رۆژانێک لە هەرێمى کوردستان

Tuesday, 16/10/2018, 13:54

3783 بینراوە


 شەپۆلى مەرگ 
 هەر ڕۆژێک لەم کوردستانە ژێر دەستەى دوو بنەماڵەى دز و خیانەت پیشە ئاوا ئەبێت ، خەم و سوێ و مەینەتى و نەهامەتیەکى تازە بەدواى خۆیدا ئەهێنێت ، نەئیش هەیە نەتروسکاییەک بۆ دەستکەوتنى ، نەجێگەهەبێت نەسەر پەنایەکت چنگ ئەکەوێت ، درەختەکانیان داهێنا و داپاچى سێبەریان نەهێشت ، گیرفان خاڵى باخەڵ بێناسنامە ، کورسیان لەژێر قوتابیاندا ڕاکێشا قوتابخانەیان ڕوخاند ، بێڕەحمانە زەوییان کونکونکرد و سامانى چەندەها نەوەى دواتریان دزى ، دز و کوڕانى دز دەستکراوە و میللەت دەستەوسان ، نەخۆشیان هێنا و هەرخۆشیان دەرمانهێنەرن ئەوەندەیتر دەردەداران بێدەرەتانتر ئەکات، هەموو کڵاوڕۆژنەیەکیان سواخداوە کەتروسکاییەکى لێوە بێت ، کێ هەیە بەدواى نان و ئیش و ئاو ڕوناکى و تەندروستى و ژیانێکى شەرافەتمەندانەدا وێڵ و سەرگەردان نەبێت ، ئەگەر هەموو قاپیەکانت لە سەر کڵۆم نەدرابێت چۆن خۆى بە گڕوکەفى و شەپۆلى دەریاى ئیجەدا نادات .
 هەفتەى پێشو سی و پێنج هاوڵاتى زاخۆ و دهۆک بەژن و مناڵ و گەورەو بچوکەو لەناو ئاوى ئیجەدا خنکان و نەگەیشتنە کەنارى ئارامى ، ئەوانە لەقەڵەمڕەوى خێڵى جامانە سورەوە هاتبون کەهەر ڕۆژێکى داهاتى ناوخۆ و گومرگ و نەوت دەیەها ملیۆن دۆلار تێئەپەڕێنێت ، ئەگەر ئەو هاوڵاتیە جوانەمەرگانە هاوڵاتى وڵاتێک بونایە ئینسان حوکمى بکردایە ئەوا سیستەمى وڵات ئەکەوتە لەرزە ، لێرە ئینسان حوکم ناکات خێڵێکى جامانەسورە ، جانەوەرى دەمکراوە و قەپگرن ئەگەر لەم جانەوەرانە ڕزگارت ببێت ئەوا شەپۆلى خنکێنەرى دەریاى ئیجە لە چاوەڕوانیدایە . 
 بابەکر دڕەیى و ئەیگۆڕێت یان ئەیلاوێنێتەوە .
ئەمە بانگەوازى کەڵە گۆڕانخواز بابەکر دڕەییە بە بۆنەى گیان لەدەستدانى هاونیشتمانیانى زاخۆ . (بانگەوازێک بۆ هاوڕێیانی هونەرمەندم لە پایتەختی ڕۆشنبیری و ناوچەکانی تر..
داواکارم لەم هەفتەیەدا هەر کەس ئامادەیە لە تەلاری هونەر لاوانەوەیەک سازدەین بۆ خوشک و برا خنکاوەکانی شاری زاخۆ کە لە دەریای ئیجەدا خنکان و بێناز گیانیان لەدەستدا...تکایه ئاگاداری بەڕێوەبەرایەتی گشتی بکەن بۆ ئامادەسازی و پلانی کارە هونەریەکە....)
بزوتنەوەى گۆڕان لە سلێمانى بەچەند زۆڵە پۆستێک خۆیانکردووە بە گاڵتەجاڕێک وائاڵۆسکاندویانە خۆشیان سەرى لێدەر ناکەن سەرى کڵافەکەى لەکوێدایە و نمونەکەشیان ئەم دڕەییە کەبەڕێوەبەرى گشتى ڕۆشنبیریە لە سلێمانى پیشەکەى بووە گوڵ بردن بۆ پیرێژنێکى گەنیو و بەچکەکەى بەو پەڕى ملشۆڕى و خۆچەماندنەوە ، پارێزگارە خاوەن پلان و سێکتەرەکەیان خولیای وێنە و سێڵفیە یان لەسەر گۆڕى تاڵەبانى سەرقاڵى قورئان خوێندنە .
 پێموانیە بابەکر دڕەیی نەزانێت کە سەر هەڵگرتنى ئەو هاووڵاتیانە و هەوڵ و تەقەڵایان بۆگەیشتن بەوڵاتێکى ئەوروپایى کەلانى کەم ژیان و گوزەرانیان دەستەبەرە و کەرامەتیان پارێزراوە ، ئەوانە بەدواى ژیانێکدا وێڵن کە لەکوردستان لێیان سەندراوەتەوە ، ئەوانە بەرهەمى سیستەمێکى خێڵەکى وتاڵانچیە کە هەموو کایەکانى ژیانیان قۆرخکردووە و بناغەى دەسەڵاتیان لەسەر زوڵم و ناعەدالەتى و کوشتن و ترس و تۆقاندن و ویژدان کڕینە .
 بزوتنەوەکەى بابەکر لەبرى ئەوەى تەقەڵاى سەرەو نگونکردنى ئەم سیستەمە بدات کەسەرچاوەى زوڵم و نەهامەتیەکانە هەتا پارتى لێیان نەڕەنجێت ، ئەیەوێت خۆڵبکاتە چاوى خەڵک و تورەییان خاوبکاتەوە، بۆیە ئەیلاوێنێتەوە . ئاخر ئەم لاواندنەوەیە چ کونجێک ئەگرێت لانى کەم وەک دەزگایەکى (ڕۆشنبیرى) لەبرى ئەوەى ئەم کۆچ و ڕەوە کە ئێستا بوە بەدیاردە بکرێتە بەر باس و لێکۆلینەوە و سیمینیار و ڕاسپاردە و ئەنجامگیرى و بەرەنگار بوونەوەى، بەڵام ئەیلاوێنێتەوە جانازانم ئەم لاواندنەوەیە بۆ حاڵى بزوتنەوەى گۆڕانە کە شەق وەشێنەکەى نزیک گۆڕى نەوشیروانە مستەفا ڕوى لە کۆنە هەوارەکەى یەکێتى کردەوە یان بۆ ئەو جەماوەرەى کەهەڵبژاردنیان لەلا بۆتە گاڵتە جاڕى و ئەو چەکە درۆینەیان لەدەست گۆڕانەوە خستە خوارەوە . یان ئەیەوێت پەراوە بەو ئەندام پەڕلەمانەیان بکات کە پرۆفیشناڵە لە گۆرانى میللى و لاواندنەوە هەتا دەنگى نەکەوێت . بزوتنەوەکەى کاک دڕەیی ئێستا کپ و مەنگە دەرحەق بەو لێشاوى ساختەو تەزویرەى هەڵبژاردنەى پارتى ئەگەر ئەم لاواندنەوەیە بۆ ئەو دەنگ و ئیرادە دزراوانە بوایە ئەوائەمانوت ئەم سیمینیارى لاواندنەوەیەوە بەبێ هۆنیە ، ئەم بەکرى سەرقافڵەى لاواندنەوەیە (30) فەرمانبەرى سزادا لەسەر ناڕەزایى و بایکۆت کەهیچ بەرێوەبەرێکى سەربە یەکێتى کارێکى وەهاى لێنەوەشایەوە ، واتە نابێت بایکۆت و ناڕەزایەتى بکەیت و بچۆ خۆت بدە بەدەم شەپۆلى هار و سەرکێشى دەریاوە ئەگەر مەرگ بەرەو پیرت هات ئەوا ئێوە و لاواندنەوە ئامادەیە ... 
گۆڕان : پارتى کوردستان ئەکات بە هەرێمێکى بەهێز:
عەبدولڕەزاق شەریف: (ئێستا دەرفەتێکی زۆر لەبار بۆ پارتی و کاندیدەکەی هاتووتەپێش کە بتوانێ هەرێمی کوردستان بکاتە هەرێمێکی بەهێز دڵنیام پارتى ئەگەر بیەوێت دەتوانێ قۆناخێکى مێژووى گەورە بۆخۆى ببڕێت)
 ئەوانە قسەى عەبدەڵرەزاقى ئەندامى جڤاتى گۆڕانە ، پارتیش پێشتر عەبدولڕەزاقێکى ڕاگەیاندنکارى هەبوو هەر بەم ئاوازە ئەیخوێند ئەو داماوە هەزاران جنیوى لەلایەن گۆرانخوازانەوە بۆ رەوانەئەکرا ، بەلام ئەمەى گردەکەى جوتبرا شانسێکى هەیە گۆڕانخوازێک جیقەى لێوە نایەت ، گردەکەى جوتبرا پاش ئەوەى قۆناغى سەرپشک و شەقوەشاندنى تێپەراند و ئێستا گۆڕانکارى بەپراکتیک پیادە ئەکرێت و دەستکراوە بە پرۆسەى کێلون و کلیل گۆڕین ، بەهێواشى و ژێر بەژێر گردى گۆڕان لە پرۆسەى کێوماڵکردن و وەدەرنانى هەموو دەنگێکى ئازاد وڕادیکال نزیک ئەبێتەوە و زەمینەسازیە بۆسازش و چاوشۆرى لە پێناوى دەستکەوت و دەسەڵاتدا , ئەوەتا بێجگە لەدەنگى عەبدولرەزاقەکان هیچیتر نابیستین ، حیزبێک لەلایەن پارتیەوە پایتەخت بەدەر کرابێت و بەئارەزوى خۆى پەڕلەمان دابخات و وەزیرەکان هەڵداتە ئەمدیوى پردى دێگەڵە وبارەگات بسوتێنێت و ئەندامانت بگرێت و بکوژێت و ئەتک بکات و بەلێشاو ساختەکارى هەڵبژاردن بکات ، ئەگەر ئەو حیزبە خاوەنى ئەخلاق بێت بە پارتیەک کەمێژوەکەى خوێن و خیانەتە ئەڵێت قۆناغێکى مێژووى گەورە ئەبرێت ، ئاخر پارتى و جوت سەرۆکەکەى مێژویان هەبووە . ئەگەر لەلاى گۆڕان پارتى مێژوى نەبوایە ئەوا بەفرۆکەى نێچیرەوان گۆڕانکاریان نەئەگەیاندە ئاسمان، دەرفەتێکى لەبارە بۆ پارتى وەک ڕەزاق ئەڵێت دەرفەتێکى باشیشە بۆ گۆڕان بەسەر شۆڕى بڕۆنەوە بۆ پەڕلەمان ئەزمونیان لە گەڕانەوەیەدا هەیە و یاساى سڕکردنى سەرۆکایەتى هەرێم و تیرۆریان دەنگ پێدا، هەتا مەسعود لەسەرى ڕەشەوە سەر بۆگەنى دەربهێنێتەوە.
 عەبدولڕەزاق خۆشى پێشتر هەنگاوى باشى لەگەڵ ئاکۆچاوشینى کۆنە پاراستنى سلێمانى بڕیبوو بەخت یاوەرى نەبوو ئەگینا ئەمیش سوارى ئەو شەمەندەفەرە بە بوو کە ئازاد جندیانى و محمد حاجى هەڵگرتبو ، ئاکۆ وتبوى پیاوم نەدیووە بەقەد ئەم عەبدولرەزاقە سوک ، خۆ پارتیش هەم سوک دەورى داوەو هەم ئیشى بەسوک ئەڕوات ، پارتیش لەم پەیامەى ڕەزاق و گردەکەى زەرگەتە تێدەگات ئەزانێت زەرگەتە (واتە زەردەواڵە) چزوەکەى نەماوە.
١٦ ئۆکتۆبەر 
پارتى کشانەوەى هێزەکانى یەکێتى لەکەرکوک و دواتر داگیرکردنى ئەو شارە و تەواوى ئەو ناوچانەى تر لەلایەن سوپاى عێراق و میلیشیاى حەشدى شەعبى لە ١٦ى ئۆکتۆبەرى ساڵى ٢٠١٧ بەخیانەتى ١٦ى ئۆکتۆبەر ناو ئەبات و هەڵایەکى ڕاگەیاندنى گەورەى لەسەر ناوەتەوە ، لەکاتێکدا پارتى بەتەمەنى دوو سەرۆکەکەیى مەلا مستەفا و مەسعود بێجگە لە غەدر و خیانەت هیچ مێژویەکى تریان نیە ، هەمومان بیرمانە مەسعود چۆن سەرپەرشتى واژۆکردنى ڕێکەوتنێکى لەگەڵ کارمەندێکى ژنى سەربە ژورى بەکرێگیراوان (المرتزقة) وەزارەتى دەرەوەى ئەمەریکا لەگەڵ کەریم سنجارى وەزیرى ناوخۆ بەرامبەر ٧٢ ملیۆن دۆلار کە (پێشمەرگە) شەڕى داعش بکات، کرد . دواتر لەو ناوچانەى، کە سوپاى عێراق بەهۆى ئەو جەنگەوە کشاوەتەوە تەسلیمى بکرێتەوە .
 مەسعود کاتێک بە ئیعازى میتى تورک ڕیفراندۆمى ڕاگەیاند ئەوەى بەباشترین ڕێگا ئەزانى هەتا پێگەى بنەماڵەکەى لەکوردستان بۆ هەتا هەتاى مسۆگەر بکات ، بەڵام دۆخى ناوچەیى لەبار نەبوو بۆ سەرکێشیەکى لەو چەشنە مەسعود سوار سەرى خۆى بوبو وە هیچ بایەخێکى نەدا بەو نامەیەى تیلرسۆن وەزیرى دەرەوەى ئەمریکا کەنەخشە ڕێگایەکى گونجا و لەبار و دەستەبەرى مافەکانى کوردى تێدا بوو هەتا کۆنفیدراڵى و سەر بەخۆیی .
وڵاتێکى وەکو تورکیا گەمەکارێکى ناوچەییە و کەسى ئەردۆغان سیاسیەکى ئیخوانیە ومانەوەى لەدەسەڵات و پێگەى سڵ لەهیچ کارێک ناکاتەوە و لەگەڵ ئەوەى کەنەوت و سامانى ژێر زەوى کوردستان بەتاڵان ئەبات میتى تورک بووە بە بەشێکە لەحوکمڕانى کوردستان لە ڕێگەى مەسعودەوە ، سوکایەتى و بێحورمەتى نەما بە مەسعودى نەکات لە سەر ئەو ڕیفراندۆمەى کەدەزگاى میت سەرپەرشتیارى بوو نەمانبینى نەخۆى نەخێڵى جامانە سور بوێرن لچێک هەڵبقورچێنن.
 هێزەکانى ٧٠ و ٨٠ى ئەم دوو بنەماڵە حوکمڕانە لە کەرکوک و ناوچەکانى دەور و بەردا بوون ، ئەگەر هیزەکانى یەکێتى کشانەوە ، هێزەکانى پارتى بەخشکەیى و بەبەبێ تەقە هەڵهاتن شەر لەسنورى کەرکوک بوو ئەوان لەناوچەکانى موسڵ ئەکشانەوە و نزیکەى ١٦ هەزار کیلۆمەتریان چۆڵکرد ، بپرسین ئەگەر یەکێتى کشایەوەو بۆ میلیشیاکانى مەسعود هەمان ڕیچکەیانگرت و هیچ بەرهەڵستیەکیان نەکرد هیچ نەبوایە بۆ تەنیا جارێک هەڵوێستێکى شەرافەتمەندانەیان بنواندایە .
 ڕیفراندۆمە ڕەشەکەى مەسعود هەلێکى ناوخۆیى و ناوچەیى بۆ حکومەتى عێراق رەخساند کەجارێکتر بگەڕێتەوە بۆ ئەو ناوچانەى پێشوتر لێیبووە ، هاتنى سوپاى عێراق بەسەرپەرشتى فازیل بەروارى پارتى و ئامادەکارى پارتى بۆ کشانەوە و هێنانى سوپایەک لە ڕاگەییاندکاران لەو کاتانەدا بەبەرنامەیەکى پێشوەخت داڕێژراو بووە . 
لەو ماوەیەى دەسەڵاتى دو هێزى جوت حیزب و دوو ئاسایش و دو .. دو .. بێجگە لەتاڵانى و دزی و دەستدرێژى هیچ کارێکى تریان نەبووە و هەرچى گیانى بەرگرى و لەخۆبوردەییە بوو لە شارەدا کوشتوبیان . 
 بەو هۆیەوە کەرکوک ناوچەى نفوزى یەکێتى بوو پارتى بەهەر شیوەک بۆی بلوێت هەوڵئەدات لەم پێگەیە بدات و لەتەقەلاى ئەوەدابوو شەڕیک بە یەکێتى بکات کە هێزەکانى توشى شکست و پەرتەوازەیى بکات و کەرکوک وەکو شەنگالى لێبێت و دانیشتوانەکەى ئاوارە ببێت و ببێت بەبار بەسەر یەکێتى و سلێمانیەوە و بەوە تۆڵە لە سلێمانى و کەرکوک بکاتەوە . هەرکەسێک فەرمانى پاشەکشەى دابێت و ئەو شارەى لەوێرانکردن و دەربەدەر کردنى کورد گرتبێت کارێکى باشە ، کەئەوەش هەنگاوێک دەستى ڕەشى تورکیاى لەو شارە سستکردووە .
 مەسعودێک ڕۆژێک سەماى ڕیفراندۆم و سەربەخۆیکرد و رۆژى دووەم بەترس و ڕەنگى بزڕگاو و دەنگى نوسا و جامانەى لارەوە لەیەکپارچەییى خاکى عێراق ئەدووا ، کەسێک ئەگەر ڕۆژێک لەرۆژان بەڕیکەتیش بوبێت گەردیلەیەک شەرەفى هەبوبێت لەشەو ڕۆژێکدا ئاوەها هەڵوێست بازى ئەکات ، ئەوانەش لەگەل مەسعودا هاوبەشن لەم مەینەتى و نەهامەتیەى کەوا بەرۆکى گرتوین بە رفراندۆمەکەى سەرچۆپى و گاوانى و سەماى سەرپشکیان ئەکرد .
 حیزبەکەى مامى گەورە و بەچکەمام زۆر ئەنتیکەیە مەلایەکى تیایە ئەڵێت من دەستەواژەى ١٦ى ئۆکتۆبەرم داهێناوە حەقوایە بەچکەمام هەلێکى کارى بۆ بدۆزێتەوە هەتا داهێنانى بەردەوام بێت بەڵکو بە شانزە هەلیکۆپتەر شانزەى ئۆکتۆبەر بەر شەستیر بدات .
جوت حیزبى بنەماڵە بیجگە لەدادۆشینى نەوتى کەرکوک و دزى و دەستدرێژى داگیرکارى چ خیرێکیان بۆ ئەو شارە بووە ، جوت حیزب کەى بەرگرییانکردووە کەى خیانەتیان نەکردووە، چ حیزبێک لەدنیادا میژوەکەى ئەوەندە لە خیانەت سیخناخە .

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە