پیسترین نووسین، بە دەست و خامەی سەلەفییەکی سووک

Saturday, 12.15.2018, 20:59

2878 بینراوە


(KP): رۆژنامە و راگەیاندن و میدیا بەناو ئەهلییەکان هیچ مەرجێکیان نییە بۆ بڵاوکردنەوە، خۆشیان بە ئۆپۆزیسیون لایەنگری خەڵک دەزانن، قسەی زل زل و قەڵەویش دەکەن، لەملاشەوە دەرگا بۆ خائین و سوکفرۆش و سەلەفی و ئۆردوگانی و عەلی قەردەغییەکان دەکەنەوە، تا بێنە ناو ماڵی کورد و پیسی بکەن. ئەم نووسینە قسە زۆر هەڵدەگرێت، مەسعود بارزانی چونکە کابرایەکی خۆفرۆش و خائینە، بۆیە سەلەفییەکان و ئیسلامییە خۆفرۆشەکان، هەروەها هەموو حیزبەکانی تر بە شان و باڵیدا هەڵدەدەن.
---------------------------------
مه‌سعود بارزانی له‌نێوان ئه‌مریكا و گه‌لی كورد و ئیسلامییه‌كان
عه‌لی سیرینی
مه‌سعود بارزانی پێی ده‌گوترێت فه‌رمان ڕه‌وای ئه‌رزی واقیع (الحاكم الفعلی: de facto ruler)، ئنجا تۆ پێت خۆش بێت یان نا، ئه‌مه‌ ڕاستیه‌كه‌ ده‌توانیت تا ته‌مه‌نت ماوه‌ هه‌ر ئینكاری بكه‌یت. سروشتی حاكم ئه‌وه‌یه‌ میلله‌ت گوێ ڕایه‌ڵی بێت نه‌ك دژی بێت. هه‌ر میلله‌تێك “فره‌ هێزیی” له‌ناو دروستبو، بۆ ململانێ له‌سه‌ر كورسی‌و فه‌رمانڕه‌وایی، دوچاری فه‌وزاو ئاشوب‌و لاوازیی ده‌بێت.
لێره‌دا هه‌ر هه‌موو ئه‌م هێزانه‌ له‌كاتی لاوازیی‌و ململانێی یه‌كتر، په‌نا بۆ هێزی ده‌ره‌كیی ده‌به‌ن. ئه‌گه‌ر هه‌موویان كۆك بن‌و به‌لایه‌نی كه‌مه‌وه‌ ڕێكه‌وتن هه‌بێت له‌نێویان، له‌سه‌ر ئه‌و خاڵه‌ سه‌ره‌كیانه‌ی نیشتمان‌و گه‌ل‌و به‌رژه‌وه‌ندی باڵا، حاكم یان سه‌ركرده‌ی ئه‌م وڵاته‌ به‌رامبه‌ر به‌هێزی ده‌ره‌كیی به‌هێز و توانا ده‌بێت‌و مل كه‌چ ناكات. به‌ڵام ئه‌گه‌ر فره‌ هێزیی له‌نێو ئه‌م گه‌له‌ دروستبوو هێزه‌كان له‌لایه‌ن هێزه‌ ده‌ره‌كیه‌كان پاڵپشت ده‌كران‌و یارمه‌تی ده‌دران، ئه‌وا حاكمی وڵات ناچار ده‌كرێت ئه‌ویش بۆ به‌رگری له‌خۆی‌و هێزو ده‌سته‌ڵاتی، بچێته‌ ژێر باری هێزی ده‌ره‌كیی.
ئه‌م حاڵه‌ته‌ به‌ درێژایی مێژووی مسوڵمانان و غه‌یره‌ مسوڵمانانیش ڕوویداوه‌. كاتێك ململانێ له‌ سه‌ر ده‌سته‌ڵات ڕوویداوه‌، زۆر جار ته‌نانه‌ت له‌ نێو برا و برا یان باوك و كوڕ یان یه‌ك بنه‌ماڵه‌ی ده‌سته‌ڵاتدار، په‌نا بردراوه‌ بۆ هێزی ده‌ره‌كیی نا مسوڵمان و نمونه‌ش زۆرن هه‌ر له‌ ده‌وڵه‌تی ئه‌مه‌ویی و عه‌بباسیی و ئه‌یوبییه‌وه‌ تا ده‌گاته‌ ده‌وڵه‌تی عوسمانیی و ده‌وڵه‌ته‌ ناسیۆنالیه‌كانی ئێستا.
مه‌به‌ستی ئه‌م وتاره‌م، سه‌رنج ڕاكێشانی خوێنه‌ره‌ بۆ تێفكرین له‌ واقیعی كوردستان، له‌ ساڵی 2014وه‌ تا ئه‌مڕۆ. ساڵی 2014 مه‌سعود بارزانی زۆر به‌هێز بوو و به‌فیعلیی حاكمی كوردستان بوو، پێگه‌ی خۆی و هه‌رێم له‌ ئاستی عێراقدا به‌هێزترین پێگه‌ بوو. ته‌نانه‌ت كه‌ وه‌زیری ده‌ره‌وه‌ی ئه‌مریكا، جۆن كێری، هاته‌ هه‌ولێر، مه‌سعود بارزانی پێشوازی لێنه‌كرد و گوتی ئه‌مجاره‌ عورفی دیبلۆماسیی په‌یڕه‌و ده‌كه‌ین، كه‌ سه‌ر به‌ سه‌ر، ڕێوڕه‌سمی پێشوازیكردنی میوانان به‌ڕێوه‌ بچێت. فه‌لاح مسته‌فا (به‌رپرسی كار و باری ده‌ره‌وه‌ی هه‌رێم) پێشوازی له‌ جۆن كێری كرد. له‌ هه‌مان كاتدا ئۆبۆاما داوه‌تنامه‌ی بۆ مه‌سعود بارزانی ناردبوو، به‌ڵام بارزانی به‌ ڕاشكاوانه‌ ئه‌م داوه‌تنامه‌ی ڕه‌تكرده‌وه‌، گوتی ئه‌مریكا دژی ویستی میلله‌ته‌كه‌مانه‌ و ئێمه‌ وڵاتانی تر هه‌ن كاریگه‌رن له‌ دونیا له‌ گه‌ڵمانن، بۆ ئازادیی و سه‌ربه‌خۆیی. ئه‌وكات داعش موسڵی گرتبوو، بارزانی گوتی “تازه‌ عێراق كۆتایی پێهات و ئێمه‌ش گرفتمان له‌ گه‌ڵ ئه‌م ده‌وڵه‌ته‌ واقیعیه‌ نوێیه‌ نیه‌ و سایكس بیكۆ كۆتایی پێهات”!
ئیسلامیه‌كان، ئه‌وكاته،‌ له‌جیاتی پشتگیریكردنی بارزانی، به‌لایه‌نی كه‌مه‌وه‌ له‌به‌رامبه‌ر هێزێكی وه‌ك ئه‌مریكا كه‌ به‌دوژمنی ئیسلامی له‌قه‌ڵه‌م ده‌ده‌ن، هه‌ر خه‌ریكی جرتوچه‌قه‌نه‌ی ئه‌وه‌ بوون كه‌ بارزانی ویلایه‌ته‌كه‌ی ته‌واو بووه‌ و ده‌بێت واز بێنێت، گوایه‌ به‌ پێی “دیموكراسیی” ناشێت بارزانی به‌رده‌وام بێـت. كه‌وتبونه‌ دوای ئیمامه‌كه‌یان بزوتنه‌وه‌ی گۆڕان. یه‌كێتیش سه‌ودای به‌م بابه‌ته‌وه‌ ده‌كرد بۆ ده‌ستكه‌وته‌كانی خۆی. 
كه‌چی له‌ژێره‌وه‌ له‌گه‌ڵ په‌كه‌كه، له‌ژێر چاودێری ئێران و ئه‌مریكا،‌ ڕێككه‌وتبوون له‌ داعش بده‌ن. بارزانی ناچار كرا، ئه‌م شه‌ڕه‌ی داعش بكات، ڕیفراندۆم و ویستی سه‌ربه‌خۆیی بخاته‌ دواوه‌. ئه‌گه‌ر بیرتان مابێت، له‌ساڵی 2014 دوای كه‌وتنی موسڵ به‌ده‌ستی داعش، بارزانی له‌ په‌رله‌مان گوتی تازه‌ عێراق كۆتایی پێهات، داوا ده‌كه‌م په‌رله‌مان ئاماده‌كاریی بكات بۆ ڕیفراندۆم. ئه‌م نه‌خشه‌، به‌ هۆی فره‌ هێزی ناكۆكی ناو میلله‌تی كورد و ویستی هێزه‌ ده‌ره‌كیه‌كان، سه‌ری نه‌گرت. ئه‌مه‌ش به‌ڵگه‌یه‌ له‌ سه‌ر ئه‌و حیكمه‌ته‌ قووڵه‌ی شه‌رعی ئیسلام، كه‌ میلله‌ت گوێڕایه‌ڵی حاكم بێت، مادام ئه‌و كاره‌ی ده‌یكات دژه‌به‌ر نیه‌ له‌ گه‌ڵ شه‌رعی خودا.
له‌نێو ئه‌م فره‌ هێزانه‌، حزب و گروپه‌ ئیسلامیه‌كانی كوردستانن. ئیسلامیه‌كان، له‌ جیاتی له‌م بابه‌ت و مه‌سلانه‌ پشتی بارزانی بگرن و متمانه‌ و مه‌عنه‌ویاتی به‌رز بكه‌نه‌وه‌، به‌ تایبه‌تیی، له‌ به‌رامبه‌ر دوو هێزی ناحه‌ز به‌ ئیسلام وه‌كو ئێران و ئه‌مریكا، هه‌ڵسان زۆر نه‌فامانه‌ و منداڵانه‌ كه‌وتنه‌ گیانی ئه‌م پیاوه‌ و ئه‌وه‌ی ڕیسواكردن بوو دژی خۆی و بنه‌ماڵه‌كه‌ی كردیان. كاتێكیش خیانه‌ته‌كه‌ی 16ی ئۆكتۆبه‌ر ڕوویدا، پارتێكی گه‌وره‌ی ئیسلامیه‌كان چووه‌ به‌ره‌ی 16ی ئۆكتۆبه‌ر، خۆی خۆش كرد حوكم له‌ گه‌ڵ ئه‌وانی تر بگرێتـه‌ ده‌ست، چونكه‌ كه‌وته‌ ناو ئه‌و وه‌همه‌ی گوایه‌ تازه‌ ئه‌مریكا و ئه‌وروپا وڵاتانی ئیقلیمیی چاره‌ی بارزانیان ناوێت و ئیتر ده‌بێـت ده‌سته‌ڵاتێكی نوێ بێته‌ كایه‌وه‌. ئیسلامیه‌كان، چاوه‌ڕێی هێزی ده‌ره‌كیی بوون بێن، ئه‌م گۆڕانكاریه‌یان بۆ فه‌راهه‌م بێنن. هه‌نجه‌ته‌كه‌ش ئه‌وه‌ بوو گوایه‌ گه‌نده‌ڵیی چاره‌سه‌ر ده‌كه‌ن! به‌ هه‌موو عه‌قڵیانه‌وه‌، كه‌وتنه‌ دوای هادی عامری و ئه‌بو عیزڕائیل و حه‌سه‌ن پلایز، كه‌ له‌ پردێ به‌ره‌و دواوه‌ یه‌سیه‌میان پێكرا!
ئیسلامیه‌كان، زۆر جه‌ختیان له‌ سه‌ر چاره‌سه‌ریی گه‌نده‌ڵیی ده‌كرد. گه‌نده‌ڵیه‌كه‌ چاره‌سه‌ر نه‌كرا، چونكه‌ به‌م شێوه‌ چاره‌سه‌ر ناكرێـت. چاره‌سه‌ره‌كه‌ به‌و شێوه‌ ده‌كرا، كه‌ پاڵپشتی بارزانی بن و یارمه‌تیده‌ری بن بۆ ئه‌و مه‌سه‌له‌ و كێشانه‌ی كه‌ ته‌واو ڕه‌وا بوون، له‌ گه‌ڵ بنه‌ماكانی شه‌رع و یاسا كۆك بوون. به‌م شێوه‌ش په‌یوه‌ندیه‌كی باش له‌ نێوان ئه‌وان و بارزانی دروست ده‌بوو، كه‌ ئه‌وكات له‌م ڕێگه‌وه‌ ده‌بوونه‌ هاوبه‌ش له‌ بڕیار و هێزی ئه‌مری واقیع.‌ ئه‌وكات بارزانیش ده‌بووه‌ هاوكاریان بۆ جێبه‌جێكردنی ئه‌و حه‌ز و ویسته‌ دێرینه‌ی هه‌یه،‌ بۆ چاره‌سه‌ری گه‌نده‌لیی.
مه‌به‌ستیش لێره‌، به‌ هۆی هه‌ڵوێستی ڕاست و دروستی ئیسلامیه‌كان، له‌ پاڵپشتی و یارمه‌تیدانی بارزانی له‌ جیاتی تێڕاچوونی، له‌ زۆر چومگه‌ی ده‌سته‌ڵات ده‌بوونه‌ خاوه‌ن هێز له‌ جیاتی ئه‌و گه‌نده‌ڵانه‌ی كه‌ ته‌نها بۆ به‌رژه‌وه‌ندی خۆیان له‌ گه‌ڵ ده‌سته‌ڵاتن. واته‌ له‌ جیاتی ئه‌وه‌ی گه‌نده‌ڵێك وه‌زیری فڵانه‌ وه‌زاره‌ت بێـت، یان پارێزگا و قایمقامی فڵانه‌ شار و قه‌زا بێت، كه‌سێكی ده‌ستپاك ده‌یتوانی ئه‌و شوێنه‌ پڕ بكاته‌وه‌، به‌ هه‌ندێك له‌و حیكمه‌ته‌ی شه‌رعی خودا به‌ مسوڵمانی به‌خشیوه‌. نمونه‌ش مامۆستا به‌شیر حه‌داده‌، كه‌ ئێستا جێگری سه‌رۆكی په‌رله‌مانی عێڕاقه‌ و كه‌سێكی مسوڵمان و ده‌ست پاك و لێهاتووه‌. به‌ كورتیی تۆ وه‌ره‌ ئه‌و حه‌قه‌ی حاكم به‌سه‌ر تۆیه‌وه‌ هه‌یه‌ جێ به‌ جێی بكه‌، بزانه‌ ئه‌م حاكه‌مه‌ش له‌ به‌رامبه‌ردا ئه‌و مافانه‌ بۆ تۆ ده‌سته‌به‌ر ده‌كات یان نا!
وه‌رن به‌راوردی ساڵی 2014ی بارزانی بكه‌ن، كه‌ به‌ چ عیززه‌تێكه‌وه‌ به‌رامبه‌ر به‌ ئه‌مریكا وه‌ستایه‌وه‌، له‌ گه‌ڵ ئه‌مرۆ كه‌ وه‌زیری وزه‌ی ئه‌مریكا هاتووه‌ته‌ هه‌ولێر و بارزانی پێشوازی لێكرد. بێگومان بۆ پێگه‌ی پارتی و ده‌سته‌ڵات ئه‌مه‌ هێز و ده‌ستكه‌وته‌. به‌ڵام له‌ سه‌ر ئاستی گه‌ل و نیشتمان ئه‌مه‌یان ئه‌و لاوازیه‌یه‌ كه‌ خودی میلله‌ت و فره‌ هێزه‌كان دروستیان كرد. ئه‌و خه‌ونه‌ی ئیسلامیه‌كان و هێزه‌كانی تر هه‌یان بوو كه‌ پارتی و بارزانی له‌ناو ببه‌ن، نه‌هاته‌ دی. فه‌رموو ئه‌مڕۆ هه‌ر خودی وه‌زیری وزه‌ی ئه‌مریكا به‌ پێناسه‌ی “سه‌رۆك” له‌ گه‌ڵ مه‌سعود بارزانی ده‌دوا، كه‌ به‌ فه‌رمیی مه‌سعود بارزانی ته‌نها سه‌رۆكی پارتیه‌، به‌ڵام له‌ ئه‌رزی واقیعدا حاكمی فیعلیه‌. ئه‌م حاكمبوونه‌ش، له‌ ئاستی كوردستان، ته‌نها له‌ بارزانیدا به‌رجه‌سته‌ ده‌بێـت، چونكه‌ له‌ هه‌رێمی كوردستان له‌ هه‌ردوو ده‌ڤه‌ره‌كه،‌ جه‌ماوه‌ری خۆی هه‌یه‌، له‌ هه‌ڵبژاردنیش ده‌ركه‌وت كه‌ زۆرینه‌ له‌ گه‌ڵ ئه‌وه‌.
له‌ به‌شه‌كانی تری كوردستانیش، وه‌كو به‌شه‌كانی سه‌ر به‌ توركیا و سوریا و ئێران، بارزانی جه‌ماوه‌رێكی به‌رفراوانی هه‌یه‌ كه‌ هیچ سه‌ركرده‌ و هێزێكی تر ئه‌مه‌ی بۆ به‌رده‌ست نیه‌. كێ له‌ بادینان یان له‌ به‌شه‌كانی تری كوردستان، حیسابی فلسێك بۆ ئیسلامیه‌كانی كوردستان یان گۆڕان یان ته‌نانه‌ت یه‌كێتیش ده‌كات، كه‌ له‌ چه‌ند گروپێكی بچوك و كه‌م به‌ولاوه‌ جه‌ماوه‌ریان نیه‌. تۆ ئه‌مه‌ واقیعته‌، بۆ عاقڵانه‌ و حه‌كیمانه‌ ده‌سته‌به‌ری ناكه‌یت بۆ ئامانجێكی پاك و كردارێكی باش له‌ ئه‌رزی واقیعدا، كه‌ خۆت و میلله‌ته‌كه‌ت لێی سودمه‌ند بێت، له‌ جیاتی تێڕاچوونی به‌رده‌وامی بارزانی و بنه‌ماڵه‌كه‌ی؟!
فه‌رموو ئه‌وه‌ بارزانی و پارتی نه‌ڕوخان، پێگه‌شیان زۆر به‌هێزتر بوویه‌وه‌. له‌ 16ی ئۆكتۆبه‌ریش ڕاشكاوانه‌ پێیانم گوت، كه‌ ئه‌م جرت و چه‌قه‌نه‌ی ئێستا له‌ ئارادایه‌، گوایه‌ بارزانی و پارتی ئیتر كۆتاییان هات و ده‌بێـت بای بای بكه‌ن، خه‌ونێكی نه‌زۆك و پڕ له‌ نه‌فامیه‌ و ئه‌م شته‌ ڕوو نادات و بارزانی و پارتی به‌هێزتر دێنه‌وه‌ مه‌یدان (وتاره‌كان ماون). فیعله‌ن وه‌هاش ده‌رچوو، ئێستا وا ده‌بینین كه‌ بارزانی و پارتی هێزی خۆیان له‌ ده‌ست نه‌دا و به‌هێزتر هاتنه‌وه‌ مه‌یدان. ئه‌وه‌ی زه‌ره‌رمه‌ند بوو وێڕای ئه‌و ئامانجه‌ گه‌ورانه‌ی گه‌لی كورد خرانه‌ دواوه‌، خودی میلله‌ت و ته‌نانه‌ت ئه‌و هێزانه بوون كه‌ ساڵانێكه‌ ده‌هۆڵ بۆ چاره‌سه‌ركردنی گه‌نده‌ڵیی لێده‌ده‌ن، شاخی دوو بزنیشیان پێ تیمار نه‌كرا.
ئه‌و ڕووداوانه‌، له‌ ساڵی 2014 وه‌ تا ئێستا، ئیسپاتی كرد، ئه‌م هێزه‌ نه‌یارانه‌ی پارتی و بارزانی، هه‌م له‌ سیاسه‌ت سه‌ریان ده‌رناچێت، هه‌میش نه‌زانانه‌ تێی كه‌وتوون و جگه‌ له‌ زه‌ره‌ریش سودێكی ئه‌وتۆیان نیه‌ هیوای به‌سه‌ره‌وه‌ هه‌ڵبواسرێت.
ده‌ی بزانین سودێكی ئه‌و جرت و فرته‌ی په‌كه‌كه‌ و یه‌كێتی و ئیسلامیه‌كان (به‌شێكی كه‌میان نه‌بێت)، دژ به‌ پارتی و بارزانی، سودی بۆ گه‌لی كورد و حوكمڕانیی و سیاسه‌ت چی بوو؟!
ئه‌وه‌تا پارتی به‌هێزه‌، بارزانیش ئه‌و كه‌سه‌یه‌ كه‌ ئێستا ئه‌مریكا و ئه‌وروپا و عێراق و ئێرانیش ناتوانن پشتگوێی بخه‌ن، وه‌ك فه‌رمانڕه‌وای واقیعی كوردستان مامه‌ڵه‌ی ده‌كه‌ن. تۆش بۆ خۆت ده‌توانیت بچیت خۆت به‌ گونی هه‌رقه‌له‌كانی “ئۆپۆزۆسیۆن” هه‌ڵبواسیت، كه‌ له‌ 16ی ئۆكتۆبه‌ر موچڕكی خۆشی به‌ له‌شیان دا ده‌هات و ده‌سته‌كانیان له‌ خۆشیدا لێك ده‌خشاند، چاوه‌ڕێ بوون هێزی ده‌ره‌كیی بێت بارزانی و پارتیان بۆ له‌ناو ببات، بۆ ئه‌وه‌ی بیانكاته‌‌ ده‌سته‌ڵاتدار، كه‌ركوكیشیان له‌ سه‌ر دانا ئه‌م خه‌ونه‌یان هه‌ر نه‌هاته‌ دی. هه‌رقه‌له‌كان، وه‌ك ئه‌بو عیزڕائیل و حه‌سه‌ن پلایز، بۆ دواوه‌ یه‌سیه‌میان پێكرا!
كاتێكیش ده‌ته‌وێ به‌ هێمنیی تێیان بگه‌یه‌نیت، كه‌ سیاسه‌تی عاقڵانه‌ و هه‌ڵس و كه‌وتی ڕه‌شیدانه‌ به‌م شێوه‌ نیه‌، دۆم ئاسا لێتده‌كه‌ونه‌ ته‌پڵ لێدان و قسه‌ی سوك.

به‌راوردی ئه‌م ڤیدیۆیانه‌ بكه‌:
پێشوازیكردن له‌ وه‌زیری ده‌ره‌وه‌ی ئه‌مریكا (جۆن كێری) ساڵی 2014 له‌ هه‌ولێر:
پێشوازیكردن له‌ وه‌زیری وزه‌ی ئه‌مریكا (ڕیك پێری) له‌ 11ی دیسێمبه‌ری 2018 له‌ هه‌ولێر:
لینكی كۆنفڕانسه‌كه‌ی هه‌ردوولا:




(دەنگدراوە: 6 . زۆرباشە: 3.5/5)