سێ پیاوی سەر سپی، کە لە بەفری قەندیل دەچێت

Wednesday, 07/11/2018, 21:40

8898 بینراوە


ئه‌مرۆ سێشه‌ممه‌، لەبەیاننامەیەکدا وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا بڵاویکرده‌وە كه‌ واشنتۆن بڕی 5 ملیۆن دۆلاری‌ وه‌ك پاداشت ته‌رخانكردووه‌ بۆ ئاشكراكردنی‌ شوێنی موراد قەرەیەڵان‌ و 4 ملیۆن دۆلار بۆ جەمیل بایک‌ و 3 ملیۆن دۆلاریش بۆ دۆران کاڵکان.
 بەڵام نەی ووتوە دۆلارەکە بە کاش دەدات، یان دەیخاتە سەر حسابی بانکی ؟ نەشی ووتوە دۆلاری قولاپی دەدات یان هی ڕاستی ؟ 
له‌به‌رامبه‌ردا "ئیبراهیم کاڵن" وتەبێژی سەرۆکایەتی کۆماری تورکیا، رایگه‌یاند، “به‌پارێزه‌وه‌" سه‌یری ئه‌م بڕیاره‌ ده‌كه‌ین، بۆ ئێستا هیچ كه‌ڵكی نییه‌و پێمانوایه‌ له‌ده‌ركردنی دواكه‌وتون.
برایم ڕاست دەکات...! چونکە دەزانێت بڕیارێکی وا جگە لە کۆمێدیا هیچی تری لەهەناودا هەڵنەگرتووە ، چونکە گەر ئەوان توانیان ئەم سێ پیاوە سەرسییە لەناو بەرن ، ئەوە سەدان مرۆڤی تر جێگەیان دەگرێت و ئێستا لەهەموو جێگەیەکن ، وەک چۆن تورک وای دەزانی کە ڕێزدار ئۆجەلان بگرێت ، ئەوە کۆتایی یارێکەیە و دەتوانێت یارێکە بەرێتەوە، بەڵام بەگرتنی ئەو پیاوە نورانی یە ، ئاگری یارێکە زیاتر جۆشی سەندوو بوە بورکان ، ئێستا نازانن و ناوێرن تەنها جارێک چی یە لەکەناڵێکەوە پیشانی بدەن چونکە ئەو پەیامی پێیە کە لەهەناویدا ڕاستی هەموو ڕووداوەکان پیشان دەکات و ڕیسی ناتۆو دنیا پۆخڵەکەی سەرمایەداری و دیمکراسەقولاپێکە تێک و پێک دەداتەوە کەخۆیان کردۆتە فریشتە بەسەر ئاسمانی جیهانەوە .
وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا ئاماژه‌ی‌ بۆ ئه‌وه‌شكردووه‌ كه‌ لەساڵی 1997وە ئەمریکا پەکەکەی وەک رێکخراوێکی “تیرۆریستی” ناساندووە. لەساڵی 2011شدا ئیدارەی ئەمریکا پەکەکەی وەک رێکخراوێکی “تیرۆریستی” جیهانی ناساندووە.
 چ بێئەخلاقیەکە ئەمەریکا دەستی داوەتێ..! لەکاتێکدا تیرۆریست هەبێت دەوڵەتی تورکیایە کە بەبەرچاوی جیهانەوە تیرۆر دەکەن و کەس قسەناکات ، ئەردۆگان و هاو پیشەکانیان هەر دوێنی لە گردی سپی بەبەر چاوی ئەم جیهانە پۆخڵەوە خەڵکی سڤیل و منداڵیان تیرۆرکرد ، ڕۆژانە فڕۆکە جەنگێکانی تورک کورد دەکوژن و جیهان و ئەمەریکای دیمکراسی و ئەورپای مرۆڤ دۆست مێش میوانیان نی یە . 
 پێشتر کوڕە جەربەزەکەی تاڵەبانی ویستی بەر لە مردار بونی باوکی بە هێلکۆپتەرێکی شڕی تورک سەرکردایەتی پارتی کرێکاران لە ڕێگەی میتەوە بە پلانێکی فاشل دەستگیر بکات و بەو هێلکۆپتەرە کە لە لۆریان بارکردبوو بگوێزنەوە بۆ گەڤەڕ و هەر ١٢ ملیۆن دۆلارەکە بۆ پیرێژنە هێرۆ و پورە عەمیدەکەی ، بەڵام پلانەکەیان بوو بە بڵقی سەر ئاو ڕیسوایان بۆ مایەوە ، دانای ئەحمەد مەجیدی دزیش کە ئێستا گۆڕانە و ئەوسا پارێزگاری سلێمانی بوو پێشنیاری بۆ جەنەڕاڵێکی ئەمەریکی کردبوو کە بەساروخ چۆن لە ئیسلامییەکانیان دا "لە تەوێڵە" ئاواش لە قەندیل بدەن و ئاسەواریان نەهێڵن ،جەنەڕاڵە لەوەڵامدا ووتبووی: لەکوێی قەندیل بدەین؟ پاشان ئەوان نەمێنن قەندیل دەبێتە جێگەی شەمشەمەکوێرە ئیسلامییەکانی جیهان و تیرۆریست . 
نێچیری بە ئەخلاقیش خۆی ووتی : ئێمە ٣٧٠٠ جاشمان لەشەڕی دژ بە پەکەکە بەکوشدابوو لەگەڵ مامە جەربەزەکەیدا کە دەیویست دەوڵەت بۆ کورد دابمەزرێنێت . 
 واتە لە مێژە پلانی لەناو بردنی ئەوانە کەوتۆتە بواری جێبەجێ کردن ، ئێستا باسی لێوەدەکرێت ، ئەم کەڵچەرەی ئەمەریکا فیلمە کاوبۆیەکانمان بیر دەخاتەوە ، ئەوان هێندە دەبەنگن دێن هەڵاتویەک و پیاوکوژێک و دزێک بەیەک بەراورد دەکەن ، هەڤاڵ جومعە و قەرەیلان و کاڵکان و هەموو گەریلایەک لەو چیایە تەنها خۆی نییە ، بەڵکو زۆرایەتی گەلی لەگەڵدایە ، ڕاستە ئێمە لەباشور زۆر لەهەڵوێستی پەکەکە نیگەرانین بەرامبەر بە دەسەڵاتی کوردی ، بەڵام دڵۆپێک لەئارەقی ماندوو بونی گەریلایەک بەهەموو دەسەڵاتدارانی باشور ناگۆڕینەوە، ئێستاش کە ئەمەریکا کارتێکی وا سوا و بێفەڕ فڕێدەداتە ناو مێدیاکانەوە ، ئەوە زیاتر گەریلا و ڕابەرانی پەکەکە خۆشەویستر و بە بەهاتر دەبن .
 سەیرە تورک ئەو هەموو سوکایەتیەی بە ئەمەریکا کرد لە شەڕی کەنداو، هەروەها لە شەڕی دژ بە چەتەکانی داعشدا، کەچی هەر ناتوانن دەست بەرداری تورک بن ، دەزانن هۆکارەکەشی تەنها ئەو خۆفرۆشانەیە کە سیاسەتی باشوریان مۆنۆپۆڵ کردووە .

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە