دیرۆکی گەڵا

Sunday, 18/11/2018, 19:44

9719 بینراوە


کە، چرۆ دەبێت بە گەڵا
بیر لە خەزان دەکاتەوە ؟

***
گوێم لە ورشە ورشی گەڵایە
بڵێی لە یەکتر تێبگەن ؟

***
کێ دەزانێت
گەڵاکانی، دنیا چەندن ؟
بڵێی هێندەی ژمارەی مرۆڤ بێ ؟

***
پێش کەوتنی هەر گەڵایەك
سەر بۆ زەوی، نەوی دەکا.
وەکو بڵێی، سوژدە دەبا.

***
ساتی کەوتنی، گەڵاکان
ئایا، هەست بە ئازار دەکەن؟
یا، وەکویەك سەما دەکەن ؟

***
لە خەزان و لە رەشەبا
بێباکە، سنەوبەر
بڵێی، هەست بە خەمی
کەوتنە خوارەوەی گەڵا کا؟

***
خشەی گەڵای دەم رەشەبا
ئاوازی ماتەمیینی پایزە
وەرزەکانی کە، نایزانن.

***
با، لوول دەخوات
گەڵا، بە دوای خۆیدا دەبا.
کە، دەبێتەگێژەڵوکە،
لە راستەوە..
گەڵا، بەرەو چەقی دەبا.

ڤالبی /دانیمارك
2013

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە