکی یاخی هەبوو، بەو سەرکێشیەی مەرگی خۆی  ڕاگەیاند،  ئێمە هیچ ڕێگەیەکی ترمان لەبەردەم نەبوو نەش دەبوو ئاوا هاوڕێ ئەو سەفەرەمان بەو ئازارەوە جێبهێڵین . دواجار گەر "بودا"  یان "گاند" یشمان  لەگەڵ بوایە هەر  هەمان  بڕیاریان دەدا و ڕۆحیان دەکێشا  تائازار نەچێژێت لەوە زیاتر ،  هێسترەکە چاوەکانی  فرمێسکی لێدەتکا ، چ دیمەنێکی تراژیدی بوو؟  چ ئازارێک بوو لەو ڕۆژەدا؟!.
 تا  بارەکەمان دابەشکرد بەسەر هێسترەکانی تردا  زۆرکاتی ویست و چێشتهەنگاوێکی درەنگ دەستمانکردە ڕۆشتن ،  بەرەو قوڵایی باکور ، لەم جێگەیەدا بەر لەدەساڵ  جوگرافیای  کارەساتی هەکاری بوو ،لێرە قوربانی زۆر درا چیرۆکەکان دەیگێڕنەوە کە  جوتیارو خەڵکی ئەم ناوچەیە  لەجێگەی ناندان  داوای چەکیان لە ڕەتڵەکە کردوە و هەمیشە هەنگاو  بەهەنگاو سیخوڕیان بەسەرەوە کردوون . 
خاڵە کەمال، کاک حاکم عومەر، ئاسۆ، شیروان
 ماوەی دوو دەمژمێرێک ڕێمانکرد  و بەبەردەمی گوندێکی  وشک و بەردەڵاندا  گوزەرمانکرد ، ڕێگە وا بوو کە نەدەچوە  ناو گوندەکانەوە زیاتر تولەڕێ و کورد ووتەنی قاچاغەڕێگەبوو  ، لەگوندەکە  دورکەتبوینەوە ، دەنگی کۆپتەر هات   پاش کەمێک  سەربازو  جەندرمەی تورکی  هاتنە بەردەمان  و ڕێگەیان پێگرتین  و داوایان کرد کە ڕیزبین ، ئێمەش پێشمەرگەیەک کە خەڵکی  ناوچەی هەولێربوو  نەخۆش بوو بەسواری هێسترێکەوەبوو توانای ڕێکردنی نەبوو ، ئەو لەگەڵ کاک ڕائید جەلال  هاتبوو  لەڕێگە  جێان هێشتوو  لەسەر ڕوبارەکەو چاوەڕوانی ئێمەی دەکرد و لەگەڵمان کەوتەڕێگە ،  ئەفسەرە تورکەکە  دەیووت دەبێت دابەزێت و هەمووتان ڕیزبن ، ئێمە گاڵتەمان بە عەقڵی دەهات  . پێش چەند ڕۆژێک پێدەچوو هەمان  ئەفسەر  بەو تاکتیکە  نزیکەی ٩١پاسداری ئێرانی چەک کردبوو  ، چونکە پاسداریش لێرە وەهامشۆیان دەکردو دەچون بۆ ناوچەی شیخان و پشتی  موسڵ لەوێ  سەڵاواتی و بارەگایان دانابوو  لەشکری ئیسلامی کورد ڕێبەریان دەکردن . 
 ئێمە لەڕێگەی ڕادیۆی لەندەنەوە ئەم هەواڵەمان بیستبوو  ،چونکە یەکەمین جاربوو ئاوا بەئاشکرا پاسدار بەناو خاکی  باکوردا  گوزەر بکاتو جەندرمەو سوپای تورکی چەکیان کەن .  ئێمە نەڕێز بووین نە  چەکەکانمان خستە سەر زەوێکە  ، چونکە  جەنەڕاڵەتورکەکە  ئاوای دەووت  پێمان  وەک ئەفسەرەکە  کە دەنگی بەرز کردبۆوە .   ئێمە " دای سامان"مان لەگەڵ بوو  خەڵکی کەرکوک بوو ، هەرزوو چووە پێشەوە چەند ڕۆژێکی مابوو  بۆ جەژن  پێ گووتن " مەتڵوب بایلام لەر " واتە جەژنتان پیرۆز بێت .  من لەو کاتەوە ئەم دێڕەم لەبیر ماوە ، ئەو ڕستەیەی دای سامان جەنەڕاڵەکەی نەرم کرد ، هێزی تورکان  تادەهات  زۆرتر دەبوون  . لەم ڕۆژانەدا  سەرگەرمی خوێنەوەی کتێبێک بووم بەناوی " کۆمەڵناسی جەنگ"  نوسەر بەشی پێنجەمی  کتێبەکەی باسی جەنگ و جەژن دەکات ،  ئەو دەڵێت : "جەژن لەژیانی هەموو گروپەکاندا ڕۆڵێکی سەرەکی هەیە ، ئامانجی جەژن پتەوکردنی  یەکێتی گروپەکانە" . 
 سەیر لەوەدابوو ئەفسەرە  کۆمەندۆ باڵا کورتەکە  زۆر  عەبوس  و چەموش بوو  گەر بەدەستی ئەو بوایە  شەڕ لەمێژبوو دەستی پێکردبوو ، سامان ووتی :ڕێگەمان لێتک چووە  ئێرەش نیشتمانی خۆمانە چیاو دۆڵەکان هەموو لەیەک دەچن ، ئەفسەرە قەشمەرەکە ووتی :ئێرە تورکیایە  ، "ئێوە بۆتان نی یە  جگەرەشی تیا  بکێشن"  من کە لەژیانما جگەرەم نەکێشابوو بە کاوەم ووت: جگەرەیەکم بەرێ و لەبەر چاوی ئەو پیاوە نابوتەدا  دامگیرساند ، ئەوە یەکەمین و دواهەمین جگەرەی من بوو کە بەبام کرد لەژیانمدا  لەنیشتمانێکی داگیرکراودا .  جاشێکی  درێژیان لەگەڵ بوو   کەلەباکور پێیان دەڵێن "قروجی"  ژێرسێیەکی  ناتۆی پێبوو دەیووت : بڕۆن شەو تێپەڕن ، ئەو جاشە  هێندە ناشرین بوو  گەر شەڕ دەستی پێبکردایە  من  ئەم دومەڵەم لە کۆڵ خاکەکەم دەکردەوە و کۆیلایەتی و خزمەتکاریم  بنبڕ دەکرد . 
داوجار  زانیان ئێمە ئەو پاروە چەورەنین  قوت بدرێین ، ووتیان دەبێت بگەڕێنەوە  سەر سنور، کاک حاکم عومەر  کە بەرپرسمان بوو  ژیرانە  ووتی: باشە ئێوە دورکەونەوە ئێمە دەگەڕێنەوە ، ڕازی بوون  بەداواکەمان ،  ئێمە بەڕێچکەیەک کە  ماوەی هەر  کەسێکمان  زیاتر لە ٢٠مەتر بوو گەڕاینەوە  ، چاوەڕوانی ئەوەمان دەکرد هێرشبکەنەسەرمان ، ئەو جێگەیە  زۆر گونجاو بوو بۆ شەڕ کردن ، تفاقی شەڕو فیشيکمان زۆر پێبوو، بەڵام دەرچونمان  محاڵ بوو ، بۆیە ژمارەی جەندرمەو سوپاکە بێشوماربوو  ،
 ئێستاشی لەگەڵ بێت ، نەمان زانی  چۆن  شەڕیان لەگەڵ نەکردین ؟  
 هەرچۆنێک بوو بەو گەرما پڕوکێنە  هاتینەوە  ئەو جێگەیەی پێی دەڵێن سنور و نیشتمانی ئێمەی تێدا قاشکراوە ، نیگەبانمان  دانا  بۆ هەر ئەگەرێک  ، بەڵام  لەهیچ جێگەیەکەوە  سوپا و جەندرمەکان  دیار نەبوون .
 
چاوەڕوانی تا کاتی ڕۆیشتنمان بە قوڵایی باکوری نیشتماندا
وەک جاشەکە "قروجی"ێکە ووتی : پلانمان دانا  و ڕێبەرێکمان گرت  کە دوور لەهۆردووی داگیرکەران  ڕێپیشاندەرمان بێت ، ئێوارە  کەوتینەڕێگە ، ڕێبەرەکەمان ووتی : دوا  کەستان ناوی چیە ؟   منیش پرسیم  کەوەڵامەکەی هاتەوە ئاسۆبوو. کە پێمان دەوت حاجی ئاسۆ  ، هاوڕیەکی دەم بەخەندە و مەردبوو ، منیش ووتم ئاسۆ ی ناوە  ، ڕێبەرەکەمان ووتی ئاسۆ چی یە ؟ ناوێکی کوردی  بڵێن، حەمەد، مەعمود   ،،،، پێکەنین  ووتمان: حاجی ،  ڕێبەرەکەمان ووتی :ئەوە باشە  .
 بەناو  هۆردووی  دوژمنێکی تردا  پەڕینەوە  دوای پێنج دەمژمێر ڕێکردن بەبێ دەنگی  وەک ئەوەی لەگەڵ جەنازەدا ڕێبکەین ئاوابوو چاوەڕوانی  کەمینی سوپای تورک بووین و خۆشمان  بۆ هەر ئەگەرێک  ئامادەکردبوو ، دواجار گەیشتین  بەگوندێکی سەر سنور  کە ناوی شاجە بوو  ڕێبەرەکەمان گەڕایەوە  ئێمەش شارەزابووین  بۆ سەر کانی ئاوەکە چوین خەڵکی گوند لەخەوی قوڵدا بوون  ، لەبن دارگوێزە باڵابەرزەکاندا هەریەکەمان لەجێگەیەک  ئارامان گرت  ، باری هێسترەکان داگیراو  نیگابانی شەومان دانا ، بەنیگای ئەو ئاسمانە  پڕ ئەستێرەیە  کورتی شەوەکەمان بەڕێکرد ، هەرنەمان زانی چۆن  ڕۆژ بۆوە ؟  چیایەکی بەرز   لەبەر دەماندایە   دوای بەرچایەک کەخۆمان هەموو شتێکمان  پێبوو  کەو تینە ڕێگە   بەرەو مەڵبەندی بادینان ، هێشتا  دوو تاسێ ڕۆژ ڕێکردنمان  لەپێش بوو بەگەیشتن بەمەنزل .

 تێبینی:
1) هیچ مەبەستێکی دیاری کراوم نییە لەپشتی گێڕانەوەی ئەم چیرۆکە کورتانە، تەنها ئەوەندە هەیە دەمەوێت بڵێم ، ئەمڕۆ کەسانی نامۆ و ترسنۆک و فایل ئەستور دەیانەوێت مێژووی ئەو هەموو ڕووداوە داگیربکەن و بۆخۆیانی بەرن، بیکەنە مێژووی کەسایەتیان کە نیانە. زۆریان نە لەدوور نە لەنزیک ئاگایان لەم هەموو ڕووداوانە نەبووە و ئێستا هاتونەتە سەر حازری و فشە  بە شتێکەوە دەکەن، کە هی ئەوان نییە . ئەم چیرۆکانە بەردەوام دەبێت
2) بەڕێزێک لە فەیسبوک بە ناوی Golden Heart داوا دەکات کە چیرۆک  بگێڕمەوە ، زۆر بەداوای لێبوردنەوە ،من لەژیانمدا زۆر چیرۆکم لەو چیایەدا بیستوە
 بەڵام گەر خۆم  لەنزیکەوە  ئاگام لێنەبووبێت ، یان کار ئەکتەری ناو ڕووداوەکە نەبووبم ئەو مافە بەخۆم نادەم کە باسی کەم ، بەسوپاسەوە .
 ئەو ئازیزانەی تر کە کۆمێنتیان نوسیوە  سوپاس گوزارم  تێبینی و پێشنیارەکانیان  ئاسودەم دەکەن  و بەهەندوەریان دەگرم و هانی بەردەوام بوونم دەدەن . 

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە