خــاوەی نــەزانـیـن

Thursday, 27/12/2018, 22:12

7848 بینراوە


دوو ڕۆژ دوای ڕاپەڕینەکەی ساڵی ١٩٩١ سەردانی شوێنی کارەکەمم کرد .  جگە لە تاڵانی ، دەرگا و پەنجەرەکان شکینرابوون .  ژووری بەریوەبەرەکەمان زیاتر لە هەموو ژوورەکانی تر شێوێنرابوو ، بەڵام کتێبەکان بە پەرشوبڵاوی وەک خۆیان مابوون . یەکێک لە کتێبەکان ، کە نزیکەی ٢٠٠ لاپەڕە دەبوو ،  لەسەر بەرگەکەی دەرەوەی دەستەواژەی ( زۆر نهێنی )  لیێ  نووسرابوو .  ئەو کتێبە پلانی ستراتیجی حکومەتی عیراق بوو بۆ شاری سلێمانی . دیارە بۆ هەموو شارێک لەو جۆرە پلانە تایبەتە  ئامادەکرابوو . 
 پلانەکە  زۆر بە وردی هەموو لایەنەکانی پەروردە ، کشتوکاڵ ، پیشەسازی ، بەرهەمهێنان .. و هتد  گرتبووە خۆی ، لە یەکێک لە بڕگەکانیدا  ئاماژەی بۆ زیادکردنی ژمارەی باخچەی ساوایانکردبوو ، ئەمەش نیشانەبوو ، کە ئەو پلانە ، پلانێکی گشتگیربوو ، هەموو جومگەکانی شارەکەی گرتبۆوە ،  ئەرکی  لێپرسراوەکانی دەوڵەتیش ، بریتی بوو لە جێبەجێکردنی هەر هەموو بڕگەکانی وەک خۆی .  ئەوەی شایانی باسە  پلانی ستراتیجی ، ئەو پلانەیە ، کە گۆڕانکاری بنەڕەتی دروستدەکات .  پلانیش خۆی لە خۆیدا  بریتییە لە بەکارهێنانی بیری زۆر وردی کەسانی دانا و بلیمەت ، بۆ دانانی کارنامەیەکی تایبەتی  بۆ شتێکی دیاریکراو .  بە گشتیش ئامانجەکەی سوود وەرگرتنە لەو داهاتەی  ، کە لەبەر دەستدایە ، بە لەبەرچاوگرتنی کارەکان ( پڕۆژەکان ) بە پێی گرنگیان و ڕاگرتنی هاوسەنگی تەواو  لە نێوان پەرەپێدانی کۆمەڵایەتی و ئابوریدا ، بە تایبەتی لە نێوان هەموو ئاستەکانی کەرتەکانی کشتوکاڵ و پیشەسازییدا. بێگومان حکومەتە یەک لە دوای یەکەکانی عیراق لەبەر ڕۆشنایی ئەو جۆرە پلانە وردانەدا دەوڵەتدارییان دەکرد . هەر بۆیە لە کاتی خۆیدا بەنداوی دوکان و دەربەندیخان دروستکرابوون ،  کارگەی شەکری سلێمانی ڕۆژانە ( ٢٩٠ )   تەن شەکری سپی دەردەکرد و ساڵانەش ئامادەبوو ( ١٢٠ ) هەزار تەن چەوەندەر لە جوتیاران وەربگرێت.  کارگەی جگەرە لە ساڵی ١٩٦١ وە تا ساڵی ١٩٩١ لە کارکردندا بەردەوام بووە ، زۆر ساڵیش نزیکەی ٢٠  ملیۆن دۆلاری قازانج کردووە و بە هەزاران جوتیار و خێزانەکانیان سەرقاڵی چاندنی تووتن بوون  .  بە پێی ئامارێک ، کە لە ساڵی ١٩٧٨ دا کراوە ، ڕێژەی ( ٣,١ )  ی  هەموو تووتنی ڕۆژهەڵاتی ، کە لە جیهاندا بەرهەم هاتووە ،  سەرچاوەکەی کوردستانی باشور بووە . .. هەر بوونی پلانی ستراتیجی بووە  ، ساڵانە  دەرچووەکانی زانکۆ و ئامادەیی و سەرەتایی و هەتا  نە خوێندەوارەکانیش  بە ماوەیەکی کەم کاریان بۆ دۆزراوەتەوە ، چونکە بە پیی ئەو پلانە  گەشەپێدان لە هەموو بوارەکاندا هاوسەنگی تەواویان لە نێواندا بووە  ، کاتێک زانکۆیەکی تازە کراوەتەوە ، لە هەماکاتدا حساب بۆ دەرچووەکانیشی کراوە .  لە ماوەی هەشت ساڵی جەنگی نێوان ئێران و عیراقدا گرفت و کێشەیەک نەبووە  بە ناوی مووچە و  و ئاو و کارەبا و سووتەمەنییەوە  .  هەر پلانی ستراتیجی بووە ، کەرتەکانی کشتوکاڵ و پیشەسازییان گەیاندبووە ئاستێک ، دانەوێڵە و میوە و  شیرەمەنی هاوردە نەکرێن .  بوارەکانی دەرهێنان و پاڵاوتنی نەوت ڕاستەوخۆ بەسترابوون بە حکومەتەوە .  بێگومان نهێنی ئەو دەوڵەتدارییە سەرکەوتووانەیەش ، هۆکارە سەرەکییەکەی دانانی  کەسانی شیاو لــە شـوێنی شیاوی خـۆیاندا بووە . ئەمە سەرباری ئەوەی پاداشت و سزاش ، بێ جیاوازی سەرجەم  کاربەدەستدانی دەوڵەتی  بە چاک و خراپەوە گرتۆتەوە . 
لە دوای ڕاپەرینەوە و کاتێک خۆمان حوکمی خۆمان دەکەین ،  شتێک  نامێنێت  ناوی پلانی ستراتیجی بێت ،  خۆ ئەگەر هەشبووبێت  تەنها قسەی پفهەڵدراوی سەر کاغەز بووە  ، هۆکارەکەشی دەگەڕیتەوە بۆ قۆرخکردنی دەسەڵات لە لایەن دوو بنەماڵەی خۆسەپێنەرەوە ، کە هەموو پۆستە گرنگەکانیان بۆ خزم و کەسوکار و نۆکەرە  ئەڵقە لە گویێ کانی خۆیان قۆرخکردووە ، بەبێ ئەوەی ڕەچاوی  توانایان  بکەن .  ئەمەش وایکردووە نەتوانرێت سود لە عەقڵ و هزری  کەسانی زیرەک و بە توانا و لێهاتوو وەربگیرێت ، کە لە ئاستی دانان و جێبەجێکردنی پلاندا بن ،  ئەوەتا حکومەتە یەک لە دوای یەکەکانی هەرێم ،  لەگەڵ ئەوەشدا داهاتی سەرزەوی و ژێر زەوییان لەبەر دەستدا بووە ، کەچی ٢٨ ساڵە یادگارییەکی جوانی وایان بەجیێ نەهێشتووە مرۆڤ شانازی پێوە بکات .  هەر بۆیە حاڵمان بەم حاڵە خراپ و وێرانەی ئەمڕۆ گەیشتووە .  پاشان سەرباری شکستی گەورەی کەرتەکانی کشتوکاڵ و پەروردە و پیشەسازی ،  حکومەت ناتوانێت دەرچووەکانی  کۆلیجی پزیشکی و ئەندازیاری و پەروەردە و ... هتد  دابمەزرێنێت ، کەچی بەقەدەر ژمارەی باڵەخانەکان زانکۆ لە شار و شارۆچکەکاندا دەکاتەوە . لە کاتێکدا مانگانە ملیۆنەها  بەرمیل نەوت دەفرۆشێ ، بەڵام لەم زستانە ساردەدا ، خەڵکی کڵۆڵی داماو  نەوتی نییە خۆی پیێ گەرمبکاتەوە ، ئەوە خۆ باسی نەبوونی مووچە و کارەبا و ئاو و خزمەتگوزارییەکان لەو لاوە بوەستێت ، کە ٢٨ ساڵە دووکەڵ و دۆرنجی  مولیدەکانی کارەبا ، هەزاران هاوڵاتی تووشی شیرپەنجە کردووە .   هەموو ئەو کێشانەش دەگەڕیتەوە بۆ بەکارنەهێنانی عەقڵ .  بۆ ڕاستی ئەم بۆچوونەش ڕووناکی دەخەمە سەر ئەم نموونەیە ، کە هۆکاری سەرەکی  ئەو بارە نالەبارەی ئەمڕۆمانە  :  پاش ڕاپەڕین  لیژنەیەک دانرا بۆ دیاریکردنی زیانەکانی   کارگەی شەکری سلێمانی ، کە لە جەنگی نێوان ئێران و عیراقدا فرۆکەکانی ئێران چەند بەشێکی وێراکردبوو . پاش وردبوونەوەیەکی تەواو ،  ڕاپۆرتێکمان نارد بۆ وەزیری پیشەسازی حکومەتی هەرێم ، کە خۆی لە خۆیدا پلانێکی تەواو بوو بۆ چاککردنەوەی ئەو کارگەیە .  لە ڕاپۆرتەکەدا ئاماژەمان بۆ ئەوە کردبوو ،  چاککردنەوە و  خستنەوە کاری  کارگەی شەکر ، پێویستی بە ٣ ملیۆن دۆلارە .  پاش یەک مانگ چاوەڕوانی ، بە نووسراوێک  وەڵامی ئەو ڕاپۆرتەمان بۆ هاتەوە ، جەنابی وەزیری بێ ئاگا  ،  تەنها  ٣ هەزار دیناری تەزویری بۆ ژیانەوەی ئەو کارگە ستراتیجییە تەرخانکردبوو !! .  بێگومان جیاوازی نێوان ٣ هەزار دیناری تەزویر و ٣ ملیۆن دۆلار  چەند بوو ، جیاوازی نێوان عەقڵی  ئەو وەزیرە و پۆستەکەشی ئەوەندە بوو .  ئەمجۆرە لێپرسراوانە نەک هەر توانای تێگەیشتنی پلانیان  نییە ، بەڵکو لە بواری پۆستەکانی خۆشیاندا تەقەی سەریاندێت .. ئەو نووسراوە زۆر سەیرە کارێکی وایکرد  بە پەلە بڕۆین لە هەولێر  سەردانی بکەین و  گرنگی و وردەکارییەکانی ڕاپۆرتەکەی سەرلەنوێ بۆ باسبکەینەوە  . کاتیک گەیشتین نیوەڕۆ بوو ، بەخێرهاتنی کردین و بەرلەوەی دەست بە قسەبکەین ، وتی :  کوڕینە من ئێستا ماندووم و برسیمە و توانای گویێ گرتنم نییە و زۆریش حەزم  لە کەبابی قەڵادزیێ یە ، کەبابێکی زۆر چاکە ، دەی  با پێکەوە بچین نان و کەبابێکی باشی بۆ بخۆین ، ئەو کاتە باسی کێشەی کارگەکەش دەکەین .  هەموو بە دوای وەزیردا خۆمانکرد بەو کەبابخانەیەدا و تێر نان و کەباب و ماستاومان خواردەوە .  پاشان لە ناو ژاوە ژاوی کەبابخانەکەدا  ، جەنابی وەزیر وتی :   پێویست ناکات باسی ئەو کارگەیەم بۆ بکەن ، خۆم  سەرلەنوێ بە ڕاپۆرتەکەتاندا دەچمەوە و  بیرێکی لیێ دەکەمەوە . بەلامانەوە سەیر بوو وەزیر ئامادە نەبوو  بەقەدەر ماوەی کەبابخواردنەکە ، کاتیش  بۆ باسی ئەو کێشە گرنگە تەرخان بکات  ، هەر بۆیە لۆژ لۆژ و  بە دەستی بەتاڵەوە گەڕاینەوە .  ئەنجامەکەشی ئەوەبوو ، سەرجەم ئامێر و دار و بەردی  ئەو کارگە ستراتیجییە مەزنە ، هەراج کرا و  بە کیلۆ و نرخی تۆڵەکە فرۆشرا و جێگاکەی لە لایەن بازرگانەکانەوە کرا بە باڵەخانە ... بێگومان قۆرخکردنی دەسەڵات و دانانی  ئەمجۆرە وەزیرە  کەبابخۆرانە ، کە وەک مڵە لەسەر حسێبی ڕەنجی شان  وخەمی خەڵکی دەژین ،  هۆکاری سەرەکی  شکستی  حکومەتە یەک لە دوای یەکەکانی هەرێمە ، کە بەردەوام  شانازی بە کار و پڕۆژە ڕووکەشە بێ بەرهەمەکانی خۆیانەوە دەکەن ،  لـە ڕاستیشدا نــاخـی کـۆمـەڵگاکـەمانیان داوەشاندووە  و  لە شکستێکەوە ئەماندەنە دەست شکستێکی گەورەتر ،  ئەمەش خـــاوەی نــــەزانـیـنــە و دەبێ بیدەین .

٢٣ / ١٢ / ٢٠١٨

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە