خۆپیشاندانەکانی بەسرە فرەوان و توند و تیژتر بووە

Friday, 07/09/2018, 11:16

6078 بینراوە


لە میدیا جیهانییەکاندا هاتووە:

خۆپیشاندانەکانی بەسرە بەرەو توند و تیژی هەنگاو دەنێت. خۆپیشاندەران چەند باڵەخانەیەکی دەزگای حکومەتیان کۆنترۆڵ کردوە وەکو بەلەدیە و بنکەی پارتە سەڕەکییەکانی عیراق و هەندێکیشان سوتاندوە. دەسەڵاتدارانی حکومەت ڕۆژی پێنجشەمە بڕیاریاندا کە هات و چۆ قەدەغە بکرێت لە شارکە، بەڵام چەند چرکەیەک پێش جێ بە جێ کردنی، لە بڕیارەکە پاشگەزبوونەوە، هەرچەندە ئەگەر بڕیارەکە بخرابوایە بواری جێ بەجێ کردنیش سەرکەوتوو نەدەبوو، بەهۆی ئەوەی دەسەڵاتدارانی حکومەت ناتوانن ڕێگری لە حەشامەتی خۆپیشاندەران بکەن. دواتر دووبارە حکومەت بڕیاری قەدەغەکردنی هات و چۆی دا، بەڵام دیسانەوە سەرکەوتوو نەبوو لە ڕێگریگرتن لە خۆپیشاندەران و کەسێکیش کوژرا. لەم هەفتەیەدا دە جار خۆپیشاندان لەو شارەدا ئەنجامدراوە.
شایەنی باسە، لە مانگی شەشی ئەم ساڵدا بەهۆی نەبوونی خزمەتگوزارییەکان، نەبوونی ئاوی خاوێن بۆ خواردنەوە، نەبوونی کارەبا و بەرزبوونەوەی ڕێژەی بێکاری،  خۆپیشاندان لە شاری بەسرە دەستی پێکرد و تا ئێستا بەردەوامە. بەسرە لە سەدا هەشتای بەرهەمی نەوتی عیراق پێکدەهێنێت، بەڵام ڕێژەیەکی ئێجگار کەمی دەرامەتی بەروبومی نەوت بۆ ئەو شارە خەرجکراوە. خۆپیشاندەران لە شەوی چوارشەمەوە ڕێگەی ئومقەسریان داخست، کە ئەمە کاردانەوەی دەبێت لەسەر بەرهەمی نەوتی ئەو شارە بۆ جیهان کە لە ٤% ی ڕێژەی نەوتی جیهانە. حکومەتی عیراق لە دوای هەڵبژاردنەکانی مانگی پێنچ، پەکیکەوتووە و توانای کۆنتڕۆڵکردنی بار و دۆخەکەی نییە بە تایبەتی لە بەسرە کە سێیەم شاری گەورەی عیراقە. 


نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە