بۆ قوباد"دەباشان و سەریڕەش، دورگەیەکی پارێزراون لە نێو دەریای نا ئارامییدا"!

Tuesday, 18/09/2018, 14:03

5982 بینراوە


قوباد تاڵەبانی، گەورە بووی نێو کلتووری ڕۆژئاوایی و پەروەردەبووی قوتابخانەکانی لەندەن، فیتەرێکی ژێر دەسەڵات و سیستەمیی دیموکراتیی. چاوتروکاندن و گەورەبوون لەم جۆرە ژینگەیەدا، قوباد تاڵەبانی چاوەڕوانی ئەوەی لێدەکرا هەڵوێست بنوێنێت و ڕازی نەبێت بە میراتی سیاسی و تەنیا بۆ ساتێکێیش بێت، هەروەستەیەک بکات و بپرسێت، کە ئایا لە یاسا و عورفی مرۆڤایەتییدا هەبووە کە کەسێک ببێت بە جێگری سەڕۆکی حکومەت بەبێ ئەوەی  دڵۆپێک ئارەقی ڕشتبێت؟ ئایا ڕەوایە دایک و کوڕێک و خزمەکانیان بە بەرهەمی نەوتی  میللەتێکی چەوساوەی ژێر دەستی وڵات داگیرکراودا ببن بە ملیاردێر؟

هەر تاکێک بەوشێوەیەی قوباد تاڵەبانی وا بە ئاسانی  ببێت بە جێگری سەڕۆک وەزیرانی میللەتێک، ئوتۆماتیکی ئەو میللەتەی لا سووک دەبێت، وەک گەمژە و کۆیلە تێدەڕوانێت و هەڵسەنگاندنی بۆ نەتەوەیەک لە چاوی ئەو کەسانەدا دەبێت کە بۆ بەرژەوەندیی و پۆست و پارە بە چەپڵەڕێزانە دەورەیان داوە.

قوباد تاڵەبانی، سەڕۆکی لیستی ١٠٥ی هەڵبژاردنەکانی پەرلەمانی هەرێم بۆ هەڵخەڵەتاندن و کۆکردنەوەی دەنگ بۆ هەڵبژاردنێکی بێ ئامانج و پەرلەمانێکی نەزۆکی پەککەوتە دروشمی ئارمی، هەلی کاری هەڵگرتووە.

دروشمی هەلی کار:

ئەوا بۆ ساڵانێک دەچێت، قوباد جێگری سەڕۆک وەزیرانە، بە درێژایی تەمەنی دەسەڵاتی، ئەو بەرهەمی بۆ میللەت تەنیا نەهامەتی و برسیەتی بووە. نەخۆشخانەکانی هەرێم "یەک ڕێگەی نەگەڕانەوە" بوون، هەر نەخۆشێک پێی لە نەخۆشخانەکانی هەرێم بنێت، ئیدی گەڕانەوەی نییە، وەک قەسری نیهایەی سەدام حوسێنە، ئەمەش هۆکاری ئەوە بووە کە دایک و باوکی ئەو بۆ چارەسەری نەخۆشی بە بەردەوامیی ڕوویان لە ئەڵمانیا کردوە.

قوتابخانەکانی هەرێم، ئەوەندە لە ئاستێکی خراپدان کە ئەم زاتە خۆی ڕازی نییە منداڵەکانی بۆ ئەو جۆرە قوتابخانانە بنێرێت و تا هەنوکە منداڵەکانی لە قوتابخانە گرانبەهاکاندا دەخوێنن. بێ گومان ئەگەر قوباد تاڵەبانی لە بریتانیا بوایە، بە موچەی فیتەری بە خەونی شەویش نەیدەدیت، منداڵەکانی لە قوتابخانەی سەر بە کەرتی تایبەت بخوێنن. لە ئەنجامدا با جارێ لەو بەڕێزە بپرسین کە ئایا ئەو خۆی کاری هەبووە و هەیە؟ ئەگەر کاری هەبووبێت ئەی بۆ ڕۆژێک کارێکی بۆ ئەو بار و دۆخەی خەڵک نەکردوە، یان کاری ئەو تەنیا چوون بۆ جیمەکەی  نێچیرەوان بارزانی بووە لە بناری سەریڕەش بۆ خۆ لاواز کردن و مەسینە هەڵگرتن!

قوباد تاڵەبانی، باسی بەرهەمهێنان دەکات لە بواری سینەما و هونەر! سەیر لەوەدایە لە مێژووی تەمەنی حوکومەتەکەی ئەوەدا،  بە دەگمەن لە کوردستاندا هونەرمەندێکت بەرچاو دەکەوێت کە بە هەژاری و نەداری کۆچی دوای نەکردبێت!

 دروشمی ئارامی و پڕۆژەی خزمەت،Services

قوباد تاڵەبانی، ئاستی میللەتەکەی خۆی بەکەم دەبینێت و هەڵدەستێت پڕۆژەیەکی دزراوی وڵاتانی دیکە بە ناوی پڕۆژەی" خزمەت" بە پڕۆژەی خۆی بە خەڵک دەناسێنێت. سەیر لەوەدایە ئەو پێی وایە لە نێو میللەتی کورددا، کەس نییە دەرکیی پێ بکات و بزانێت کە ئەم پڕۆژەیە ناونیشانەکەی و بیرۆکەکەشی هی ئەو نییە!؟

حکومەتەکانی وڵاتانی دیکەی پێشکەوتوو، دەمێکە هەمان پڕۆژە لە ژێر هەمان ناونیشاندا "خزمەت" بە خەڵکیان ناساندوە، ماوەیەکی  درێژە خراوەتە بواری کارپێکردن، پەیڕەو دەکرێت لە نێو  میللەتەکەیان کە گاز، کارەبا و ئاویان بیستوچوار کاتژمێریە، نەک لە وڵاتێکدا، کە کارەبا بۆ چەند سەعاتێک هەیە، شارەکان نقومی  زبڵ و پیسی بوون و دۆکەڵی گازی موەلیدە، ڕۆحی مڕۆڤ دەردەکات، وەک ئەو شارانەی باشووری کوردستان کە لەژێر دەسەڵاتی حکومەتەکەی ئەو دان!

پێش بانگەشەی هەڵبژاردن بۆ پەرلەمانی کوردستان و بوونی قوباد تاڵەبانی بە سەڕۆکی لیست، لە ڕۆژی سێشەممە ٢٨/٨/٢٠١٨ دا لەشاری ھەولێر لە کۆنفرانسی ناساندنی پڕۆژەکەی "خزمەت"، قوباد تاڵەبانی گوتی "کوردستان، ئەمڕۆ جەزیرەیەکی پارێزراوە لە نێو دەریایەکی نا ئارام و نا سەقامگیردا"! پرسیار لێرەدا ئەوەیە ئەی ئەگەر کوردستان ئەوەندە ئارامە ئەو بۆ ئێستا بۆ بانگەشەی هەڵبژاردن ئەو دروشمەی بەرزکردۆتەوە؟  ئەی ئەگەر کوردستان ئاوا ئارام بوو، ئەو هەموو ژن و منداڵ و کچانی کورد بۆ بە دەستی داعش خرانە بازارەوە؟ ئەی ئەگەر ئەو ئارامییە هەبوو بۆ لە ساڵی ڕابردوودا حەشدی شەعبی، کەرکوکیان ئەتک کرد؟

لە کۆتاییدا، دەبێت بڵێن کاکە قوباد هەڵەت کردوە، ئەوا کوردستان نییە کە ""ئەمڕۆ جەزیرەیەکی پارێزراوە لە نێو دەریایەکی نا ئارام و نا سەقامگیردا"، ئەوا ئەو بەرزاییانەن "دەباشان و سەریڕەشن کە  دورگەیەکی چراغان و پارێزراو و ئارامن لە نێو دەریایەکی نا ئارام و کوردستانێکی تاریکدا".  باشووری کوردستان لە ژێر سایەی دەسەڵاتی دایکت و جەنابتاندا تەنیا "دورگەیەکە کە لە نێو دەریای زەلکاودا نقوم بووە"!


نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە