نامەیەکی کراوە بۆ مسعود بارزانی سەرۆکی پارتی و نێچیرڤان بارزانی سه‌رۆکی ئه‌نجومه‌نی وه‌زیران

Wednesday, 19/09/2018, 21:37

4624 بینراوە


خێزانێکی دانیشتوی ئوسترالیا، بە هاندانی باوکی ژنەکە، کە بەرپرسێکی باڵای پارتیە بە ناوی ئازاد میران (ئەندامی فەرماندەیی هێزی پێشمەرگە، پەرلەمانتاری پێشووتری پارتی و ڕاویژکاری سەرۆکی پێشووی هەرێم) ٣ ساڵ پێش ئێستا گەڕوانەتەوە کوردستان. پاش گەڕانەوەیان ئەم بەرپرسەی پارتی بەردەوام دەست دەخاتە کاروبار و ژیانی تایبەتیانەوە تا کێشە دەکەوێتە نێوان هەردوو هاوسەرەکە. دوای نزیک بە دووساڵ لە کێشەی  خێزانی سەرئەنجام لە بەرواری ٢٥/١٢/٢٠١٧ لە دادگا لەیەک جیادەبنەوە. هەردوو منداڵی ئەم خێزانە، کچێکی ١٢ ساڵە و کوڕێکی ٨ ساڵە، کە تەنها خاوەنی ڕەگەزنامەی ئوسترالین، کێشەی تەندروستیان هەیه‌  و پێویستیان بە چارەسەری بەردەوام هەیه‌ . بەڵام نە پسپۆڕی نەخۆشیەکەیان لەکوردستان دەست دەکەوێت و نە دەرمانی. بۆیە تا دواجار کە لە بەرواری ١٨/٠٣/٢٠١٨ باوکی منداڵەکان چاوی بە جگەرگۆشەکانی کەوتوە، هەمیشە لە ئوسترالیاوە دەرمانی چارەسەری بۆ هێناون.
بەپێی بڕیارێکی دادگا باوکەکە مافی ئەوەی هەیە کە  دووهەفتەی جارێک چاوی بە منداڵەکان بکەوێت. بۆ ئەم مەبەستەش چەندین جار لە ئوسترالیاوە هەزاران کیلۆمەتری بڕیوە و گەڕاوەتەوە هەولێر. بەڵام ئەو بەرپرسەی حزبەکەتان کە دەستی بەسەر پاسۆرتی منداڵەکانیشدا گرتووه‌، هەرکات ئارەزووی کردبێت ڕێگای دیداری منداڵەکانی لێ گرتوە و ئەویش بە هەناسە ساردی گەڕاوەتەوە. چەند جارێکیش باوکی منداڵەکان ناچار بوە مل بدات بە قەیدوبەندە ستەمکارانەکانی ئەو بەرپرسە لە پێناو ئەوەی چاوی بە منداڵەکانی بکەوێت. شایانی باسە باوکی منداڵەکان هەموو بەرپرسیارێتی خۆی وەکو باوکێک جێبەجێ کردوە و تەنانەت نەفەقەی منداڵەکان بە بڕێکی زیاتر لەوەی دادگا دیاریکردوە مانگانە بەشێوەیەکی ڕێکوپێک گەیاندوەتە دەستی دایکی منداڵەکان.
دوای ئەو ڕێگریانە باوکی منداڵەکان بەناچاری پەنا دەباتەوەبەر دادگا و رۆژی ٢٣/٠٤/٢٠١٧ دادگای هەولێر ناچار دەبێت لەبەرامبەر ڕێگریەکانی ئەو بەرپرسەی پارتیدا دەستەیەک پۆلیس ڕاسپێرێ بۆ ئەوەی دیداری منداڵەکان وباوکیان سازبکەن. بەڵام ئەو بەرپرسە دەستەیەک لە پێشمەرگەکانی هێزی تایبەتی خۆی بە فەرماندەیی "عەقید ئازا اسعد میران" ڕادەسپێرێ بۆ ڕوبەڕبونەوەی پۆلیسەکانی یاسا، سەرئەنجام پۆلیسەکان لەبەرامبەر ملهوڕی بەرپرسەکەی پارتی هیچیان پێناکرێت و دەکشێنەوە بەبێ ئەوەی دیداری منداڵەکان و باوکیان ڕێکبخەن، هەروەک نەشیانتوانی دایکی منداڵەکان لەسەر سەرپێچی لە یاسا ڕاپێچی دادگا بکەن کە لەم بارەوە بڕیاری دادگایان پێ بووه‌. باوکی منداڵەکانیش بە نائومیدی دەگەڕێتەوە بۆ ئوسترالیا. لەوەش زیاتر ئەم بەرپرسەتان هەڕەشە لە باوکی منداڵەکان دەکات کە دەبێ خۆی و کەسوکاری هەولیر بەجێبهێڵن. شایانی باسە کاتێک دادگا کە بڕیاری ڕاپێچکردنی دایکی منداڵەکانی بۆ بەردەم دادگا ده‌رکردوه‌، بەڵام به‌هۆی ئه‌م به‌رپرسه‌ی پارتیه‌وه‌  هیچ کاتێک پۆلیس نه‌یتوانیوه‌ ئه‌م بریاره‌ی دادگا جێبەجێ بکات .
ئەوەی تازەیە لەم کەیسەدا ئەوەیە کە لە مانگی حوزەیرانی ئەمساڵەوە هەردوو منداڵەکە بێسەر و شوێن کراون. تەنانەت ڕێگای پەیوەندی تەلەفونی و تۆڕە کۆمەڵایەتیەکانیش لە نێوان منداڵەکان و باوکیاندا داخراوە. بەپێی ئەو هەواڵانەی دەستی فیدراسیۆن کەوتون منداڵەکان لە کوردستان نەماون، بەبێ ئەوەی هیچ پرس وڕایەک بە باوکیان کرابێت و تەنانەت بەبێ ئەوەی ئاگادارکرابێت کە بۆچی و بۆ کوێ براون، لە کوردستان براونەتە دەرەوە. ئەمەش منداڵ ڕفاندنێکی زۆر ئاشکراو چاوقایمانە و تاوانێکی گەورەیە.
ئەوەی کە نیگەرانی ئێمەی بەوپەڕی خۆی گەیاندوە ئەوەیە کە، بەپێی نامەیەکی (سەنتەری بەرگری لە مافەکانی مندڵان) کە وێنەیەکی دەستی فیدراسیۆن کەوتوە، هەر لەسەرەتای ئەم کارشکێنی و گاڵتەجاڕیە بە یاسا و بڕیاری دادگا کە لەلایەن ئەو بەرپرسەی پارتی و بە پشت ئەستوری حزبەکەی ئەنجامدراوە، هەردوو ئێوەی بەڕێز لەلایەن سەنتەری بەرگری لە مافی مندڵانەوە بە نامەی فەرمی ئاگادارکراون و داوای ئەوەتان لێکراوە کە دەخاڵەت بکەن و سنورێک بۆ ستەمکاری و سەرەرۆیی ئەو بەرپرسەتان دابنێین و ناچاری بکەن پابەندی یاسا بێت. بەڵام زۆر بەداخەوە وادیارە ئێوەش ڕاگرتنی دڵی فەرماندە سەرەرۆکەی خۆتان لەلا گرنگتر بوە لە یاسا و مافی منداڵان و مافە سەرەتاییەکانی مرۆڤ و بێدەنگیتان هەڵبژاردوە. بۆیە ناوبراو ڕێگای بۆ تەختبوە تا زیاتر پێی لێ درێژبکات و بە پێشمەرگە و چەک و پلەوپایەی پارتیەوە بەردەوام بوە لە سەرەڕۆیی بەسەر هاوڵاتیەکی بێ پشت وپەناوە. شایانی باسە کاتێک ئەم کەیسە هاتە بەردەستی فیدراسۆن هەوڵماندا لە ڕێگای نوێنەری پارتی و حکومەتی هەرێم لە لەندەنەوە ئەم کێشەیە چارەسەر بکەین، بەڵام بەداخەوە ئەو هەوڵەشمان بێسەمەر مایەوە.
ئەم کەیسە نە یەکەمین ونە ئاخرین کەیسە کە لە بارەی ستەمکاری دەسەڵاتی کوردستانەوە دێتە بەردەستی ئیمە.‌ له ‌چه‌ند ساڵی ڕابردوودا كابینه‌ یه‌ك له‌دوایه‌كه‌كانی حكومه‌تی هه‌رێم  هاوكاری سیاسەتی ناردنه‌وه‌ی زۆرملێی هاوڵاتیانی په‌نابه‌ری كوردستانیان کردوە ‌و ژیانیان له‌ ژن و منداڵان شێواندوه‌. فرۆكه‌خانه‌كانی هه‌ولێر و سلێمانی هەمیشە له‌سه‌رپشت بون بۆ وه‌رگرتنه‌وه‌ی په‌نابه‌رانی دیپۆتكراو. بەم جۆرە هاوکاری سیاسه‌تی نامرۆڤانه‌ی دەوڵەتە ئەوروپاییەکان کراوە به‌رامبه‌ر به‌ هاوڵاتیانی بێدرەرتان و پەنابەری كوردستان. کاتێکیش بەزۆر ڕاپێچی کوردستان دەکرێنەوە دەکەونەبەر جۆرەها ستەمکاری کە ئەم کەیسە تەنها نمونەیەکە.
ئیمە لە فدراسیۆنی پەنابەرانەوە لە کاتێکدا نیگەرانی توندی خۆمان لە چارەنوسی ئەو دوو منداڵە دەردەبڕین و کارشکێنی و سەرەڕۆیی ئەو بەرپرسەی پارتی و مامەڵەی نابەرپرسانەی پارتی و سەرکردایەتیەکەی سەرکۆنە دەکەین، هاوکات داوا دەکەین پارتی دیموکراتی کوردستان ئەگەر تۆزقاڵێک پابەندی ئەو دیموکراسی و مافی مرۆڤ و یاسایایە کە ڕۆژانە پڕوپاگەندەی بۆ دەکات، دەستبەجێ هەنگاو هەڵگرێت بۆ ئاشکراکردنی چارەنوسی ئەو مندالانە و پێدانی زانیاری تەواو بە باوکی منداڵەکان لەسەر چارەنوس و جێگای ئێستایان و خوڵقاندنی دەرفەتی دەمودەست بۆ دیداریان. هاوکات داواکارین ئەو بەرپرسە بە تاوانی پێشێلکردنی یاسا و بڕیاری دادگا، بە تاوانی خراپ کەڵک وەرگرتن لە پلەوپایەی حزبی و هێزی پێشمەرگەی ژێردەسەڵاتی خۆی، هەروەها بە تاوانی پێشێلکردنی سەرەتاییترین مافی ئینسان (دیداری ڕۆڵە و باوک)، وە سەرئەنجام بە تاوانی بێسەروشوێن کردنی دوو منداڵی نا تەندروست، لێپێچینەوەی لەگەڵ بکرێت و سزای یاسایی خۆی وەرگرێت. پێچەوانەی ئەمە، هیچ مانایەکی نیە جگە لەوەی ئێوە ڕاوەستان لە پشتی ستەمکاری و یاساشکێنی هەڵدەبژێرن. وە ئێمە ناچار دەکات بانگەوازی سەرجەم رێکخراو و دامەزراو و لایەنەکانی بەرگری لە مافی منداڵان و مافەکانی مرۆڤ بکەین، کە لەم بارەیەوە هەڵوێست وەرگرن و سەرکردایەتی پارتی و حکومەتی هەرێم بخەنە ژێرگوشارەوە و ناچاری بکەن سنورێک بۆ سەرەڕۆیی و ستەمکاری ئەم بەرپرسەی پارتی دابنێت و دەمودەست جێگای منداڵەکان دیاری بکات و دیداری منداڵەکان و باوکیان دابین بکرێت. هیوادارین له‌م ڕاستایه‌دا هەنگاوی بە پەلە هەڵگرن

فیدراسیۆنی سەراسەری پەنابەرانی عێراقی
 ١٧/٩/٢٠١٨
Dashty Jamal
Secretary
International Federation of Iraqi Refugees-IFIR
Tel:07856032991 Fax:08712664391
http://www.federationifir.com
http://www.csdiraq.com

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە