بەرهەم بە دەنگی کوتلە عەرەبییەکان بوو بە سەڕۆک کۆمار!

Wednesday, 03/10/2018, 15:35

17052 بینراوە


سیاسەتی پشک پشکێنە و تەوافق لە عیراق دوای روخانی سەدام لە لایەن ئەمریکییەکان پشتیوانی لێکرا. لەو کاتەوە  پۆستە باڵاکانی نێو حکومەتی عیراق، لەسەر بناغەی پێکهاتەی نەتەوەیی و مەزهەبییەکان و بە گوێرەی ڕێژەی سامانی مرۆیی هەر پێکهاتەیەک دابەش دەکرا بە مەبەستی کۆکردنەوەیان لەژێر یەک چەتردا کە ئەویش چەتری عیراقی یەکگرتووە، لەو دیدەوە پۆستی سەڕۆک کۆمار بۆ نەتەوەی کورد دیاریکرا.
پارتە کوردییەکان بە تایبەتی ینک و پدک، پشکی کورد لە پۆستە باڵاکانی بەغدادیان بۆ خۆیان مسۆگەر دەکرد و لە هەمان کاتدا سازش کردن لە هەر پۆستێک لەلایەن هەر لایەنێک بووبێت ئەو بێ بەرابەر و مەرج نەبووە وەکو پۆستی سەڕۆکی هەرێم بەرامبەر بە پۆستی سەڕۆک کۆمار دەچووە تای تەرازوو بۆ ڕێککەوتنی نێوانیان، ئەوەبوو یەکێتی لە دوای ڕووخانی سەدام سازشی لەسەر پۆستی سەڕۆکی هەرێم کرد بەرامبەر بە وەرگرتنی پۆستی سەڕۆک کۆماری عیراق. 
تاڵەبانی تا لە ژیاندا مابوو، تەنیا هەڵبژێراوی یەکێتی بوو بۆ وەرگرتنی ئەو پۆستە و کەسی دیکە لە نێو یەکێتی زاتی ئەوەی نەدەکرد بڵێت من خۆم بە شایەنی وەرگرتنی ئەو پۆستە دەزانم. بەربژێری کورد بۆ ئەو پۆستە لەلایەن کوتلەی پارتە کوردییەکان ڕێککەوتنی لەسەر دەکرا و کورد بە یەک بەربژێر ڕووی لە هۆڵی پەرلەمانی عیراق دەکرد و ئینجا بە پەرلەمانی عیراق دەناسێندراو ئەوانیش دەنگیان بەو بەربژێرە بی ڕکابەرە دەدا بۆ وەرگرتنی پۆستی سەڕۆک کۆماری عیراق. 
ئەزمونی بوونی تاڵەبانی و مەعسوم وەک سەڕۆک کۆماری عیراق، بۆ کورد هیچ دەستکەوتێکی بە دەست نەهێنا جگە لە موچەیەکی زۆر و ئیمتیازات بۆ ئەو دوو کەسە کە بێگومان هەمان ئەزموون بۆ بەرهەم ساڵحیش دووبارە دەبێتەوە، وێرای ئەوەش پارتی دیموکراتی کوردستان، ئەوجارە وەرگرتنی ئەو پۆستەی  بە مافی خۆی دادەنا، بەهۆی ئەوەی براوەی یەکەم بووە لە هەڵبژاردنەکانی پەرلەمانی عیراق لە ١٢/٥/٢٠١٨دا بوو بە خاوەن سی کورسی پەرلەمانی عیراق و خۆی بە کوتلەی گەورە دەزانێت لە نێو پێکهاتەی پارتە کوردییەکان لە ئەنجومەنی نوێنەرانی عیراق، هەروها ئێستا پۆستی سەڕۆکی هەرێم نەماوە، کە بەرامبەر بە سەڕۆکی کۆماری عیراق بوو و پارتی سازشی کردبوو بۆ یەکێتی و چەند خولێکە یەکێتی ئەو پۆستەی بۆ مسۆگەر بووە، کە پارتی پێی وایە ئێستا نۆرەی ئەوان بوو وەریبگرن.
احمد ملا طلال مع برهم صالح
https://www.youtube.com/watch?v=QFhCWwAlfno

بارزانی ویستی بە تەوافق و ڕێککەوتن لەگەڵ سەڕۆکی کوتلە عەرەبییەکان، بەربژێرەکەی خۆی کە فوئاد حوسێن بوو سەربخات بۆ وەرگرتنی پۆستی سەڕۆک کۆماری عیراق، بەڵام بەرهەم ساڵح و لەتیف جەمال وەک بەربژێری یەکێتی کەوتنە هاڤرکێ بەرامبەر بە یەک و ئینجا بەرامبەر بە بەربژێرەکەی بارزانی. دوای دروستبوونی ئەم گرفتە پارتی، پێشنیاری ئەوەی کرد کە ئەم مەسەلەیە لە نیو کوتلەی پارتە کوردییەکانی پەرلەمانی عیراق چارەسەر بکرێت نەک لە نێو کوتلەی پارتە عەرەبەکانی نێو پەرلەمانی عیراق، ئینجا بێ ڕکابەر ئەو کەسە بە پەرلەمانی عیراق بناسێنن، بەڵام ئەم جارە بەربژێرەکە پارتی بێت کە فوئاد حوسێن بوو. لەلایەکی دیکەشەوە، هێرۆ، وەریسی سیاسی تاڵەبانی بە فەرمیی لە دوای تەواوبوونی هەڵبژاردنەکانی 
پەرلەمانی کوردستان لە ٣٠/٩/٢٠١٨دا بەیانێکی دەرکرد و پاڵپشتی لە پێشنیارەکانی بارزانی کرد دژ بە بەرهەم ساڵح. ئەم بابەتە بوو بە جێگە مشتومڕی میدیای عەرەبییەکان و لە چاوپێکەوتنێکدا کە لەم گرتە ڤیدیۆیەدا دەردەکەوێت ئەم پرسیارە ئاراستەی بەرهەم دەکرێت.
https://www.youtube.com/watch?v=v8MC5D3177M
فؤاد حسين ينسحب من سباق الرئاسة بالعراق
بەرهەم، گوێ بە هێرۆ و بارزانی و پێکهاتەی کوتلەی پارتە کوردییەکان نەدا و هەوڵەکانی خۆی لە نێو پێکهاتە عەرەبەکانی بەغداد چڕ کردەوەو لەگەڵ ئەوەی بەڵێنی ئەوەی دابوو کە بکشێتەوە لە ڕکابەری فوئاد حوسێن، بەڵام لە نێو هۆڵی پەرلەمان و پەرلەمانتارە عەرەبەکان  هەوڵەکانی خۆی چڕ کردەوە، بەم جۆرە خۆی ڕزگار کرد لەوەی کە دەنگدان لە نێو کوتلەی پارتە کوردییەکان بۆ ئەو مەسەلەیە ئەنجام بدرێت، کە ئەمەش هۆکاری ئەوە کوتلەی پارتی لە پەرلەمانی عیراق کشانەوەی فوئاد حوسێنیان ڕاگەیاند، لە ئەنجامدا بەرهەم تۆپەکەی هاویشتە گۆڕەپانی کوتلە عەرەبییەکانی نێو پەرلەمانی عیراق و بە دەنگی عەرەبەکان بەرهەم ساڵح بوو بە سەڕۆک کۆماری عیراق و بەم کارەی نەریتێکی تازەی داهێنا کە ئیتر لە داهاتوودا پارتە کوردییەکان نەتوانن بەربژێری خۆیان بۆ پۆستی سەڕۆک کۆماری عیراق  لە نێو کوتلەی پارتە کوردییەکان ساغ بکەنەوە و ئەم هەنگاوە زۆربەی چاودێرانی سیاسیی عەرەب و میدیاکانیان بە خاڵێکی پۆزەتیڤی دادەنێن بۆ یەکگرتووی نەهێشتنی پشک لەسەر بیناغەی پێکهاتە نەتەوەییەکان لە عیراق و بە هەنگاوێکی باشی دەزانن بۆ و بەرەو عیراقێکی یەکگرتوو.  لەدەرئەنجامدا، بەرهەم ساڵح لەسەر پشکی کورد، بە دەنگی کوتلەی پارتە عەرەبەکانی پەرلەمانی عیراق بەرەو کۆشکی ئاشتی لە بەغداد هەنگاوی نا!
https://www.youtube.com/watch?v=-4TkW37LXpg
بالحرف واحد قصر السلام يفتح بوابته لبرهم صالح
 لە کۆتایی ئەم راپۆرتە هەواڵەدا ئەوە دەخەینەوە یاد، کە بەرهەم ساڵح پێش چەند هەفتەیەک وای راگەیاند، کە ئەگەر ببێتە سەرۆک کۆمار، پێش ئەوەی بچێتە شوێنی کارەکەی، دەچێتە سەر گۆڕی تالەبانی، بەڵام وەک بینرا، ئەم درۆیەشی کرد لە خۆشیدا یەکەم هەنگاوی بەرەو ژووری سەرۆک کۆماریی بوو، ئەو پەیمان و قسەیەی لە بیرچوویەوە، هەر بۆ ئەمەش  بە دوای ئەوەی کە بەرهەم پۆستەکەی وەرگرت، وا گرژیی و شەڕی ئیعلامی لە نێوان پارتیی و یەکێتیی دەستی پێکردووە، چوەڕووانی ئاڵۆزیی و تێکچوونی پەیوەندیی خراپتر نێوان پارتەکان دەکرێت، چونکە پارتیی ئەمە بە فێل و پاشقولی یەکێتیی دەزانێت.
ئەو قسانەی کە بەرهەم دەیکات و دەیڵێت، هەموو عەرەبێک و غەیری کوردێکێش هەر ئەوە دەڵێت. بەرهەم چونکە بۆتە سەرۆکی وڵاتێکی عەرەبی، لەم قسانەیەدا (کە دەبێت هەر ئەوە بڵێت)، بە پراکتیک لە کوردبوونی خۆی ئینکاریی کردووە، وەکو خائینێک و نیشتیمانفرۆشێک بۆ وڵاتی داگیرکەرێک قسە دەکات. بۆیە پۆستی سەرۆک کۆماری عێراق، نەک پۆستێکی تەشریفاتییە، پۆستی خیانەتە نەک پۆستی خزمەت بە گەلی کورد.

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە