شکۆی شەهیدان یان تێکدانی سیمای شار

Wednesday, 03/10/2018, 19:35

3064 بینراوە


لە دوای ڕاپەرینەکەی ١٩٩١ دوو برا ماڵیان دەکەوتە کۆڵانی پشتمانەوە لە سەر تەنزیمات ( رێکخستنی ناو شار) لە الأمن العامة گیرابون، بە هۆی ڕاپەرینەکەوە هەردوکیان ئازادکران، پاش ماوەیەک ئەم دوو برایە لە گەڵ چەند کەسێکی تر دەرۆن بۆ لێکردنەوە و دزینی کێبڵ و سیمی سەر عامەدەکان بەو هۆیەوە لە گەڵ گروپێکی تر لە سەر دەسکەوتەکانیان دەبێتە شەرە قسەیان و ئیدی شەرەکەیان گەرم دەبێت و هەتا دەست دەبەنە چەک چەند کەسێک لە نێوانیاندا ئەکوژرێت، یەک لە براکان هەر لەوێ گیان لە دەست دەدات و ئەوی تریش تا ئێستاش کەم ئەندامە، و گروپەکەی بەرامبەریان کە پێسمەرگەی حسک بون ئەوانیش برینداریان هەبوو.
پاش چەند ساڵێک کە من هێشتا منداڵ بوم باوکم دەستی گرتبووم لە نزیک بارەگایەکی حیزبیدا تێپەرین چاوم کەوت بەسەر بە دیواری ئەو بارەگایە کە وێنەی چەند پێشمەرگەیەکیان نەخشاندبوو لە سەرەوە نوسرابوو پۆلێک شەهیدی ڕاپەرین، هەرچەندە وێنەکان جوان دروست نەکرابون بەڵام ئەوەی جێگەی تێڕامانم بوو کە وێنەی برا کوژراوەکەم تێیاندا دۆزیەوە، وتم باوکە ئەوە کوڕە تەل دزەکە نیە ! هەرگیز بیرم ناچێتەوە کە باوکم بە توندی دەستی ڕاتەکاندم بە ئەسپایەکی توڕەوە  گووتی : خوێرێ بێدەنگە بزانە توشی کێشەیەکمان ناکەی، ئەم چیرۆکە بوو بە گرێیەکی دەرونی بۆم هەرچی وێنەکەم ببینایە زیاتر تێڕائەمام و نەشم ئەوێرا هیچ پرسیارێکی تر لە ماڵەوە بکەم، کە گەورە بوم تێگەشم جەنابی دز خوشکەزای بەرپرسێکی حیزبیەو ئێستاش براکەی تری بە کەمئەندامی سەنگەرە خانەنشنی وەردەگرێت بە پلەی نەققیب.  
یەکەم بەرکەوتەی من لە گەڵ ناوێ شەهید کە لە یادگای زهنمدا مابێتەوە بە قارەمانێکردنی تەل دزێک بوو، من هەر لەو کاتەوە تێگەشتم ئەمانەی خەریکی چ  پلانێکن بۆ هەڵخەڵەتاندنی نەوەی دوای ڕاپەرین، چاک تێگەشتم کە ئەیانەوێ دزەکان لێمان بکەن بە پاڵەوان، هەر لە منداڵیەوە هەزار پرسیارم لا دروست بوو کە بۆچی بە ناوی شەهیدانەوە خۆیان هەڵواسیوە، ئاخۆ دەبێ کەسانێک لە سەر دزی کوژرابن پێیان بوترێت شەهید؟ ئاخۆ ئەم کارە بۆ شەرعیەتدان و پەردەپۆشکردنی دزیەکانی خۆیان نیە؟ ئەی دەبێ چیرۆکی شەهیدبونی ئەوانی تر چۆن بێ ! 
بە ئێستاشەوە ناتوانم ئەو یادگاریە لە بیربکەم کە لە منداڵیەوە ئەم حیبزبانە پیشانیاندام، لە دوای ڕاپەرین کە هێشتا تەپ و تۆز و ئاسەوارە بە جێماوەکانی بەعس و لە شارەکان بە تەواوی پاک نەکرابوونەوە  شەری نەگریسی ناوخۆیان خوڵقاند دەیان هەزار کەسیان کردە قوربانی، ئاخر ئەم جانەوەرانەی کە لە شاخ هاتنە خوارەوە هێشتا فێری هەڵس و کەوت و تەنانەت گفتوگۆی شاریانەش نەبون، هەر لە سەردەمی شاخەوە لە سەر شەڕی ناوخۆی حیزبی و باڵ باڵێنەکانیانەوە  ڕاهاتبون، ئەو خەباتەی کە لە شاخ کردویانە و ئێستاش پێمانی دەفرۆشنەوە لە ڕاستیدا جگە لە نەفرەتێکی گەورە هیچی تر نەبووە، کاتێک گوێ لە گێڕانەوەی پێشمەرگەکانی شاخ ڕادەگرین، یان کتاب و یاداشتنامەکانی خۆیانەوە دەخوێنینەوە ئەو کات دەزانین کە ئەمانە لە شاخیش چەن قێزەون بوون.
با لە ناوەڕۆکی نوسینەکەمان دوور نەکەوینەوە، ئەوەی ئێستا دەگوزەرێ لە کوردستان لە دوای زیاتر لە چارەکە سەدەیەک بە تەواوی درێژەپێدەری ئەو چیرۆکەیە کە سەرەتا گێڕامانەوە، بەڵام بەشێوەیەکی زۆر ناشیرین و قێزەونتر، ئێستا لە شارەکانی کوردستان ناوی  زۆربەی زۆری جادەکان و فلکەکان و تەنانەت قوتابخاو نەخۆشخانەکان بوەتە ناوی شەهیدان، ئێستا شار بوەتە پێشانگایەکی فۆتۆی بۆ شەهیدان، لە  راستیدا ئەمە جگە لە گاڵتە جاریەکی بێمانا هیچی تر نیە، لە سنوری چەتەگەری پارتی ناوی جادەو قوتابخانەو بنکە تەندروستی.. هتد، دەگۆرێن بۆ ناوی کوژراوەکانی خۆیان، هەروەها بە هەمان شێوە سنوری چەتەگەری یەکێتیش دەبێت لە کوژراوی خۆیان بێت.
ئەم دوو حیزبە بە تەواوی پلانی ئەوەیان داناوە کە کوردستان بکەن بە سەربازگا، ساڵ بە ساڵ بە وردی کار لە سەر ئەم پرۆژە قێزەونە دەکەن، دەیانەوێ لە ڕێگەی پیرۆزکردنی کوژراوەکانیانەوە شەرعیەتی تەواوبدەن بە کارەناڕەواو قێزەونەکانیان، لە ئێستادا کوچەو کۆڵانێک نادۆزرێتەوە کە چەندین لافیتە تابلۆی گەورە بە ناوی کوژراوەکانی ئەم لایەنانەوە هەڵنەواسرابێ، لە هەر فلکەیەک یان چواڕیانێک تێدەپەڕیت دەبینیت کە پێشەوەت چەند پەیکەرێک و چەندین لافیتەی فلێکس بە گەورەی هەڵواسراوە، جا ئێستا بەشێک لەم گاڵتە جاڕییە لەوەوە سەرچاوەی گرتوە کە چاپی فلێکس بە بڕە پارەیەکی هەرزان دەکرێت و لە توانای هەموو کەسێکدا هەیە تابلۆیەکی سێ چوارمەتری بۆ شەهیدەکەی هەڵواسێت، جا نەزانین و بێ ئاگای ئەم حیزب و لایەن و کەسوکاری کوژراوانە لەوە تێپەرێوە کە هەڵوەستەی لە سەربکرێت، چونکە ئەم جۆرە چاپە تازەیە(فلێکس) بۆ مەبەستێکی کاتیە و دوای ماوەیەک ڕەنگەکەی تێک دەچێت، کاتێک کە بارانێک دەبارێت و ژەنگی چوارچێوە ئاسنەکەی بە سەر وێنەکەدا هەڵواسراوەکەدا دێتە خواوە، پاشان گەرمای هاوین لێی دەدات و ڕەنگەکەی کاڵ دەکاتەوە و تێکەڵیەک دروست دەبێت لە گەڵ ژەنگەکەیدا بەم شێوەیە ڕاستەوخۆ هەموو وێنەکە تێک دەچیت و هەست دەکەی کە بە پیسی سواغ دراوە، ئێستا ئەم دیمەنانە کە سیمای هەموو شاریان تێکداوە، بەم دیمەنانە شارەکان ڕەنگ و بۆنی سەربازگەیان گرتوە، ئەم تابلۆیانە بوەتە جێگەی گاڵتە جاڕی و هەرکەس بەلایاندا تێدەپەرێت نەفرەت بارانی ئەوانە دەکات کە هەڵیانیواسیوە خۆ کەسیش ناتوانێ بە تەنها وتەیەکیش بلێت تکایە ئەم گاڵتە جاڕییە ڕاگرن! چونکە ئەو کات تاوانباردەکرێت و بە خیانەتکار و شکاندنی شکۆی شەهیدە قارەمانەکان، ئەمە سەرەڕای ئەوەی کە هەندێک لەم بە ناو شەهیدانە تاوانباری مێژووین، هەندێکیان دەستیان لە تیرۆرکردنی چەندین هاوڵاتی بەشمەینەتی ئەم هەرێمەدا هەبوە.
ماوەتەوە بڵیین ئێمە نامانەوێ گومان لە سەر سەرجەم قوربانیانی ئەم هەرێمە دروست بکەین، بەڵکو مەبەستمان نیشاندانی ئەو پلانە گاڵتە جاڕی و گڵاوەیە کە دەسڵاتدارەکان کاری لە سەر دەکەن و سیمای شاریان پێی شێواندوە، لە هەموو وڵاتێکدا دەزگایەکی تایبەت یان شارەوانی بەرپرسیاری رێکخستنی سیمای شارەو هیچ کەس و لایەنێک بۆی نیە بە بێ ڕەزامەندی لایەنی بەرپەس یەک وێنەش هەڵواسێت، لای خۆشمان بە شێوەیەکی فەرمی شارەوانی بەرپرسی ئەو کارەیە بەڵام لە ڕاستیدا ئەوەی حەسابی بۆ نەکرێت شارەوانیە بەڵکو مەڵبەندو لق و کۆمیتەو ناوچەکان هەموو کارێک دەکەن بێ ئەوەی هیچ لایەنێکی حکومی بوێری ئەوەی هەبێت ڕای خۆیشی لە بارەوە بدات. 

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە