ئەوان دەژین ... ئێمە مردووین

Wednesday, 19/09/2018, 20:40

7337 بینراوە


فیلمی: ئەوان دەژین (they live). 
ساڵ: 1988
دەرهێنەر: جۆن کارپێنتەر
ئەکتەرەکان: ڕۆدی پایپەر، کێس دەیڤد، مێگ فۆستەر. 
بودجە: 3 ملیۆن دۆلار
بۆکس ئۆفیس: 13 ملیۆن دۆلار
چەشن: ترسناک،  خەیاڵی زانستی
----------------------
ساڵانێک بەر لە ئێستا –نزیک بە دەساڵێک- وەک خۆێنەر و بینەری گەلێک لە ڕۆمان و فیلمە مەزنەکان بیرۆکەی ئەوەم لا گەڵاڵە بوو بە پێی توانا و بواری خۆم خوێندنەوەیان بۆ بکەم. سێمبول و ڕەهەندە شاراوەکانی ناویان بخەمەڕوو. گەلێک دەیری دەبم بەو واقیعەی کوردستان -خەڵکانێک دەکەونە ستایشکردنی نووسەرێک، ڕۆمانێک یان فیلمێک بێ ئەوەی پێمان بڵێن گرنگییەکەی لە چیدایە؟ فڵان نووسەر یان سینەماکار شانی وایە و باڵی وایە، بۆ؟ وەڵام نییە. فڵان ڕۆمان یان فیسار فیلم بەهێزە و دەبێت بخوێنرێتەوە یان ببینرێت؟ ئاخر بۆ؟ نازانین! گرنگە و تەواو. دەڵێن دەروێشێک ددانی دەئێشێت سەردانی لای پزیشک دەکات، پزیشکەکە پێی دەڵێت کام ددانەتە؟ ئەویش دەڵێت وەڵاهی نازانم، بەڵام مامە شێخ ئەفەرموێت ئەو کاکیلەیەتە. تاکی کوردیش ئەمڕۆ لە سایەی کۆمەڵێک (ڕۆشنبیر) و کۆڵکەخوێندەواری کورددا دەرگیری هەمان حاڵەتە. شێخەکەی [ڕەنگە سیاسییەک، نووسەرێک، هونەرمەندێک یان ڕۆشنبیرێک بێت] هەرچی بفەرموێت، ئەو تەنیا ئەشەدومابیلای لەسەرە. نووسەرێک پێی وایە حیزبی کوردی لە ماوەی حوکمڕانی خۆیدا لاقەی سیاسەت و دەسەڵاتی کردووە، من ئەو بۆچوونەی ئەو درێژ دەکەمەوە بەسەر گەلێک بواری دیکەدا. پێم وایە لە سایەی حیزبی کوردییەوە نەک هەر سیاسەت و دەسەڵات، بەڵکو لە ڕێی ئەو دوو کایەیەوە: فەرهەنگ، ئەدەب، هونەر، زمان، ئابووری، وەرزش، تەنانەت کایەی ئاینی و ڕۆحانیەتیش خراپ دەستی بۆ براوە. فەرهەنگی کۆمەڵگا و لایەنی دەروونی تاکی کورد بە بەرنامە شێوێنراوە. ئا بەو جۆرە بوارێک نەماوە بە لاڕێدا نەبرابێت.
بەهەرحاڵ، ئەو مەسەلەیە قسەی زۆر هەڵدەگرێت ... دەمەوێت ئەم وتارە ببێتە دەسپێکی زنجیرە باسێک لە بارەی هەندێک لە فیلمە ناوازە و مەزنەکانەوە. فیلمەکان سەرباری لایەنی ئیستاتیکی و چێژبەخشین، زانیاری و نهێنیگەلی زۆرمان پێ دەڵێن. بە شێوەیەک فیلم هەیە لە سەرەتای سەدەی بیستەم چێ کراوە ئێمە ئەمڕۆ هەندێک لە نهێنییەکانی ناویمان بۆ ڕوون دەبێتەوە یان دەتوانین بە جۆرێکی دیکە سیمبولەکانی ناوی یەکاڵا بکەینەوە و کۆدەکانی بشکێنین. ڕەنگە لە ئێستادا کەس ئامادە نەبێت تەماشای یارییەکی تۆپی پێی ساڵانی پەنجاکان بکات، بەڵام زۆرن ئەوانەی تامەزرۆی بینینی فیلمەکانی: گۆرانیچڕین لەژێر باران، حەوت سامۆرای، یاخیبوونی بێپاساو، پەنجەرەی پشتەوە و فیلمگەلی دیکەی ئەو سەردەمەن. پاش زیاتر لە سەدەیەک "لەدایکبوونی نەتەوەیەک"ی گریفیس هێشتایش کاریگەری هەر ماوە. ڕەنگە ئێستایش چاپلن پڕبینەرترین بێت ...
لەنێو ئەو فیلمانەی خوێندنەوەم بۆ کردوون، فیلمی "ئەوان دەژین"ی کارپێنتەر خۆشدەستتر بوو. خوا یار بێت لە زنجیرەکانی دواتردا دەکەومە گیانی کارەکانی کوبریک و یەکاڵایان دەکەمەوە کە هەنوکە بۆ چەند مانگێک دەچێت بە هەمان تاقەت و پشوودرێژی خۆیەوە کاریان لەسەر دەکەم. 
 
ناونیشانی فیلمەکە ئەوان دەژین-زەی لیڤ (they live) یان ئەوان بە زیندوویی-زەی لایڤ (they live): ئەوان بوونەوەری نامۆن [ئاسمانینaliens ] و لەناو ئێمەدا دەژین. لە ڕێگەی چاویلکەکەوە دەتوانین ڕووی ڕاستەقینەیان ببینین. یاخود ئەوان دەستەبژێری کۆمەڵگان (elite) و [سەر بە گروپی illuminati]ن، لە ڕێگەی چاویلکەکەوە دەتوانین دەمامکەکانیان لا ببەین و ڕاستەوخۆ ڕووی ڕاستەقینەیان ببینین. هەرچەندە ڕەنگە دەرهێنەر و هەندێک لە ئەکتەرەکانیش ئەم شێوە خوێندنەوەیان پێ پەسەند نەبێت. فیلمەکە لەسەر بنەمای کورتە چیرۆکێکی ڕەی نێڵسنە لە ساڵی 1963 لە ژێر ناوی "کاژێر هەشتی سەرلەبەیانی."  

 جۆن نادا کەسێکی کۆڵبەکۆڵە لە لۆس ئەنجلس وەک کرێکاری بیناسازی کارێک دەدۆزێتەوە و لەوەیشەوە ئاشنا دەبێت بە کرێکارێکی دیکە بە ناوی فرانک ئارمیتاج. ئەویش دەیبات بەرەو لای شوێنی مانەوەی کەسانێکی بێلانەوحاڵ کە لەوێدا پەناگەیەکیان بۆ خۆیان دروست کردووە. ناوبەناو کەسێک لە ڕێگەی کەناڵێکی تەلەفزیۆنییەوە خەڵکە لانەوازەکە لە بوونی پلانگێڕییەک ئاگادار دەکاتەوە، بەڵام سیگناڵی کەناڵەکە بە گوێرەی پێویست نییە و زوو زوو قسەکانی بچڕانی تێ دەکەوێت. هەر بۆیە خەڵکەکە بە تەواوەتی تێناگەن لە مەبەستەکەی. دواتر شوێنی مانەوە و کڵێسەکەیان دەکەوێتە بەر پەلامار و کەسانێکیشیان لێ دەستگیر دەکرێت. کاتێک نادا دەچێتە کڵێسەکەوە خەیاڵی بۆ شتی شاراوە دەچێت کە لەو دەوروبەرەدا دەگوزەرێت. پاش گەڕان و پشکنین کۆمەڵێک چاویلکە دەدۆزێتەوە کە زۆر بە گرنگییەوە شارراونەتەوە. ئەو چاویلکەیەیش ڕاستییە شارراوەکانی پێ دەڵێن: ڕێکلام و ڕاگەیاندنەکان وەک داردەستێکی نوخبەی دەستڕۆیشتوو لەژێرەوە شتێکی دیکە دەخەنە نێو نەستمانەوە، لە سەرەوە تابلۆی کۆمپانیاکانن، لەژێرەوە پێمان دەڵێن: گوێڕایەڵ بە، بە کار بهێنە، بخەوە، بێدەنگ بە، سەیری تەلەفزیۆن بکە .... ئیدی کاری ئێمە پرسیارە جدییەکان نییە، بۆمان نییە بپرسین کێن ئەو لێبووکانەی بە ڕێوەمان دەبەن؟ لە چ هەسارەیەکەوە هاتوون؟ بەو شێوەیە کۆمەڵگا لە دۆخێکی دەستەجەمعیدا بێهۆش کراوە. 
کاتێک نادا لە ڕێی چاویلکەکەیەوە تەماشا دەکات نەک هەر ڕێکلام و تابلۆکان، بەڵکو بەشێک لە خەڵکیش بە شێوەیەکی دیکە دەردەکەون. بۆی دەردەکەوێت نوخبەی حوکمڕان و بەڕێوەبردن کەسانێکی نامۆن و ڕووخساری نامۆیان هەیە، لە مرۆڤی ئاسایی ناچن. بڕێک لە پۆلیس و ڕاگەیاندنکارانیش بەو جۆرەن، ئەگەرچی کەسانی ئاساییشیان تێدایە کە بێئاگایانە کار بۆ ئەوان دەکەن. 

نادا زۆر لە هاوڕێکەی واتە فرانک دەکات تا چاویلکەکە لە چاو بکات و ڕاستییەکان بە چاوی خۆی ببینێت، بەڵام ئەو هەر ڕەتی دەکاتەوە. بە داخەوە ئەوە واقیعێکی تاڵی کۆمەڵگایە کە زۆرینەی خەڵک نایانەوێت ڕاستییەکان ببینن. تا ئەوەی ڕووبەڕووبوونەوەیەکی توند لەنێوانیاندا ڕوو دەدات کە بە گرتەیەکی ناوازەی سینەما هەژمار دەکرێت و سەرەنجام فرانک لە ڕێی چاویلکەکەوە ڕاستییەکان دەبینێت. دواتر پێکەوە ئەو گروپە دەدۆزنەوە کە بە نهێنی چالاکی دژی نامۆکان ئەنجام دەدەن. ئەو نامۆیانە زەوی [یان کۆمەڵگای ئەمڕۆی مرۆڤایەتییان] کۆنترۆڵ کردووە، وەک چۆن لە ڕابردوودا هەسارەی دی [یان کۆمەڵگای دیکە لە کات و شوێنی دیکەیان] کۆنترۆڵ کردووە. سوود لە خێروبێری وەردەگرن و خاپووری دەکەن و ڕوودەکەنە کۆمەڵگایەکی دیکە. ئەوەیش هەر لەو سیستەمە دەچێت کە لەمڕۆدا مرۆڤایەتی بە ڕێوە دەبات ... دواتر دەردەکەوێت ئەگەر سیگناڵی پەخشی ئەو بوونەوەرە نامۆیانە تێک بشکێنرێت ئەوا ڕووی ڕاستەقینەی ئەوان دەردەکەوێت و مرۆڤایەتی بە چاوی سەر ئەوان دەبینێت. ئەوەیش بە مەرگی نادا دێتە دی. لێرەدا دەرهێنەر پێمان ناڵێت ئایا تەنیا بینینی ڕاستییەکان هەموو کێشەکان چارەسەر دەکات؟ بۆ نمونە ئێمە ئەمڕۆ بە ئاشکرا ڕووی ڕاستەقینەی دز و گەندەڵ و پیاوخراپەکانی نێو کۆمەڵگاکەی خۆمان دەبینین. بەڵکو هەندیک جار خۆیان دەمامک لەسەر خۆیان لا دەبەن. بگرە هەندێکیان شانازی بە دزێوی خۆیانەوە دەکەن! خراپتر لەوە کەسانێک لە ئێمە [مرۆڤی ئاسایی] هێشتایش بە شان و باڵیاندا هەڵدەدەن و بە چاوی ڕێز و گەورەییەوە تەماشایان دەکەن و لە هەڵبژاردنیشدا دەنگیان پێ دەدەنەوە!
 
لە دەسپێکی فیلمەکەدا کەسێک وتار بۆ خەڵکە بێدەرەتانەکە دەدات و پێیان دەڵێت ئەوان ڕۆح و مێشکی ڕێبەرانی ئێمەیان بردووە. ئەوان کەسانی دەوڵەمەند و دەسەڵاتخوازیان دەوێت. کاتێک نادا چاویلکەکە دەدۆزێتەوە شتەکان جیاوازتر دەبینێت بۆ نمونە دەبینێت لەسەر دۆلار (پارچەی سەد دۆلاری) لەبری دەستەواژەی "ئێمە متمانەمان بە خودایە" نووسراوە "ئەمە خودای تۆیە!" فیلمەکە دەیەوێت پێمان بڵێت شتەکان بەو جۆرە نین کە ئێمە بە چاوی خۆمان دەیانبینین. ئێمە وەک کوێر واین، ئەگەر چاویلکەیەکی لەو شێوەیە هەبێت ڕووی ڕاستەقینەی شتەکانمان پیشان دەدات. بە گوزارشتێکی دیکە ئەوان دەژین و ئێمە نووستوین، بەڵکو ئێمە مردوین. ئێمە ئاگامان لەوە نییە ڕۆژانە لە دەوروبەرمان چی دەگوزەرێت، ئاگامان لێ نییە دەسەڵات و سەرمایەدارەکان چ پلانگێڕییەکیان داڕشتووە لەسەر جادەکان، لە پڕۆگرامەکانی خوێندن، لە فیلم و کارتۆنەکان، لە ڕۆژنامە، تەلەفزیۆن و بڵاوکراوەکان ... تەنانە لە جلوبەرگ و شێوەی ڕێڕۆیشتن و تەواوی ستایلی ژیانماندا. ئێمە بووینەتە ڕۆبۆت و ئەوان یاریمان پێ دەکەن. ئێمە بوکەڵەین و ئەوان بوکەڵەگێڕ. سیناریۆکان دادەڕێژن و گەمەمان پێ دەکەن. لە کوێ بیانەوێت شەڕمان بۆ دەنێنەوە. لە کوێ بیانەوێت ئاشتی بەرقەرار دەکەن. چی بیانەوێت دەیکەن لە ڕێگەی ئەو خودایەی متمانەیان پێیەتی کە پارچە کاغەزێکی مەیلەوسەوزە و لەجێی کتێبی پیرۆزیانە. لە ڕێگەی ئەو کاغەزە بێفەڕەوە دەستیان گرتووە بەسەر هەموو کانزا و بەرهەم و سەرچاوەیەکی سروشتی جیهان. جیاوازییەکە ئەوەیە کە ئەوان خۆیان خوداکەیان دروست کردووە و جیهانیشان ناچار کردووە لەبەردەمیدا چۆک دابدەن. ڤۆڵتێر دەڵێت "کاتێک مەسەلە دێتە سەر پارە، هەموان یەک خودایان هەیە." ئەم قسەیە بۆ هەموو کات و شوێن و سەردەم کۆمەڵگایەک ڕاست نییە، بەڵکو ئەوە سەرمایەدارییە وای کردووە تەنیا "متمانەمان بە دۆلار بێت." نووسراوی سەر شەقامەکان پێمان دەڵێن گوێڕایەڵ بین، ملکەچ بین. ئەوەیش شتێکە ئەگەرچی ئێمە بە چاوی سەر نایبینین، بەڵکو پێویستمان بە چاویلکەیە [چاویلکە مێتافۆرە بە واتای قاڵبوونەوە و وردبوونەوە لە شتەکان] بەڵام ئەو دروشمانە ڕۆژانە کار لە نەستمان دەکات و پێیان ڕاهاتووین. بەو جۆرەیش لەنێویاندا تواوینەتەوە. دیوی شاراوەی دروشمەکان پێمان دەڵێن کاری ئێوە تەنیا زاوزێکردنە، واقیعیش پێمان دەڵێت ئێوە شایستەی ئەو ژیانە کولەمەرگییەن. شتێک نییە بە ناوی سەربەخۆیی و ئازادیی بیروڕاوە، پێمان دەڵێن ئێوە تەنیا بەکارهێنەرن، لە ڕاستیدا بۆ خۆیشتان هاوشێوەی کەرەستەکان ماددەگەلێکی بەکارهێنراون. بەو جۆرە کار بکە، بخەوە، بکڕە، سەیری تی ڤی بکە، ملکەچ ببە ... دواجار بمرە. کاری تۆ بیرکردنەوە نییە، قسەکردن نییە لەسەر دەسەڵات، ئەوەیش لە گۆڤار و کتێبەکاندا ڕەنگ دەداتەوە. ئەوانەی کۆمەڵگا دەبەن بە ڕێوە دەبێت دەمامک بکەن تا شێوەی ڕاستەقینەی دزێویان لە خەڵکی تر بشارنەوە و بتوانن تێکەڵاویان ببن و خەڵکیش بێئاگایانە مامەڵەیان لەگەڵدا بکەن. ئەوەی تێبینی دەکرێت تەنیا نوخبەی فەرمانڕەوا و هەندێک لە داردەستەکانیان ئەم ڕووە قێزەونەیان هەیە، واتە تەنیا ئەوانە بەو جۆرەن کە بەکرێگیراو و پارێزەری سیستەمن. ئەوانە وەک تۆوێکی پیس لەنێو خەڵکیدا چێنراون و لە خەڵک جیا ناکرێنەوە. بەو جۆرە پاک و پیس ئاوێتە بووە مەگەر چاویلکەیەکی ئەفسووناوی لەو چەشنە بۆمان جیا بکاتەوە. بەڵام چ گرنگییەکیشی تێدایە ئەگەر جیایان بکەینەوە لە کاتێکدا نیوەی کۆمەڵگا لەو جۆرە کەسانە بێت. لە خۆپیشاندانەکانی لای خۆمان نمونەی ئەم جۆرانە دەبینین کە هەندێک جار وەک بەڵتەجی و سیخوڕ تێکەڵ بە ئاپۆڕای خەڵک دەکرێن، لە ڕوواڵەتیشدا وا پیشان دەدەن کە بەشێکن لە دەنگی ناڕەزایەتی خەڵک. 
  
لە بەشێکی فیلمەکەدا هاتووە "ئەوان لەناو ئێمەدان و دەژین، بە زمانی خۆیان فریومان دەدەن. ژەهری مار لەسەر لێوەکانیانە. ڕۆح و دڵ و ئاوەزی ڕێبەرەکانمانیان بردووە، دەسەڵاتدار و پارەدارەکانیان کردووەتە بەکرێگیراوی خۆیان. ئێمەیشیان کوێر کردووە تا ڕاستییەکان نەبینین. ئەو ڕۆحە مرۆییەیان تێک داوین، بۆچی بووینەتە بەندەی چڵێسی؟ چونکە ئەوان لە دەرەوەی سنووری بینینی ئێمەوە مژۆڵی خواردنی ئێمەن. لە لەدایکبوونەوە تا مردن خاوەنی ئێمەن. ئێمە هی ئەوانین، کۆنترۆڵمان دەکەن، سەرگەوەرییمان دەکەن. بە ئاگا بێنەوە، ئەوان لە هەموو شوێنێکن، نزیکن لێتانەوە ..." هەر بە ڕاستی لە بارێکی لەو شێوەیەدا دەتوانین خۆمان لەوان ببوێرین؟ مەگەر ئەوەی لە دەسیان هەڵبێین یان خۆمان بکەین بە پەناگە و ژێرزەمینەکاندا ... ئەوان هەموو شتێکیان کۆنترۆڵ کردووە. لە ڕێگەی پارەوە دەستیان بە سەر هەموو کایەکانی تردا گرتووە. چی ماوە نەبێت بە هی ئەوان. دەستیان خستووەتە ناو ورگمان و تەنانەت دەستیان گرتووە بەسەر غەریزەکانیشماندا. ئەوان بوونەتە خواوەند و دروستکەری ئێمە، ئێمە تەنیا ڕۆبۆتین. تا توانامان هەبێت بە کارمان دەهێنن کە تینیشمان تێدا نەما لەسەر شەقامەکان فڕێمان دەدەن یان بە ڕێگایەک خۆیان لە دەستمان قوتار دەکەن. ئێمە لە زبڵدا دەژین و خودی زبڵین. ئەوان لە ڕێی تەلەفزیۆن و ماسمیدیاوە خەواندنی دەستەجەمەعی بەسەر کۆمەڵگادا دەهێنن. بەو جۆرەیش کوێریان کردووین یان مێشکیان شۆردوینەتەوە. 
لە دیمەنی سەرەتاوە  پێمان دەڵێت ماڵی هەژارەکان کۆڵێکە بە کۆڵیانەوە، قەرەجئاسا لێرەوە بە دوای ژیاندا دەڕۆن بەرەو شوێنێکی دیکە. ئەوان نەک نیشتیمان، بەڵکو بستە زەوییەکیان نییە ڕۆژی تێدا بکەنەوە. ئەوەیش دەری دەخات فیلمەکە بەڕووداچوونەوەیەکی توندی سەرمایەداری و فەرهەنگە پڕ لە چاوچنۆکییە دەمامکدارەکەیەتی. 
هەمیشە لە تەماشاکردنی ئەم جۆرە فیلمانەدا گەلێک ورد دەبمەوە، چەند جارێک بەدیقەتەوە تەماشایان دەکەمەوە. بەدەم تەماشاکردنی چەندجارەوە لەسەریان دەخوێنمەوە. دەزانم هیچ شتێکی نێو ئەم جۆرە فیلمە مەزنانە زیادە و لە خۆڕا نین. بۆیە هەموو شتێکی نێو فیلمەکە بە شۆستە و شەقام و باکگراوند و نووسین و جلوبەرگ و سادەترین جوڵە و ئاماژە و ناوی کاراکتەرەکانیشەوە شوێنی خۆیان گرتووە. پاڵەوانی سەرەکی فیلمەکە ناوی نادا (Nada)یە کاتێک بە دوای ناوەکەیدا گەڕام بە زمانی ئینگلیزی هیچ مانایەکم دەست نەکەوت، بەڵام بە زمانی ئیسپانی بە واتای هیچ یان هیچ شتێک دێت [لە دۆکیومێنتارییەکدا بە هەمان دەرەنجام گەیشتم کە لە سەرچاوەکاندا ئاماژەم بۆ کردووە]. ئەو حسابی هیچی بۆ کراوە! کەسێکی کۆڵبەکۆڵی سەرگەردانە هەر ئێرە و ئەوێیەتی. هەر شەوە و لە شوێنێک ڕۆژی لێ دەبێتەوە.  فرانک ئاڕمیتەیج (Frank Armitage) هاوڕێی جۆن نادا. ناوی یەکەمی واتا ڕاشکا و و ڕوون. ئەوەی سەرنجڕاکێشە ئەوەیە بەو بارودۆخە دژوارەیشەوە ئەو کەسە هێشتا باوەڕی بە نیشتیمانە. لە کورتە چیرۆکەکەدا نادا لەو خەواندنە موگناتیسییە خەبەری دەبێتەوە و نامۆکان دەبینێت، بەڵام لە فیلمەکەدا لە ڕێی چاویلکەیەکەوە ئەوە ڕوو دەدات. 
دەسەڵاتدارانی ئەمەریکا بەردەوام باسی داگیرکردنی فەزایان کردووە، بەڵام لەم فیلمەدا وێنەیەکی پێچەوانەی ئەوە دەبینین: بوونەوەری فەزایی هاتوونەتە نێومانەوە. تەلەفزیۆنەکان لەسەر زەوی بە یارمەتی مانگە دەستکردەکان لە ئاسمان بوونەتە ئیلهامبەخش و ئاڕاستەکەری دید و ڕەفتارەکانی ئێمە. ئەوانەیش ئامڕازی دەستی کۆمەڵێک بوونەوەری نامۆن.
ئەو گروپە سەرهەڵداوەی نێو کڵێسە و پەناگەکان هەر چۆن بووە خۆیان دەخزێننە نێو تەلەفزیۆنەوە و بە هەرحاڵێک بووە پەیامی خۆیان بە خەڵکە ستەمدیدەکە دەگەیەنن. "ئێمە لە وشیارییەکی دەستکردا دەژین کە نزیکە لە نووستنەوە ... هەژار و چینی خوارەوە لە زیادبووندان، شتێک نییە بە ناوی دادپەروەریی ڕەگەزی و مافی مرۆڤەوە. ئەوان کۆمەڵگایەکی پڕ لە سەرکوتکارییان دروست کردووە، ئێمەیش لەو پڕۆسەیەدا هاوبەشیانین و بێئاگاین ... خەواندیانین و تۆوی بێدەربەستییان تێدا چاندین، بەرامبەر بە خۆمان و ئەوانی دیکەیش ...ئێمە لە دیدی ئەوانەوە ئاژەڵین، بۆ ئەوە دروست بووین کۆیلە بین." ئەوەیش ڕاستیگەلێکە خەڵکە سادەکە نایەنەوێت گوێیان لێ بێـت. ئەوان بە جۆرێک مێشکیان شۆرراوەتەوە بە بیستنی ڕاستی سەریان دەئێشێت. 
چاویلکەکە وا دەکات تۆ شتەکان بە ڕەشوسپی ببینیت. ڕاستییش بەو شێوەیە دەردەکەوێت (جیاکردنەوەی ڕەش و سپی)، بەڵام بوونەوەرە نامۆکان شتەکانیان ڕەنگڕێژ کردووە و ئاوێتەی یەکدی بوون. 
لە جیهانی ئەمڕۆدا هەمووان کەوتووینەتە بەر شاڵاوی لۆگۆ و دروشمەکان. بە پێی مەزەندەیەک تێکڕای ئەمەریکییەکان لانیکەم ڕۆژانە دەکەونە بەر شاتاڵی 600 پەیامی بازرگانییەوە. هەندێک دەناسرێنەوە و زۆرێکیشیان وەک ڤایرۆس لە نەستندا چەسپ دەبن بێ ئەوەی تێیان بگەن. ئا بەو جۆرە وەک نەخۆشییەک کار لە ئاوەزی تاکەکان دەکات.
 
ڕۆڵی هۆڵی سۆمپسن تەنیا بۆ ئەوەیە تا نادا و فرانک ڕاستییەکان نەدۆزنەوە. ئەویش خۆی بە بەشێک لە خەڵکە ئاساییەکە و دڵسۆزی ئەوان پیشان دەدات، بەڵام لەژێرەوە داردەستی نامۆکانە. هەندێک جار "میرابۆ"کان دژ بە دەسەڵات هەڵوێست وەردەگرن، بە هەموو شێوەیەک لە بەرژەوەندی خەڵک قسە دەکەن و خۆیان وا پیشان دەدەن دڵسۆزی ئەوانن. بەڵام دواجار کارەکانیان دەچێتەوە خزمەتی دەسەڵات. ئەوەیش تەکنیکێکە بۆ کۆکردنەوە و دامرکاندنەوەی دەنگی ناڕازی، بۆ خەواندنەوەی سەرلەنوێی کۆمەڵگا. 
لە چاوپێکەوتنێکدا ئەکتەری سەرەکی فیلمەکە ڕۆدی پایپەر دەڵێت: ئەمە فیلم نییە، بەڵکو وەک دۆکیومێنتارییەک وایە، وەک ئەوەی چیرۆکێکمان بۆ بگێڕێتەوە کە لە واقیعدا بوونی هەبێت. ئەوەیش دەربڕی ئەوەیە کە فیلمەکە بوونەوەری ئاسمانی کردووەتە بیانوو بۆ ئاماژەکردن بە نوخبەی حوکمڕانی ئەمڕۆی جیهان.
هەندێک ئەم فیلمە گرێ دەدەنەوە بەو گروپانەی بە شێوەیەکی نهێنی حوکمڕانی جیهان دەکەن و مرۆڤایەتییش لێیان بێئاگایە لە وێنەی ئیلومیناتی، ماسۆنی یان بنەماڵەی ڕۆچێڵد. هەندێکیش دەیبەستنەوە بە پارتی کۆمارییەکانەوە پێیان وایە باسی ئیدارەکەی ڕیگان دەکات. هەندێکی تر پێیان وایە باسی هەوڵی یەهود [زایۆنیزم] دەکات بۆ دەستگرتن بەسەر جیهاندا. منیش پێم وایە باسی ئەو بنەماڵە دەستڕۆیشتوانەی هەرێمەکەی من دەکات کە ڕۆژانە پلانمان لە دژ دەگێڕن و ئاگامان لێیان نییە ... دەکرێت تۆیش خوێندنەوەیەکی ترت بۆی هەبێت. خوێندنەوەکان هەر چی بن، فیلمەکە لە ڕوواڵەتدا باسی بوونەوەرگەلی نامۆ دەکات کە ئێمە بە ڕێوە دەبەن و دەستیان بەسەر ژیانی ئێمەدا گرتووە جا گرنگ نییە لە هەر کوێوە هاتبن –زەمینی بن یان ئاسمانی. کەسانێکیش لە ئێمە بێئاگایانە کار بۆ بەرژەوەندییەکانی ئەوان دەکەن وەک: پۆلیس، ڕاگەیەندنکار، بازرگان و هی تریش. کەسانێکیشمان هەر چەندە هەموو ڕاستییەکان دەزانن، بەڵام دەستیان لەگەڵ ئەواندا تێکەڵاو کردووە و خزمەت بە بەرژەوەندییەکانی ئەوان دەکەن. تا دواجار ئەو پەردەیە لەنێوانماندا هەڵدەگیرێت و بە چاوی سەر ڕاستەوخۆ ڕووی ڕاستەقینەی ئەوان دەبینین. 

سەرچاوە:
1- فیلمی they live. 
3- The untold truth of They Live by Mike Floorwalker  
4- Why John Carpenter’s They Live feels more relevant than ever by Bryan Hempel 

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە