ئەکسیۆنی چوار، یاخود رۆژی شەممەی سوری ژیلێی ژۆن لە فەڕەنسا

Friday, 07/12/2018, 14:08

15280 بینراوە


چەندە لە ڕۆژی شەممە نزیک دەبینەوە، دڵمان خێراتر لێ ئەدات. دەڵێن: شەممەی سور، شەممەی بڕیاردەر، شەممەی کاۆ (KO)، پێ دەچێت ئەم شەممەیە وەک ڕۆژێکی گرنگ بچیتە مێژووی فەرەنساوە.
ئێواران لە پاریس هاتوچۆ وەک خۆیەتی، دوای کار خەڵکی دەچن بە خێرایی دیاری بۆ جەژنی کریسمس دەکڕن، شەوان گەنجان لە چێشتخانەکان و بارەکاندا وەک جاران خەریکی رابواردنن، بەڵام کاتێک پرسیارێک لە گەنجێک دەکەیت کە شەممە چی رووئەدات، هەر خێرا بە زەردەخەنەیەکەوە دەڵێت دەبێتە کاۆ (KO)، ژنێکی بەساڵاچوو لە میترۆدا هاواری دەکرد ؛ ماکرۆن دێگاژ.
بزوتنەوەی ژیلێ ژۆن وا خەریکە ئەوروپا دەگرێتەوە، لە ئەڵمانیا و سێربی و بەلژیکا و هۆلەنداش بە ژمارەی کەم دەستی پێکردوە، هەرچەندە ئەوەی ئەڵمانایا وەک دەڵێن بەرەی ڕاستەکانن. لەبەر ئەوەی کە داواکارییەکانی ژیلێ ژۆن لە قوڕگی مولتی ناسیۆنالەکاندایە، بۆیە بۆ جێ بەجێکردنیان دەبێت بزوتنەوەکە ببێتە بزوتنەوەیەکی ئەوروپی. 
حکومەت بچوک بۆتەوە، بەڵام ئەیەوێت بۆ ڕۆژی شەممە بە هیزی سەربازی خۆی بسەپێنێتەوە، لەهەمان کاتدا هەندێک نەرمی دەنوێنێت بە پەیماندانی بەرزکردنەوەی موچەی دەرەجە یەکی کرێکاران، کە ئێستاکە تەنها 1185 ئۆرۆیە، کە ئەم موچەیە لە شارێکی وەک پاریسدا بەشی دەرامەتی ژیان ناکات، بەم کەسانە دەوترێت هەژاری نوێ، هەندێک لەم کەسانە کاردەکەن و لەسەر جادە دەخەون. هەروەها بە بڕیاردانی کەمکردنەوەی تاکس، بەڵام هێشتا ماکرۆن پەشیمان نەبۆتەوە لەو تاکسەی کە لەسەر لۆرتەکان کە لای بردبوو، خۆ ئەگەر پەشیمانیش بێتەوە ئەوا ژیلێ ژۆن پەشیمان ناکاتەوە.
بۆ ڕۆژی شەممە هەمو بازاڕ و دوکانەکانی دەوروبەری شانزەلیزێ داخراون، ئۆپرا و مۆزەخانە و بورجی ئیفلو ئەو شوێنانەی سپێکتاکلی تیادا دەکرێت داخراون، زۆر لە بۆنەکان وەستێنراون، 89 هەزار پۆلیس بۆ فەرەنسا ئامادەکراوە، بەشێکی زۆری لە پاریسن، لەگەڵ دوانزە زرێپۆشی خێرا کە ئەمە یەکەم جارە لە پاریس بەکار بهێنرێت، هەر لە ئێستاوە چەند کەسانێک بە چەکی قورسەوە گیراون. ئەم خۆئامادەکردنە لەبەر ئەوەیە کە پۆلیسەکان وتویانە ئەوەی تیایدا ژیاون وەک شەممەی رابوردو لە ناو پاریسدا لەگەڵ خۆپیشادەرەکاندا لەشەڕی گەورەشدا ئەوەیان نەبینیوە، هێندە هیلاکبون ژیانیان کەوتبوە مەترسیەوە خەریکبون چەکەکانیان بەکار بهێنن، زانیارییان دەستکەوتوە کە خۆپیشاندەران ئەدەن بەسەر کۆشکی سەرۆک کۆمار و پەرلەماندا، بەپێی پێشبینیەکان کەسانێک دێن تەنها بۆ کوشتن، بۆیە خۆیان بۆ هەموو ئەگەرێک ئامادەکردووە، هەر بۆیەش بۆنی خوێنی لێدێت هەندێک ئۆفیسی پۆلیس هاواریان لێ هەستاوە کە لە هەندێک ناوچەدا ژمارەیان کەمە و لەکاتی هێرشی خۆپیشاندەراندا توانای بەرگرییان نابێت، بەڵام بەرامبەر ئەم هێزی پۆلیسەش خۆپیشاندەرەکان ئەزمونیان هەیە لەگەڵ شەڕدا و بە کۆد پەیوەندی دەکەن لەسەر تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان، بۆیە ئەتوانن فێل لە هێزی پۆلیس بکەن و بەسەریاندا زاڵ بن، لەبەر ئەوەی ساڵێک لەمەوبەر هەمان ئەم خۆپیشاندەرانە لە ناوچەیەکی دوور لە پاریس لەگەڵ ئەم زرێپۆشانەدا جەنگاون. لەهەمان کاتدا دەمڕاستی ژیلێ ژۆن لەسەر تەلەفزوێن دەڵێت ئێمە بە ئاشتیانە خۆپیشاندان دەکەین و زۆرێک لە خۆپیشاندەران بڕیاریان داوە لە ناوچەکانی خۆیان بمێننەوە و ئەکسیۆن بکەن و نەیەنە ناو پاریس.
ماکرۆن لە کۆشکەکەی نایەتە دەرەوە و لە رابوردوشدا نەیویستوە گوێ لە داواکارییەکانی ژیلێ ژۆن بگرێت، هەرچەندە بڕیاری داوە دوای شەممە قسە بکات بەڵام وەک خۆی وتویەتی گوایە نایەوێت لە ئێستادا بەنزین بکات بە ئاگردا، خۆپیشاندەرەکان داوای لێدەکەن کە خۆی دەربخات، لەکاتێکدا لە رابوردوودا هەموو سەرۆک کۆمارەکانی فەرەنسا لەکاتێکی ئاوادا راستەو خۆ لەسەر تەلەفزوێن قسەیان بۆ خەڵک دەکرد، بەڵام ئەو بێ دەنگە. کاتێک لە راگەیاندنەکاندا ماکرۆن دەبینرێت لە کەسێکی ماندو دەچێت، خەو نەچوبێتە چاوی. لە راگەیاندنەکاندا واباس دەکرێت کە ماکرۆن و هەندێ وەزیر لە ژیانی خۆیان دەترسن بۆیە دەوری کۆشکی سەرۆک کۆمارو پەرلەمان گرنگیەکی زۆری پێدراوە، پۆلیس چواردەوری قەوسی سەرکەوتن دەگرێت، گوایە خۆپیشاندەران نیازی کۆدێتایان هەیە. لە پەرلەمان باسی سەپاندنی باری نائاسایی دەکرێت بۆ کۆنترۆلی بارەکە، بەڵام هەندێک ڕێکخراو دژی دەوەستنەوە، لەگەڵ ئەوەشدا کە لە 53%ی فەرەنسی لەترسی کاۆ (KO) لەگەڵ سەپاندنی ئەو بڕیارەدان بۆ پاراستنی ژیانی خۆیان، ماڵە دەوڵەمەنداکانی دەوری شانزەلیزێ و گەرەکی شنازە و هەشت و حەوت لە ژیانی خۆیان دەترس. 
سەرۆک وەزیران دەڵێت بیری لە وازهێنان کردۆتەوە بەڵام جاڕیک ماکرۆن هیچ نیازی نییە گۆڕانکاری لە حکومەتەکەیدا بکات، ئەویش بێگومان بەستراوەتەوە بە خۆپیشاندانەکانی شەممەوە. ئەگەر ئەم خۆپیشاندانانە دەرئەنجامەکەی خراپ بێت، ئەوا هیچ کەس نازانێت داهاتوی فەرەنەسا بەرەو کوێ دەڕوات، هیچ کەسێکی سیاسی لە ئێستادا پلانێکی نییە بۆ بەڕێوەبردنی وڵات و دۆزینەوەی رێگاچارەیەک لەبەر ئەوەی کە ژیلێی ژۆن و خەڵکی لە ژیانی کولەمەرگیی خۆیان زۆر توڕەن، بۆیە بە ڕێفۆرمی بچوک رازی نابن.
خۆ ئەگەر خۆپیشاندەران بکەون بەسەر کەسانی سیاسی وەک سارکۆزیدا ئەوا وەک قەزافی بەسەر دەهێنن. لەبەر ئەوەی کە ئەمانە لە ڕابوردودا زۆر بە لوت بەرزیەوە دژی گەنجان و کرێکاران ئەدوان، هەر وەک بارۆنەکانی سەردەمی لویسی شانزە، بۆیە خەڵکی دەیانەوێت لوتیان بشکێنن، بۆ نمونە سارکۆزی کاتێک بە جادەیەکدا تێدەپەڕی لەگەڵ ئافرەتێکدا لە پەنجەرەی نهۆمێکەوە قسەی دەکرد، دەیپرسی: ئێوە لەم شەلاتیانە بێزار بوون ؟ مەبەستی لەگەنجەکانی گەڕەک بوو، ئێمە بەم زوانە بە کارشێر پاکیان دەکەینەوە، کارشێر ئامێرێکە، کە بە تەوژم ئاوی گەرم فڕێ ئەدات بۆ پاکردنەوەی پیسی و چەوری، ئەم قسەیەی سارکۆ لە گۆرانییە راپەکاندا دەوترێتەوە بۆتە جوانترین گۆرانی ڕاپ، کە تیایدا ئەوانیش سەرۆک کۆمارو وەزیرەکان بە شەلاتی ناودەبن، ماکرۆن بەخەڵکی ئەوت: ئەگەر دەتەوێت کار بکەیت بڕۆ قاتێک لەبەرکەو بۆینباخێک ببەستە ئەوا لەوبەری جادەکەوە کاردەدۆزیتەوە.
...................
KO ؛ کورتکراوەی وشەی knock-out لە یاری بۆکسدا کاتێک یەکێک لە بۆکسێشەکان دەکەوێت بە زەویدا، ناوبژیوانەکە هەتا ژمارە دە ئەژمێرێت ئەگەر هەڵنەسایەوە، ئەوسا ناوبژیوانەکە دەڵێت؛ کاۆ، بەمانای ئەچیتە دەرەوەی یاریەکە و ئەوی تر بردویەتەوە.
گۆرانی ڕاپی ؛ kery James لەم لینکەی خوارەوە:

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە