داروین کێیە؟

Thursday, 27/12/2018, 21:46

11443 بینراوە


چاڕلس ڕۆبە‌رت داروین، لە‌ ساڵی ١٨٠٩ لە‌‌ شاری (شروسبوری) لە‌ ئینگلستان لە‌ دایکبووە، لە‌ بنەماڵەیەکی دە‌وڵە‌مە‌ندی ئایندار و زانستمەند پە‌روە‌ردە‌ بووە،‌ باوک و باپیرە‌ی بژیشک بوون، دایکیشی بەردەوام هانی دەدا ڕوو لە خوێندن بکا و خوازیاری زانست بێت. باپیرەی داروین، ئیڕاسمۆس داروین،‌ سەرەڕای ئەوەی بژیشکێکی ناسراو بووە، زانا و داهێنە‌رێکی ناوداری ئەو سەردەمە بووە، لە چە‌ندان بواری فەلسەفی، وێژەیی و زانستیی جۆراوجۆردا. گەلێک بیروڕای گرینگی هەبووە لەبارەی بنەماکانی پە‌رە‌سە‌ندی زیندە‌وە‌ران، هەروەها لایە‌نگری ئە‌و زانایانە بووە کە بە‌ ڕێخۆشکە‌ری سە‌رهە‌ڵدانی تیۆر‌ی پە‌رە‌سە‌ندن هەژمار دەکرێن، ئەمەش زۆر بەچاکی لە کتێبە بایەخدارەکەیدا دەبینرێت کە لەسەر ژیانی ئاژەڵانی نووسیووە.
داروین‌ هە‌ر لە‌منداڵییە‌وە‌ بیرتیژ و زیرە‌ک بووە‌، لە‌ هە‌موو ئە‌و بابەتگەلە‌ی پێوە‌ندی بە‌ جیهانی ڕوە‌ک و ئاژەڵانەوە هەیە، زۆر حە‌زی لە‌ کۆکرنە‌وە‌ی هەندێ جۆرە‌ مێروو و باڵندە دەکرد. لە لایەکی دییەوە داروین ئارە‌زووێکی زۆری هە‌بووە‌ لە‌ خوێندنە‌وە‌ی بەرهەمە وێژە‌یییەکانی ناودارانی وەک، شکسپیر، سکۆت، بیڕۆن و هۆڕاس، کاریگەری هەموو ئە‌مانە‌ بەچاکی لە نووسینەکانیدا ڕە‌نگی داوە‌تە‌وە. کتێبەکانی‌ داروین کە هەرچەندە بە زمانێکی سادە و ڕوون نووسراون، بەڵام لەڕووی وێژەیییەوە نرخ و بەهایە‌کی مە‌زنیان هە‌یە‌.
باوکی داروین لەبەر ئەوە‌ی بژیشکێکی بەناوبانگ بووە،‌ هەردەم دە‌یویست داروینیش ئە‌م ڕێچکەیە‌ لە‌ خوێندن بگرێتە‌بە‌ر، بۆیە‌ ناردییە‌‌ زانکۆ تاکوو لەتەک برا گە‌ورە‌کە‌ی خوێندنی بژیشکی تە‌واو بکەن، کەچی هە‌ردووکیان لە‌بە‌ر دە‌وڵە‌مە‌ندی باوکیان، زۆر پە‌رۆشی ئە‌وە‌ نە‌بوون‌ ببنە‌ بژیشک. داروین زۆر شانازی بە باوکی دەکرد و هەمیشە ناوی لەسەر زاری بووە، باوکی داروین ڕێزێکی تایبەتی لێ گیراوە لای خەڵکی ئەو سەردەمەدا، لەبەر ئەوەی کە مرۆڤێکی چاکەکار بووە و گەلێک یارمەتی هەژار و نەدارانی داوە، ئەم خووە پەسندە زۆر بەئاشکرایی لە داروینیشدا دەبینرێت.
داروین لەڕێی چە‌ند هاوپۆل و مامۆستایە‌کی ڕووی کردە‌ لێکۆڵینە‌وە‌ لە‌ هەندێ جۆرە باڵندە و زیندە‌وە‌ری ئاویی. پاش ماوەیەک ئاشنای کار و تۆژینەوەکانی ئاژەڵناس و توێکاریزان، ڕۆبێرت گرانت (١٧٩٣ - ١٨٧٤) بوو کە بە لا‌یە‌نگرێکی بەهێزی بیروڕای زانایانی پە‌رە‌سە‌ندن دەناسرا، بەتایبەتیش تیۆری لامارک.
داروین لە‌بە‌ر بوونی ناکۆکی لەگەڵ هەندێک لە مامۆستاکانی لەسەر شێوازەکانی خوێندن و چەند بابەتێکی دیکە، بە‌تە‌واوی بێزار ببوو و ژیانی زانکۆی لەبەرچاو کەوت. پاش تێپە‌ڕبوونی دوو ساڵ، باوکی داروین هە‌ستی کرد کە خوێندن لە بواری بژیشکیدا، هیچ سوودێکی ئەوتۆی بۆ کوڕەکەی نابێت، بۆیە ناچار بوو ڕە‌وانە‌ی زانکۆی (کامبێرج)ی بکات، بۆ خوێندنی مێژووی ئاین و زانستی خواناسی. کەچی داروین ئەمەشی پێ باش نەبوو، نەک هەر ئەوەندە، بگرە ئە‌و سێ ساڵەشی کە لەوێ بردەسەر، بە ‌ساڵانێکی بە‌فیڕۆچووی ژیانی دادەنێ، وەک لە‌ ژیاننامە‌‌کەیدا ئاماژەی پێ کردووە. بە‌ڵام نابێت ئەوە لەبیر بکەین کە هە‌ر لە‌م زانکۆیە‌دا بوو، داروین و زانای زەویناسی و ڕوەکزانی، هینسلۆ (١٧٩٦ - ١٨٦١)، یەکدییان ناسی. ڕۆژ لە‌دوای ڕۆژی ئاشنایە‌تی داروین لە‌گە‌ڵ ئە‌م مامۆستایە‌ بەهێزتر دە‌بوو، هەر ئەویش بوو وای لە‌ داروین کرد با‌یە‌خ بە‌ زەویناسی و بەتایبەتی لێکۆڵینە‌وە‌ لە چینگە‌لی زە‌وی بدات، هەروەها کتێبە‌کە‌ی چاڕلس ڵایل، لەژێر ناوی (بنە‌ماکانی زە‌ویناسی) بخوێنێتەوە. لە ڕاستیدا ئەم کتێبە کا‌ریگە‌رییە‌کی لە ڕادەبەدەری هە‌بووە لە‌سە‌ر هەموو بە‌رهە‌مە‌کانی داروین.
هینسلۆ ناوە‌ بەناوە‌ گە‌شتی زانستیی بۆ کۆکردنەوەی زانیاری ڕێک دەخست، واش ڕێکەوت لە‌و کاتانە‌دا نێردە‌یە‌کی زانستی لە‌ئارادا بێت بۆ گە‌شتێکی درێژخایەن. لێرە‌دا هینسلۆ یاریدە‌ر و هاندە‌ر بوو، بۆ بە‌شداری کردنی داروین وەکوو تۆژەرێکی زانستی لە‌و‌ گە‌شتە‌‌ گرینگەدا. سەرەتا داروین وەک کەسێکی شارەزا لە چەند بوارێکی زانستی، هەندێ کاری ئاسایی ئەنجام دەدا، بەڵام ئەم گەشتە بووە وەرچەرخانێکی زێدە مەزن لە ژیانی دارویندا، چونکە هەر ئەم گە‌شتە‌ بوو وای لە داروین و تیۆرە‌کە‌ی کرد، لە سەرانسەری جیهاندا بناسرێن. لەبەر ئەوەشە داروین خۆی دەڵێ: ئەگەر گەشتی (بیگڵ) نەبووایە منیش نەدەبووم.
دەروازەی زانستیی زیندەوەران پێش گەشتی بیگڵ دەروازەیەکی واڵا بوو هەتا بۆ ئەوانەش کە هیچیان بەسەر زانستەوە نەبوو. هەر یەکێک لە گەشتێکی دوور دەگەڕایەوە بە ئارەزووی خۆی دەهات و چیڕۆکی ئەفسانەیی و سەیروسەمەرەی لەسەر بینینی ئاژەڵی دووسەر، باڵندەی چووارپێ و ئەو ئەژدیهایانەی کە ئاگر لە دەمیان دێتەدەر دەگێڕایەوە! بەڵام پاش گەشتی بیگڵ زیندەوەرزانی لەسەر بنچینەیەکی پتەوەی زانستی هەڵسایەوە و گەشەی کرد، بەمەش زانست ڕێچکەیەکی دیکە بگرێتەبەر و پێشکەوتنێکی مەزنی وا بێتە کایەوە کە هەتا ئەمڕۆ لە هەڵکشاندا بەردەوام بێت.
کە‌شتیی بیگڵ کە‌وتەڕێ و پێنج ساڵی خایاند (١٨٣١ - ١٨٣٦‌). داروین لە سەرەتای گەشتەکەیدا بایەخی بە زەویناسی پتر دەدا لە زیندەوەرزانی، کاتێکیش کە لە چینگەلەکانی زەوی دەکۆڵییەوە، بۆی ڕوون دەبێتەوە کە زەوی گۆڕانکارییەکی یەکجار زۆری بەخۆوە بینیووە. ئەمەش وای لێ کرد، بیری بۆ ئەوە بچێت کە دەشێ زیندەوەرانیش لەبەر کاریگەری ئەوەدا، گۆڕانیان بەسەردا هاتبێت. ئەمە بووە هۆی ئەوەی لە‌ درێژە‌ی گە‌شتە‌کە‌یدا، ژمارە‌یە‌کی زۆر لێکۆڵینە‌وە‌ بەئە‌نجام بگەینێت و کۆمە‌ڵێک زانیاری بە‌نرخ کۆ بکاتەوە، لەسەر ‌چە‌ندان جۆرە زیندە‌وە‌ری نائاسایی و جیهانی سە‌یروسە‌مە‌ری ڕوە‌ک و ئاژەڵان و کۆمەڵگە مرۆیییە سە‌رە‌تایییە‌کان.
داروین بە ‌لێواری چە‌ندان کیشوە‌ر تێ پە‌ڕی و گەلێک دوورگە‌ی بینی، بەتایبەتیش دوورگە‌کانی (گالاپاگۆس)ی سە‌ربە ئە‌مەریکای باشوور (ئێکوادۆر) کە بایەخێکی زۆریان هەبوو لە پتەوبوونی بیروڕاکانیدا. لەبەر بوونی ئەو جۆراوجۆرییە ناوازایەی لە ڕوەک، ئاژەڵ، بەڵندە و مەگەزەکانی ئەم دورگانەدا هەیە وایانی لێ کردووە ببنە جوانترین و گرینگترین ئەزموونگەی سروشتی لەسەر ڕووی زەویدا. لەم شوێنانەدا داروین چەندان شێوە جیاجیای لە جۆرەکانی چۆلەکەیەک (finches)، کە لە بنەڕەتدا هەموویان سەربە یەک جۆرن دەبینێ، لەمانەوە بەچاکی قۆناغەکانی گۆڕانی دەنووک و قەبارەی لەشیانی بۆ بەدەر دەکەوێت. ئەم باڵندانە کە بە (چۆلەکەکانی داروین) ناسراون، هەر لەو کاتەوە بوونەتە کەرەستەیەکی سەرەکی بۆ گشت ئەو تۆژەرانەی لە پەرەسەندن دەکۆڵنەوە.
داروین پاش ئەوەی لە گەشتەکەی دەگەڕێتەوە، لە ماڵەکەیدا خەریکی کۆکردنەوە و گەڵالەکردن و تۆمارکردنی سەرنج و تێبینییەکانی دەبێت، بەمەش کاری سەخت و دژوار دەست پێ دەکات. ئەوی شایەنی گوتنە، هەرچەندە داروین پێداچوونەوە و وردبوونەوەیەکی گشتی لە هەموو ئەو زانیارییانەی کە کۆیانی کردبووەوە بەئەنجام دەگەینێت، کەچی هێشتە بەتەواوی ئە‌و ڕایە‌ لە لایدا گە‌ڵاڵە‌ نابێت، ببێتە‌‌ بە‌ڵگە‌ی پە‌یدابوون و هاتنە‌کایەی زیندە‌وە‌ران لە یەکدی.
بە تێپە‌ڕبوونی دوو، یان سێ ساڵێک بە‌سە‌ر‌ لێکۆڵینە‌وە‌ لە‌ ئاژەڵناسی، چینگە‌لی زە‌وی، زە‌ویکۆڵزانی و چەند زانستێکی دیکە، باوەڕبەخۆبوونێکی پتری بەدی کرد. کاتێکیش تۆژینە‌وە‌یەکی ئابووریناسیی ئینگلیزی، تۆماس مالتۆس (١٧٦٦ - ١٨٣٤)، بە ناوی (تۆژینە‌وە‌ لە‌ بنە‌مای زۆربوونی دانیشتوان)ی خوێندەوە، سەرەتای دەرکەوتنی چەمکەکانی هەڵبژاردنی سروشتی و ململانە لە‌پێناو مانە‌وە‌دا، دەستیان پێ کرد. ئەوەی پێویستە بگوترێت، داروین لە تۆکمەبوونی بیروڕاکانیدا سوودی لە چە‌ندان زانستمەند لە‌ بوارگەلە جیاوازەکان وەرگرتووە، بەتایبەتیش لەڕێی وەڵامی سەدان ئەو نامانەی کە بۆ زانا و شارەزایانی هەموو لایەکانی جیهان نارد بوو.
هەرچەندە لە‌ ساڵی ١٨٤٤ ‌پوختە‌ی بنەماکانی پەرەسەندن، واتە کتێبی بنەچەی جۆرەکان(پەراوێز) (The Origin Of Species) تە‌واو بوو، بە‌ڵام لەبەر ئەوەی داروین مرۆڤێکی ئارامگر بووە، پەلەی لە بڵاوکردنە‌وەی نەکردووە، بگرە هەوڵی داوە تا بۆی بکرێت، بە‌ڵگە‌ی زێتر کۆ بکاتە‌وە. دیسانەوە بۆ ئەو مەبەستە ڕای ژمارە‌یە‌کی زۆر لە پسپۆڕ و زاناکانی لەسەر وە‌رگرت، پاش چەندان جار ڕاستکردنەوە و چاککردنەوە، لە‌ ساڵی ١٨٥٩ (واتە پاش ١٥ ساڵ) ئە‌و شاکارە‌ی چاپ کرد. بەبێ زێدەڕۆیی کردن زاناکان دەڵێن، ئەم بەرهەمەی داروین هەتا ئەمڕۆکەش یەکێکە لە گرینگترین و مەزنترین ئەو کتێبانەی کە کاریگەرییان هەبووە لەسەر هزری زانستی.
داروین جگە‌ لە‌مە‌ بەرهەمی دیکەی هە‌بووە‌ وەک: دوورگە‌ گڕکانییە‌کان ساڵی ١٨٤٤، پە‌ڕاوی تۆژینە‌وە‌ی زانستی لە‌ گە‌شتی بیگڵدا ١٨٤٥، ئاژەڵە ڕوە‌کییە‌کان ١٨٤٦، ڕوە‌کە‌ دڕندە‌کان ١٨٧٥، ڕوە‌کە‌ پیاهە‌ڵگە‌ڕاوە‌کان ١٨٧٥، کارتێکردنی دووڕە‌گاندن و خۆپیتێن لە‌ ڕوە‌کدا ١٨٧٦، شێوە‌ جیاوازە‌کانی گوڵ لە‌و ڕوە‌کانە‌ی سە‌ربە‌ یەک جۆرن ١٨٧٧، توانی جووڵە لە‌ ڕوە‌کدا ١٨٨٠. چە‌ندان وتار و نووسینی هەبووە، وەک: پیتاندنی ڕوە‌ک لەڕێی مێرووە‌کانەوە، پێکهاتنی مشە‌خۆرە‌کان بەهۆی کرمە‌وە، هەروەها کتێبێکی گرینگی دیکە بەناوی ”گوزارشتکردن لە‌ هەست و سۆزەکان لە مرۆڤ و ئاژەڵەکاندا“.
ئەوەی پێویستە بگوترێ، داروین وەکوو نووسەرێکی چالاک بەرهەمی گەلێک زۆری هەبووە، کەچی لەمەشدا نەیارەکانی بەناڕەوایی دەڵێن، داروین جگە لە بنەچەی جۆرەکان، هیچ نووسینێکی وای نەبووە کە شایەنی ئاماژەپێکردن بێت!
کتێبە‌ بە‌ناوبانگە‌کە‌ی بنەچەی جۆرە‌کان، لەگەڵ یەکەم دەرچوونیدا بە دوو ڕۆژ لە بازاڕ نەما، بۆیە پاش ئەوە چە‌ندان جار لەچاپ دراوە‌تەوە و بە‌شی دیکەی لە ڕە‌خنە و وەڵامدانەوەکانیانی بۆ زێدە کراوە. لە ڕاستیدا نەک تەنیا لەو سەردەمەدا، بگرە هەتا ئەمڕۆ لەچاپدانەوەی ئەو بەرهەمە بە زۆربەی زمانەکانی جیهان هەر بەردەوامە و نەوەستاوە.
هەرچەندە بنەچەی جۆرەکان لە ڕووی وێژەیی و زمانەوانییەوە ئاستێکی بەرزی هەیە، هاوکات بە زمانێکی ڕوون نووسراوە تا هەموو کەس تێی بگات، بەمەرجێ خوێنەر کەمێک زانیاری سەرەتایی هەبێت لە زیندەوەرزانی و چەند بوارێکی زانستیی دیکە. داروین خۆی مەبەستی بووە بەو شێوازە بینووسێت، بێگومان ئەمەش یەکێک بووە لە خاڵە بەهێزەکانی سەرکەوتنی داروین، چونکە پێشتریش گوتمان کە تیۆر نابێ زۆر ئاڵۆز بێت بۆ تێگەیشتن.
ئەوەی شایەنی گوتنە، چاپی یەکەمی بنەچەی جۆرەکان گرینگییەکی گەلێک زۆری هەیە بۆ تۆژەر و زانا هاوچەرخەکانی پەرەسەندن، ئەمەش لەبەر ئەوەیە کە لە چاپەکانی دیکەی ئەم کتێبەدا، داروین هەندێ جار لەبەر نەبوونی بەڵگەی یەکلاییکەرەوە و فشاری ڕەخنەی نەیارەکانی لە چەند خاڵێکدا تا ڕادەیەک نەرمی نواندووە. بەڵام لەگەڵ ئەوەش لە دوابەشەکانی ئەم کتێبەیدا زۆر بوێرانە و ڕاشکاوانە، گشت ڕەخنە و خاڵە بێهێزەکانی تیۆرەکەی دەستنیشان دەکات، هیوا دەخوازێت زاناکان لەدوای ئەودا وەڵامی ئەو ڕەخنانە بدەنەوە و بگەن بە چارەسەرکردنی ئەو گرفتانە. 
داروین لەم کتێبەیدا باسی مرۆڤ و (پەیدابوونی لە ئاژەڵێکی هاوشێوەی مەیموون) بە هیچ شێوەیەک ناکات، کەچی ناشارەزا و کۆلکەخوێندەوارەکان پێیان وایە کە ئەو بابەتە لەم کتێبەیدا هاتووە. هەرچەندە دەیزانی کە مرۆڤیش وەکوو هەموو زیندەورێکی دیکە پەرەی سەندووە، بەڵام لەبەر هەستیاری ئەو بابەتە لەدوا لاپەڕەکانی کتێبی بنەچەی جۆرەکاندا، تەنیا ئەم چەند وشەیەی گوتووە: "لە نووسینەکانی ماوەی داهاتوودا باس لە مرۆڤیش دەکرێت".
لە‌دوای بڵاوکردنە‌وە‌ی ئە‌م کتێبە‌یدا، داروین بیروڕاکانی لە‌سە‌ر مرۆڤدا پێڕەو کرد کە بووە‌ هۆی لەچاپدانی کتێبێکی زۆر گرینگ، بە ‌ناوی (پە‌یدابوونی مرۆڤ) ١٨٧١. ئەوەی پێویستە ئاماژەی پێ بکرێ، ئەم هەموو کتێب و تۆژینەوانەی داروین لە گەلێک بواری زانستیدا بەهادارن، بۆیە زاناکان دەڵێن، ئەگەر تیۆری پەرەسەندنیش لە بەرهەمەکانی بسڕینەوە، ئەوا داروین وەکوو زانایەکی مەزن لە بواری زیندەوەرزانی و زەویناسیدا هەر دەناسرا!
تیۆرەکەی داروین هاوشێوەی دۆزەوەیەکی دیکەی زانستی نەبووە، بەئاسانی تێبپەڕێت، چونکە هەر لە سەرەتای بڵاوبوونەوەیدا بیروڕای گشتی بەتەواوی هەژاند و کێشە و مشتومڕییەکی زۆر دەستیان پێ کرد، خێرا لەناو هەموو چین و توێژێکی کۆمەڵگە تەشەنەی کرد و دەنگی دایەوە، بە شێوەیەک بابەتی سەرەکیی ئەو دەمە تەنیا باسی داروین و بنەچەی جۆرەکان بوو. پسپۆڕان و زانایانی ئەو کاتە بۆ لێدوان لەسەر بیروڕا و بنەماکانی پەرەسەندن، بەردەوام کۆڕ و کۆبوونەوەیان دەبەست.
چەندان کەسایەتی ئاینیی و زانستمەندانی ئەو سەردەمە دژایەتییەکی تەواوی داروینیان دەکرد وەک، مامۆستاکەی ئادەم سێدگویک و ئەسقۆفی (پلەیەکی هەرەبەرزی ئاینیی) ئۆکسفۆرد ویلبێرفۆرس. بەڵام دەبێت بزانین کە ئەوانەی لەم گفتوگۆیانە بەشدارییان دەکرد، هەر هەموویان دژی تیۆرەکە نەبوون، بگرە هی وایان تێدا هەبوو بەتەواوی لایەنگری داروین بوو، لە‌ سە‌رووی هە‌مووشیانە‌وە‌ هاوڕێیەکەی پزیشک و زانای ناسراوی زیندەوەرزانی، تۆماس هاکسلی (١٨٢٥ - ١٨٩٥) دێت کە بە پشتبەستن بە بەڵگەکانی پەرەسەندن، لە کتێبەکەیدا "پێگەی مرۆڤ لە سروشتدا"، هەروەها لە زۆربەی کۆڕبەندەکاندا داکۆکییە‌کی توند و بێوچانی لە‌ بیروڕاکانی داروین دەکرد، هەر بۆیە هەندێک بە مەبەستی ناوزڕاندن بە پاسەوانی(سەگ) دڵسۆزی داروین ناویان دەبرد. ئەوەی جێی سەرنجە، ئەو کاتەی هاکسلی بۆ یەکەم جار کتێبی بنەچەی جۆرەکانی خوێندەوە، گوتی: "ئای من چەندە دەبەنگم، چۆن تا ئێستە بیرم لە شتێکی وا نەکردبووەوە!"
داروین لە‌ ساڵی ١٨٣٩ ژیانی هاوسەرگری لەگەڵ کچی مامی، ئێما وێدگوود، پێک هێناوە. ئەم ژنە زیرەک و ڕۆشنبیرە لەسەر بنچینەیەکی پتەو و خوێندنەوەیەکی زۆر، لە چەندان بابەتی جۆراوجۆردا ئاڵوگۆڕی بیروبۆچوون و گفتوگۆی زانستیی دوورودرێژی لەگەڵ دارویندا کردووە. ئەوەی پێویستە بگوترێت کە هەرچەندە ئەم ژنە لەبەر پاشخانی بیروڕا ئاینییەکانی، لە گشت لایەنێکەوە هاوڕای داروین نەبووە، بەڵام هەمیشە ڕێزی لێ گرتووە و بواری تەواوی بۆ کار و نووسینەکانی ڕەخساندووە، هەروەها هاوسەرێکی دڵسۆز و چاودێرێکی چاکی بووە، بەتایبەتیش لەو کاتانەی کە داروین نەخۆش کەوتووە. جگە لەمانە ئێما لە زۆر چالاکییە کۆمەڵایەتییەکاندا بەشداری کردووە، گەلێکیش خولیای کاری خێرخوازی و یاریدەدانی نەخۆش و هەژاران بووە.
داروین ١٠ منداڵی هەبووە، دووانیان هە‌ر بە‌کۆرپە‌یی مردوون، زۆربەی منداڵە‌کانیشی بە‌ردە‌وام لاواز و نە‌خۆش بوون (ئە‌مەش ڕەنگە بگە‌ڕێتە‌وە‌ بۆ خزمایە‌تییە نێزیکەکەی لە‌گە‌ڵ ژنە‌کە‌یدا). مردنی کچێکی لە‌ تە‌مە‌نی ١٠‌ ساڵیدا بەهۆی نەخۆشییەکەوە، تەواو نیگەرانی کردووە و خە‌م و پە‌ژارە‌یە‌کی لە ‌ڕادەبەدەری بۆ هێناوە. ئەوانەی ناسیاوی داروین بوونە دەڵێن، ئەم ڕووداوە کاریگە‌رییە‌کی زۆری، نەک تەنیا لە‌سە‌ر باری دەروونی، بگرە لەسەر هەندێ بیروباوەڕی ئاینیشیدا هەبووە.
داروین لەگەڵ ئەو هەموو خەریکبوونەی بە کار و نووسینەکانییەوە، هیچ کاتێک لە پەروەردەکردنی منداڵەکانی بێئاگا نەبووە. منداڵەکانی دەیان گوت، باوکێکی گەلێک باش بووە بۆمان، هەردەم هانیشی داوین بۆ کردەوەی چاک، تا ئەو ڕادەیەی دەڵێن، لەبیرمان نییە، جارێک هەڵسوکەوتێکی خەراپی لەگەڵمان کردبێ. زۆربەی منداڵەکانی داروین لە پاش خۆیدا گەیشتنە پلە و پایەیەکی بەرزی زانستی و کۆمەڵایەتی، یەکێکیان وەکوو زانایەکی ڕوەکناسی ناسرا، یەکێک گەردوونناس، یەکێک ئەندازیار، یەکێکی دیکەیان بووە زانایەکی مەزنی زیندەوەرزانی لە بواری پەرەسەندندا.
لەبەر ماندووبوون و گرفتەکانی لەشساغی و بە مەبەستی دەستەبەرکردنی شوێنێکی هێمن و ئارام، هەروەها ڕزگاربوون لە جەنجاڵی شار، داروین ماڵی گواستە‌وە‌ بۆ دێی (داون)، بە‌مە‌ش لە‌ لە‌ندە‌ن دوور کە‌وتە‌وە،‌ ئە‌وەش بوو وای لێ کرد ئامادە نەبێت، لە‌ زۆربە‌ی ئە‌و گفتۆگۆیانە‌ی کە لە‌سە‌ر تیۆرە‌کە‌ی دە‌کران‌. لە ڕاستیدا داروین خۆی هەر وا بووە، وەکوو کەسێکی بێفیز، هیچ کاتێک حەزی لەوە نەکردووە، بەردەوام لە کارەکانی بدوێت، یان خۆی دەربخات لە کۆڕ و کۆبوونەوەکاندا.
ئەوەی شایەنی گوتنە داروین کاتی خۆی لە‌ گە‌شتە‌کە‌یدا، لەڕێی هەندێ جۆرە‌ مێرووەوە تووشی نە‌خۆشییە‌ک بوو، زۆر جار‌ تە‌ندروستی تێک دە‌چوو، بۆیەش بەبە‌ردە‌وامی چارە‌سە‌ری وە‌ردە‌گرت. داروین هە‌رگیز بەتەواوی چاک نە‌بووەوە،‌ تا وای لێهات ئەو نەخۆشییە دڵی گرتەوە، دواجار لە‌ ساڵی ١٨٨٢ کۆچی دوایی کرد. لە‌ ڕێوڕە‌سمێکی شاهانە‌ و شکۆدار، بە ئامادەبوونی چەندان کەسایەتییەکی گرینگ و کۆمەڵێک زانستمەند و بیریاری گەورەی ئەو سەردەمە، لە‌ تەنیشت ناودارانی وەک، جۆن هێرشل و نیوتن، لە‌ (کلێسای وێستمینیستە‌ر) نێژرا.
داروین وای لە گەلێک زانا کرد کە گومانیان نەمێنێت لە ڕاستییەتی بوونی پەرەسەندن، هەر بۆیە لەلای زۆربەی زاناکاندا پلە و پایەیەکی زانستی بەرز و مەزنی هەیە. لە گەلێک وڵاتانی جیهان بۆ بەرزڕاگرتنی، لە ساڵڕۆژیدا لەلایەن چەندان دەزگەی چاپەمەنی و بڵاوکراوەکان ئاهەنگی بۆ دەگێڕدرێ، بەتایبەتیش لە شانشینی یەکگرتوودا، ڕۆژی داروینیان کردووە بە بۆنەیەکی ساڵانە. دامودەزگە زانستییەکانی لەندەن، لە ساڵی ٢٠٠٩ بە بۆنەی تێپەربوونی ٢٠٠ ساڵ بەسەر لەدایکبوونی داروین و ١٥٠ ساڵ بەسەر بڵاوبوونەوەی کتێبی بنەچەی جۆرەکان، چەندان چالاکی نێودەوڵەتیان ڕێک خست، جگە لەمانەش وێنەی داروین لەسەر پارەی ئینگلستان چاپ کرا.
لەبەر گرینگی تیۆری پەرەسەندن و پایەبەرزی داروین، تا ئێستە زیاتر لە ١٢٠ جۆر و ڕەگەزی زیندەوەران ناوی (داروین)یان لێنراوە. گەلێک شوێن و بنگەی زانستی لە جیهاندا ناوی ئەویان پێ دراوە وەک: (چیای داروین) لە یەکێک لە زنجیرە چیاکانی ئەندیز لە ئەمەریکای باشوور، (شاری داروین) لە ئوسترالیا، (زانکۆی چاڕلز داروین)، (دارستانی چاڕلز داروینی نیشتمانیی) و (کۆلێژی داروین - کامبێرج) لە ئینگلستان.
هەرچەندە تیۆری پەرەسەندن وەکوو چۆن لە ناوەندە زانستییەکاندا ناسراوە کە سەربە زیندەوەرزانییە، بە‌ڵام خەڵکێکی زۆر لەو باوەڕەن کە بەرەنجامە‌کانی گەلێک لایە‌نی فە‌لسە‌فی، کۆمە‌ڵایە‌تی، ئاینی و هی دیکە دە‌گرێتە‌وە.‌ داروین خۆی هەستی بەوە دەکرد، چاکیش لە‌ مە‌ترسیداری بیروڕاکانی تێ دەگە‌یشت، بەڵام هیچ کاتێک نەی ویستووە دژی بیروباوەڕە ئاینییەکان و نەریتە کۆمەڵایەتییەکان بوەستێت، بگرە هەمیشە جەختی لەسەر ئەوە دەکردەوە کە مرۆڤ پێویستە ڕێز لە باوەڕی هەموو کەسێک و گشت جۆرە بۆچوونێکی جیاواز بگرێت. بە هیچ شێوەیەک لایەنگری کۆیلەدارییەتی نەبوو کە لەو سەردەمانەدا جێی مشتومڕی بووە، زۆریشی پێ ناخۆش بووە تیۆرەکەی ببێتە بیانوو بۆ کەمکردنەوەی نرخ و بەها مرۆیییەکان.
گشت ئەوانەی لەنێزیکەوە داروینیان دەناسی، دووپاتی ئەوە دەکەنەوە کە کەسێکی زۆر بەڕێز و چاکەکار و هێمن بووە، ‌گەلێکیش سنگفرەوان بووە،‌ بەرانبەر بە‌ هەموو ئەو ڕەخنانەی لێی دەگیران. ئەمانە و چەندان خووڕەوشتی دیکەی باشی هەبووە، بەڵام بەداخەوە زۆرینەی ئەوانەی ڕەخنەی لێ دەگرن، بە مەبەستی لەقکردنی جێ و سەنگی ئەم زانایە، هێرشی ناڕەوای دەکەنە سەر، بەپێچەوانەی ئەم ڕەوشتە جوانانە، کۆمەڵێک ناو و ناتۆرەی دزێوی پێ دەدەن وەک: خوانەناس، دژەئاین، تێکدەری ڕەوشت، ڕەگەزپەرست، جووی پیلانگێڕی سەربە زایۆنیزمی جیهانی!
لەگەڵ هەموو ئەوانەشدا ئەگەر ڕاستگۆ بین لەم نووسینەدا، نابێت داروین بکەین بە فریشتە، چونکە هەر چۆنێک بێت ئەویش مرۆڤە، کاریگەری کۆمەڵگە و بیروباوەڕی کۆمەڵایەتی ئەو کاتە هەر هەبووە لەسەری، بۆیە ناشێ ئێمە بە چاوی ئەمڕۆ بڕوانینە هەڵسوکەوتی ئەو سەردەمە. لە ڕاستیدا چەند بۆچوونێکی ڕەگەزپەرستییانە لە کتێبی (پەیدابوونی مرۆڤ)دا بەرچاو دەکەون. داروین لەم بەرهەمەیدا ئاماژە بەوە دەکات و پێی وایە، ئەو ڕەگەزە مرۆڤانەی کە هەن لە پلە و ئاستی پەرەسەندندا جیاوازییان هەیە، هەروەها چەند جارێک زاراوەی کۆمەڵگەی شارستانی و پێشکەوتووی بەرانبەر بەوانەی دیکەی دواکەوتوو بەکار هێناوە. ئەمەش زۆربەی لەبەر ئەوە بووە، کاتێک سەرنجی داوەتە هۆزە سەرەتایییە دابڕاوەکانی ئەمریکای لاتین، پێی سەیر بووە کە چەندە جیاوازن لە لایەنی چۆنییەتی بیرکردنەوەیاندا لەگەڵ ئەوانەی لە شارەکانی ئەوروپا دەبینرێن. هەرچەندە نابێ لەمەدا داکۆکی لە داروین بکەین، بەڵام ئەوەی جێی سەرنجە ئەم چەند خاڵە کەمە وای لە دژکارانی کردووە، هەر کاتێک ناوی داروین بهێنرێت هەمیشە ئەمە بڵێن و بگێڕنەوە. خۆ ئەگەر هەندێکیش ئەو تیۆرەیان کردبێتە بەهانەیەک بۆ بوون و سەرهەڵدانی بیروباوەڕی ڕەگەزپەرستی، ئەوە بێگومان تاوانی داروین نییە.
ئەوانەی کە نەکارن بە بەڵگەی زانستی ئەو تیۆرە بەلاوە بنێن، هەوڵ دەدەن ڕەوشت و کەسایەتی داروین لەکەدار بکەین، بە هیوای ئەوەی بتوانن پایەی تیۆری پەرەسەندن لەق بکەن، دەبێ ئەمانە باش بزانن کە ئەم هەوڵەیان هەرگیز سەر ناگرێت، ئەمەش لەبەر ئەوەیە کە گریمان داروین مرۆڤێکی ڕەگەزپەرست و بەدڕەوشتە، ئایە ئەمە تیۆری پەرەسەندن دەڕوخێنێت؟ ئێمە دەبێ لە بەڵگەکان بکۆڵینەوە، نەک لە کەسایەتی خاوەنەکەی! بە نموونە دەبێژن، نیوتنی ڕابەری زانستی فیزیا، مرۆڤێکی بەفیز و خۆپەرست و دڵڕەق بووە، ئایە دەکرێ بڵێین، فیزیازانی زانستێکە بەرەو خۆپەرستی و دڵڕەقیمان دەبات؟
ئەمەی دژ بە داروین کراوە شتێکی ناوازە نییە، چونکە ئێمە ئەگەر لە مێژوو ورد ببینەوە، دەبینین زۆربە‌ی تیۆرە‌ زانستییە‌کان لە ‌سە‌رە‌تادا هە‌ر وا بوون و نەیان توانیووە جێی‌ خۆیان بەئاسانی لە‌ هزری خە‌ڵکانێکدا بکە‌نە‌وە، ساڵەهای ساڵ چە‌ند باوە‌ڕێک لە‌ مێشکیاندا ڕەگیان داکوتاوە کە نەکارن بەسانایی دە‌سبە‌رداریان ببنەوە، ئەمانەش وایان لێ دەکەن، دژی زانا و ڕووناکبیران بوەستن. مێژوو چە‌ندان بیریار و زانای بلیمەتمان پێ دەناسێنێ کە دووچاری کێشە‌ و ئازار و ئە‌شکە‌نجە‌ بوونە‌، لە هە‌وڵی چە‌سپا‌ندنی بیروڕاکانیاندا. بەڵام جیهانی ئەمرۆ ئەو جیهانەی سەردەمی داروین نییە، چونکە ئێستە بە دۆزە‌وە‌کانی زانست لە بواری پێکهاتە بۆماوەیییەکان‌ و بوونی ژمارەیەکی زۆر لە هەڵکۆڵدراو و چە‌ندان بە‌ڵگە‌ی گرینگی دیکە، تیۆرەکە ‌بە شێوەیەکی وا پە‌رە‌ی پێ دراوە‌، داروین هە‌رگیز بیری لێ نەکردبێتەوە.
تیۆری پەرەسەندن کێشەی هەبووە پاش ١٠ ساڵ لە کتێبی بنەچەی جۆرەکان چارەسەر کراوە، هی وا هەبووە پاش ٥٠ ساڵ، هەندێکی دیکە پاش ١٠٠ ساڵ. ئێمە نابێ ڕەخنە لە زانا هاوچەرخەکانی ئەمڕۆی پەرەسەندن بگرین، بە بنەما و خاڵە لاوازەکانی داروین. مەبەست ئەوەیە تۆ ئەگەر دەتەوێ ڕەخنە لەو تیۆرە بگریت، نابێ ڕەخنە لە کتێبەکەی داروین بگری بڵێی تەواو، چونکە داروین هەرچەندە داهێنەری سەرەکیی ئەم تیۆرەیە، بەڵام وەکوو گوتمان، لە چەندان لایەنەوە کەموکوڕی هەبووە لە بوونی بەڵگەکان، هەروەها لەبەر نەبوونی کەرەستە و ئامرازی پێویست و پشتبەستن بە زانستەکانی دیکە، ئەوانەی کە لەو دەمەدا هێندەی ئەمڕۆکە پێشکەوتوو نەبوون. لە زانستدا ئەوە نییە، تۆ بێی ڕەخنە لە بابەتێک بگری کە دەیان و سەدان ساڵ پێش ئێستە نووسراوەتەوە، بگرە دەبێ بە بەردەوامی ئاگاداری تەواوی بەڵگە نوێیەکان و تۆژینەوە زانستییەکان ببیت و بزانی چی نوێ هەیە و بابەتەکە بە کوێ گەیشتووە، ئەو کاتە دەتوانیت ڕەخنەی خۆت بگری، ئەمەش بێگومان لەڕێی بڵاوکراوەیەکی باوەڕپێکراوی ڕێکخراوێکی زانستی.
-------------------------------------------------------------------
 سەرچاوەی وێنەکان:
سەرچاوەکان:
بڕوانە بەشی یەکەمی ئەم زنجیرەیە....

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە