بزمار و مەهزەلە

Friday, 14/09/2018, 23:56

3773 بینراوە


بۆ هەمو ئەو بەڕێزانەی خۆیان کاندید کردوە بە سەرۆکی لیستەکانیشەوە .
سەیرە ئێوە خۆتان پاڵاوتوە ئاستی بڕوا بەخۆ بونتان بگاتە ئاستێک گەلێک بە گێل بزانن ، یا وا بزانن میمۆری مێشکیان سەرتاپا سڕدراوەتەوە هیچ یادەوەریەکیان لەگەڵ ئەم حیزب و دەسەڵاتەدا نییە! بازۆر لە لاپەڕەکانی مێژوو هەڵنەدەینەوە ، یان کای کۆن بە با نەکەین هەڵبژاردن بەڕێوەیە کەسمان کاتمان لێزیاد نییە ، هەروا دوو خولی پێشوی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان بهێنینەوە یادتان و خۆشمان !
چیتان بەڵێن دا ؟ چەندتان گەیاندە مەنزڵ ؟ بەنیاز بون لە تاڵانی نەوتدا بماکەن بە هاو پشک مەگەر ئەمە بەڵێنی سەرانی پارتی نەبوو ؟ خۆ تۆمارە ڤیدیۆیەکان بە فۆتۆ شۆپ دەرهێنانی بۆ نەکراوە! ئاخریەکەی بە پاشەکەوتی موچە شکایەوە! ئەوەتا ئێستاش ئەڵێن (بە یاسا ڕێگە لە توندو تیژی ئەگرین)
دوای ئەم دروشمە پێمان ناڵێن ئەو لیژنانەی پێکتان هێنا بۆ تیرۆری ڕۆژنامەنوسان بە کوێ گەشت؟ یا لە دروشمەکەتانا ئەفەرمون (بۆ نەهێشتنی قۆرغکاری لە بواری بازرگانیدا) ، ئەی چی لە کۆمپانیای کار ئەکەن؟ یا ئەفەرمون (بۆ شەفافیەتی زیاتر لە داهاتی نەوتدا) ،ئەی بۆ چلو هەشت ملیارەکەی سەرۆک بارزانی خوا بیبارێزی چ قوڕێ بە سەرداکەین ؟ یا لە تایتڵی ژێر نوسی تیڤیە ڕەنگ زەردەکەدا ، ئەنوسن ( بۆ ئارامیو سەقامگیری و ئاسایشی کوردستان دەنگ بدە بە پارتی ) ڕەنگە ئەم قسەیەتان لە هەمو قسەیەک پڕ ماناو بە توێکڵ تر بێت ، ئەمە ئەوە ئەگەیەنێت ئەگەر لە هەلبژاردندا ئێمەی پارتی دەرنەچێن ئەوا یاریەکە تێک ئەدەین، ئامادەین ئەگەر سەرۆک سەدام حسینیش نەقڵی ئەو دنیا بو بێت، ئەوا دوژمنی کوردی زۆر و زەوەند هەیە بیهێنینە سەر پەرلەمان و شکۆی گەلێک و پەرلەمانەکەی وەک بەڕەی شڕ لەبەر پێیاندا ڕاخەین، یا ئەڵێن( پارتیمان حەرەمی زانکۆ ئەپارێزێ) کەواتە لەبەر ڕێزو حەرەممی زانکۆ بو سەردەشت عوسمانتان لەبەر دەرکی زانکۆدا فڕاندو ، ئەوەتان کرد کە کردتان ، یا زۆر بێباکانە ئەڵێن (بۆ یەکخستنەوەی هێزی پێشمەرگەی کوردستان دامەزراندنی هێزێکی یەک گرتوی نیشتمانی پڕ چەک کراو و مەشق پێکراو )!
 ئەگەر یادەوەریەکانمان وەک حیزبەکانی کوردستان خیانەتمان لێنەکات وابزانم بیستوحەوت ساڵ لەمەوپێش ئەم درۆیەمان بیستوە ، هەرچەندە لێرەدا پرسیارێک دێتە گۆڕێ ، ئەویش ئەرێ بڵێی (ی.ن.ک) لەسەرەوە دوژمنی دێرین و باوەکوشتەتانو لەژێریشەوە شەریکە تاڵانیتان ڕازیبێت؟
ئەگەر تا ئەمڕۆش توانیبێتتان خەڵک بگێلێنن ، ڕەنگە ڕۆژگارێک بێت ، خەڵک هۆشی بێتەوە بەر خۆیو خیانەتو تاڵانی گشت حیزبەکانی کوردستان ببینێ ، ئێوەی بەڕێز لەهەمو نەقابەو ڕێک خراوێک بە جوت هەتانە جا تکایە پێش یەک خستنەوەی هێزە چەکدارەکانتان ، یەکێتی ژنانو یەکێتی ئافرەتان بەیەکەوە دادرونەوە ، یەکێتی قوتابیانو یەکێتی خوێندکاران یەک بخەنەوە ، ئەوسا خوا کەریمە بۆ پێشمەرگە ، دروشمێکی سەیری تر ( بۆ یەکسانی لە دەسکەوتنی هەلی کاردا ) ، هەرچەندە ئەگەر سوێند بخۆن بە گۆڕی باوکی ڕۆحی و کاکی چوانەمەرک ، کە وەرەقەی تەزکیەی حیزبی و لق و ناوچە پێویست ناکات بۆ دەست کەوتنی کار یا دامەزراندن ، ئەوسا جێی باوەڕ نیەو گومان زیاتر ئەکات جارجارێکیش ئەم دروشمە بەر چاو ئەکەوێت (بۆ چاوپیاخشاندنەوە بە سیستمی تەندروستیدا و بیمەی تەندروستی ) ، ئەم ماستەیان نەک موو گوریسێکی تێدایە ، ئەگەر ئەم ڕستەیە لێک بدەینەوە زۆر بە باشی دەرئەکەوێت کۆمپانیاکانی دەرمانی کوڕەکەی کاک هین کۆمپانیای کار بەهیچ شێوەیەک ناکەونە مەترسیەوەو سەلامەت دەرئەچن ، هەروەها دەمێکە بە نیازن یەک دو کۆمپانیای وەهمی دامەزرێنن بەناوی بیمەی تەندروستیەوە بۆ سودی خۆتان دوسێیەک لە دەستو پێوەندەکان ، بارێکی گرانی تر بۆ سەرشانی چینە داماوەکەی کۆمەڵگا ، ئەمە لە جێیەک لە دیوێکی ترەوە ئەگەر خوا یار بێت چاوتان پیاخشانەوە ئیتر سەرۆک بارزانی بۆ دان یەشەیەک ئەو زەحمەتەی ناکەوێتە بەر تەشریف بەرێت بۆ ڤیەنای بوکی ئەوروپا ، جاخوێنەری بەڕێز با برینی ڕیفراندۆم نەکولێنینەوە ، دەنگدەری ئازیز باوەڕ بکەن من هەر ئەوەندە تاقەتم هەیە لەگەل ئەم بابەتەدا ڕیبکەم ئیتر خۆتان لەمن زیاتر و باشتر ئاگاتان لەم بازاڕو دوکانەیە ، من تەنها ئەوەندەم ماوە بیڵێم دوا تێبینیم بدەم لەسەر دروشمە سەرکیەی قوتابیخانەکەی پارتی ، ( بۆ کوردستانێکی بەهێز) دەنگ بدەن بە پارتی ، لێرەدا ئەپرسین ؟ ئەگەر لە سەر خێر ئێوە گۆڵتان کرد ،سەربازگەکانی تورکیا ئەکەنە دەرەوە ، یا دوای هەر بۆمبارانێک سەرۆکی حکومەت ئۆغر ئەکات بۆ ئەنکەرە بۆ دەست خۆشی ؟یا کاتێک لە ڕۆژهەڵاتەوە بە موشەکی فەجرو فاتیح موشەک باران ئەکرێین ، ئەوا سیستمی موشەکی پاتریۆتمان بۆ ئەکڕن و دا ئەمەزرێن تا بە ئاسمانەوە موشەکەکان بتەقێننەوە ، یا ناوی ئەنێی کاسە دراوسێتی ، ئیتر دەنگدەری بەڕێز خۆتان دروشمەکان ئەبێنن کارێکی قورس نیە تەنها بەراوردێکی ئاسانە، خۆتان بیکەن ، لەنێوان ڕابوردو ئەمڕۆدا ، لەنێوان مێژوو دروشمی بریقەداردا لە نێوان ، قسەی زلو درۆو قۆڵبڕینو ڕاستیدا ، بەخواتان ئەسپێرم تا بەسەلامەت ئەم هەڵبژاردنە بەڕێ ئەکەن بەو هیوایەی ڕٶژێک بێت کوردیش وەک گەلانی خواپێداو هەڵبژاردنێکی دیموکراسیانە و بێ غەلو غەش ئەبێت بە نسیبی ئەم گەلە خێر نەدیوە چاوەڕوانی بزماری دوهەم بن لەگەڵ ڕێزی زۆرمدا.

 خاڵە بلە

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست


چەند بابەتێکی پێشتری نووسەر




کۆمێنت بنووسە