دوای بەهاری عەرەبی نۆرەی بەهاری ئەوروپییە

Wednesday, 12.05.2018, 9:13

6133 بینراوە


بە پێی پێشبینی ئابوریناسەکان هەڵئاوسانی ئێکۆنۆمی لە ئەوروپا کەم دەبێتەوە و ئەمەش دەبێتە هۆی خاوبونەوەی بازاڕ، هەندێک باوەڕیان وایە، کە ئەمە دەبێتە هۆی شکستێکی ئابوریی گەورە لە ئەوروپا و ئەمەریکا، کە هەر لە ئێستاوە دەستی پێکردووە.حکومەتەکانیش بۆ بەڕیوەبردنی وڵات بە بەرزکردنەوەی تاکس ئەو بۆشاییە ئابورییە پڕدەکەنەوە و هیچ تاکسێکیش ناخەنە سەر موڵتی ناسیۆنالەکان.
 بۆیە دوو هەفتە لەمەوبەر فەرەنسییەکان ڕژانە سەرجادە بە بێ ئەوەی هیچ سەندیکا و پارتێکی سیاسی بەشداری تێدا بکات، ئەمە یەکەم جارە شتی وا ڕوبدات، زیاتر بۆنی شەڕێکی ئەهلی لێ دێت. بەشی سەرەکی ئەم خۆپیشاندەرانە کەسانی خێزاندار و چینی کرێکارن، کە بە ئاشتیانە خۆپیشاندان دەکەن، ئەوانی تریان لە بەرەی چەپی توندڕەو و بەرەی راستی توند رەون، کە زیاتر باوەڕیان بە هیزە بۆ گەیاندنی دەنگیان، هەردوکیان دژی حکومەتی ماکرۆنن، داوای رۆیشتنی ماکرۆنیش دەکەن.پاش شەڕێکی گەورە لەگەڵ پۆلیسدا لە پاریس، ئەگەر بەو شەقامانەدا بڕۆیت کە خۆپیشاندەرەکان پیایدا تێپەڕبوون لە شوێنێک دەچێت کە بە فرۆکە بۆردومان کرابێت، تەنها لە شەقامێکدا دوانزە بانکم ژمارد، کە هەمویان سوتێنرابوون و پەنجەرە ئەستورەکانیان بە تەورو چەکوش تێک شکێنرابوون.
جاران خۆپیشاندانەکان لە ڕۆژهەڵاتی پاریسبون، مەیدانی باستیلو ریپۆبلیکو ناسیۆن، دوور لە پەرلەمان و شانزێ لیزی و کۆشکی کۆماریی و هەروەها گەرەکە دەوڵەمەند ەکان زیاتر تەرخانکرابوون بۆ خۆپیشاندانی مەسیحی و بەرەی راست، بەڵام ئەم خۆپیشاندانەی ئەم شەممەیەی رابوردو گوێزرانەوە بۆ ئەو ناوچانە.هەرچەندە حکومەت ڕێگری لێکردن، بەڵام پاش شەڕێکی گەورە شەممەی رابوردو خۆپیشاندەرەان مۆنیمۆنتی قەوسی سەرکەوتن، کە رەمزێکی گرنگی فەرەنسایە داگیریان کرد، پاش ئەوەی لەلایەن پۆلیسەوە بە شەڕێکی گەورە شەش جار دەرکراون هەر دەهاتنەوە و پۆلیس توانای نەمابوو بەرامبەر بە ژمارەی خۆ پیشاندەران بوەستێتەوە.
 بزوتنەوەکە ناوی ژیلێ ژۆنە، واتە بلوزی زەرد، ئەو بلوزانەن کە هەمومان هەمانە لە ناو سەریارەکانماندا، دووهەفتەیە لە دەرئەنجامی بەرزکردنەوەی تاکس لەسەر گازوالی سەیارە لەفەرنسا دەستی پێکردووە، گوایە ئەم گازوالە بۆ ژینگە خراپە و فەرەنسا ئەبێت گازی کاربۆن کەم بکاتەوە، بە پێی قانونی ئەوروپا.ئەمەش وەک هەموو تاکسێکی تر دەکەوێتە سەر شانی تاکی فەرەنسیی وەک چەندەها تاکسەکانی تر کە فەرەنسا و ئەوروپا هەمو ڕۆژێک بەسەر دانیشتوانیاندا دەیسەپێنن.هۆکاری سەرەکیش دەگەڕێتەوە بۆ ئەوەی کە ماکرۆن کاتێک هاتە سەر حوکم تاکسێکی لەسەر دەوڵەمەندەکان لابرد کە نزیکەی سێ ملیارد دۆلاری بۆ حکومەتی فەرەنسی وەدەست دەهێنا، بۆ پڕکردنەوەی ئەم سێ ملیارە ناچار تاکسی تری بەسەر چینی کرێکارو چینی مامناوەندا سەپاند.بۆیە ئێستاکە ماکرۆن بە سەرۆک کۆماری پیاوانی دەوڵەمەندەکان ناودەبرێت و خەڵکی دەڵێن، کە هەر دەوڵەمەندەکانن ژینگە پیس دەکەن و ئێمەی هەژاریش دەبێت تاکس بدەین.بەڵام شتەکان لە ئابورییدا هەموویان پێکەوە بەستراونەتەوە، هۆکاری لابردنی ئەو تاکسە لەسەر دەوڵەمەندەکان بەو مەبەستەیە، کە کایپیتال نەچێتەوە دەرەوەی فەرەنسا.
فەرەنسییەکان بەم دواهەمین تەکسە دەڵین: ئەو دڵۆپە ئاوە زیادەی کە کوپەکەی پڕکرد و لێی ڕژا، ئیتر خەڵکی بە خۆڕسکانە لە هەموو فەرەنسادا هاتوونەتە سەر جادە و داواکارییەکانیان ئەوەیە، کە مولتی ناسیۆنالیش وەک ئەوان تاکس بدەن نەک هەر ئەوان.دوابەدوای ئەمە داواکاریەکان زیاتر بوون؛ نەهێشتنی دیاردەی ئەوکەسانەی لە سەر جادە دەخەون، پیاچوونەوە بە هەموو سیستەمی تاکسدا، بەرزکردنەوەی موچەی کرێکاران، راگرتنی ئاستی مەچە لە 15 هەزار ئۆرۆ بۆ پیاوانی سیاسی و مودیری شەریکەکان....تاد 
نزیکەی 400 کەس گیراون 33 یان لەخوار هەژدەوەن 
528 بریندار
 130سەیارە و 6 دوکانو 112 خانوو سوتێنراون
وەزارەتی داد بە زویی ئەم تاوانبارانە حوکم ئەدات بۆ ئەوەی کە خۆپیشاندەرەکانی تر بترسێنن، سەندیکای دادوەرانیش دژی ئەم بڕیارە دەوەستنەوە و دەڵێن کە وەزارەتی داد لە ژێر داوای حکومەت و وەزیری ناوخۆ ئەم کارانە دەکات و ئەمەش شایەنی وڵاتێکی دیموکراسی نییە، بەڵام وادیارە ە حکومەتەکەی ماکرۆن زۆر ترساوە، چونکە چاوەڕوانی شتی وایان نەدەکرد، ئێستاکە لە 
کۆبونەوەدان و هەموو سەرۆکی پارتەکانیان بانگ کردووە بۆ گفتوگۆکردن، تا رێگە چارەیەک بدۆزنەوە، بەڵام کاتێک هەندێک کەس ویستبویان بەناوی بزوتنەوکەوە بچن لەگەل حکومەتدا کۆ ببنەوە، لەلایەن خۆپیشاندەرانەوە بەتەلەفۆن هەڕەشەی کوشتنیان لێکراوە، کە کەس بۆی نییە بەناوی ئەوانەوە بچێت بۆ لای حکومەت، ئەم دیاردەی هەڕەشەیەش شتێکی زۆر نوێیە لە فەرەنسا هەرگیز شتی وا لەوە و پێش روی نەداوە، جگە لەوەش هیچ پیاوێکی سیاسی نەهاتە سەر تەلەفیزیۆن بۆ باسکردنی ئەم رووادوە ناکاوە لەکاتێدا لە رابوردودا تەلەفیزیۆن پڕدەبوو لە پیاوانی سیاسی، لەبەر ئەوەی کە ئەوانیش سەریان سوڕماوە و دەزانن کە شتێکی نوی و ترسناک بەڕێوەیە.دوای ئەوەی حکومەتی ماکرۆن هەموو بڕیارەکانی هەڵوەشاندەوە بەڵام خەڵکی هەر نارازین و بەردەوام دەبن لە خۆپیشادان تا دواهەمین داواکاریان.
بزوتنەوەکە تا دێت گەورەتر دەبێت، جوتیارانی فەرەنساش بەهۆی هەمان گیروگرفتی باری ئابوریانەوە هەفتەی داهاتو ئەوانیش خۆپیشاندان دەکەن لەبەر ئەوەی کە ئەو مولتیناسیۆنالانەی شیر و کاڵای تریان لێ دەکرێت بەنرخێکە کە بەشی ژیانیان ناکات.لۆریە بار هەڵگرەکانیش بەهەمان شێوە شەممەی داهاتو بەشداری دەکەن.
 ئێستا بزوتنەوەکە لەگەڵ حکومەتیشدا دانانیشێت بۆ دۆزینەوەی ڕێگە چارەسەرێک، هەرچەندە ماکرۆن دەڵێت کە ئامادەیە دانیشێت لەگەڵیاندا بەڵام وادیارە ئەیانەوێت سەری لویسی شانازە جارێکی تر بپەڕێنن، یان پەرلەمان جارێکی تر هەڵبوەشێنرێتەوە و حکومەتی ڕزگاری نیشتمانی پێک بهێنرێت.هەرچۆنێک بێت گۆڕانکارییەکی گەورە بەڕێوەیە.
ئەم دومەڵە دەمێکە دەبوایە بتەقێتەوە، بەڵام بەهۆی کاری تیرۆریستی ئیسلامییەکانەوە؛ باتاکلانو شارلی ئێبدۆ، فەرەنسا کەوتە حاڵەتی فریاگوزاری، بەمانای ئەوەی کە لەو کاتانەدا حکومەت دەکەوتە حاڵەتێکی ترسناکەوە هەموو کۆبونەوە و خۆپیشاندانێک قەدەغە کرا بۆ ماوەیەکی دیاریکراو و رێگادرا، کە سەرباز و پۆلیسیش بۆیان هەبوو چەک بەکار بهێنن لەکاتی پێویستا، وا نزیکەی ساڵێکە ئەو حاڵەتە کۆتایی هاتووە و لەهەمان کاتدا هەلێکی تریان دا بە ماکرۆن هەتاوەکو فەرەنسا بەرەو پۆپولیسم نەڕوات، چاوەروانیان کرد، بەڵکو ماکرۆن چارەسەرێک بدۆزێتەوە.ئێستاکە خەڵکی هیوایان نەماوە و دەیانەوێت بە هێز گۆڕانکاری بکەن.
 بۆیە هەرچۆنێک بێت ئەم تەنگژییە بە گۆڕانکارییەکی گەورە کۆتایی دێت، پاشان لە داهاتوودا بە حکومەتێکی پۆپولیسم، ئەوساش بۆ کۆمەڵگەی بیانی و بەتایبەتی ئیسلامی گران دەبێت، کە پێ دەچێت ئەوانیش ناچار بن لەژێر پارتێکی سیاسیدا کۆببنەوە هەتاوەکو بتوانن ببنە یەک لەگەڵ چەپەکاندا بەرامبەر بە پۆپولیسم، بەڵام هەتاوەکو ئێستاکە کەسێکیان نییە لە ئاستێکدا بێت کە بتوانێت ببێتە سەرکردەیان.خەڵکیش ترسیان لە شەڕی ناوخۆ هەیە.
لەبەر ئەوەی کە فەرەنسا ناتوانێت بەتەنیا بڕیار بدات بەسەر مولتی ناسیۆنالدا و ئەمەش بەستراوەتەوە بە ئەوروپاوە، ئەوروپاش بەستراوەتەوە بە رکابەری ئێکۆنۆمی جیهانەوە، بۆیە وەک ئینگلتەرا هەندێک لە پارتە راستەکان باسی فرێکسیت دەکەن، مانای چوونە دەرەوەی فەرەنسایە لە ئەوروپا، کە ئەمەش کارێکی هەروا ئاسان نابێت.
ئێستاکە بێدەنگییەکی ترسناک پاریسی داپۆشیوە و چاوەڕوانی شەممەی داهاتو دەکەین، کە ئەمە چوارەهەمین شەممەی خۆپیشاندانە کە پێی دەڵێن ئەکسیۆنی چوار.ئەگەر پۆلیس کۆنترۆڵی پێ نەکرێت ئەوا ناچار دەبن سوپای فەرەنسی دابەزێنن بۆ کۆنترۆلکردنی پاریس.بەڵام لە ئێستادا کەس نازانێت فەرەنسا بەرەو کوێ هەنگاو دەنێت وچۆن ئەم خۆپیشاندانانە کۆتاییان پێ دێت ؟ چۆن حکومەتێک ئەتوانێت ئەم بارە ئاسایی بکاتەوە بە بەرزکردنەوەی ئاستی ژیانی چینی کرێکار و چینی مام ناوەندی، کەوا خەریکە لە ژێر تاکسا دەخنکێن، بۆیە لە 80% ی دانیشتوانی فەرەنسا پشتیوانی خۆپیشاندەرەکان دەکەن.
بریژیت باردۆ کە دەنگی بە مارین لوپێن ئەدا بە پێکەنینەوە دەڵێت: ئەگەر وا بڕوات ئەمیش دەبێتە کۆمۆنیست.
فاشتەکانی تورکیا دەرفەتیان هێناوە و دەڵێن ئەم خۆ پیشاندانانە دەستی (PKK)ی تێدایە.
ترەمپیش دەڵێت کەس ناتوانێت تازە کۆنترۆلی فەرەنسا بکات.
---------------------
خۆپیشاندانەکانی پاریس لەبەردەم مۆزەخانەی لۆڤەر.




(دەنگدراوە: 10 . زۆرباشە: 4.5/5)