پارەی نەوتی كێڵگەی (گودبە)ی دەچێتە گیرفانی كێ؟

Saturday, 20/10/2018, 21:12

9415 بینراوە


لەگوندی (گودبە) نەوت دەردەھێنرێت.
گوندی گودبە دەكەوێتە نێوان ناحیەی (خانك) و كۆمەڵگەی (مسێریك). لەئێستادا خەڵكی ئەو گوندە ناچار بەڕۆیشتن دەكرێن بەھۆی دەرھێنانی نەوت.
ڕێژەی نەوتی دەرھاتوو بەدەقیقی نازانرێت، بەڵام دەزانرێت كە تەواوی داھاتی ئەو نەوتە دەچێتە گیرفانی سیروان بارزانی. ئەوەی دەزانرێت نەوتی كێڵگەی (گودبە) بە ٦ھەزارو ٥٠٠ بەرمیل لەڕۆژێكدا دەخەمڵێنرێت بەكواڵێتی API٣٥.٥
كێڵگەكە تۆمار نەكراوە لەناو سیستەمی نەوتی عێڕاقی و یەك دۆلاریشی نایەتەوە بۆ خەزێنەی حكومەتی ھەرێمی كوردستان. واتا وەزارەتی سامانە سروشتیەكان لەئاست ئەو تاڵانكاریە بێدەنگە.
سیروان بارزانی كوڕی صابر بارزانیەو برازای مسعود بارزانی سەرۆكی پارتیە، وە ژنی برای مەسڕوڕی كوڕی مسعود بارزانیە بۆیەش ئاوا بەئارەزووی گیرفانەكەی زەوی ئەم وڵاتە ھەڵدەدڕێت و سامانی لێ دەردەھێنێت و بەتانكەر دەفرۆشێت، دەرھێنان و فرۆشتنی نەوتەكە سپێردراوە بە شەریكە توركیەكان، ئەو شەریكانەش ناویان لەتۆماری شەریكە وەبەرھێنەكانی ھەرێم تۆمار نەكراوە.
سیروان بارزانی ھەم ئامر لیوایە لەھێزە میلیشیاكەی بەناو پێشمەرگە، ھەمیش خەریكی بازرگانی و وەبەرھێنانی ناشەرعیە.
لەئەمریكاش (لینا ھۆڵدینگ)ی ھەیە كەبەناوی كچەكەیەوەیە، ئەم ھۆڵدینگەش لەژێر سەرمایەیەكی زەبەلاحدا خەریكی وەبەرھێنانە.
خاوەنی شەریكەی كۆڕەك تێلكۆمە، كە بەتەنھا سەرمایەی كۆڕەك تێلكۆم ٢ ملیار دۆلارە، وە لەتەواوی عێڕاقدا ٣٥٠٠ تاوەری گەیاندنی ھەیە.
سیروان بارزانی تەمەنی ٤٧ساڵەو ھیچ پسپۆریەكی حەقیقی نیە، لەدوای ساڵی ٢٠٠٥ لەسەر قوتی خەڵكی كوردستان خەریكی خۆ بەقاڕوون كردنە.
برایەكیشی بەناوی سامان بارزانی لەساڵی (٢٠٠٥)ەوە لەڕێگەی شەریكەی (زاگرۆس)خەریكی بردنەدەرەوەی پارەی ھەرێمە لەڕێگەی فڕۆكەخانەی ھەولێر.
 دەربارەی مسێریك: لەم دواییانەدا پارتی دیموكڕاتی كوردستان لەكۆمەڵگەی مسێریك زەوی دابەشكرد بەسەر چەكدارانی ئەیلول و بەشداربوانی شەڕی خواكوڕك و لایەنگرانی حزبەكەیدا.
خەڵكیش نەوتی نیە بۆ گەرمكردنەوەی ژووری نوستنی ئەولادەكانییان.كەچی جگە لەدەنگی تەزویر ھێشتا دەنگ دەھێنن، ئاخر چۆن دەبێت مرۆڤگەلێ خۆی شایەدعەیانی ئەم ھەموو دزی و تاڵانكاریە بێت كەچی پەنجەی شایەتمانیان بۆ مۆر بكات.

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە