نێوانی پارتیی و یەکێتیی بەرەو ئاڵۆزی دەڕوات و پاراستن پلانی تەقەکردنی لە قوباد تالەبانی دانابوو

Friday, 26/10/2018, 20:21

19834 بینراوە


دوای دانانی بەرهەم ساڵح بەسەرۆکی کۆماری عێراق، کە رەزامەندی پارتیی و بنەماڵەی برایم ئەحمەد (هێرۆ/ شاناز)ی لەسەر نەبوو، ئیستا پارتیی دەیەوێت تۆڵەی خۆی لە باڵەکەی دیکەی یەکێتیی بکاتەوە، کە بریتییە لە قوباد و پاڤێل و ئاراس و لاهور، کە سەر بە ئیتیلاعاتی ئێرانیشن، هەر بۆیە لە ژێرەوە پارتیی چەند کارێکی ئەنجام داوە و ئەو هەڕەشەیەی کە مەسعود بارزانی کردی، کە وتی ئێمە بێدەنگ نابین. وا خەریکە دەیخەنە بواری جێبەجێکردن، هەرچەندە ترس و هەڕەشەی وڵاتانی دەرەوە نەبوایە، بە ئاشکرا پارتیی شەڕێکی هاوشانی ناوخۆی ساڵانی نەوەدەکان هەڵدەگیرساند، هەرچەندە پارتیی لە سەرەتادا وای دەخواست کە بۆ رازکردنی یەکێتیی مەلا بەختیار بە سەرۆککۆمار دابنرێت، مەلا بەختیار ئەو بڕوانامە ساختەیەشی وەرگرتبوو، مەرجەکانی دانانی وەکو سەرۆک کۆمار پێپڕکردبووەوە، ترسی ئەوەی نەبوو وەکو دەرچووی پۆلی سێی ناوەندی حسابی بۆ بکرێت، پارتییش دەمێک بوو دەمی بەو پۆستە شیرین کردبوو، بەڵام لەبەر ئەوەی هەموو لایەنەکانی تر دژی دانانی مەلا بەختیار بوون، بۆیە ئەمە نەهاتە دی،  دواجاردا مەلا بەختیار ویستی وەکو سکرتێری یەکێتیی خۆی کاندید بکات و مڕی لێ خۆش کردبوو، ئەمەشی لە ئیستادا بۆ نەچووە سەر، ئیتر پارتیی چاری نەما، باشترین کاندیدی خۆی کە فوئاد حسێن بوو، بۆ پۆستی سەرۆککۆمار هەڵبژارد، وای چاوەڕوان دەکرد کە لایەنەکانی تر پێی رازی بن، لە دواییدا بە پلانی ئێران و  باڵەکەی دیکەی یەکێتیی توانیان  فێڵ لە پارتی بکەن،  د.بەرهەم ساڵح زۆرترین دەنگی هێنا و بوو بە سەرۆککۆمار، ئیتر لەمەوە بنەماڵەی بارزانی گڕیان گرت و کەوتنە هەڕەشەکردن. بۆ ئەمەش تا ئیستا پارتیی و دەزگای پاراستن چەند کارێکیان ئەنجام داوە، لەوانە:
1- پارتی کەوتۆتە گفتوگۆکردن لەگەڵ بزووتنەوەی گۆڕان، کە دەیەوێت پێکەوە و بەهاوکاریی پارتۆکەکانی تر، حکومەت دروست بکات و پەرلەمان کارا بکاتەوە، لەو بارەیەوە قوباد تالەبانی لە چاوپێکەوتنەی لەگەڵ کەناڵی (الجزیرة) وشیاری دا بە پارتیی و لایەنەکانی دیکە وتی: حکومەت بەبێ یەکێتی زۆر قورسە و یەکێتی و پارتی دوو ھێزی کاریگەرن لەسەر گۆڕەپانی کوردستان و عێراقدا، 20 ساڵی رابردووش سەلماندوویەتی بۆ ئەوەی کوردستان بەڕێوەببرێت پێویستە ھەماھەنگی لەنێوان یەکێتی و پارتیدا ھەبێت.
2- لەو بارەیەوە سەرچاوەیەک لە هەولێر بە کوردستانپۆستی راگەیاند، کە  ئەو هێرشەی رۆژی پێنجشەممەی رابردوو رێکەوتی 18/ 10 / 2018  کرایە سەر قوباد تالەبانی لە چەند کەسێکی سەر بە دەزگای پاراستن پێک هاتبوو، یەکێک لەوانە بە ناوی (رەشاد جەبار خەیلانی). ئەو کەسەش لایەن پاسەوانەکانی قوبادەوە دەستگیر کرا، بەڵام دوایی لە ژێر فشاری دەزگای پاراستن، ناچارئازادیان کرد.
3- سەرچاوەکە ئەوەشی باسکرد، کە تا ئیستا دوو جار قوباد تالەبانی داوایکردووە کە نێچیرەڤان بارزانی ببینێت، بەڵام نێچیر رەتیکردۆتەوە و ئامادە نەبووە قوباد تاببینیت.
4- هەروەها لە هەفتەی رابردوودا کۆسرەت رەسوڵیش ویستویەتی بچێتەوە هەولێر و چاوی بە بەرپرسەکانی پارتیی بکەوێت، دیسان رێگای پێنەدراوە بچێتە ناو هەولێر.

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە