بۆ!؟

Tuesday, 18/09/2018, 4:26

2807 بینراوە


ئێوە دەزانن لە ماوەى ئەم بیستو حەوت ساڵەى فەرمان ڕەوایتاندا چیتانکرد بەو میللەتە.؟ ئێوە دەزانن ئەم میللەتە چەند پڕ و پەست و بێزارە لە ئێوە.! ئێوە دەزانن دەنگى ئێوە لە هەڵبژاردنەکان دەنگى حەقیقى خۆتان نیە، ئەى بۆ ئەو هەموو دەنگە دێنن بۆ؟  بۆ ئێوە چارەسەر ڕیشەیی هیچ کێشە و قەیرانێکتان پێناکرێت بۆ؟ بۆ ڕۆژ بەڕۆژ بارى سەرشانى ئەم میللەتە قورستر دەکەن بۆ؟ بۆ ئێوەى دوو پارتى فەرمانڕەوا نەک لەگەڵ یەکتر جۆرنین، تەنانەت لە ناوخۆى خۆشتاندا پەرتەوازەن بۆ؟ ئایا دەوڵەتدارى ئاوا دەکرێت.؟ بۆ تۆزێک چاو بە جیاوازى  گوزەرانى خۆتان و خەڵکیدا ناخشێنن بۆ؟ بۆ پاراستنى سنورەکانى هەرێم و پرۆسەى خوێندن و دامەزراندنى دەرچوانى زانکۆ و کەرتى تەندروستی و هەلى کار و ڕەوشى بازاڕو کەرتى کشتوکاڵ و گیرفانى فەرمانبەران و کارو چالاکی و خزمەتگوزاریەکانى حکومەت و ئابورى کۆمپانیاکان  زۆر جوانن.؟ ناکۆکى ناڕەواى ئێوە هۆکارى لەدەستدانى نیوەى خاکى هەرێم نەبو!؟ ئەى دەستە ڕەشە تیرۆرستە ناوخۆییەکان کێن و ئێستە لە کوێن؟ ئەى ئەو گەشبینییەى ئێوە لە کوێوە سەرچاوەى گرتووە.؟ ئێوە بۆ لە هەڵبژاردن و دەنگدان ناترسن.؟ ئێوە هیچ کە دەنگەکانتان مسۆگەرە بە ساختە.! بەڵام هەرخۆتان نەتانووت یەک کورسیش بێنین تەسلیم نابین.؟! ئێوە شتێک باوەڕتان پێى نەبێت دەنگدان و هەڵبژاردنە، بەڵام دەیکەن بە خاڵى سەرکەوتن و ئەرێنى بۆخۆتان! ئێوە دەزانن چۆن خاڵى شکست بگۆڕن بەسەرکەوتن.! ئاخر ئەمە چ وڵاتێکە بەشدرى هەڵبژاردن بکەیت و بەشدارى نەکەیت دەنگەکەت هەر دەدزرێت.! ئێوە بۆ سەرکەوتن لە هەڵبژاردنەکاندا تەنانەت پەنا بۆ شەیتانیش دەبەن بۆ پاراستى کورسیە ساختەکانتان، ئاخر کام ڕێگاى ساختەى کۆن و مۆدێرن هەیە ئێوە پەناتان بۆ نەبردبێت.؟تەنانەت مردووەکانیشمان هەراسان بون کە دەبێت هەر چوارساڵ چەندجارێک بەناو زیندویان کەینەوە بۆ پاراستنى کورسیە نایاساییەکانتان.!
ئێستەزانیتان ئێوە بۆ لە هەڵبژاردن ناترسن.؟ دەزانن بۆ لە جێى ئەوەى بترسن کە کورسیەکانتان کەم بکات مژدەى زیادبونى دەدەن.؟! بەڵام خۆ دەزانن بۆ خەڵکى دەنگ بە ئێوە نادات.! تەنها ئەوەتان پێدەڵێم دڵ بەدەنگى ساختە خۆش مەکەن، دەنگى ساختە سەرى خاوەنەکەى دەخوات، وەک پێشتر سەرى دەیان سەرى لە ئێوە گەورەترى خواردووە.


نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە