نامەیەکی کراوە بۆ د. بەرهەم ئه‌حمه‌د صاڵح، سەرۆك کۆماری نوێی ئێراق

Sunday, 07/10/2018, 20:55

3319 بینراوە


فەخامەتی سەرۆك، خۆت و هەڤاڵەکانت و خۆت و هاودیدەکانت لە ماوەی ڕابردوودا گەلێك بەڵێنی ئارامی و خۆشگوزەرانیتان بەخەڵکی کوردستاندا. کەچی بە داخەوە بانگەشە و هاواری بڵندگۆکانتان زۆر زۆر کورت بڕی کرد. ببینە؛ لە کاتێکدا ئیوە و ئەندامان و لایەنگرانی حیزبەکەتان خەریکی ئاهەنگی سەرکەوتنی هەڵبژاردنەکانی سەرۆک کۆماربوون، کەچی خۆشی و کامەرانی ئیوە خەندەی لە لێوی خەڵکی بێگوناح دەبڕی.دوو هاوڵاتى له‌ شارى سلێمانى وچه‌مچه‌مال " فه‌رهاد محه‌مه‌د وئاده‌م سه‌لام " به‌ گوله‌ى تفه‌نگ له‌شانه‌كانى ئێوه‌ كوژران و چه‌ند كه‌سێكى تریش برینداربوون ، دوور نییە قوربانییەکان هەر خۆیان فیداکاریان بۆ نەکردبن..
فەخامەتی سەرۆك ئەزانی ئێوە لە خوێنی بێتاوانی فەرهاد محمەد و ئادەم سەلام بەرپرسیارن؟ بڵێ بۆ!  جگە لەوەی لەم تاوانانە بەبێدەنگی بەردەوامن، هەڤالەکانی ئیوەن بکوژەکانن، ئەگەر نا کێ مافی هەیە بە پێی یاسا چەکی هەبێت و کێ مافی هەیە هەر کە مەزاجی ساف بوو ژیان لە خەڵکی تر بشێوێنێت!  ئەی فەخامەت، بە حساب ئێوە لە چەند کولتورێکی دیموکراسیدا گەورە بوون؟ ئێ خۆ ئەمە لە بەریتانیای عوزما و لە ولاتە یەکگرتوەکان ڕویان بدایە نەک سەرۆك دەستی لە کار دەکێشایەوە، لەوانەبوو یاسا بنەڕەتییەکانیش موراجەعە بکەنەوە.
ئێوە بەرپرسیارن لەوەی داوای لێبوردن بکەن، قەرەبووی کەسوکاری ئەو قوربانیانە بکەن و سنوورێكیش بۆ ئەم نا بەرپرسیارێتییە دابنێن، ئەوە ئه‌گەر جورئەتی ئەوە ناکەن ئیستیقالەکانتان ڕا بگەیەنن. جەنابی فەخامەت، با شتێکت بۆ بگێڕمەوە بەڵکو کەمێك مەستی ئاهەنگەکانی کۆشکی سەلام بەرت بدەن. من سەیری هەواڵەکانی کوردستانم دەکرد لەم تاراوگەیەی خۆمەوە، کوڕە ١٤ ساڵانەکەم لە تەنشتمەوە دانیشتبوو (ئەو مناڵەی بەسەر باڵی شەپۆلە ترسناکەکانی دەریای ئیجەدا چەند ساڵێك لەمەوبەر لەمەترسییەکانی دەستی ئێوە ڕزگارم کرد). پێی وتم: باوکە تۆ هەمیشە دەڵێیت لێرەش شانازی بە کوردبوونی خۆتەوە بکە، لە قوتابخانە بە هاوڕێکانت بڵێ ئێمەش میللەتێكی شارستانین. باوکە گیان من ئیتر لە ڕووم نایە ئەم داوایەی تۆ جێ بەجێ بکەم، چونکە بە دڵنیایی ئەوانیش ئەم ڕاستیانە دەبینن، ئا ئەمەیە شارستانییەت؟ بۆ سەرکەوتنی سەرۆك لە هەڵبژاردندا دەبێت چەندین خەڵك بکوژرێت، ئەی ئەگەر ئێمەش لەوێ بووینایە، کێ ئەڵێ ئێمه‌ش نەئەکوژراین؟ لە ڕاستیدا هیچ وەلامێکم پێ نەدرایەوە، جگە لە چەند هەناسەیەك کەتوانیم بەهۆیەوە پێی بڵێم تۆ ڕاست دەکەیت!
 فەخامەتی سەرۆك زۆر جار لێرە دەبیستین کە چەمچەماڵ و سلێمانی و زۆر شوێنی تر ئارامن، من نازانم کام ئارامییە کە لە خۆشی و ناخۆشی ئیوەدا دونیای سەری خه‌ڵك  ببێت بە گڕ؟ ئەی فەخامەتی سەرۆك کۆمار، ئەی مایسترۆی ئارامی، من لێرەوە بڕستم لێ بڕاوە کە دیمەنی ئەو کوڕە کوژراوە و باوکە کەمئەندامەکەی دەبینم. من نازانم تۆ دڵت بە چی خۆشە وا ئەوەندە بە پانی زەردەخەنە لە لێوەکانت نابنەوە. ئەمە ئەو بەڵێنەیە کە بزمانە پاراوەکەت بە خەڵکی شاری سلێمانی دەدەیت. تکایە خۆت واتەنی ئەگەر حورمەت شتێکی تێدا ماوە هیچ نەبێت داوای لێبوردن بکە، بڕۆ چارەسەرێکی ئەو میلیشا بێ ڕەوشت و ناشارستانییە بکە کە وەك دڕندەی هار لە خۆشی و ناخۆشی خۆتاندا بەریان دەدەنە گیانی ئەو میللەتە. بەڵێ ئێوە بەرپرسیارن لە چارەسەرکردنی ئەم دۆخە.
4ى ئۆكتۆبه‌رى 2018 
نه‌مسا

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە