عەرەبەکان گاڵتەیان بە هەڵوێستەکانی تاڵەبانی و بەرهەم دێت!

Wednesday, 07/11/2018, 8:30

7248 بینراوە


پەیڕەوکردنی ڕەوشتی سیاسی تایبەتمەندی هەیە، کاتێک کە سەرکردەی پارتێک یان میللەتێک دەیخاتە بواری کار پێکردنی ڕۆژانە، ئەمیش بە وابەستەبوونە بە ئەجێندا و ستراتیژیەتی پێشوەختی داڕێژاو، کە تێیددا سازش نەکردنە لە دەستکەوتە سیاسیەکان و ئامانجە دیاریکراوەکانی کە بە کۆمەڵ لە کۆنفرانس و پلینۆمەکاندا دەنگیان لەسەر دراوە، دیاری کراون و لە میدیا و کۆبونەوە جەماوەرییەکاندا بە خەڵک ناسێنراون، کراون بە دروشم بۆ هاندانی میللەت و جۆشدانی ئەندام و لایەنگران و بە گروپکردنی دەنگی ناڕەزا، گەیاندنیان بەو بڕوایەی کە ئەم پلان، ئەجێندا و ستراتیژیەتە داڕێژراوانە  بەڕەو سەرکەوتن و پێکانی ئامانجە سیاسیەکانیان دەبات، جا ئەو ئامانجانە نیشتمانیی و نەتەوەیی بن، یان ئامانجی ئومەمیی، مارکسیی، کۆمنستی یان ئاینیی و مەزهەبی و مڕۆڤایەتیی بن.
سەرانی پارتەکانی باشوور، هەوڵدەدەن جەماوەر ڕابهێنن کە گوایە لە هەموو دنیادا لە "سیاسەتدا ڕەوشت نییە "! و ئاساییە کاتێک کە ئەوان هەنگاوێک دەهاوێژن کە لە بەرژەوەندیی تایبەتی خۆیانە و یاری بە جوڵانەوە، پارت و ئەجێندا و خواست و هەستە سیاسیەکانی میللەت دەکەن نمونە لە شەڕی براکوژی بگرە تا جاشایەتی ساڵی ١٩٦٦، ئاشبەتاڵی ١٩٧٤، ئاشبەتاڵی ١٩٨٨، ٣١ی ئاب و ١٦ی ئوکتۆبەر و تا دەگات بە حوکمڕانی ناعادیلانەی ٢٧ ساڵی هەرێم!
مێژووی مرۆڤاییەتی پڕە لە ئەزموون و نمونەی جوان، کە پێمان دەڵێن ئەگەر کەمیش بێت سەرکردە و سیاسەتمەداری خاوەن بیروباوەڕ و هەڵگری ڕەوشتی سیاسی هەبوون کە بە پراکتیک ئەم بڕوایەی خۆیانیان خستۆتە بواری کارپێکردن و سەرکەوتووبوونە و لە لاپەڕەکانی مێژوودا ناویان وەک ئەستێرەیکی پرشنگدار دەدرەوشێتەوە. 
ماندێلا و نووسەر و سیاسەتمەدار نۆمان چۆمسکی، هیچ بەرژەوەندییان لە ڕەتکردنەوەی بانگێشتی تورکیا نەبوو، کاتێک گوتیان ئامادە نین ڕوو بکەیەنە وڵاتیک میللەتێکی ٤٠ میلیۆنی کە کوردە بە دەستی ڕژێمی تورکیادا دەچەوسێتەوە. دوو ساڵ پێش ئێستا چومسکی لە میدیاکاندا بە ئەردوغانی گوت " من ئامادە نیم لەسەر داوا و بانگێشتی مڕۆڤێکی وەک تۆ بێم بۆ تورکیا"! لە کاتی لەشکرکێشی تورکیا بۆ سەر عەفرین دووبارە چومسکی پێش هەموو نووسەرانی دنیا دەنگی هەڵبڕی دژ بە دەسەڵاتدارانی وڵاتەکەی کە "ئەمریکای"ە و گوتی "تورکیا ناتوانیت هێڕش بکاتە سەر عەفرین ئەگەر ڕەزامەندی ئەمریکای مسۆگەر نەکردبێت". سەڕۆکی پارتی کرێکارانی کوردستان لە باکوور ئۆجەلان، بۆ دوو دەیە دەچێت بە تەنیا لە دوورگەیەکدا زیندانی کراوە، وێرای ئەوەش بە وشەیەکیش ملکەچی تورکیا نەبوو و گڕی شۆڕشی باکووریش هەر لە پەرەسەندنە!  کەواتە ئەم جۆرە کەس و بەڵگانە پێمان ڕادەگەیەنن کە ڕەوشتی سیاسی هەیە ئەگەر پەیڕەو بکرێت لە پێناو ئامانجە پیرۆزەکان و پشتکردن لە بەرژەوەندیی تایبەتی و شەخسی و خۆفڕۆشتن! 
پەکەکە هێزێکی کوردی تیرۆریستن

هەڵوێستی تاڵەبانی پێچەوانەی هەڵوێستی ئۆجەلان بوو، بۆ پاراستنی کورسییەکە و بەرژەوەندیی تایبەتی خۆی و ماستاو ساردکردنەوە بۆ تورکیا لە چاوپێکەوتنێکدا کە لە میدیا بیانییەکاندا بڵاو بۆتەوە، دەڵێت پەکەکە تیرۆریستن و لە بەرژەوەندیی نەتەوەیی کورد کار ناکەن و دەیانەوێت پەیوەندی باشی نێوان ئێمە و تورکیا تێکبدەن! ئەم هەڵوێستەی تاڵەبانی لە کاتێکدا بوو کە بە ئاشکرا هەموو دنیا دەیزانی کە ئەنقەرە لە هەر چوارپارچەی کوردستان دوژمنی سەرسەختی کوردە و دەستی سورە بە خوینی ژن و منداڵێ میللەتی کورد! 
تاڵەبانی لە ساڵی ٩١دا لە کۆبونەوەیەکی فرەوانی ئۆپۆزسیۆنی عیراقییدا کە لە بەیروت بەڕێوەدەچوو، وابەستە نەبوو بە هیچ مۆڕالێک، خوڕەوشتیکی سیاسی، یان ئەجێندایەکی تایبەتی پێشوەختی داڕێژراو بە کۆی دەنگی ئەندامانی پارتەکەی، یان بە بیروباوەڕێک یان بەو بەڵینانەی کە لە کۆبونەوە جەماوەرییەکاندا دەینەڕاند و بە میللەتی کوردی دەدا. تاڵەبانی لەم کۆبونەوە فرەوانەدا تەنیا کاری کردوە بۆ بەدەست هێنانی ڕەزامەندی ئۆپۆزسیۆنی عیراقی، بۆ ئەوەی لە دوا ڕۆژدا پشتیوانی لێ بکەن بۆ بوون بە سەڕۆک کۆماری عیراق! هەر وەک چۆن بەرهەم ساڵح لە ٢٠١٨دا پشتی لە پارتەکەی خۆی کرد، کڵاوی خستە سەر هێرۆ و مەسعود بارزانی، لە کۆبونەوەی فراکسیۆنە کوردییەکاندا گوتی با بچین بۆ هۆڵی پەرلەمان، من لەوێدا پەیمان بێت وەک کاندید بۆ سەڕۆک کۆماری عیراق دەکشێمەوە و مەیدان بۆ فوئاد کاندیدی بارزانی چۆڵ دەکەم! کەچی لە ژێرەوە کاری بۆ خۆی کردبوو لەگەڵ پەرلەمانتارە عەرەبەکان ڕێککەوتبوو پێشوەخت بەیانێکی حازر بەدەست لە گیرفانی بوو بۆ ئەوەی کە هەر کاتێک دەرچوو بەیانەکە بخوێنێتەوە! ئەم جۆرە پەیڕەو نەکردنی خوڕەوشتی سیاسی لە پێناو پێکانی ئامانج و بەرژەوەندییە شەخسیەکان بۆ میللەت لە کلتووری پارتەکانی باشووردا بە دیبلوماسیەت و زانا لە ئیدارەدانی سیاسەتدا ناسێنراوە!
شیخ فایق دەگێرێتەوە و دەڵێت من و تاڵەبانی و سەعد ساڵح جبوری لە لەندەن دانیشتبووین، کاتێک کە سەعد جبوری سەڕۆکی لیبرالەکان ئەمەی بە بیر تاڵەبانی هێنایەوە و گوتی لە یادتە کە 
" لە ساڵی ١٩٩١دا لە کۆبونەوەیەکدا لە هۆتیلی برستل، کە کەوتۆتە ناوەڕاستی بیروت، لە کاتی پشووداندا دانیشتبووین ، گفتوگۆمان بوو، دوای ماوەیەکی کورت،  شوعیەکان هاتن و پرسیاریان لە تاڵەبانی کرد و گوتیان "ئێمە خەریکی نووسینەوەی بەیانی کۆتایی کۆبونەوەکەین، دەمانەوێت بزانین تۆ هەڵوێستت چییە و لەگەڵ کێیت؟ تاڵەبانی لە وەڵامدا گوتی " ئەم پرسیارە مانای چییە؟ ئەوە پرسیاری ناوێت، من کابرایەکی چەپم و بە لای شوعیەدا دەشکێنمەوە، من پەروەردەی ئەو بیروباوەرەم و حزبەکەشم هەڵگری بیروباوەڕی چەپە، بێ گومان هەڵوێستم لەگەڵ ئیوەدا دەبێت!  دواتر بەعسیەکانی قیادەی قوتری سەر بە سوریا هاتن و لە تاڵەبانیان پرسی، تۆ لەگەڵ ئێمەی یان دژمانی؟ لە وەڵامدا تاڵەبانی گوتی ئەوە کەی پرسیارە ئێوە لە منی دەکەن، حزبەکەی من کە یەکێتی نیشتمانیی کوردستانە لە دیمەشەق دانەمەزرا و ئەی حافز ئەسەد یارمەتی نەداین ئێوە هەر لەگەڵ ئێمە نەبوون بۆ دامەزراندنی؟ ئەوانیش گوتیان بەڵی وایە. تاڵەبانی گەڕایەوە و گوتی ئێ بێ گومان من لەگەل بەعس و قەومیەکانم. دوای ئەوان ئیسلامییەکان، لە مەجلسی ئەعلا و حزبی دەعوە  هاتن و پرسیاریان لە تاڵەبانی  کرد و گوتیان، ئەوا بەیانی کۆتایی کۆبونەوەکە دەردەکەین تۆ لەگەڵ ئێمەی یان دژمانی؟ لە وەڵامدا تاڵەبانی گوتی ئەی من ٢٠ ساڵە لەگەڵ ئێوە کار ناکەم، ئیتر بێ گومان هەڵوێستم لەگەڵ ئێوە دەبێت! سەعد جبوری دەڵێت لە تاڵەبانی ووردبوومەوە و گوتم، چۆن دەبێت تۆ سێ وەڵامی دژ بە یەکت هەبوو، ئێستا دەمەوێت تێبگەم، کە تۆ لەگەڵ کێت؟ تاڵەبانی لە وەڵامدا گوتی ئیستا تۆ کارت بەم تێکەڵ و پێکەڵیە چییە، ئەوە ئێستا لەگەڵ تۆشم!  ئەم جۆرە هەڵوێستەی تاڵەبانی لەم کۆبونەوەیەدا لە کلتوور و ئەدەبیاتی پارتە کوردییەکاندا وەک دیبلوماسیەت و زیرەکی لە قەڵەم دەدرێت بەڵام  لە نێو سیاسەتمەداران و میدیا عەرەبەکان وەک نوکەتە و جێگەی گاڵتە پێکردن باس دەکرێت!

اقوی نکتە بین جلال تالبانی و شیخ فائق
ئەزموون و مێژووی ژیانی سەرانی پارتەکانی باشوور و پەیڕەوکردنی ئەو جۆرە سیاسەتە، تا ئێستا کوردی نەگەیاندۆتە هیج ئامانجێک تەنیا بووە بە مایەی سووککردنی و لەدەستدانی هەلە مێژوویەکانی کە بۆ ئەو میللەتە هاتۆتە پێشێ. 
لە نیو سەدە زیاترە، لە باشووردا ئەوەی ڕەوشتی سیاسی بێت پەیڕەو نەکراوە و نەبووە  بە بنەما بۆ پەروەردە کردنی میللەت، ئەندام و لایەنگرانی پارتەکان. لە زەمانی سەدامدا بوونی ٣٠٠ هەزار جاش جگە لە سیخور و بەعسی لە نێو کوردی باشووردا، ئۆباڵەکەی تەنیا لە ئەستۆی خەڵکدا نییە، ئەڵبەتە، ئۆباڵەکەی دەکەوێتە ئەستۆی سەرانی جوڵانەوە سیاسی و چەکدارەکانی کورد کە هەر ڕۆژەی جاشی لایەنێک بوون و کاریان بۆ ئەجێندای تایبەتی هەواڵگری وڵاتانی دیکە دەکرد و بازیان دەدا لە خۆفڕۆشتنێکەوە بۆ خۆفڕۆشتنێکی تر، کە لە ئەنجامدا میللەتیش چاوی لەوان دەکرد. لەم تێڕوانینەوە، لەژێر سایە و جۆری پەروەردەکردنی سەرانی پارتەکانی باشوور و ڕاهێنانی تاکەکانی لەنێو کۆمەڵگەی کوردی باشوور، ئەگەر جاران لە زەمانی سەدامدا توێژێک لە دایکبووی ڕەحمی زوڵم و ستەمکاری سەدامدا هەبوو کە بڕوای بە  گیانفیدایی و کۆشش و خەبات هەبوو، ئەمڕۆ لە دایکبوونی توژێکی لەو جۆرە لە نێو میللەتانی باشووردا لە ژیر سایەی پەروەردەی سەرانی پارتەکانی باشوور شتێکی مەحاڵە و چاوەڕوان دەکرێت ئەگەر بار و دۆخ گۆڕانی بەسەردا بێت و هەر داگیرکەرێکی دیکە هەلی بۆ برەخسێت کۆنتڕۆڵی تەواوی کوردستان بکات بەرهەمی ئەوجارەی جۆری پەروەردەی سەرانی پارتەکانی باشوور لە ٣٠٠هەزارەوە ئەگەر نەبێت بە گشت کۆمەڵگە، ئەوا بە دڵنیاییەوە بەرهەمەکەی لە ٣٠٠ هەزار دەبێت بە ٩٠٠ هەزار جاش! 

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە