وه‌ڵامێك بۆ به‌ره‌ی ده‌سه‌ڵات

Saturday, 22/09/2018, 17:48

2215 بینراوە


تەخوینکردنی بایکۆت!
"پەیامێکی تر بۆ دژەکانی بایکۆت"
سەدجارمان گوت: دەنگدان مافەی کەسییە و ئەرک نییە بەرامبەر حزب و گروپی سیاسیی! هەموو ئەوانەی دەڵێن بایکۆت زیانە... لە دیدگای حزبەکانی خۆیان و لێڕۆیشتنی دەنگێک لە حزبەکەیانەوە تەخوینی بایکۆتکردن دەکەن (وەک ئەوەی هەقیقەت و تەنها ڕێگا و بیری راست لای ئەوان بێت!!!).
بایکۆتیش بژاردەیە هەر وەک دەنگدانەکەی ئێوە. مافی ئەوەتان نییە خۆتان باڵاتر بینین و بڵێن ئێوە لەسەر هەقن و ئەوانی تر نا! بچیت و دەنگ بدەیت و وەک سووتەمەنی درێژە بە ئاژوتنی ئاخچەکەمەی تاڵان بدەیت و ڕەوایی بۆ بخولقێنێ، هاونشینی دزەکان لە هەمان پەرلەمان و حکومەتدا بکەیت، ئەمە رەوایە و خەباتە، بەڵام ڕەتکردنەوەی ئەمە (خیانەتە)!!! بایکۆت یانی پەنچەرکردنی ئەم سیستەمە. بەشداریکردنی هەڵبژاردنیش یانی پاڵپێوەنان و ڕزگارکردنی لە چەقین و لەکارکەوتن.
ئێوە چۆن مافتان بەخۆتان داوە بانگەشە بکەن و لە کۆمەڵگادا بەرنامە و دیدگای خۆتان بڵاوبکەنەوە... ئێمەش مافمان بەدەستە تا جیاواز لە ئێوە (بە ڕوانینی خۆمان) بڕیار بدەین. ئەوەی دەیهەوێ هەمووان بە ڕیتمی ئەو ببزوێن... فاشستە نەک ئازادیخواز.
کێ لە بایکۆت دەترسێ؟ دەبێ یەکێتی و پارتی لە بایکۆت بتۆقن، کەچی بە پێچەوانەوە پێڕی بەناو ناڕازی... شیوەنی بایکۆتیانە (چونکە پارتی و یەکێتی دەزانن هەڵبژاردن شانۆگەریییە بۆ پیشاندنی دیموکراسییبوون و ئاشتیخوازیی خۆیانە و دەسەڵاتە بەم کردە نەرم و نیانە لەدەست ئەم چەتە و دز و کۆمەڵگاکوژانە ناسەنرێتەوە).
ترسان لە بایکۆت... لە بەتاڵی گوتار و ئیفلاسیی سیاسییەوەیە، کە حزبەکان نەیاتوانییوە یەقین لای کۆمەڵگا دروست بکەن بەوەی ئەمانە ئامرازی بەرگریکردن لە خەڵک و گۆڕانکاریین. حزبێ بپاڕێتەوە بایکۆت نەکرێت... هەر شیاوی دەنگ پێدان نییە، حزبی خاوەن دیدگا دەبێت خەڵکی تێوە بئاڵێ... نەک لێی بتەکێتەوە.
پارتی و یەکێتی دەبووایە زیڕەیان لە ئۆپۆزیسیۆن بکردایە، بەڵام کە زانیان ئۆپۆزسیۆن مەیلی هاوبەشی هەیە... ئیتر کەوی کردنی ئەم هێزانە (گۆڕان و ئیسلامییەکان) زۆر ئاسانە، کە گوتاریان هەرەسەپێهێنانە و کردەوەشیان مامەڵە و دانوستان و گەمەکردنە لە هەمان یاریگادا. لەم یاریگایەدا دزەکان زۆرترن بۆیە گەمژە ئەوەیە بانگەشەی چاکسازیی ڕادەگەێنێت.
ئەمە چ قەشمەریاتێکە، پارتی و یەکێتی (مووچەیان بڕی، تاڵانیانکردن، خیانەتیان کرد، ژیانیان لە خەڵک کرد بە ژەقنەمووت) سەرەڕای ئەمە... بەناو ئۆپۆزیسیۆن تۆقی بێت لە کەمکردنی دەنگەکانیان!!!!! لە خۆتان ناپرسن ئەمە چ هاوکێشەیەکی ناقۆڵایە و ژیرێک نییە لەناو ئەو حزبانەدا لەمە بکۆڵێتەوە... تۆ گەر دز و خائین و تاوانبار نیت... بۆچی دەنگت کەمدەکا (تەزویریش هەر هەبووە)؟؟؟
پارتی و یەکێتی چیان ویست کردیان، چونکە ئێوە نەتانوێرا (نا)ی هەمیشەیی بەڕوویاندا بدەن... ئێوە دەتانەوێ پارتی و یەکێتی لە مەیدانەکەدا بمێنن و پێکەوە کار بکەن... ئاخر ئیمانتان بێت... کار لەگەڵ ئەوە دەکەن کە (لە تیڤییەکانەوە پێیان دەڵێن دز و نیشتمانفرۆش و ستەمکار)!!! ئەم سیاسەتە لە دووفاقیی و ئاراستەنەکردنی گوتار بە دروستی... چی لێ سەوز دەبێت.... تەنها (بێهیواکردنی خەڵک).
خەڵک چی لە ئێوە دی جگە لە هاوار و سۆزبزواندن و کۆبوونەوە و بەیاننامە!
خەڵک چی لە ئێوە دی جگە تێکەڵبوون بە بێئەخلاقییەکانی دەسەڵات لە تاڵانکاریی و چەوسانەوەی خەڵک و متەقکردن تەنانەت لە بەدکارییەکانی پارتی و یەکێتیش بەرامبەر خۆشتان... ئێ خەڵک دەپرسێ ئەمە خۆی پێ نەپارێزرێ... وای بە حاڵی ئێمە!
ئێوەش هەڵسووڕێنی مەکینەکەی تاڵان و چەوسانەوەی پارتی و یەکێتین، ئەگینا دەبووا پێش خەڵک (بتانگوتبایە بایکۆتی ئەم مەهزەلەیە و ئەم پڕۆسەیەی تاڵان دەکەین) و ئەو هێزەی لە پەرلەمانێکدا کەهەمیشە لەبەردەم شەقی کەوشەکانی بارزانیدایە، بەفیڕۆی دەدەن... دەکرا لە پەکخستنی دەسەڵاتەکەی ئەواندا بەکاربهێنراوە و بەرهەمی ببووایە!
ئێوە جەمسەری سالبی موگناتیسەکەن و لەگەڵ جەمسەرەکەی دەسەڵات بۆ پێکەوە لکان خوڵقاون... ئێوە ماڵتان لە پارتی و یەکێتی جیاناکەنەوە و بە عەقڵی دیوەخان و برایی و تەبایی (کاردەکەن) ئێ ئەمە کەی ئۆپۆزیسۆن بوونە... ئەمە فریودان و هاوبەشبوون و بەشدارییە لە ستەمکاریی و تاڵانەکەی پارتی و یەکێتییدا!
کەی ئێوە هێڵی بڤەتان هەبوو، کەی ئێوە لە پەتپەتێنی نێوان خەڵک و پارتی و یەکێتییدا نەمان، کەی ئێوە دانیشتنتان لەگەڵ دز و خائین و ستەمکاردا رەتکردەوە... ئەوا ئەوسا بوێری ئەوەتان هەبێ... تەخوینی بایکۆتی خەڵک بکەن.
باسمان لە جوانی و پاکی (تاکەکان نییە لە حزبێکدا) گوزارشت لە کۆی نیگا و سیاسەتکردنی حزبەکانە... لە کۆمەڵگایەکدا کە دەنگ و ویژدان کڕینی و فرۆشی پێوە دەکرێت... تەنها رادیکاڵبوون و تێکەڵ نەبوون بە سیستەمەکە دەتوانێ ببێتە بزوێنەری گۆڕانکاریی، ئەگینا هەڵبژاردن سەرەڕای زیاد و کەمی دەنگەکان، زەفەر بە سیستەمەکە خۆی نابا و دەکرێتە گەمە بۆ هەڵفریودانی کۆمەڵگا بە وەهمەکانی کاریگەریی و بەشداریی لە دەسەڵاتدا.
کەی بوونە ئۆپۆسیزیۆنی ڕاستەقینە و ئەم مەکینەی تاڵانە پەک بخەن، ئەوسا نەک دەنگی خەڵک... خوێنی خەڵکیش لە ئامادەیی بەرەنگارییدا دژ بە ستەمکاریی... بۆ ڕژان بۆ ئامانجێکی ڕاستەقینە و بەرهەمدار... بۆ پاڵپشتیتان بەدەستدەهێنن.

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست


چەند بابەتێکی پێشتری نووسەر




کۆمێنت بنووسە