ئەمریکا و ڕوسیا و گەڕاندنەوەی ناوچەکە بۆ خاڵی سفر


چیرۆکەکانی چیا: کە ناحیەی "کارێزە"مان گرت, موختارە فایلدارەکان سزادران

Saturday, 12.22.2018, 10:29

4174 بینراوە


شوێن گوندی "مالومەیە " هەر هێزە و کۆدەبێتەوە، ترسی تۆپ باران هەبوو، بەڵام چونکە ڕۆژێکی هەور بوو ترس لە هاتنی فڕۆکە جەنگییەکانی دوژمن کەمتر بوو، یان هەر نەبوو .
 نازانم کێ بوو ووتی : لە ڕەتڵەکەدا کە دەڕۆیشتین "شەڕبکە بۆ ئەوەی خەڵک تۆیان لەیادبێت " من بیرم کردەوە و ووتم ڕاستە، دواجار ئێمە خاوەنی گێڕانەوەی چیرۆکەکانی شەڕین، کە تێدا هەست بە ئاسودەی دەکەین و بۆ نەوەکانی دوای خۆمانیان دەگێڕینەوە.
------------------------
 خەریک بوو تاریکی باڵی بەسەر ووڵاتدا دەکێشا، هەر کەرت و مەفرەزە و تیپ بوو ڕێچکەیان گرتبوو، بەرەو ناحیەی کارێزە بەکۆمەڵێک پایگا و مەخفەرو باڵەخانەی بە بەرد و کۆنکرێت دروستکراو دەوری گیرابوو، گرتنی ئەم ناحیەیە زۆر شتی یەکلا دەکردەوە و پاشەکشێشی بەداگیرکەران دەکرد، چونکە هێزەکانی شارباژێر ناوچەکانیان ببوە شەڕگەی ئێران عێراق، گوندەکان هەمووی چۆڵکرابوون، ناوچە بەرفراوانەکەی شارباژێڕی تەخت و سەخت، ببووە دۆزەخی شەڕ و تۆپ، بارووت و زیلی شکاو، لوغم و لاشە و غودەو پۆستاڵ، لەهەموو جێگەیەک دەبینرا، لە تابلۆیەکی شەڕانگێز دەچوو، کەه ونەرمەندێک کێشابێتی، ئەم ناوچە جوانە پڕچیا و دۆڵە، هەموو بەرزایی چیاکانیش، کە پێمان دەوت لوتکە دومەڵی ڕەبایەیەکی لەسەر هەڵتۆقیبوو ".دەڵێن: گەربتەوێت بەسەر ترسا زاڵ بیت، دەبێت ڕووبەڕووی بیتەوە ".
 ئەم شەڕەی ئەمشەو ڕێگە بڕین بوو بەناو کێڵگەی لوغومدا، هەر هەڵەیەکی بچوک لاشەیەک دوانی دەکردە قوربانی . نازانم دەمژمێر چەند بوو؟ کە شەڕ دەستی پێکرد ؟ کە دەڵێم دەستی پێکرد واتە ئاگر لەهەموو جێگەیەکەوە دەباری، دەنگی ئاربیجی و دۆشکەی پایگاکان و جزەی فیشەکی گڕدار. بە رەو ئاسمان ڕۆیشتنی سەدان گوللە کە ناوی "تەڵقە تەنورە" بوو دنیایان دەکردە چراخان، لە شەڕدا گەر وریا نەبیت و خۆت بشڵەژێنیت گوللەیەک لەنادیاردا دەتدۆزێتەوە و ڕۆحت دەکێشێ، ئێمە بەرەو مەخفەرەکە چوین و گیرا، هەندێک لاشە لە خوێنی خۆیاندا مەلەیان دەکرد، ئێمە ژوور بەژوور دەگەڕاین بەدوای فایل و دیکۆمێنتەکاندا، هاوڕێیەکم دۆڵابێکی کردەوە سێ تفەنگی تیابوو، منیش لە ژێر دۆشەکی قەرەوێڵەیکدا دەمانچەیەکم دۆزێوە، کە هی "تەڵقە تەنورەبو" لولەیەکی ئەستوری هەبوو لەگەڵ خۆم هێنام گەرچی لەشەڕدا بۆ ئێمە ئەم چەکە چەکێکی خراپ بوو، نەدەبوو قەت بەکاری بێنین و گوللەشی لای ئێمە دەست نەدەکەوت، کۆمەڵێک فایل و ڕاپۆرت لەناو چەکمەجەی دۆڵابێکدا بوو، سەیرمان دەکرد بەلایت، دوایی کە بڕیاردرا بگەڕێینەوە ودەرچین من تفەنگێگی سینیم دۆزیەوە بەبێ مەخزەن، تفەنگێکی تارە. دوو پایگای مجاهید لەوێ بوو هیچ پلانی شەڕکردن لەگەڵ ئەوان نەبوو، بەڵام مجاهیدەکان بەدۆشکە تەقەیان دەکرد، بریندار و شەهید هەبوو، پێش ماوەیەک مجاهیدەکان بارەگایان لە دۆڵی سەفرە هەبوو لای گوندی گەڵاڵە، کە پێشتر لەساڵی ١٩٨٧ بەعسییەکان ئەو گوندانەیان ڕاگواستبوو، کاتێک مجاهیدەکان بارەگاکانیان چۆڵکرد کە خانوو بوو لە بلۆک و شتی گران بەها بیناکرابوو، گەرچی پێشیان ووتوون کە جێی بهێڵن و دەستکاری نەکەن بۆ ئەو خەڵکانەی گەڕاونەتەوە جێگاکانیان، بەڵام ئەوان دووای خۆیان بەماوەیەکی کورت تەقینەوەیان تێدا چاندبوو هەموو بارەگاکانیان تەقێوە، نازانم کەس بووە قوربانی، یان نا؟ ئەوان لە ئۆپۆسیسۆن بونیشیاندا کە دژی ئێران بوون، سەنگەریشیان لەکورد گرتبوو، خۆ ئەوەی ئەوان کارێکە لەڕووی سەربازییەوە زۆر باشە، تا خەڵکانێک نەزانن چۆن ژیانتان کردوە و هیچ نهێنیەک لەدوای خۆت جێنەهێڵیت، بەڵام ئەوان لەم ڕوانگەیەوە ئەوەیان نەکرد، بەڵکو وەک پەچەکرداری دوژمنایەتی کورد ئەم کارەیان کرد، دوایش دیمان لەکاتی ڕاپەڕیندا شان بەشانی سوپای بەعس چ ڕۆڵێکی شەڕانگێزیان گێڕا و خەڵکێکی زۆریان شەهید کرد، تەنانەت لەخەستەخانەکاندا بریندارەکانیشیان شەهید دەرد .
 دەبوو ئێمە هەر بەسەر جادە خۆڵەکەدا پاشەکشێمان بکردایە چونکە ئەو ناوە کێڵگەی مین بوو لە هەموو لایەکەوە مین چێنرابوو تەنانەت لەناو چەمی باڵخیشدا.
دنیا خەریک بوو ڕووناک دەبۆوە سەیرمانکرد زیلێک دەڕوات، ئەوە فەرەیدوون بوو زیلەکەی لێدەخوڕی و دەسکەوتی جەنگ بوو پێشمەرگەی زۆر لەسەربوو، ئەوەی بیرمە کوڕێک ناوی "هاوار" بوو قاچێکی پەڕیبوو بەلوغم ئێستا لە لەندەن دەژی کوڕێکی منداڵ بوو، برایەکیشی لەگەڵدابوو، ئێمە هەموومان تەمەنمان زۆر نەبوو، بەڵام هاوار لەئێمە منداڵتربوو، دوای ئەوە دوای گرتنی کارێزە، شەڕگەی قەیوان / ماوەت دەستی پێکرد، کە ماوەی نزیکی چوار مانگی خایاند و سەدان شەهید لە شەڕەکاندا درا، ئیتر شەڕ چوە قۆناغێکی ترەوە، شەڕی بەرەیی بوو، تۆپ و بۆردومان و چەکی قورس تێدا بەکار دەهات، ئەو دەم ماوەیەک منیش لەگەڵ هاوڕێ و برای شەهیدم "دلێر شیخ ڕەزا"دا تۆپێکی ١٠٦مان پێبوو کە گوللەکانمان لە یاخسەمەر دەهێنا و هەرجارە و لەجێگەیەکەوە لەداگیرکەرانمان دەدا.
 ڕۆژێک داوا لە کۆمەڵێک ناحیە و قەزاکرا، تا چۆڵی بکەن و شۆڕش تۆپبارانی دەکات، لە یەکێک لە ناحیەکان درا، من چیرۆکەکەم وابیست، کە لە قەزای"دوکان" بوو کە لێیدراوە، خەڵکەکە لە بازاڕەکە ڕایان کردبوو، دوکاندارێک ووتبووی: ئەوە کێ تۆپباران دەکات، ئێران یان شۆڕش ؟ لەوەلامدا ووتبویان: شۆڕش دەیکات، ئەویش ووتبووی "خۆتان تێک مەدەن سەر لە خۆتان مەشێوێنن، یەک دووتۆپی ترە و نامێنێ، چونکە بەباری هێستر گولەکانیان هێناوە". ئەمە پێی دەڵێن حیکمەتی تێگەیشن و ئەزموونی ژیان، خۆشی ڕۆژێک لەناو ئەو ڕووداوانەدا کارئەکتەر بووە .
 دوای گرتنی ناحیەی کارێزە، شۆڕس بەمەلەفی موخدتارەکاندا ڕۆیشتبوو کۆمەڵێک ڕاپۆرت سەلماندیان موختارەکان سیخوڕیان کردبوو، گەرچی کەوتبوونە تەمەنەوە هەموویان سزادران و لەو سیخوڕ و خۆفرۆشانە نەبووران، هەموویان باجی کردوەکەی خۆیان دا . هاوڕێیەک کە عەرەبی دەزانی بۆی باسکردم کە فایلەکانی دیبوو، ئەو موختارانە دەیان جار سیخوڕیان لەسەر شەهید "جەمالی عەلی باپیر" کردبوو، مانگانەش ٢٠ یان ١٥ دیناریان لە ناحیە بۆ بڕابۆوە و مانگانە دەچون وەریانگرتبوو، بۆ ئەو تاوانە کە زمانپیسی و ڕاپۆرت دان بوو لەسەر شۆڕش، ئەمە چیرۆکی ئەو شوانە "پۆلیڤیا"یەمان بیر دەخاتەوە کە سیخوڕی بەسەر گیڤاراوە کردبوو، کاتێک لێیان پرسیبوو بۆ سیخوڕی دەکەیت ؟ لەوەڵامدا ووتبووی چونکە کە گەریلاکان دێن مەڕەکانم دەترسن. موختارەکانیش بۆ سیخوڕیان کردوە؟ نایزانین، کەسێکیش نییە بەدواچون بکات بۆ ئەو کەیسانە .
سەمەرە لەوەدابوو دوایی ڕاپەڕین و دوای ڕووخانی بەعس فایلدارەکان کە سیخوڕو خۆفرۆش بوون و لە موختارەکان تاوانیان زیاتر کردوە و ڕەنگە سەدان خەڵک لە ڕێگەی ئەوانەوە تیاچوبێت، سزانەدران، بەڵکو چەپڵەڕێزانکران.
ژیان چەنێک سەمەرە ....!؟ نەک چەپڵەڕێزان بەڵکو ئێستا ئەوان ڕەوڕەوەی مێژوو دەنووسنەوە. 

تێبینی:
هیچ مەبەستێکی دیاری کراوم نییە لەپشتی گێڕانەوەی ئەم چیرۆکە کورتانە، تەنها ئەوەندە هەیە دەمەوێت بڵێم، ئەمڕۆ کەسانی نامۆ و ترسنۆک و فایل ئەستور دەیانەوێت مێژووی ئەو هەموو ڕووداوە داگیربکەن و بۆخۆیانی بەرن، بیکەنە مێژووی کەسایەتیان کە نیانە. زۆریان نە لەدوور نە لەنزیک ئاگایان لەم هەموو ڕووداوانە نەبوە و ئێستا هاتونەتە سەر حازری و فشە دەکەن بە شتێکەوە کە هی ئەوان نییە، ئەم چیرۆکانە بەردەوام دەبێت .




(دەنگدراوە: 19 . زۆرباشە: 2.5/5)