بایکۆت .. ئەخلاقى ئەوێت

Tuesday, 18/09/2018, 4:00

2999 بینراوە


 کوردایەتى .. چەندەها جیلى ئێمەى بەناخى زەویدا برد ، ماڵى وێرانکردین و ماڵمان بوو بە بوخچەیەک و بە پشتمانەوە بەست، لە خاکى خۆماندا ئاوارە بوین ، بوین بەگەدا و سوڵکەر و لەتە نانی بەرماوەیان بۆ هەڵئەداین ،
کوردایەتى .. ڕەشپۆشى و خەمۆکى بۆهێناین ڕۆڵەى لەبەر دایک ئەفران ، خێزانى بێ سەرپەرشت ئەهێشتەوە ، کچ وکوڕانى ئێمەى بێئومێد کرد و داهاتویەکى ڕەش و تاریک و سامناک دیارى دەستى بوو .
 کوردایەتى .. جاشایەتى و نۆکەرى و سەرشۆڕى و ملکەچى بوو بۆ ولاتانى دەورو بەر ، ئاشبەتاڵ و خیانەت بوو ، کوردایەتى ئەنفال و کیمیاباران و وێرانکردى شار و دێى بۆ هێناین ..
 کوردایەتى .. کۆمەڵێک چەتە و بەکرێگیراوى دەزگا مخابەراتیە ناو خۆ و ناوچەییەکانى کرد بە سەرۆک و سکرتێر و ڕابەر و .. ئەوانیش کۆمەڵێک ئەمیرى شەڕیان لەخۆیان کۆکردۆتەوە و پیشەیان بەکوشتدان و وێرانکردن بوو , ئەوانە نانى قوربانى بون و وێرانکردنى شار و دێهاتیان ئەخوارد ، هەتا بیانتوانیایە دێهات و شار و ڕیگە و پرد و قوتابخانە و دامەزراوە خەدەمى و گشتیەکانیان خاپور ئەکرد یان بە بەوێرانکردنیان ئەدا ، ئەوکاتانە لەو پەڕى نەشئەیاندابووە و گەشکەى خۆشی گرتوونى .
 هەر ڕۆژێکى ئەم کوردایەتیە نرخى لەدەستدانى گیانى دەیەها و بگرە سەدەها و ئیعدام و بێسەر و شوێنکردنى بەدواوە بوو ، سکرتێر و سەرۆک و ئەمیرەکانى شەڕ هەردەم لە ژیانێکى جیاوازتردا ژیاون و خواردن و خواردنەوە و جل و بەرگ و جگەرەشیان لە خەڵک جیاوازبووە ، مناڵانیان بەنازى ئەوروپا گەورە بوون . پاش سەرکێشیەکانى سەدام حسەین و شپرزەبوونى حکومەتى بەعس و ئەو ئاڵوگۆرانەى کە لەناوچەکەدا ڕویاندا ئەو هەلە بۆ ئەم کۆمەڵە چەتەى کوردایەتیە خوڵقا و دابەزینە شارەکان و هێشتا جێگەى پاشەڵیان گەرم نەبوبوەوە کەوتنە دزى و ڕاو ڕ وت و بەتاڵانبردن .
ئەمانە :
ئەخلاقیان دزى ،کەرامەتیان دزى , شەرەفیان دزى ، تەمەنیان دزى ، ناو باخەڵیان دزى ، سەر سفرەیان دزى ، بەهاى ئینسانیان دزى ، نیشتمانیان دزى ، نەوتیان دزى ، بازاڕیان دزى ، گومرگیان دزى ، خوێندن و پەروەردەیان دزى ، دەرمان و چارەسەریان دزى ، دادپەروەرییان دزى ، هیچ شوێنێک نەماوە جێپەنجە و لەپى ئەم دزانەی پێوە نەلکابێت .
ئەم دزانەى کوردایەتى ئەزانن کە ئەبێت چەند ساڵ جارێک وەک مارى ژەهراوى کاژێک فڕێبدەن ، بۆ ئەم مەبەستە ئەبێت پرۆسەیەکى گەوجاندن و گەمژاندن یان هەبێت ، بۆکپکردنى نارەزایەتى ناوخۆ و بۆ خوانواندنى لە ئاستى دەرەکى ، هەڵبژاردنى ئەمجارەىان بۆ پەڕلەمانى کوردستان لە ئەمە بەدەر نیە ، هەڵمەتى بانگەشە چەند ڕۆژێکى تێپەراند ئەوەى کە تێبینى ئەکرێت هەتا ئەم ساتە هیچ حەماسێکى جەماوەرى نیە و جگە لە زیقە زیقى گۆڕان , دروشم و بانگەشەکان بووە بەنوکتەیەکى بێتام .
بایکۆت ئەخلاقى ئەوێت:
ئەوەى کلکى بەکلکى جوت بنەماڵەوە گرێدابێت کوا ئەتوانێ بایکۆت بکات!
ئەوەى مانگانە ژێر بەژێر سەفتە دۆلاریان لێوەربگرێت کوا غیرەتى بایکۆتى هەیە!
ئەوەى لەگەڵ شایى و شینى دزا بێت چۆن بایکۆت ئەکات!
ئەوەى لەسەر کەڵە تاڵانچیی و خائینێکی وەکو تاڵەبانى قورئان بۆ گیانى پۆخڵى بخوێنێت کوا غیرەتى بایکۆتى هەیە!
ئەوەى سەردانى گۆڕى درۆینەى مەلا مستەفاى کردبێت چۆن بایکۆت ئەکات!
ئەوەى لەسەرى رەش پشویەکى لەلاى مەسعودى خائینپیشە دابێت کەى شەهامەتى بایکۆتى هەیە!
ئەوەى نیوەى حیزبەکەى جامانەى سورى لە ژێر ڕیشیدا شاردبێتەوە کەى غیرەتى بایکۆتى هەیە!
ئەوەى پەڕلەمانى لەسەر کڵۆمدرابێت و بەنوکە شەق کرابێتە گۆڵەکەى دێگەڵەوە و بەهەڵەدوان و ملشۆڕى گەڕابێتەوە کەى جەربەزەیی بایکۆتى هەیە!
ئەوەى بۆ یاساى تیرۆر و سڕکردنى سەرۆکایەتى هەرێم دڵى زەردى نەڕەنجاندبێت کەى ئەوەندە بەجەرگە بایکۆت بکات!
ئەوەى بۆ جاش ڕیفراندۆمەکەى میت و مەسعود پەنجەى بەڵێی بەرزکردبێتەوە کەى ئەقڵى بایکۆت لە کەللەیدا ماوە . 
 بایکۆت .. گەورەترین ناڕەزایەتیە بەرامبەر دەسەڵاتێک بێجگە لە دزیى و خیانەت و خاکفرۆشى و قەیران و تێکشکانى تاکى کورد هیچ بەرهەمێکى نەبووە ، بایکۆت زەبرێکى جەرگبرە بۆ ئەو حیزبانەى کە هاوبەشن لەم گەمە قێزەونەى جوت حیزبى جوت بنەماڵە بە پاساوى فریودەر و بریقەدار .. بەرەو بایکۆتى گشتگیر و هەمەلایەنە .

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە