وەڵامی نامەیەکی تاڵەبانی بۆ سەرۆکی دەزگای میت خیانەتێکی ترمان بۆ دەردەخات

Monday, 07/01/2019, 23:29

21673 بینراوە


لەئەرشیفی هاورێ و برام : کاک "کەمال جە مال مختار"دا هێندەی شتی دانسقە تێدایە ، کە شایستەی ئەوەیە جێگایەکی تایبەتی بۆ ئامادە بکرێت، لەناو ئەرشیفەکەدا چەندین نامەی مێژوویی، نوسین ، شانۆ و دەنگی تۆمارکراو و لاپەڕەی چەندین ڕووداو خۆیان مەڵاس داوە، لە ناویاندا ئەم نامە نەفرەتیەی تاڵەبانیم وەرگرت، بۆ هەڵدانەوەی مێژووی ئەم پیاوە خائینە ئەرکم پێسپێرا کە قسەی لەسەر بکەم .
 نامەکە مێژوویەکی هێندە درێژی نییە، بەڵکو تەنها چوار ساڵ دوای ڕاپەڕینە، کە هێشتا ڕژێمی سەدام سەرنگوم نەبووە، بەڵام کڕوزانەوەی تاڵەبانی بۆ سەرۆکی دەزگا مخابەراتیەکەی (میت)ی تورکە. لە نامەکەدا تاڵەبانی ئەو پەیمان و کڕنوش بردن و گفت دانە، زۆر شتمان بۆ یەکلا دەکاتەوە، لە نامەی پیاوێکی کڵۆڵ و کۆیلە و بێ ئرادە دەچێت، نەک لە نامەی سەرکردەی پارتێکی سیاسیی، کە هەموو شتێک دەکات، هەموو پەیمانێک دەدات بەو بەرپرسە بەدڕەوشتە داگیرکەرەی تورکیا ، تا ئەویش ئاوڕی لێبداتەوە. 
 نامەکە زیاتر ڕۆشنایی دەخاتە سەر پارتی کرێکاران (PKK)، دیارە لەو نامەیەی کە پێشتر بەدەست تاڵەبانی گەیشتوە، سەرۆکی میت داوا لە تاڵەبانی دەکات شەڕ لەگەڵ پارتیدا نەکات ، چونکە پارتی ئەرکی بەرەو رووبوونەوەی پەکەکەی گرتۆتە دەست و داواش دەکات ئەوانیش هاوکاری پارتی بن بۆ شەڕی دژ بە پەکەکە . تاڵەبانی نەیشاردۆتەوە، کە غولام و کۆیلە و گوێڕایەڵە و فەرمانی داگیرکەری تورک و پاراستنی خاکی تورکیا ڕەچاو دەکات، تامەزرۆیە سەفەری ئوردن بکات و چاوی بە سەرۆکی میت بکەوێت. 
 قسەی ئێمە لەسەر ئەوە نییە کە تاڵەبانی لەم نامەیەدا کە دەست کوردستانپۆست کەوتوە . قسەی ئێمە لەسەر ئەوەیە داخۆ چەندین گفت و نامە و پڕۆتکۆڵی تر لە سایەی ئەم بەد ڕەوشتە سیاسیانەوە دژی کورد مۆر کراوە.
 تاڵەبانی و بارزانی لەو دوو کەسایەتیانەن کە هەمیشە لەخزمەتی داگیرکەراندا بوون ، گەر بێت و لە ڕووخانی ئەم ڕژێمانەدا کورد دەستی بە ئەرشیفی دەزگا مخابەرایەتییەکان بگات ، ئاخۆ مێژوو لەم تاوانبار و خائینانە خۆش دەبێت، کە ئەم بەشەرە پیسانە ئێسکو پروسکیشیان لە نیشتماندا بمێنێت؟ چونکە دوا جار گەر نەشمابن ئەوە دەبێت دادگای مێژوو بکرێن ، نەک خاوەن مەزار بن و خەڵکی بچێت بە دەوری گۆڕێکی پیس و خائیندا تەواف بکات و وێنەی سێلفی بگرێت.
 ئەم نامەیەی تاڵەبانی ئەوەمان پێدەڵێت کە مەکتەب سیاسی و سەرکردایەتی و کادێر و ئەندام بوون لە ناو یەکێتیدا هیچ نییە، بەڵکو ئەو کەسانە تەنها مشەخۆرێکی لەرزیو و کەسێکی تەپیو و گوێڕایەڵن، لۆژیک ئەوەمان پێدەڵێت سیاسەت کردن کاری خزمەت و وڵاتپارێزییە و لەسەر هەموو شتێک دەبێت گفتوگۆ بکرێت و بڕیار بە تەنها نەدرێت، کاتێک تاڵەبانی دەزانێت هیچ کەسێک نییە لێپرسینەوە لە سەر ڕەفتارو کردارو کار و پیشەی بکات، بۆیە پەیتا پەیتا بەئارەزووی خۆی و لە ترسانا سوک و ڕیسوا لەبەردەم پیاوێکی مخابەراتی دوژمندا دێتە سەر ئەژنۆ، هەموو شتێک دەکات تەنها بۆڕازی کردنی داگیرکەرانی کوردستان بێت. 
نامەکەی تاڵەبانی بە عەرەبی نوسیوێتی، هەر نووسینی نامەکە بەعەرەبی پێمان دەڵێت:  تاڵەبانی چ مەعدەنێکی بەد بووە لە ناو کایە سیاسییەکاندا.
لەکۆتایدا من شەرم دەکەم گۆڕی ئەم پیاوە پۆخڵە لە شارەکەمدا نێژراوە، دڵنیاشی دەکەمەوە کە ڕۆژێک دێت، زۆر نزیک ئێسک و پروسکی ئەو پیاوە پیسە لە سلێمانیدا نامێنێت و لەبەردەم دادگای مێژوودا دەهاڕێت و لاشە پۆخڵەکەی دەگوێزرێتەوە بۆ گردی ناپاکان.
جەنابی راوێژکار سونمز کوکسالی بەڕێز
هاوڕێی ئازیزم....
سڵاوێکی گەرمتان ئاڕاستە ئەکەم و سوپاستان ئەکەم بۆ نامەکەتان کە لە بەرواری ٣٠/٨/١٩٩٥ ناردبوتان، هەروەها سوپاسی ئەو هەوڵە برایانەتان ئەکەم کە داتان بۆ سەرخستنی دانوستاندی دبلن.
پێمخۆشە لەوە دڵنیاتان بکەمەوە، کە ئێمە هەوڵ و تەقەلای تەواو دەدەین بۆ سەرخستنی رێکەوتننامەکە و رێگرتن لە دووبارە نەبوونەوەی شەڕ.
سەبارەت بە ڕۆڵی تێکدەرانەی (PKK) لە کوردستانی عێراق، ئێمە ئاگاداری ئەو ڕۆڵە دوژمنکارییانەین کە ئەوان دژی رێکەوتننامەکە دەیگێڕن و باش دەرک بەوە دەکەین کە ‌چی مەترسییەکی گەورە لە پشت ئەو هەوڵانەوەن کە (PKK) و هێزە پشتگیرییەکانی دەیدەن بۆ لەباربردنی رێکەوتننامەکە. ئێمە رێگە نادەین بە سەرکەوتنی ئەو هەوڵە تێکدەرانە.
ئێمە بە شێوەیەکی پراکتیکی هاوکاری پارتی دیموکراتی کوردستانی یەکگرتوومان کردووە بە وەستانی شەڕو رێگەمان داوە بە جوڵانی هێزەکانیان بۆ پارێزگای دهۆک و لەسەر ئەم هەڵوێستەمان بەردەوام دەبین و لەلایەن ئێمەوە هیچ پێشێلکارییەکی رێکەوتننامەکە روو نادات. ئێمە دانمان بەخۆماندا گرتووە و بەردەوام دان بەخۆماندا دەگرین سەبارەت بە پێشێلکارییەکانی پارتی دیموکراتی کوردستان و نابینە رێگر لەبەردەم هەوڵەکانیان بۆ رووبەروبونەوەی دەستدرێژییەکانی (PKK) بۆ سەر هێزو ناوچەکانیان. دڵنیابن کە ئێمە هەرگیز رێگە بە هەڵگیرسانەوەی شەڕ نادەین لە نێوان خۆمان و پارتیدا هەروەها ئێمە بە شێوەیەکی پراکتیکی هاریکاری پارتی دەکەین لە رووبەروبونەوەی دوژمندا.
هاوڕێی ئازیز ...
یەکێتی نیشتیمانی کوردستان دەزانێت ئەو مەترسیانەیە چین -کە لە ئەنجامی دەستدرێژی (PKK) بۆ سەر پارتی سەرهەڵدەدەن و ئامانجی ئەو هێزانە دەزانین کە هانی (PKK) دەدەن و پشتگیرییان دەکەن لە هەڵگیرساندنی شەڕی براکوژیدا. 
ئێمە ئامادەی هاوکاری و هەمەئاهەنگی بەردەوامین لە هەموو روویەکەوە لەگەڵ بەڕێزتان و برا تورکەکانمان. 
زۆر شادمان ئەبم کە دوای سەردانەکەم بۆ (ئوردون) چاوم بە بەڕێزتان بکەوێ و بیروڕا بگۆڕینەوە و هەمئاهەنگی نێوانمان دووپات بکەینەوە، رۆژگار بۆتان دەسەلمێنێت کە یەکێتی نیشتیمانی کوردستان هاوپەیمانی راستەقینەی کۆماری تورکیا و یەکێتی و سەربەخۆیی خاکەکەی و گەلەکەیەتی. 
بێ هیواتان ناکەین لە هاوڕێیەتی و هاوکاریکردندا.
سڵاوی گەرممان قبوڵ بکەن
براتان جەلال تاڵەبانی




ئەو رێکەوتن و دەست لەناوی دەستکردن و زەردەخەنەیە بە فەرمانی میت و دۆژمنانی کوردە. بۆیە هەمووی سیناریۆ و درۆ لە رووخساریان دەبارێت.
-------------------------------
سوێنمێز کۆێکسال (Sönmez Köksal)؟
سەرۆکی پێشووی دەزگای هەواڵگری تورکی (MIT) بوو لە نێوان (١٩٩٢-١٩٩٨)، کەسێکی سیاسیی و موخابەراتیی تورکییە، لە ساڵی (1986-1990). بۆتە سەفیری تورکیا  لە عێراق، دوایی لە ساڵی (١٩٩٨-٢٠٠٢) بوو بە سەفیری تورکیا لە فەرەنسا.

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە