بۆ ئەردوغان و پالمەری ئەمریکی و سێ پڵنگەکەی قەندیل!

Saturday, 10/11/2018, 15:03

6991 بینراوە


ڕۆژی سێشه‌ممه‌ ٦/١١/٢٠١٨، لەبەیاننامەیەکدا مەتیو پالمەر سەفیری ئەمریکا لە تورکیا، ڕایگەیاند كه‌ واشنتۆن بڕی ٥ ملیۆن دۆلاری‌ وه‌ك پاداشت ته‌رخانكردووه‌ بۆ ئاشكراكردنی‌ شوێنی موراد قەرەیەلان‌ و٤ملیۆن دۆلار بۆ جەمیل بایک‌ و ٣ملیۆن دۆلاریش بۆ دۆران کاڵکان. لەم بارەیەوە ئەنجومەنی بەڕێوەبەری هاوسەڕۆکایەتیی کەچەکە بەیاننامەیەکیان دەرکردوە.

**************************************************

بۆ پالمەر و ئەردوغان، ئایا ئەوەی ئێوە نەیکوژن نامرێت؟

لە یاسای سروشتدا مرۆڤ  یەکسانە، بەڵام مڕۆڤەکان لەسەر هەسارەی زەمیندا دەیانەوێت بە پارە، هێز، ڕوخسار، ڕەگەز و ئاین و بیروباوەر جیاوازی لە نێوان مرۆڤەکان دروست بکەن، وەک جیاوازی لە نێوان ژن و پیاودا، جیاوازی لە نێوان  ڕوخساری مرۆڤێکی  ڕەش و مرۆڤێکی سپیدا، جیاوازی لە نێوان هەژارێک و دەوڵەمەندێکدا، تا دەگات بە جیاوازی نێوان نەتەوە و میللەتانی ژێر دەست و وڵاتانی خاوەن سوپای زەبەلاح و دۆلاری ئەمریکییدا! ڕەنگە لە ڕووی سایکۆلۆژیوە ئەو جیاوازیەی کە بە ڕەواڵەت لەسەر بیناغەی ماتریالیزم، هێز و روخسار و ڕەگەز، نەتەوە و دین دروستکراوە، کاردانەوەی هەبووبێت لە جۆری بیرکردنەوەی خەڵک و بەرەو ئەو واهیمەیان ببات کە پێیان وابێت جیاوازی لە نێوان مرۆڤەکاندا هەیە و لە ئاکامدا مرۆڤەکان بە یەکسانی نابینن!

بە درێژایی مێژووی مرۆڤایەتییدا تا ئەمڕۆ، هیچ دەسەڵاتدارێک نەیتوانیوە لە ژیانی گیانلەبەراندا کۆنتڕۆڵی دوو پرۆسەی گرنگ بکەن ئەویش لە دایکبوون و مردنە! ئەو جیاوازیانەی کە لەسەر بیناغەی فشەڵی ماتریالیزمەوە دروست بووە، ڕەنگە کاردانەوەی هەبووبێت لەسەر دەستکەوتی ماددی بەڵام هەرگیز کاردانەوەی نەبووە لەسەر ئەو هەقیقەتانەی کە لە سروشتدا بەسەر مڕۆڤدا سەپێنراوە نمونە، پرۆسەی منداڵ بوون بۆ ڕەگەزی مێینە، لە سروشتدا، شاژنێک وشەنگەبێریەکی هەژار، بەهەمان ئازار و سەختییدا تێدەپەڕن بۆ پرۆسەی لە دایکبوونی کۆرپەیەکی ساوا، هەموو دۆلاری دنیا کۆبکرێتەوە، هەموو تەختی شاهانە بێتە هەژان، ناتوانیت شاژن دەرباز بکات بۆ ئەوەی بەو سات و کاتە سەخت و ئازارەدا تێنەپەڕێت کە شەنگبێریەکی هەژار لە کاتی منداڵبووندا پێیددا تێدەپەڕێت!

مردن، بۆ مەلیکێک و شوانێک هەمان پرۆسەیە. کاتێک کە مەلیک دەمرێت، لەشکرێک بۆ سەلاملغی تەرمی مەلیک ڕادەوەستن، لە تابوتی لە زێر دروستکراوی دەنێن، بەرەو گۆڕستانی دەبەن، فەرشی سوور ڕادەخرێت بۆ ئەوەی تەرمی مەلیکی بە سەردا تێپەڕێت، بەڵام لە کۆتاییدا بیانەوێت یان نەیانەوێت، چارەنووسی مەلیک هەر وەک شوانەکە دەبێت و دەخرێتە نێو گڵکە و دەنێژرێت، لە ژێر گڵەکەش هەر دووکیان هەمان چارەنووسیان دەبێت!

ئەگەر لە مێژوودا پاشا و مەلیک و سەڕۆکەکانی دنیا بۆیان بلوابوایە کۆنتڕۆڵی ژیان و مردن بکەن،  ئەوا بێ گومان ئەردوغان یەکێک دەبوو لەوان، تا هەتایێ لە ژیان و سەڕۆکایەتی تورکیا دەمایەوە و گۆڕستانەکانیش تەنیا دەبوو بە کۆتا ماڵی هەژاران و نەتەوەی کورد!

پالمەری ئەمریکی و ئەردوغانی خاوەن سوپای زەبەلاح و پارە، هەردووکیان پێیان وایە ئەوان دەتوانن کۆنتڕۆڵی ئەرز و ئاسمان بکەن، بە پارە خەڵک هەڵخەڵەتێن و  بە مردنیش بیان تۆقێنن! ئەمریکا و ئەردوغان لە یادیان چووە کە تۆقاندنی ئەوان هەبێت یان نەبێت، مردن لە ڕێگەی هەموومانە نەک تەنیا بۆ هەژاران و سەرکردەی میللەتانی ژێر دەست، بەڵکو بۆ خۆشیان!
ئەمریکا و تورکیا، لە یادیان چووە کە موراد قەریلان، جەمیل بایەک و دوڕان کەلکان بە ئازادی لە دایکبوون و بە ئازادی ژیان و بە ئازادیش دەمرن. ئەم ڕەوڕەوەی مێژووش بە دۆلار و تۆقاندنی ئەوان لە سوڕان ناکەوێت و هەر بەردەوام دەبێت، دوای ئەوانیش بە سەدان هەزار کەسی دیکەش بە ئازادی لە دایکبوون و ئامادەن وەک ئەوان  بۆ بەرزترین لوتکەی قەندیل لە باڵەفڕکێ بدەن و ببن بە هەڵگری مەشخەڵی ئازادی و لە پێناو دادپەروەری و ئازادی و سەرفیرازیشدا بە سەر بەرزی سەربنێنەوە!


نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە