ئێمە چیمانکرد و بۆ کێمان کرد و کێ لێی خوارد؟

Thursday, 06/12/2018, 20:31

8385 بینراوە


زۆرجار بیرلەساڵانی هەشتاکان دەکەمەوە و لە خۆم دەپرسم: دەبێ بۆ ئێمەی گەنج لەسلێمانی هێندە دەبەنگ بووبین ملی خۆمان لەچەقۆی بەعس دەسوو؟
ئاخر هزری مارکسیزم- لینیینیزم ئەوەی دەهێنا، کە سەرانی شاخ فریومان بدەن و  نارنجۆکێکی چروکمان بۆبنێریت تافڕێی بدەینە زیلێکی سەربازی ئەو سوپایەی ناومان نابوو سوپاسی بەعسی عەفلەقی؟ لەولاشەوە ژن و منداڵی خۆیان  دوور دەخستەوە و رەوانەی دەرەوەی وڵاتیان دەکرد.، کەسێکیان لێنەدەکردن بە پێشمەرگە، لە ئاگر و  مەرگ دووریان دەخستنەوە؟
ئاخر چۆن دەبێت قیادەیەکی چەپی شاخ دەمانچەی لوولەخۆرکەی لێدراو بنێرێت بۆ گەنجێکی کۆمەڵەی ناوشار بۆ سزادانی سیخۆڕێکی کورد یاخود بەعسیەکی عەرەب کەچی لەکاتی تەقانیدا چرووک بکات؟ خۆشیان تازەترین و جوانترین چەکیان دەکردە شانی خۆیان تا ئەو رۆژەی لە شاخ هاتنە خوارەوە تەقەیان پێنەدەکرد، یان بۆ نیشان و تەقەی خۆشی و راوکردن بەکاریان دەهێنا!.
ساڵی ١٩٨١ من و هاوڕێی شەهیدم ڕەسوڵی مام براهیم کە نیشتەجێی بەکرەجۆ بوو، بەکۆمەڵێک پۆستەر و بەیاننامەی کۆمەڵەوە دەبوو بچینە ماڵی هاوڕێیەکمان لە کۆمەڵە، کە ماڵیان لەگەڕەکی باخی شێخ لەتیف بوو.  وا ئاگاداریان کردینەوە ئەو هاوڕێیەمان کاتژمێر پێنجی ئێوارە لەبەردەم مزگەوتی بەرخانەقا چاوەڕێمان دەکات و دەمانبات بۆ ماڵی نەنکی، کاتژمێر بوو  بە شەش دیارنەبوو،  بوو بەسەعات حەوت هەر دیار نەبوو. شەهید ڕەسوڵ پێی ووتم با لە دەرگای هەموو ماڵەکانی باخی شێخ لەتیف بدەین خۆمان و شانسمان یەکێک لەو ماڵانە هاوڕێکەی خۆمان دەردەچێت.
سەرتان نەیەشێنم و تووشی ئازارتان نەکەم،  لە هەرجەڕەس یاخود دەرگایەکمان دەدا لەترسا کەس دەرگای نەدەکردەوە،  دواجار ماڵێک دەرگای لێکردینەوە کە ئێمەی بینی ویستی دەرگاکە دابخات، بەڵام شەهید ڕەسوڵ میلی دەمانچەکەی لەجۆری میکاریۆف بوو پێی ووت دەرگاکە دابخەیت مێشکت دەتەقێنم، کابرای خاوەن ماڵ فەرمووی لێکردین و ووتی فەرموون ماڵ ماڵی خۆتانە بێ ئەوەی بزانێت ئێمە کێن یان چین دزین یان دووگەنجی سەرکێش؟
بە شەهید ڕەسوڵی هاوڕێم ووت: ئێستا چی بکەین ئەمشەو لەکوێ بخەوین بێ سڵکرنەوە ووتی لە گردی سەیوان دەخەوین منیش پێم ووت ڕازیم بەس بادەمانچەکەت تاقی بکەینەوە بزانین گوللەدەتەقێنێت کە تاقیمان کردوە هەر هەموو گولەکان چروکی کرد.
ئێستاشی لەگەڵدابێت من بەدوای ئەو پرسیارەدا دەگەڕێم، کە ئێمەچیمان کرد و چیشمان بەرهەم هێنا؟

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە