نادیە مراد ئەو گوێرەکەیەی لێدەرچوو، کە چەقۆی قەساب دەلێسێتەوە

Saturday, 15/12/2018, 0:51

10929 بینراوە


هیندییەکان دەڵێن : "تاوانە بۆ بردنەوە یاری بکەیت، لێ سەرکەوتنە ئەگەر یاری بکەیت بۆ فێربوون"

ڕۆژئاوا وەکو سیاسەت و بەررژەوەندی خۆیان بۆ ئەوەی سۆزی دنیا بۆ خۆیان رابکێشن، هەموو ساڵێک لە ڕێگەی خەڵاتی "نۆبڵەوە " لێرەو لەوێ خەڵکانی سەیر و سەمەرە دەهێنن نۆبڵی ئاشتیان پێدەدەن و مێدیاکانیان بە وێنە و هەواڵ پڕی دەکەنەوە و لێدوانی سەیری لەسەر دەدەن، تا وا تێبگەینن، کە ئەوان پەپولەن و نایانەوێت پەڕی گوڵێکیش بڕوشێنن.
نادیە مراد ئەمساڵ نیو نۆبڵی وەرگرت و بەعەرەبییەکی تێک شکاو ووتارێکی خوێندەوە، ئێمە وەک کوردیش وەک مرۆڤ پێمان خۆش بوو، کە تراژیدیای برا و خوشکە ئێزیدێکانمان، لە کەسایەتیی ئەو خانمەوە بناسێنرێت، دواجار جیهان بینی، گەرچی ڕەخنەیەکی زۆر لەم خانمە خنجیلانەیە گیرا، بەڵام من وەک مرۆڤێک و وەک هەستکردن بەئازاری ئەم خانمە لەناخەوە دڵشاد بووم بەو دەرکەوتنەی و ئەو خەڵاتەی وەریگرت .
بەڵام ئەمڕۆ دەڵێم بریا لەباتی ئەو خەڵاتە، یەک تراکتۆر ڕیشی داعشی وەربگرتایە، چونکە لە کاتێکدا تۆ بەگریانەوە چیرۆکی خۆت و خێزان و قوربانێکانی دەگێڕایەوە، لەبەر ئەوە نادیە خانم ئەوە نەوەی ئەو پیاوە قەزمەی هەرێم بوو، کە ڕێگەی خۆشکرد تا چەتەکانی داعش واتان لێبەسەر بهێنن. بەڕاستی ڕەگەزی مرۆڤایەتی ئەشکەنجە دەکرێت، لە یاریە سیاسییەکاندا، پیاوێکی پوتی وەک شێخی ئێزیدیان، کە شەو و ڕۆژ لە لای مەسعودە و ئەو هەموو سوکایەتیی و ڕاکردن و ترسنۆکییەی چەکدارەکانی پارتی و هەڵوێستیانی دی، کەچی ئەم ناپیاوە هەر خزمەتکار و غوڵامێکی ئەم بنەماڵە خائینەیە.
 لە جەژنی ئێزیدێکاندا ئەو کورتە فیلمەم دی سیرە مامز بینی وەک مزراح دەخولایەوە، لەو لاشەوە ووتم بێئافات بێت، ئەم ماستە گوریسێکی تێدایە! چونکە بە هەموو پێورەکان شەرمە ئێزیدێکان بیانهێشتایە کەس لەم بنەماڵە خائینە نزیکیان بێتەوە، بەڵام شێخی ئیزیدیان و مافیا پارەخۆرەکان بەوە نەوەستان هاتن "نادیە مراد"یشیان ناردە لای پیسترین مرۆڤ، کە پڕە لە بوغز و تێکشکان و جاسوسی و پیاوی تورک و فارس و کۆیلەی دنیا.
ئەم دیدارە بەم بلوسە زەردەوە قسە زۆر هەڵدەگرێت، بەڵام چونکە ئەو کچە گوندییە و هیچ نازانێت، تەنیا رووداوەکەی شەنگال کردوویەتی بەو کچەی کە ئەمڕۆ گەیشتۆتە ئاستی وەرگرتنی نۆبڵ، سبەی دەبێت بەبەڵا بەسەر هەموو ئێزیدێکانەوە، خۆ قابیلە "مالالا"بێت!؟ نا ئەوە بەختی کورد نییە، کەسێکی باش و وشیار و عاقڵی وای لێ هەڵبکەوێت، لە ئاستی وەرگرتن و تێگەیشتنی ئەوەدا بێت، کە بزانێت بۆچی ئەو خەڵاتەی پێ دەدەن،! قابیلە وەکو ژان پۆل سارتەر بێت رەفزی خەڵاتەکە بکات و تێبگات کە هەڵوێست و روودانی کارەساتەکە لەو خەڵاتە گەورەترە، کە ئەم وەریدەگرێت و رەفزی بکات! یان وەکو رەفزی ناکات، ئایا دەتوانێت رووی راستەقینەی هۆکاری رووداوەکەی شەنگال بە دنیا بناسێنێت!؟ کەچی بە پێچەوانەوە دەچێت بۆ لای یەکێک لەوانەی کە هۆکاری ئەو کارەساتە بووە بەسەر خۆی و شەنگالییەکاندا هاتووە! بەڕاستی ئێمە گەلێکی سەیرین!
دواجار هەموو دەزانین کەوا میوەیەکی بۆگەن لەسەبەتەیەکدا هەموو میوەکانی تر تێک دەدات . شیخی ئیزیدیان ئەم گۆڵەشی کرد ، بەداخەوە دەبوو نادیە بچوایە قەندیل و لەوێ بیوتایە ئێوە کەرامەتتان بۆ ئێمە گەڕاندەوە، سوپاسی بکردنایە و پێڵای گەریلایەکی بە پیرۆزتر بزانیایە لە جامانەی سووری بارزانیی! بوایە نەک دیدار لەگەڵ مرۆڤێکی پیس و موخابەراتی ناوچەکە و دوژمنی کورد و گەلەکەیدا بکات.
نادیە موراد لە بێ عەقڵی خۆێدا بۆ بێدەسەڵاتی خۆی دەگری ، چەندە جێگەی بەزەییە ئەم خانمە خنجیلانەی هەڵگری نۆبڵ کە ناشایانی ئەو نۆبلەیە و نە شایانی ئەو کارەسایەیە کە بەسەر کوردی یەزیدییدا هات! ئاخر خائینەکان ویستیان کارەساتی شەنگال لە نادیە موراددا کۆبکەنەوە، سەرکەوتوو بوون و کردیان.

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە