ئەردوغانی دۆڕاو، ئاڵای تورکیا وەک ئاڵای کوردستان لە سوریا دەهێنرێتە خوارەوە!

Saturday, 29/12/2018, 4:24

9659 بینراوە


ڕێککەوتنی نێوان ترامپ و پۆتین لە کۆتایی ساڵی ڕابردوودا و ڕاگەیاندنی هەڵوێستیان لە نووسراوێکی فەرمیی لە ١١/١١/٢٠١٧دا دەربارەی چارەسەری بار و دۆخی سوریا و بە تایبەتی دەربارەی مەنبیچ بۆ چاودێرانی سیاسی و شرۆڤەکاران جێگەی گومان بوو، کە  بە دڵنیاییەوە بۆ لێپرسراوانی پەیەدە و یەپەگەش بە هەمان شێوە بوو، ڕوونبوو کە ئەمریکای شەرمەزار و ڕوسیای ڕوو سیا ڕێککەوتوون و دوای ئەم ڕێککەوتنەشیان یەکەم هەنگاو جەنگی عەفرین بوو.

http://www.kurdistanpost.nu/?mod=news&id=84147

لە مێژوودا، ئەمریکا  و ڕوسیا گەلێک جار پرسی نەتەوەی کوردیان بۆ بەرژەوەندیی و مەرامەکانیان بەکارهێناوە، بەڵام ئەوەی لە ڕابردوودا بۆیان چووە سەر ئەمجارە لە ئەنجامی هەڵوێستی بەرز و خۆراگری کورد لە ڕۆژئاوا بۆیان نەچۆتە سەر. چۆن؟

یەکەم،

تا ئەو سات و کاتە، ئەوان نەیانتوانی سەرانی یەپەگە و پەیەدە، ژێر بە ژێر بە پاڕە و پاسپۆرت هەڵخەڵەتێنن، ئاشبەتاڵیان پێ بکەن، خۆیان و ماڵ و منداڵیان ڕوو لە هەندەران بکەن و میللەت بەجێبهێڵن، هەر چۆن لە ساڵەی ١٩٧٤دا بنەماڵەی بارزانی ئەنجامیاندا، جەلال تاڵەبانی و برایم ئەحمەد لە سەرەتای هەفتاکان، دووبارە جەلال تاڵەبانی لە ساڵی ١٩٨٧دا لەگەڵ خێزانی لە ڕێگەی دیمەشق و تاران بەرە و ئەوروپا هەڵات وێرای ئەوەش ڕووداوەکان ، هەوڵەکان ، شەڕەکان هەڵبژاردنە سیاسی و سەربازییەکان و بار و دۆخەکە لە ڕۆژئاوا لەبەر چاوانە.

دووەم،

لەسەر ئاستی شەقامی دنیا، ئاستی لێپرسراوانی ئەمریکا و نووسەران و خەڵکانی خاوەن ویژدان، شەرەڤانان و میللەتی کورد لە ڕۆژئاوا توانیان گەلێک دۆست و لایەنگر بۆ پرسی ڕەوای خۆیان دروست بکەن. ئەمە هۆکاری ئەوەبوو، کە ئەمریکا و ڕوسیا نەیانتوانی ڕاستەوخۆ بچنە جەنگەوە دژ بە کورد، مەیدانەکەیان بۆ تورکیای ئۆردوغانی و چەکدارە بەکرێگیراوەکان بەجێهێشت بۆ ئەوەی جەنگی کورد بکەن لە ڕۆژئاوا!  بە دڵنیاییەوە هەر دوو زلهێزی دنیا خوازیاربوون ئەم پلانە بە ئاسانی ساڵی پار بخەنە بواری جێ بەجێکردن بەڵام شەرەڤانان ڕێگر بوون، کە ئەمە هۆکاری ئەوەیە هەردوو زلهێز کاتێکی زیاتر و خەرجیەکی زۆرتریان چوو لە نێو ئەو ساڵەدا و هەروها لە ڕووی سیاسی و ناوبانک ئابڕوویان لە نێو گەلاندا  تکا.
سێیەم،

ململانێ لە ڕۆهەڵاتی ناوەڕاستدا بە تایبەتی لە سوریا زۆر ئاڵۆز و تێکهەڵکێشراوە، ئەمریکا و ڕوسیا، ئیران و تورکیا برا و دۆستی گیانی بەگیانی نین، ئەوانیش لە قاڵبێکی دیەکەدا دوژمنی یەکن، هاتنی سوپای سوریا بۆ شاری مەنبیچ و رۆژئاوای کوردستان بە دڵی ئەردوغان نییە، بەهۆی ئەوەی ئەردوغان لە سەرەتای جەنگی سوریاوە داوای لابردنی ئەسەدی دەکرد، هەوڵی دەدا سوریا دابەش بکرێت، بەشێکی زۆری ئەو وڵاتە بکەوێتە ژێر چەپۆکی، داگیرکردنی عەفرینی بۆ بچێتە سەر و ئاڵای تورکیای لێ هەڵبکات. بەڵام ئەمڕۆ چۆن ئەو ئاڵای کوردستانی لە عەفرین هێنایە خوارەوە ئەوا بێ گومان ئاڵای عوسمنلیەکانیش هەمان چارەنووسی دەبێت.
چوارەم،

 شەڕی مەنبیچ بۆ کورد تەنیا شەڕی تورکیا نەبوو، بەڵکو شەڕی ڕوسیا، شەڕی ئەسەد، شەڕی ئیران و گشت چەکدارە بەکرێگیراوەکانیان بوو, ئیتر خۆ پاراستنی کورد لەم ڕووبەڕووبوونەوەیەدا دەستکەوتێکی مەزنە، کوردستانێک بۆ ڕەجەب بێت یان بۆ بەشار بێت بۆ کورد هیچ،  بەڵام خۆپاراستن لە شەڕەکە پاراستنی گیان و ماڵی هەزاران کەسە بۆ بار و دۆخی ئەو سات و کاتە کە ئەمەش بە بڕیاری حەکیمانەی کوردانی ڕۆژئاوا درا. لە ئەنجامی ئەو بڕیارەدا تورکیا ئەمڕۆ دەبێت لەگەڵ ڕوسیا و ئەسەد و ئیران بکەوێتە ململانێ ئینجا ئەم ململانێیە تەنیا بە شەڕی سارد دەبێت یان گەرم، ئەوەش لە داهاتوویەکی نزیکدا ڕوون دەبێت کە تێکبەردەبن یان نا! بۆ کوردیش هەڵبژاردەی بەکارهێنانی ئیرادە و شەڕی پارتیزانی و دەیان هەڵبژاردەی دیکەی سیاسی دەبێت.
پێنجەم،
میللەتێک کە بە سەربەرزی لە کێشمەکێشمەکانی نێو سوریادا تا ئێستا دەرچووبێت، ئەوا میللەتی کوردە. بەرەنگاری لە عەفرین و کۆبانێ شایەد حاڵن کە ئەو نەتەوەیە سەلماندی کە ئەو وەک ئەمریکا و ڕوسیای زلهێزی دنیا، تورکیا و ئیرانی خوێنڕێژ و ئەسەدی تەپیو، داوای کورسی و پارە و نەوت و سەرمایە ناکات، دەست بۆ مافی گەلان و میللەتان نابات، وەک ئەوان دروستکەری هێزی وەک داعش و دەیان هێزی چەکداری دیکە لە ناوچەکدا نییە، وەک ئەوان دەستی سوور نییە بە خوێنی خەڵکی بێتاوان و ژن و منداڵ و پەککەوتە، ئەمە لە مێژوودا بە سەرکەوتن تۆمار دەکرێت نەک هەڵکوتانە سەر ناوچە و گەلان بە بەکارهێنانی هێزی چەکدار و سوپای زەبەلاح و چەکی کیمیاوی وەک ئەوەی ئەوان کردیان و دەیکەن. دەرکەوت کە میللەتی کورد مەبەستی تەنیا فەراهەم کردنی ژیانێکی ئاسودەیە لەسەر ئەرز و خاکی باوباپیرانی و لە ئەنجامدا ئەمریکای زەبەلاح چۆکی دادا بەڵام ئەو میللەتە چۆکی دانەدا.


نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە