چنینەوەیەك بۆ ساڵی ٢٠١٨

Monday, 31/12/2018, 0:07

7626 بینراوە


دوای هەرای ئەیلول و دۆڕاندنی شاری موسڵ ، دوای گەڕەلاوژێی بەناو شۆڕشی نوێ و گۆڵان و دۆڕانی بەدرەو جەسان،سنجار و تەلەعفەرو شارەبان ، دوای گیرفاندۆمەکەی مەسعود و دۆڕانی کەرکوکی دڵ و قودسی کوردستان،،، ساڵی ٢٠١٨ ئەو ساڵەیە کەئەم دەسەڵاتە خۆماڵیە کلك گرێدراوە دەستەمۆیەی دوژمنانی داگیراکەرانی کوردستان،زۆر بەڕاشکاوی ئاشکرا توانیان سیخوڕی و خیانەت بکەنە کلتوور و خۆیانی پێوە بابدەن. لەم ساڵەدا بۆ یەکەمین جارە لە مێووی مرۆڤایەتی بەگشتی و کورد بە تایبەتی کە خیانەت نەك هەر شەرم نیە، بەڵکە ئەبێ شاباش بکرێ و شەڕە پەڕۆی سەرکەوتنی بۆ هەڵبگیرێ.
لەم ساڵەدا ئەوانەی درێژ پێکراوەی خیانەتەکانی مەلا مستەفا و جەلال تاڵەبانی و نەوشیروان مستەفا بوون ، نەوەکانیان بەو پەڕی شانازیەوە لەهەوڵی بەردەوامدان بۆ ئەوەی لە ئایندەیەکی نزیکدا ئەوەی کەماوە لە پرۆسەیەکی تری هاوشێوەی ئاشبەتاڵ،ڕیفراندۆم و سەربەخۆیی، بیدۆڕێنن. سلێمانی و هەولێر و دهۆك دوا ویستگەی ئەم نەوە گەنجە هیچ و پووچەیە کەئەم دۆڕاندنە ئەخەنە ئەرشیفی خیانەتی خۆیان و ئاژداد و ئاباییانەوە.
ئەگەر چی هەریەك لە مەسعود و جەلال دوای ٢٠٠٣ دەستیان کرد بە (تەعریبی)کوردستان و نزیکەی ١ ملێۆن عەرەبی چاو ڕەشیان هاووردەی باشووری کوردستان کرد،ئەوە لەماوەی ٥-١٠ ساڵی ئایندە ئەم ژمارەیە خۆی نزیکەی ١٠ ئەوەندە ئەبینێتەوە و شتیك نامێنێ بەناو کوردستان، کەلەڕاستیدا بێ بوونی نەوەکانی بارزانی،تاڵەبانی،نەوشیروان ئەم کارە هەروا ئاسان نابێ.
هەروەها نابێ ڕۆڵی بەناو ئیسلامی و دۆلاربیرەکانی دەسەڵات و خوێندەوارە لات و پلووتەکانیان و دکتۆر و پڕۆفیسۆرە گیرفان قووڵەکانیان لەیاد کەین لەم هەموو دۆڕاندن و نوشست و خیانەتە دوور و درێژانەدا ، ئەم چینە هەردەم وەك ڤایرۆسیك وا بوون لەلەشی هیلاك و جەستەی لەرزیوی گەلدا. ئەمانە تەواوکەری ئەو نەوە بازرگانە بەناو سیاسیانەن کەهیچ کات سڵیان لە خیانەت و خوێنی گەلی کورد نەکردۆتەوە تەنها لەبەرئەوەی ژیانی شاهانە بژین و میلەت ژێر دەستە و خاك داگیرکراو و نیشتمان گۆڕی ئازادیخوازان و خەمخۆرانیان.
دەبا چیتر ئەوەندەی تر خۆمان هەڵنەخەڵتێنین سنوورێك بۆ ئەم هەرزان فرۆشیە دا بنێین و خۆمان ڕوو زەردی نەوەکانی تر نەکەین. پێوستە خەڵکانێکی خاوەن ویژان و خەمخۆر بێنە پێشەوە و ستۆپێك بەم خیانەتکارانە بکا. گەر خۆت بەو کەسە ئەزانی،ئەوە نیشتمان هی خۆتە،خاك هی خۆتە،مێژوو نا ، لێ داهتوو هی خۆتە.
ساڵی ٢٠١٨ بەو هەموو خراپی و ناهەمواریەوە ، ئاسۆی گەورەی نیشتمان پەروەری و مرۆڤ دۆستی دا بەگویمان لەڕێگای کۆچی دوایی دکتۆر جەمال نەبەز و ئەو خەرمانە گەورەیەی بۆی جیهێشتین، هیوامان گەورەیە خەونی ئەو و کوردستانپۆستیش ببێتە هەوێنی ئایندەیەکی ڕۆشن. لە کۆتاییدا ماڵئاواییمان لە ساڵێك کرد کە نەهامەتی زۆری تیابوو، بەڵام هەوڵ و خەباتی کچان و کوڕانی باکوور و ڕۆژئاڤا قەرەبووی زۆر کردۆتەوە و چاوەڕی هەمان هەوێنین لە بەشەکانی تر سەرهەڵبدەن.
بیرت نەچێ،هەموان قەرزارباری مێژوویەکی بەلاڕێداردا براوین  و پێوستە بیخەینەوە سەر ڕێگا ڕاستەکەی خۆی.

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە