چەند پەیڤێکی پێویست(بەشی یەکەم)

Saturday, 12/01/2019, 0:03

11288 بینراوە


ئەم چاوپێکەوتنە، بۆیەکمجار بەر لە زیاتر لە ٢٠ ساڵ پێش ئێستا لە گۆڤاری خوێندکاری کورد دا بڵاوکراوەتەوە. گۆڤاری ناوبراو،بەهۆی کەم دەرامەتییەوە بە تیراژێکی کەم دەردەچوو و بڵاودەکرایەوە. لەم سۆنگەیەوە باوەڕم وایە بەشێکی زۆری خوێنەری کورد و بگرە دۆستانی کاک کوردۆش چاویان پێنەکەوتووە. بۆ یادی ئەم ساڵی کۆچی دوایی گیانی پاک و مێژووی پڕ لە تێکۆشان و خزمەتی وشەی کوردیی هاوبیر کوردۆ ( ١٩٥٠ ـ ٢٠١٦)، بەچاکم زانی جارێکی تر بێ هەڵە و کەمووکوڕی تایپی بکەمەوە و پێشکەش بە ئێوەی ئازیزی بکەم.

چاوپێکەوتنەکە تێروتەسەلە و لەگەلێ ڕەهەندی مێژوویی و سیاسی و ڕۆشنبیرییەوە و تیشکێکی هەمەلایەن دەخاتە سەر کۆمەڵێ بابەت و باسی جۆراوجۆر.

هەڵۆ بەرزنجەیی ١٤/١٢/٢٠١٨ بەرلین

چاوپێکەوتنێک لەگەڵ د. کوردۆ عەلی دا

ــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــ

-١ با لە پرسیارە نەریت و باوەکەوە، بەکردنەوەی دەروازەی خۆناساندنتان بە کورتی بە خوێنەر دەست پێ بکەین.

نەریت و باو وایە لە کن منیش خۆشتر دەبوو، گەر ئێوە ئەو ئەرکەتان کێشابا و وەک میوانێک بە خوێنەرانتان ناساندبام ، تا بواری ئەوەم نەبێت بۆخۆم بکەومە خۆھەڵکێشان و بەخۆدا ھەڵگوتن. لێ کە ئێوە نەیکەن، ناچارم خۆم بێمەگۆ. بەر لەھەرشت دەبێت بەوە دەستپێبکەم و بڵێم: ھێندەی بیرم بڕ بکات و لەو دەمەوە، خۆم ناسیوە، ھەر نێوم (سەروەت محەمەد ئەمین) بووە. دیارە خۆم یادم نییە، لێ لە زاری داک و بابم بیستووە، گوایە شەوی بەفرەزۆرەکەی ساڵی پەنجا، لەگەڕەکی سەرچاوەی زەردیاوا(قەرەداغ) واقەواقم خستۆتە نێو ماڵە جوتێرێکی ڕووت و برسییەوە. پاشان دەرکەوت ئەو شەوە دەکاتە،٢٠/٢/١٩٥٠ لێ ھەر لەودەمەوە، بێ ئەوەی کەس پرسێک بە خۆم بکات، سێ تەوقیان بەتۆپزی لەگەردن ئاڵاندووم: تەنیا بەوەوە نەوەستاون کەبێ پرس و ڕازیبوونی خۆم کردوویانمە عێراقییش و موسڵمانیش، بەڵکە ڕۆژی لەدایکبوونی ئاسایی خۆشم پێڕەوا نەدیتراوە، یەکێکی قەڵب و ساختەیان بەسەردا ساخکردوومەوە. وەک صەدان ھەزار ھاوتەمەنی ھاودەردم ،٧/١ کراوەتە تۆماری ئەو ڕۆژە خەماوییەی تێیدا چاوم بەژیانی کۆیلەیەتی و پڕ چەرمەسەریی نەتەوە داماوەکەمدا ھەڵھێناوە. پاشان قەدەر بەرەو جیھانی بەرینی نووسینی ڕاپێچکردم، بۆ شوێن ونکێ، نێوی (کوردۆ عەلی) م بۆ خۆ ھەڵبژارد، کە دوور لە ئێستە، نێوی نھێنی سەردەمی حیزب حیزبێنەم بوو. ئێستا ئەم نێوەیانم زاڵترە و زۆر هەن تەنها بەو نێوەوە دەمناسن.لەسەردانەوەی (هەواری دڵان)مدا،ڕێک کەوتووە،کۆنە هاوڕێ و کۆنە ناسیاوی خۆم، دۆستی خۆیان ڕاسپاردووە،(کوردۆ عەلی) یان پێبناسێنێت،نەیانزانیوە (کوردۆ) هەمان(سەروەتە چاوشین)ەکەی کۆنە دۆست و ناسیاریانە.

٢ـ سەرەتای خۆدۆزینەوەتان لە بواری خوێندنەوە و نووسیندا لە کوێوە دەست پێدەکات؟

ناتوانم تەواو تەواو داوی تاوی سەرەتای دەستدانە خوێندنەوەم دەستنیشان بکەم. ئەوە پرۆسێسێکی دوورودرێژە و بە چەند قۆناغێکدا تێپەڕیوە. کۆمەڵێک هۆکار، چەند برایەکی دڵسۆز، پەلکێشیان کردووم و بەو ڕێڕەوەیاندا بردووم. ئەوەی لێرەدا پێویستە پێیلێ بنێم و ئاشکرا دانی پێدا بنێم ئەوەیە کە من سەرەتای هەرزەکاری و لاوی، لەگێژاوی هەڵەشەیی و بزێوی و تەممەڵی و سەرلێشێواویدا، گێنگڵم دەدا. سەرتاسەری ساڵانی قوتابخانەم هەتا بەدەرنرام، یەکێک بووم لە قوتابییە خراپەکان. لە گشت وانەکاندا کۆڵەوار بووم، لێ لە داڕشتن و ڕێزماندا لە گشتیان کۆڵەوارتر ، ئیدی ڕێزمانی هەر زمانێک دەبا،با ببا. بۆیە نەبەخەیاڵی خۆمدا دەهات و نە بەبیری کەسدا، کە من ڕۆژێک لە ڕۆژان ببمە نووسەریش و دکتۆریش لە زمانەوانیدا.

دەگەڕێمەوە سەر پرسیارە سەرەکییەکەتان. هێندەی یادم بێت، چێژی شیعری کوردیی و شەیداییم بۆ خوێندنەوە و عەوداڵ بوونم بەدووی ئەدەبدا، لە جوامێریی دووکەسەوە چەکەرە و شکۆفەی کرد:

١ـ کوڕێکی قۆشمەی قسە قیتی هەمیشە دەم بە خەندە بووە هاوڕێم، یادی بەخێر نێوی مامۆستا (عەبدوڵڵا ڕەمەزان)بوو. کەشکۆڵێکی نایابی شیعری کوردیی بۆ خۆی نووسیبووەوە، تەنها بەوە لێمڕازیی نەدەبوو کە کەشکۆڵەکەی وەخوێنم، بەڵکە بە کام و تامیشەوە، هۆنراوە پڕ چێژەکانی بۆ لێکدەدامەوە و گەلەکجاریش بەدەم لاسایی (شوکروڵڵای بابان) ەوە بۆی دەخوێندمەوە:

بەداوە، گرژ و خاوە، یەعنی ئاڵۆزاوە زوڵفەینی

دوو تاوە، دوو سییان و شێوەکەی شێواوە زوڵفەینی

نەک هەر ئەوە، بەڵکە بە تۆپزی ناچاری شەڕشیعریشی کردم و بۆیەکەمجار بۆ تۆڵە و لە داشۆرینی خۆیدا، شیعرم ڕێکخست، لێ دیارە شیعری بێچێژ و هەرزەکارانە.

٢ـ پورزایەکم کە نێوی (حاجی عەباس) ە،کتێبخانەیەکی ئاوەدانی هەبوو. سەرجەمی دیوانەکانی(قانیع) ی لە تاقە بەرگێکدا جەززوبەند کردبوو، زوو زوو لێم قەرز دەکرد و چێژێکی سەیرم لێدەچەشت و هەرگیز لێی تێر نەدەبووم، تایبەت شیعرە کاریکاتێرەکانی،ئێستاش زۆربەیانم هەر لە بیرە. جگەلەوە هەموو ژمارەی گۆڤارەکانی (پەیام)و(تووتن)و ڕۆژنامەکانی (ژین)و(ژیانەوە)م، هەر لەوماڵە ئاوەدانەدا چنگ کەوت و گشت لە گشتیانم خوێندنەوە.

پێموایە ئەو دوو برا جوامێرە، بێ ئەوەی بەخۆبزانن، یەکەم مامۆستای ئەدەبیم بوون و هەر ئەوان بە شیری ئەدەب و زانست مەڵاشوویان هەڵدامەوە و فرچکیاندام و پاشان بڕێک برای دڵسۆزی دیکەش، ئەو ئارەزووە تازە چرۆیەیان تیفتیفە دام. من لە بوونمدا وەکی ئەمەی هەم، سا ئیدی چاکبم، یا خراپ، دروستکراوی دەستی کۆمەڵێک برای بەنرخ و دڵسۆزی خۆمم. هەتا هەم، منەتبار و قەرزارباریانم، بێ ئەوان و کۆمەك و دەستگیرۆیی ئەوان، ئەستەم بوو توانیبام ئاوها چێژ لە ژیان وەربگرم و خۆ بدۆزمەوە و خزمەتێک بە نەتەوەکەم بکەم، دیارە لە حاڵەتێکدا گەر ئەو کەمە نووسینانەم، بپەژێردرێن و بە خزمەتێک لێم قبوڵکرێن.

٣ـ خولیای گەورەتان لە خوێندنەوەدا چییە؟

گەر مەبەستتان لە خولیا، ئارەزوو و چەشی خوێندنەوە بێت، ئەوا لەودەمەوە کە دەستم داوەتە خوێندنەوە، بەچەند قۆناغێکدا تێپەڕیوم و هەر قۆناغەش خولیا و ئارەزوویەکی جوداوازم هەبووە. وەک پێشان گوتم ،سەرەتا لە شیعرەوە تێهەڵچوم، تا زانستگەشم تەواوکرد، زۆربەی کاتەکەمم بە شیعر خوێندنەوە دەبردەسەر و کام شیعر باشبا، بەخۆی دەچووە بەرم. یادمە ساڵانی پاش هەرەسە ئەژنۆشکێن و هیوا هەڵتەکێنەکە، کە برای زێدە ئازیز و مامۆستای هێژام، کاکە شێرکۆ بێکەس لە یەخسیریی و دەستبەسەریی عەجاج و سەبوون و سەرابەکەی ناحیەی (بەغدادی) بەسەردان دەگەڕایەوە،من شایی لە دڵمدا دەگەڕا. زوو زوو سەیران و کۆڕی دانیشتنی سەر کانی و ئاوەکەی (قووڵەڕەش) ی پشت ئەزمەڕمان ڕێکدەخست، ئەو نوێترین شیعری شیرینی خۆی دەکردە لاوک و لانک و خەم و ژان و ئازارە بێکۆتاییەکانی زادەی هەرەسی ڕادەژەنین و دەیلاواندنەوە، بەو دەنگە بەسۆز و هەستهەژێنەی خۆی کۆچ و خەوی چەند ساڵە و بڵباس و دەیان شاکاری دیکەی بۆ دەخوێندینەوە و منیش بەدیارییەوە هەڵدەتووتام و پڕ بە ڕۆح و هەستم چێژی ئەو گەوهەرە نرخدارانەم هەڵدەمشت و ساوائاسایی دەگریام و هۆن هۆن فرمێسکم هەڵدەڕشت.

لێ ئێستەکە بەروبووی شیعر هێندە بۆرکراوە، کە گەلەکجار لە ڕۆژنامەکاندا، لەتەک لاپەڕەی وەرزشدا، لاپەڕەی شیعریش تەرکدەکەم. لەسەروەختی هاتنە ئەوروپامەوە و لەو دەمەوە دەستمکردە خوێندن و سیاسەتم وەک تەرخانی دووەم هەڵبژارد، ئیدی خوێندنەوەی سەرچاوە سیاسییەکان، بەتایبەت و پلەی یەکەم ڕەخنە لە بیر و ڕێبازی خز و هەڵدێری مارکسیزم لینینزم، بوونە خولیای هەمیشەییم و هەتا هەرەس و ئاشبەتاڵی بیر و بزووتنەوەی کۆمۆنیزم هەرەسی بەدەستمایەی ڕۆشنبیرییم نەهێنا، من بۆ ئەو بیر و بزووتنەوەیە بەئەمەک مامەوە و قەت لە ڕەخنە و نوقورچی ڕەوا بێبەشم نەکرد. هەرچەندە ئێستەکە هەستێکی دوو فاقانەم بەرامبەر بەو بیر و ڕێبازە لەکن ڕسکاوە، لەناخەوە خەمبار و دڵتەنگم بە داڕمانی، چونکە فەرمایشتی وڵاتانی سەرمایەدار و بەرژەوەندپەرستی ئەوروپا سەرکەوت و مەیدانیان بۆ چۆڵ بوو، تا بەکامی دڵ تەراتێنی تێدا بکەن. لە قوڵایی دڵەوە شادم بە داڕمان و هەرەس و ئاشبەتاڵی ، چونکە بیرێکی تۆتالیتێری، مرۆڤ چەوسێنەری، خوێنڕێژی، دەستبڕ، سەرنگرێ بوو، هیچ قسەی بۆ مارکسپەرسست و کۆمۆنیستی مەلابەزێنی کورد نەهێشتەوە و لەدەست فەتوای بێتام و وەڕستکەریان ڕزگارمان بوو.

لەپاڵ سیاسەت و ئەدەبدا، چێژێکی زۆر لە فەلسەفەش دەچێژم، جگە لە فەلسەفەی گریکی کۆن، شەیدایەکی سەوداسەریی بیروبۆچوونە فەلسەفییە بەنرخەکانی سێر(کارل پۆپە)م.

٤ ـ چ نوسەرێکی کورد کاری تێکردوون؟

باشتر وایە بفەرموون چ نووسەرێک کاری تێنەکردوویت! بەبڕوای من مرۆ هەرچی دەخوێنێتەوە، کەم تا زۆر، کاری تێدەکات، بەڵام دوو جۆر کارتێکردن هەن، چاک و خراپ. بۆ نموونە هەیە لە قۆناغێکی تەمەن و بیر و ژیانمدا، بە مامۆستای خۆمم زانیوە

و زۆریش کاری تێکردووم، لێ کارێکی نەرێتی، چونکە زێتر جوێن و تەسکبینی و تەنگەتیلکەیی لێوە فێربووم. ئەوەش کارتێکردنە، بەڵام بەبارە دزێو و بەد و خراپەکەیاندا. هەشن گەلەک شتیان لێوە فێربووم، گەر لیستەی نێویان ڕێکبخەم ڕەنگە زۆر درێژە بکێشێت. ئەوانەی بەتامەزرۆییەوە نووسینم خوێندونەوە و چێژ و سوودی زۆرم لێوەرگرتوون، بە پلەی یەکەم ئەم مامۆستا هێژایانەن:

مەسعود محەمەد، هەژار، هێمن، هەردی، شێرکۆ بێکەش، شوکور مستەفا، عەزیز گەردی، سەعید ناکام، عەوڵای حەسەنزادە، عەوڵا پەشێو، کەمال مەزهەر، عەبدولرەقیب یوسف و گەلێکی دی. هەڵبەت دەستڕەنگینی و کارتێکردنی نووسەر، بە کەموزۆری بەرهەمی نییە، بەڵکە بە شێواز و چەشن و زمانی نووسینەکەیەتی. هەر بۆ نموونە شەهید ڕەوف زوهدی تەنها بە تاقە شاکارێ( بۆ لە هەقە کەوتنە تەقە؟)، لە کن من هێندەی تر خۆشەویست و پایە بڵند بوو.

٥ـ خۆتان لە چ خانەیەکی فیکریی و جیھانبینی فەلسەفی دا دەبیننەوە؟

من لایەنی کەم لەم قۆناغەی ژیانم و بەدواوە، ھیچ ڕێباز و فەلسەفەیەک لەخۆ ناکەم بە تەوق و بەتاقە ڕێبازێکی فەلسەفی قنیات ناکەم. جیھان لای من باخچەیەکی ڕەنگینی ھێجگار فراوانی پڕ لە گوڵە، گەرەکمە بەکامی دڵ، تێرتێر پڕ بە سیپەلکەکانم ، بۆنی خۆشی تاقە تاقەی جوانترین گوڵ ھەڵمژم. بە باوەڕ و قەناعەتی من، سەردەمی قۆرخکردن و لەسەرخۆکردنە ماڵی ، تاقە ئیدیۆلۆژییەک، بەسەرچوو. ھیچ ڕێبازێکی فیکری خۆی بەتاک و تەنھا ناتوانێت ببێتە ڕەچەتەی چارەی دەرد و ئازاری میللەتان و گشت زامەکانیان ساڕێژکات. دەروێشگەریی و دەرگە و پەنجەرەی ئیدیۆلۆژی لەسەرخۆ داخستن و ھەڵکوڕمان لەسەرتاقە ڕێچکە و تاقە ڕێبازێکی فەلسەفی، سەرکڵۆمکردنی دەرگا و گرتنی شنەی ھەوای پاقژ و بواری کەشێکی ئازاد و فرەچەشن لەخۆ، بیرەکە کرمەڕێز دەکات. ئەو ئەستێرکەی چیدی جۆگە ئاوی نەڕژێتەسەر، لیخن دەبێت و قەوزە دەگرێت و پاشان بۆگەن دەکات.

نووسین و خوێندنەوەی مێژوو، بۆ پەند و عیبرەت وەرگرتنە لە ھەڵە و ھەڵەشەیی خۆ و کەسان و لایەنەکانی دی. پێموایە چارەنووسی تاڵ و ماڵی وێرانی کۆمۆنیستان ، زایەڵەی زەنگی خەتەر بێت، بۆئەو لایەن و کەسانەی لەخەوی غەفڵەت وەخەبەر نایەنەوە و ھێشتا ھەر دووی تراویلکە کەوتوون. ئەمە نابێت بە ڕاڕایی و سەرلێشێواوی لێکبدرێتەوە، چونکە من باوەڕم وایە، ھەرچی بیر و فەلسەفەی کەڵکگرە، دەبێت بخرێتە خزمەتی مەسەلەی ڕەوای نەتەوەکەمانەوە. بەر لەھەر شت دێموکراسێتی و کەشێکی ئازاد، وەکی ھەوا و خۆراک بۆ میللەتەکەمان پێویستن. کوردکوشتەی دەستی دیکتاتۆرانە، بۆیە دەبێت لەگشت میللەتێکی دی زێتر دژە دیکتاتۆر و پاسەوانی دێموکراسێتی بێت، چونکە تەنھا لەسایەی دێموکراسێتیدا تروسکەی ھیوایەک بۆ کورد ھەیە. من لە قەناعەتەوە باوەڕم بە دێموکراسێتی ھەیە و پێموایە تەنھا سیستەمێکە کە دەتوانێت کۆتایی بە بەدبەختیی میللەتەکەمان بھێنێت، لێ دیارە مەبەستم دێموکراسێتییەکی ڕاستەقینەی بێ غەل و غەشە، دێموکراسییەکی ماقوول، کە نە لێی داقەپێندرێت و نەبگاتە ڕادەی بەڕەڵایی و ببێتە گاڵتەجاڕیی.

٦-باری ڕۆشنبیریی کوردیی، چ لە وڵات و چ لە ھەندەران لە چ پلەیەکدا دەبین؟.

لەو ھەڤپەیڤینەدا کە ڕۆژنامەی «ئاڵای ئازادیی» ھاوینی ١٩٩٦ لە سلێمانی دەگەڵی کردم، باری ڕۆشنبیریی ئەم سەردەم و قۆناغەم بەو سەردەمە شوبھاندووە کە لە مێژوودا بەسەدەمی تاریکی « الفترە المظلمە» نێودەبرێت. لە مێژووی نوێی کورد دا، قەت کورد: « دیارە مەبەستم کوردی باشوورە» ھێندە بواری ئازادانەی نەبووە، بەڵام ئاخ بەدەست مرۆڤەوە بایە، بەدەستی کەسانێکەوە بایە کە سەریان لە سیاسەت، لە خوێندەواریی، لە ڕۆشنبیریی، لە سەدەی ئەتۆم و ساتەلیت و گەیشتنە ئەستێرەکانی دی، دەرکردبا، ئەلیرەم عەقڵ و ئیگرەم بێژرەم ویژدانیان ھەبایە و چیدی ئەو میللەتە بەدبەختەیان نەکردبا ئامڕاز بۆ گەیشتنە ئارمانجی لێڵ و گڵاویان. ئەو پووڵەی بە فیشەک و بۆمبا و تۆقتۆقەی دەدەن و بەسکی برسیی و بەسنگی ڕووت و داچەکاوی ڕۆڵەی کوردییەوە دەنێن، بە نان و قەڵەم و گوڵ و کاغەزیان دابا و منداڵانی بێبەشی کوردیان پێ فێرەخوێندن و خوێندنەوە کردبا و بە شیری کوردایەتی فرچکیان دابان و تۆوی خۆشەویستی و کوردپەروەرییان لە نێودا وەشاندبان، نەک خۆخۆیی و خۆخۆریی و تاقم تاقمێنە . چش لە ژیانی ئەم ھەموو وەچە خێرنەدیتووەی ئەوڕۆ، بەزەییەکیان بەحاڵی وەچەکانی داھاتوودا ھاتبایەوە. لێ صەد حەیف و مەخابن، ئەوانە خەون و ئاواتی پەتی و دوورەدەستن و ھاتنەدییان لەم حاڵ و بارەدا و لەسایەی ئەو دەستە و تاقمانەدا، زۆر ئەستەمە.

دەربارەی باری ڕۆشنبیریی لە کوردستانی خواروودا ، تاڵانفرۆشکردنی ئەو ھەموو کتێبخانە ناوازانەی ئەو خەڵکانەی دەیان ساڵە کتێب کۆدەکەنەوە، قات و قڕیی کتێبی نوێ و نەبوونی گۆڤارێک، ڕۆژنامەیەکی ماقوول، کە نەبووبێتە سەکۆ و بڵندگۆی شەڕەجوێنی حیزبانە، بەدبەختی و نەھامەتییەکە ئاشکرا دەکەن. نووسەران و ڕۆشنبیران، ئەوانەیان کە ویژدان و قەڵەمی خۆیان بە گەنجی قاروون نافرۆشن و نابنە فیقەنەی ئەم تاقمە سیاسییە، یاخود ئەو تاقمەی دی، لانەواز و برسی و نەدارن و دەبێت لە ھەڵپەی بژێو پەیداکردندا بن و سەرقاڵی گیرخستنی کوتەنانێکی بێمنەت بن. لەبارودۆخی ئاوھادا، نووسەری برسیی ھەژبەسەر، چۆن بیپەرژێتە سەر خوێندنەوە و نووسین. تروسکەی کامەھیوا، وزەو تین و گوڕ بەدڵ و ھەستی ناسکی ببەخشێت.

لێ لە ئەوروپاشا ھێند گۆڤار و ڕۆژنانە و کتێبی کوردی زۆربوون، کە مرۆ پێڕاناگات گشتیان بکڕێت و وەیانخوێبێت. دیارە لە ڕووی بابەتەوە زۆربەیان لاوازن و نێوەڕۆکێکی بێ پێزو بێ ھێزیان ھەیە.سەرەڕای ئەوەش لە سایەی چاوی زیتی ژەندرمە و یاساوڵی سنوورە سەپێندراوەکاندا، ژمارەیەکی کەمیان لێدەگەنەوە وڵات و ئەوەشی دەگاتەوە، دیارییە و بۆ فرۆشتن دەست نادات، کێ کتێبی گرانبەهای چاپی ئەوروپای پێدەکڕدریت؟ گۆڤار و ڕۆژنامەکان ، کۆششی مەردانەی تاکە کەسانن. بۆیە زۆربەیان میکانیزمی بەردەوامی و خۆڕاگریی و ھەناسەی درێژیان نییە، چۆن پەیدابوون، بەهەمان شێوازی خێرا سەریان تێدەچێت.

٧- دیاردەی پەرش و بڵاوی و ژمارە زۆریی ڕۆژنامە و گۆڤار و بڵاوکراوەی ئەوروپا، بەسوود بەخش یاخود زیان بەخش دەبینن؟

بەرلەھەرشت دەمەوێت جەختی ئەو ڕاستییە بکەم و بڵێم دیاردەی ئەو ژمارە زۆریی ڕۆژنامە و گۆڤارە کوردییانە لەئەوروپادا، بەشتێکی زۆر سروشتی و ئاسایی دەبینم. ئەمیش قۆناغێکە و تەجرەبەیەک لەژیانی ڕۆشنبیریی و دوورە وڵاتیی. پاش ئەو ھەموو ساڵانەی کپکردن و خامۆشکردن و کلیلەدانی گشت زار و دەنگێکی ئازاد ، لەگشت کوتەکانی نیشتمانە ژێردەستەکەماندا، شتێکی ئاسییە گەر مێرخاسە بەتەنگەوە ھاتووە دڵ پڕ لەژانەکانی نەتەوەکەمان، ئازاری پەنگخواردووی ھەناویان بە ڕۆژنامەیەک گۆڤارێکی تایبەت بەخۆ، دەربڕن و ھەرچی دڵیان دەخوازێت ھەڵیڕێژن.

ھەڵبەت ئەمە ئەوە ناگەیەنێت کەمن ئەو پاشاگەردانی و ھەرکەس بۆخۆییەم پێباشە، نەخێر ؛ دەگەڵ ئەوەشدا کە پێموایە شتێکی سروشتییە و بمانەوێت و نەمانەوێت قۆناغێکە و ھەر دەبێت بیبڕین، لێ گەر بەمن بایە بەدڵ تامەزرۆم گشت ھێز و توانا و بەھرە ژێھاتووەکان یەکخرابان و پێکڕا لایەنی کەم ھەفتەنامەیەکی، سەربەخۆی ، کوردانە و گۆڤارێکی ئازادی ڕێکوپێکی مانگانەمان ھەبایە. زۆری و فرەچەشنیی خۆی لە خۆیدا دیاردە و ئاکامێکی چاکە، بەومەرجەی توخم و چەشنەکانی چاک بن. لێ کورد ھەر بە تەبییەت دژی« زۆر بێ و بۆر بێ» بووە.

نابێت ئەوەش لەیادبکەین کە لەنێو ئەو لێشاوەدا، کۆمەڵێک ئەستێرەی گەشیش ھەڵکەوتوون و ھێشتا ھەر جریوەیان دێت و گەشگەش دەرەوشێتەوە و بڕێکیان مێژوویەک نێوێکیان بۆخۆیان دروستکردووە و ھەقە ھەموومان شانازییان پێوە بکەین و دەستخۆشانەیان لێبکەین، لەوانە ھەر بۆنموونە: مامۆستای کورد، یەکگرتن« کەئێستا بە ھیممەتی چەند ڕۆشنبیرێکی ژێھاتوو لە بەرگ و شێوازێکی ڕێکوپێکتردا بە نێوی ڕەھەند ەوە بڵاودەبێتەوە». ڕابوون، ھەڵوێست و پەیف و ھەنگاو و ھەتاو و گزنگ و گەلێکی دی. ھەرچەندە بەداخەوە زۆربەی ئەو ھەوڵانە ھیممەتی تاکەکەسیان لە پشتەوەیە و بەھۆی تەنیا باڵیی و پێڕانەگەیشتنی سەرنووسەرەکانیانەوە، پشووکورتیلە و کەم تەمەنن، لێ بێسوود نەبوون و ھەریەکەیان بەشیخۆی و بە پێی توانای خۆی خزمەتی مەسەلەکەیان کردووە، دەنا با بیرێک لە باخچەی ڕۆشنبیریی کوردیی، بێ لەو گوڵیڵکانە بکەینەوە، ئەودەمە دەبینین چەند بێ ڕەنگ و بۆ و چەند سیس و ژاکاو دەنوێنێت.

٨- گەلێکت لەو بەرھەمانەی بە زمانی ئەڵمانی لەسەر کورد نووسراون، لەباش و خراپ خوێندووتنەوە. بەدیدی ئێوە ئاڵەمان تا چڕادەیەک لە دۆزی کورد تێگەیشتووە؟

من ئەو نووسینانە دەکەمە دوو دەستەوە: لێکۆڵینەوەکان لە گەشتنامەکان جودا دەکەمەوە گوتارەکانیش لە کتێبەکان. دەمێنێتەوە سەرئەوەی کێ ئەو گوتارە، یاخود ئەو کتێبەی نووسیوە و بە چ مەبەستێک؟ چونکە زڕەزانستکار ھەن بەمز و فەرمانی

داگیرکەرانی کوردستان کتێبیان نووسیوە و ڕاستییەکانیان بە ئاشکرا شیواندووە، شاکارەکەی ئەم دوایتەی پرۆفیسۆر فیگل نموونەیەکە بۆ بێویژدانیی و بەکرێگێراوێتی بڕێک لەو زڕە زانستکارانە.

دەنا ھەرچی بە مەبەستی تێکدان و شێواندن و بۆ دڵڕازیکردنی دوژمنانمان نەنووسرابن بوونییان بە باش و سوودبەخش دەزانم، بێ ئەو کتێب و گوتارانە، کێشەی گەورەترین میللەتی بێدەوڵەتی ئەم تۆپی زەوییە، کەنتر دەناسرا و کەمتر لای لێدەکرایەوە. با کارل مای صەد و ھێندەساڵ لەمەوبەر «بەنێوکوردستانی دڕندە» یدا نە نووسیبا، ئێستا کام ئاڵەمان کورد و کوردستانی دەناسی؟.

بە شێوەیەکی گشتیی زۆربەی زۆری ئەو نووسینانەی دەربارەی کورد نوسراون دەچنەخانەی گەشتنامەکانەوە، ئەوانەش کەمترزانیاریی و ھەڵشێلانی بابەتانە و زانستانە دەگرنەخۆ. دیارە گشتیان وەک ھەواڵنامەکەی مۆلتکە و لێکۆڵینەوەکەی ئۆسکارمان و ھەڵشێلانەکەی گیونتەر دێشنەر نیین. جگە لەوانە زۆربەی ئاڵەمانزمانیش خوێندەواری ڕەشۆکین و خەریکی کار و بژێو پەیداکردنی خۆیانن و نایانپەرژێت و نایانەوێت بچنە بنج و بناوانی زۆر مەسەلەی ئالۆزەوە.

خوێندنەوە لای زۆربەیان بۆ خۆخڵافاندن و کات بەسەربردنە. سەرچاوەی زانیارییان دەربارەی ژیان و گەردوون، ڕۆژنامە تووڕەھاتە بێ سەروبەرەکانە و ئەوانیش زێتر هەواڵی ڕۆژانەی پڕوو و پووچ و بێبایەخ بە شێوازێکی سادە و ساکار و کورت و کلک و گوێکراو ، ڕادەگەیەنن.

ئەوروپی بە گشتی و ئاڵەمان بەتایبەت، کەمتر مەیل و ئارەزووی خۆخەریککردنیان بە مەسەلەیەکەوە ھەیە کە راستەوخۆ پەیوەندیی بە خۆیان و بەرژەوەندییانەوە نەبێت . بەداخەوە لە تەجرەبەی ئەم بیست ساڵەف ژیانی کولەمەرگیی ئەوروپامدا، بەدەگمەن کەسێکم تووشھاتووە وەکی پێویست، کوردی ناسیبێت، زۆربەی ھەرە زۆری ئەوانەی نێوی کوردیان بیستووە و دەزانن میللەتێکیش بە نێوی کوردەوە ھەیە، قەرزارباری « کارل مای» ن.

٩ - سیاسەت بە گشتیی تەوەری ھەرەسەرەکیی نووسینەکانت دەگرێتەوە، نووسەری دوور لە سیاسەت تا چ ئەندازەیەک سەدکەتووە لە جێبەجێکردنی ئەدکی و بەجێگەیاندنی پەیامەکەی؟ ئیلتیزامی فیکری تا چ ڕادەیەک بۆ نووسەر پێویستە؟

کورد بە ڕۆشنبیر و ڕەشۆکییەوە، بە نووسەران و خوێندەوار و نەخوێندەوارانییەوە، سیاسەت بۆتە چارەنووسیان و بە زۆری زۆرداری بەسەریاندا سەپێندراوە، چونکە بواری بێلایەنییان بۆ نەھێڵدراوەتەوە و تێوەگلێندراون . کە جوتێرێکی ھەناسەسارد لە ئاشیانەکەی دەردەپەڕێندرێت و ماڵی کاولدەکرێت، یاخود تفەنگێکی بەزۆر دەدرێتێ و دەکرێتە جاش و پاسەوانی گوندەکان، یانی ھەڵبژاردەی بۆ نەھێڵدرێتەوە و بە تۆپزیی سیاسەتاوی کرا.

ئێمە ھەر کاممان دەگریت، ھەر لەمنداڵییەوە پێوەبووین و نەمانتوانیوە تەنھا تەماشاچی ڕووداوەکان بین و دوورەپەرێز ڕاوەستین، ھیچ نەبێت لە دڵی خۆماندا بەسەرکەوتنی پێشمەرگە و بە بەزاندنی داگیرکەرەکە، دڵشاد و کەیفخۆشبووین. ئەوە کەمترین ڕادەی تێکەڵبوونە بە سیاسەت. نووسەرەکانیشمان ڕۆڵەی ئەو میللەتەن و بە حسێب دەبێت ڕۆشنبیرترین دەستە و تاقمی بن، چما دەشێت ئەوان دوورەپەرێز و دوورە سیاسەتبن؟ دیارە دەبێت ئەوان لە گشت کەس زێتر تێکەڵی سیاسەت بن، ھەتا ئەو ڕادەیەی دەبنە نوێنەری ڕاستەقینەی بەرژەوەندییەکانی میللەتەکە و ویژدانی زیندوویی و ڕەقیب بەسەر کۆڕ و کۆمەڵە سیاسییەکانەوە و ئافەرین و دەستخۆشانە لە ڕەفتاری چاکیان و نەفرەت لەھەڵە و ھەڵنووتانیان دەکەن. من پێموایە نووسەری نامولتەزیم وەک سەربازێ بێ چەکی بەرەی جەنگ وایە. بەڵام پرسیاری گرنگ ئەوەیە: چۆن ئیلتیزامێک و ئیلتیزام بە چییەوە؟ بە بڕوای من نووسەر، گەر نووسەری ڕاسرەقینە بێت، دەبێت ئیلتیزامی یەکەمی بە خامەکسیەوە بێت و خامەکەشی ئیلتیزامێکی پتەوی بە ویژدان و ھەست و ھۆشییەوە ھەیە.

دیارە بەحوکمی کارەکەی و بەزەبری ئاستی بەرزی بیر و ھۆشی پلەوپایەی ڕۆشنبیریی و ئاسۆی فراوانی ھەستی ، دەبێت ئیلتیزامی یەکەمی بە بەھا مرۆڤایەتییەکانەوە بێت و پاڵپشت و پشتگیریکەرێکی شێڵگیری داد و ھەق و ڕاستی و ڕەوایی بێت، پشتیوانی گشت لاواز و غەدرلێکراو و ماف پێشێلکراو و لێقەوماوێک بێت. ئیدی ئەو ماف پێشێلکراوە، کوردی نێودەنێیت، یادەعبایەکی دی، چ لەمەسەلەکە ناگۆڕێت. گرنگ ئەوەیە نووسەر، نووسەری راستەقینە بێت، پەیامبەری قۆناغەکەی خۆی بێت و پێش کات و سەردەمەکەی خۆی بکەوێتەوە و بەهەستی ناسکی پێشبینی ڕووداوەکان بکات و ڕێبەر و چاوساغی میللەتەکەی بێت. ئەمە خۆی لەخۆیدا بەشدارییەکی چالاک و ڕاستەوخۆیە لە سیاسەت دا و بەجێگەیاندنی پەیامەکەیەتی بە شێوازێکی ماقوول و سەرکەوتووانە. کەواتە من ئیلتیزامی فیکری بۆ نووسەر بە پێویست دەزانم، گوتم ئیلتیزامی فیکری، نەک ئیلتیزامی حیزبی، لایەنی کەم لەم کات و سەردەمی بارە سیاسییە ئاڵۆز و شێواوەی کورددا، دەنا لەبازنەی نووسەری میللەتەوە، گەوێک دێتەخوار و دەبێتە عەرزوحاڵنووسی حیزبێک و بڵندگۆی لایەنێک و برغوویەک لە ئامێری ئەو ئاشەی بە خوێنی کورد دەگەڕێت.

١٠ - ھونەری وەرگێڕان ھونەرێکی بەرز و زەحمەتە. بەڕێزتان بەوەرگێڕانی سەرکەوتووانەی کۆمەڵێک بەرھەم، کتێبخانەی

ژیکەڵەی کوردیتان دەوڵەمەند کردووە. دەمانەوێت بزانین ئەو مەرجانەی پێویستە لە وەرگێڕاندا ھەبن چین؟ چۆن بابەت بۆ وەرگێڕان ھەڵدەبژێرن؟ چ ڕێچکەیەک لە وەرگێڕاندا دەگرنە بەر؟.

بەڵێ راستە، وەرگێران کارێکی ھەروا ئاسان نییە، وەک ھەندەک تێیگەیشتوون، بەڵکە ھونەرێکی بەرز و کارێکی زەحمەتە، چونکە تۆ تەواو ئازاد نییت لە دەربڕیندا، بەڵکە پێبەندی دەقێکیت و ناتوانیت لێی دوورکەوییەوە و بە ئازادیی گوزارە لە ھەستی خۆت بکەیت.

بەبڕوای من مەرجی یەکەم بۆ وەرگێڕان توانا و مەیل و ئارەزوویەکی ئاشقانەیە، کە بەھەوڵی بەردەوام و بێ پسانەوە، بەخۆڕاھێنان، گەشە و شکۆفە دەکات و تیفتیفە دەدرێ. لەتەک ئەوەدا، زانینی تەواوی ھەردوو زمانەکە و پەیبردن بەگشت کەلێن و قوژبنەکانیان و شارەزاییەکی قووڵ لەبواری ئیدیۆم وقسەی نەستەق و پەندی پێشینانیاندا، یەکێکە لە مەرج و پێویستییە ھەرە گرنگەکان، دەنا وەرگێڕ دەکەوێتە ھەڵەی زۆر زەق و خەوشدارەوە و چێژ و پێز لە دەقەکە دەبڕێت و گەلەکجار واتاشی دەشێوێنێت. بە قەناعەتی من ، زمان نیوەی نووسینە، بۆیە زۆر گرنگە وەرگێڕ بە زمانێکی ڕەوان و پاراو، دەقەکە وەرگێڕێت، زمانێکی شیرینی وا، کە سەرنجی خوێنەر ڕاکێشێت و بۆ خوێندنەوەی پەلکێشی کات. زمانێک بێت، خوێنەروا ھەست بکات کە ئەودەقە لە بنچینەدا ھەر بەو زمانە نوسراوە. ھەرجار کە « داغستانی من » دەخوێنمەوە، لەبەرخۆوە دەڵێم ئەمەیان گوڵی دیوی یەکەمی فەرشەکەیە. لەخۆوە بیرم بۆ وەی دەچێت کە لە پێشدا مامۆستای ھێژا و بەھرەمەند ، کاکە عەزیز گەردی وەریگێڕابێت، ئەوجا ڕەسووڵی حەمزەتۆف نووسیبێتی. من لەو باوەڕەدام گەر حەمزاتۆف خۆی کورد بایە و بە کوردی نووسیبای، ھێندە شیرین و پڕچێژ بۆی دانەدەڕێژدرا.

ئەفسانەی چیای ئاگرین و قەڵای دمدم و شاکارەکانی دیکەی مامۆستای ھێژا شوکور مستەفا و سیاحەتنامەکەی مامۆستای دلۆڤان سەعید ناکام و شەرەفنامەکەی رەوانشاد ھەژاری موکریانی و گەلەک شاکاری دیکەمان ھەن سەرتۆپ و نموونەی ھەرەبەرزی وەرگێڕانی بەپێز وپڕچێژ و سەرکەوتووی کوردیین و کتێبخانەی قشتەڵەی ھەژارانەمان، بەوانەوە ئاوەدانن و دەبێت ھەموو خاوەن ویژدانێک شانازییان پێوە بکات. بۆ بەشی دووەمی پرسیارەکەتان، کە دەفەرموون : چۆن بابەت بۆ وەرگێڕان ھەڵدەبژێرن؟ دەبێت ڕەپ وڕاست بڵێم: من بابەتەکە ھەڵنابژێرم، بەڵکە بابەتەکە خۆی خۆی دەسەپێنێت و ھەڵمدەپێچێت بیکەمە کوردیی. ھەرچی بەھەر زمانێک دەخوێنمەوە و سوود و چێژێکی لێوەرگرم، حەزدەکەم دەمودەست تەرجەمەیکەم، تا خوێنەری تینوو و تامەزرۆی کوردیش لەو چێژ و خۆشییە بێبەش نەبێت. شارەزایانی بواری ھونەری وەرگێڕان، چوار شێواز دەستنیشان دەکەن:

١- وەرگێڕانی وشە بە وشە

٢- وەرگێڕانی ڕستە بە ڕستە

٣- وەرگێڕانی دەقاودەق

٤- وەرگێڕانی واتا بە واتا

من لە کاری وەرگێڕانمدا ھەمیشە ھەوڵمداوە شێوازی واتا بە واتا بگرمە بەر، یانی مەبەستمە کرۆک و جەوھەری دەقەکە بۆ خوێنەر ڕاگوێزم و بەپەرۆشەوەم بە کوردییەکی پەتی و ڕەوان، بەزمانی نووسین، نەک قسەکردن، نێوەڕۆکی دەقەکە بۆ خوێنەر ڕاگوێزم. ئیدی تا چەند سەرکەوتووم و چەندە ئامانجم پێکاوە، بڕیارێکە خوێنەران و مێژوو دەیدەن.

١١- وەک نووسەرێکی خۆماندووکەر و پشت بەستوو بە چەندین سەرچاوەی جیھانیی ، بەچەند بەرھەمێک بەرپەرچی مارکسێتی و چەپی کورد دەدەنەوە، ئەمەش بۆتە مایەی دابڕانی لەقەبی ئەنتی مارکسی بەسەرتان دا.تا کوێ لەگەڵ ئەم بۆچوونەدا یەکدەگرنەوە؟

وشەی ئەنتی لەزمانی کوردیدا واتایەکی دزێوی پێبڕاوە، زێتر بەواتای دوژمنایەتی لێکدەدرێتەوە نەک دژایەتی کە مانای راستەقینەی خۆیەتی ئەوەش داھێنانێکی مارکسیانەی کوردانەیە تا دژەکانیانی پێ بەچەترسێن و دەمکوتکرێن و کەس پڕکێشی ئەوەنەکات ڕەخنە لەو بیر و بزووتنەووە پیرۆزە بگرێت. دەنا دژایەتی بەقەڵەم و دەم لە سنووری ململانێیەکی ئیدیۆلۆژیی ڕەوا و

ڕاستگۆیانەدا مەترسی و زیانی بۆ پەزەکانی کەس نییە تەنھا بۆ ئەوانە نەبێت کە گووتنی ڕاستی و پەردەھەڵماڵین لەسەر درۆ و دەلەسە ماڵیان کاولدەکرێت.

ئەوان دەیانویست گشت لە گشتمان بەھبەھ بۆ پاشایەکی لندۆزەری ڕووت و قووت بکەین و بڵێین نامەخوا کە پۆشتە و پەرداخە و ئای کەجلکەکانی شیک و جوانە! من بۆخۆم لە کتێبی ئاشی چی و باراشی چی؟ دا کە لە وەرامی گوتارێکی کاک بەھادین نووری دا نووسیومە ئاشکرا و ڕەپ و ڕەوان گوتوومە: دژم؛ وەلێ دوژمن نییم. بەڵێ دژی گشت جۆرە دیکتاتۆرێتی و ملھوڕی و بێدادیی و خوێنڕێژیی و چاوگەی درۆ و دەلەسەیەکم من گەر لەسەر نووسین و گوتارەکانم لەقەبی ئەنتی مارکسیم پێوە بلکێنن ئەوا بەشەرەفێکی گەورەی دەزانم و وەک میدالیای سەرسنگ و بەرۆکی (کۆنە جەنگاوەران)ی دەبینم ئەوانەی عارەب بە المحاربین القدما نێویان دەبات. ھەر لە ڕاستیشدا کراوینەتە جەنگاوەری کۆن ئەوەتا ئێستا مارکسپەرستەکانی کورد حەپولکی ئێمەمانان نادەن ئەوەی دە پازدە ساڵێک لەمەوبەر ئێمە دەمانگووت و پێی تاوانباردەکراین و لەسەری نەفرەتمان لێدەکرا تازەبەتازە بەخیرێ خۆیان ھەستدەکەن کەزۆربەی ڕاست بووە و کەمیشمان گووتووە. یانی مەودای جوداوازی و بڕکردنی بیرمان لایەنی کەم دەپازدەساڵێکە بۆیە ھەڵپەیانە بەپەلە تۆڵەی دەپازەساڵ تەمەن و بیری قەتیسماو و جەڕاویان بکەنەوە ئەوەتا ئەوڕۆ بەتەنکە شەرمێکەوە کۆنە گوتەکانی ئێمە دەجوونەوە و بەنرخی نوێش پێمان دەفرۆشنەوە. جگەلەوە ئەگەر ئێمە تەنھا ئەنتی مارکسی بین ئەوا ئەوان خۆیان ئەنتی ھەموو چشتێکن ئەنتی چین و ئەنتی دین و ئەنتی پاک و ئەنتی چاک و ئەنتی بیر و ئەنتی ژیر و ھەتا گەلەکجار ئەنتی خۆشیانن. لەبەرئەوە دەربەستی ئەو جۆرە ناوونەتۆرانە نیم و بەڵکە شانازییشی پێوە دەکەم کە بەر لە دەپازەدەساڵ وەک ئەورۆی ئەمان بیرمکردۆتەوە وێراویشمە زار بکەمەوە و چی بەڕاست دەزانم بیڵێم.

١٢- گەر شەڕی سارد بە سەرکەوتنی بلۆکی خۆرھەڵات کۆتایی ھاتبا، چارەنووسی مرۆڤایەتی بە چ ئاقارێکی دیکەدا ڕەوتی دەکرد؟

ئەگەری پرسیارەکەتان ،پەندەکەم دێنێتەوە یاد کە دەڵێت : "ئەگەر پوورم ڕدێنی هەبا، پێمدەگوت خاڵە". هیچ کات و لە هیچ ڕوویەکەوە ، هەتا لە چڵەپۆپەی هێز و دەسەڵاتیشیاندا،هەرگیز باوەڕم بەوە نەبووە بەو شێواز و هەست و نەست و هۆشە سیاسی و بارە ئابوورییەوە داتەپیو و دواکەوتوو و شێواوەوە،لەسەر ئاستی نێونەتەوەیی و نێودەوڵەتان، هیچ سەرکەوتنێک بەدەست بێنن. بیر و بزووتنەوەکە لە مێژ بوو پایدۆستی لە بنەما ئیدیۆلۆژییەکانی خۆی کرد بوو، دەمێک بوو پشتیوانیی و پشتیگیریی جەماوەری لەدەست دابوو، تەنها سەری نێزە و زنجیری زرێپۆش ئەو کۆسیستێمەیان ڕاگیکردبوو. نابێت ئەوەشمان لەبیر بچێت کەبوونی تەنها بلۆکێک لەو دوو بلۆکە، خۆی لە خۆیدا شکستی و زیانێکی گەورەیە بۆ مرۆڤایەتی، چونکە ترسی باڵادەستیی و فریشککەوتن و نەسڵەمینەوە و نەپرینگانەوە لە دەستدرێژی و ناخونەک و چاوزیتکردنەوە، زاڵە.

جگەلەوە، بانگاشەی وڵاتانی خۆرئاوا کە هەوڵی بەرقەرارکردنی سیستەمێکی نوێ و پاراستنی مافی مرۆڤ و دەستبەرکردنی ئازادیی میللەتان دەدەن، گشت لە گشتی درۆن، درۆیەکی پەتیی هەرزەخەڵەتێن، دەنا کێ دەستی گرتوون و بۆ هێشتا لەسەر داروپەردووی سیستێمە کۆنە بەدفەڕەکە هەڵکورماون و پارێزگاریی لە دەیان ڕژێمی کۆنەپەرستی، ڕەگەزپەرستی پیاوکوژی دنیا دەکەن و ڕۆژانە چاو لە صەدان و هەزاران تاوانیان دەقوچێنن و پینەوپەڕۆی دەلاقەی عەیبەشیان دەکەن. لێرە قسە نەستەقەکەی (ڕۆزفلت)م دێتەوە یاد، کە ئەوڕۆکەش پڕاوپڕ دەگەڵ سیاسەتی ئەمریکا و وڵاتانی بەرژەوەنپەرستی ئەوروپادا ڕێکاوڕێک دەگونجێت. لە (ڕۆزفلت)دەپرسن:" بۆچ ئێوە پشتگیریی ئەو دیکتاتۆرە خوێنخۆرانەی ئەمەریکای خواروو دەکەن؟ ئەوانە هەموو کوڕی صەگن". بەدەم قاقاوە دەڵێت:" ڕاستە، دەزانین کوڕی صەگن، بەڵام کوڕی صەگی خۆمانن". دیارە هەتا ئێستەش هەر دڕندەیەک بەرژەوەندییان بپارێزێت، ئەوان بە ماڵی خۆیان و کوڕی صەگی خۆیانی دەزانن و بەوپەڕی تواناوە پشتیدەگرن.

هەڵبەت بلۆکی خۆرهەڵات بەو تەمەنە کورتەی خۆشییەوە، زەبری کوشندەی بە سەرجەمی بیر و بزووتنەوەی ئازادیخوازانەی جیهان گەیاند و جەزرەبەیەکی خراپی دا. چونکە درۆ و دەسبڕیی دەگەڵ کردن، بۆ مەرام و بەرژەوەندیی خۆی هەڵیدەسووڕاندن. بەڵێنی قەبە و دوورەدەست و پاشەڕۆژێکی ڕووناک و بەختیاری پێدەدان.

چاک بوو لە شەڕی سارد دا گلا و سەرەنگرێ بوو، دەنا لە بریتی تاقە ((ستالین))ێک، (ماو)ێک و (پۆلپۆت)ێک و (چاوچیسکۆ)یەک و (خواجە)یەک و... هتد، دەیان دڕندەی دیکە، دەیان خوێنڕێژی دیکەمان دەبوو، چنگۆڵەیان لە کڕکڕاگەی مرۆڤایەتی گیردەکرد و گشت بیرێکی ئازاد و گشتدەنگێکی ئازادیان، هەر بەنێوی ئازادییەوە، یاساغ دەکرد. هەموو دنیا دەبووە (ک.گ.ب) یەکی گەورە، دەبووە (شتازی)یەکی گەورەتر دەبووە(سێکۆریتاتێکی)مەزنتر.

١٣ـ بەدوای قوڵبوونەوەیەکی باش و سەرقاڵییەکی درێژخایەن لە ئەدەب و دراساتی ڕەخنەگر لە مارکسێتی ، ئێستا بە ناو چەپی کورد لە کوێی وێڵی و وێڵبووندا دەبینن؟

جارێ بەرلەوەی وەرامی پرسیارەکەتان بدەمەوە، بە پێویستی دەزانم ئەوەتان عەرزبکەم کە زاراوەکانی چەپ و پێشکەوتنخواز و شۆڕشگێڕ و گشت ئەو قسە پڕباق و بریقانە لەسایەی سەری مارکسپەرستەکانەوە، هێندە سووک و چرووک و بێتام و بێڕەونەق

بوون، کە بە بیستنیان مرۆ لەشی دادەهێزرێت و نێویانی لا دەبێزرێت، چونکە تاوان بەرامبەر بەو زاراوانە کراوان و هێند سووکایەتییان پێکراوە، کەڵکیان لێبڕڕاوە و پووکێنراونەتەوە، قەت لە جێی خۆیاندا بەکارنەهێنراون و بە نای ناهەق پێچەوانەکراونەتەوە، کراونەتە خەسڵەتی شتێک کە بۆی ناشێن و دەگەڵ یەکدیدا ناگونجێن.

مارکسیستی کورد ئەگەر وا زوو تێبگەن، فلیمەکە کۆتایی هات و بیرەکە ئاشبەتاڵی لێکرد، ئیدی مانای وایە نە مارکسین و نە کوردیشن. ئەوەتا ئەوەی ڕووس و دەوڵەتانی خولگەی، بەو هەموو ساڵانەی دەستەڵاتییان، بەو توانا مرۆڤی و سیاسی و ئابووری و سوپایی و ئیعلامییە زۆر و زەوەندەی بەردەستییانەوە، بۆیان نەچووەسەر و لە ژێریدا پسان و بۆڕیانخوارد، بەخێرێ بەنیازی ئەمان بۆیان هەستێننەوە و باری کەچیان بۆ ڕاستکەنەوە. مارکسپەرستی کورد، جاران بەو هەموو پشتوپەنا ماددی و مەعنەوییەیەوە، نەیانتوانی هیچ بە هیچ بکەن، ئێستەکە وەک زەڕنەقووتەی بێ باب و داک وان، دەبێت چییان لەدەست بێت و چییان پێبکرێت و چییان پێ بگۆڕدرێت؟ ئەوانەی هێشتا لەسەر ئەو بیرە ماون و توندڕەویی دەکەن، دیارە هەرزەکاری سیاسین و پەند لە هیچ نسکۆ و نەهامەتییەک وەرناگرن.

١٤ـ ماوەیەکی زۆر خۆتان لە ڕیزی پارت و ڕێکخراوی نەتەوەییدا دیوەتەوە و سەرپەرشتی کاروبارتان کردووە،ئەو ئەزموون و سەردەمە چۆن هەڵدەسەنگێنن؟

مادامێکی پرسیارەکە پەیوەندی بە خۆم و دەور و ڕۆڵی خۆمەوە هەیە، حەز دەکەم بەوە دەست پێبکەم کە بۆ خۆم هەر بە هەژدەساڵی هەوای سیاسەت لە کەللەی دام و لەو دەورووبەرەی تەمەنی هەرزەکاریمدا تێکەڵی کۆڕ و کۆمەڵە سیاسییەکان بووم و دەگەڵیان تێهەڵچووم. لەوەبەر هەر لەخۆوە، بەسۆز بووبوومە کۆمەنیست، بێ ئەوەی بزانم کۆمۆنیستی چییە، خۆم بە کۆمۆنیست دەزانی. بەوەی چاک بوو کۆمۆنیستان پێیان نەزانیم و زوو دەستیان پێمدا نەگەیشتوو و دەستەمۆیان نەکردم، دەنا لەدەست دەچووم. یەکێتی قوتابیانی کوردستان، یەکەم قوتابخانە و فێرگەی سیاسی و کۆمەڵایەتی و ئەخلاقییم بوو، تێیدا فێری نیشتمانپەروەریی و خۆناسین و کوردناسین بووم. کاتێک بوومە ئەندامی پارت، هێشتا ڕەش و سپی سیاسەتم لێک هەڵنەدەبوارد، لێ هەستم دەکرد ڕۆژ بە ڕۆژ زێتر هۆشم بەبەردا دێتەوە و تا دێت لە ڕەفتار و هەڵسوکەوتمدا هێورتر دەبم و کوردانەتر بیردەکەمەوە و بەرەو پێشکەوتن دەڕۆم.

پاشان دیتم ئاسۆی تاکتیک و ستراتیژ و ڕێباز و ڕێڕەوی سیاسی پارتی، جێگەی خەون و خەیاڵ و ئاواتە قاچاغ و قەدەغە و تامەزرۆ و بەرزەفڕەکانی منی تێدا نابێتەوە و خەریکن باڵی بیرم بکەن و هێدی هێدی کەوییمکەن. جارجارە لێرە لەوێ بە چپەوە، باسی تارماییەکی سەیرم بەنێوی (کاژیک)ەوە دەبیست، وەک شابازی چاوئەندازی، چاکنیازی فەنتازییەکانی من دەینواند. بە هەزار دەردیسەری و ئەمسەروئەوسەر دەروازەی سست و سەرکڵۆمکراوی تارماییم دۆزییەوە و قەدەرێکی چاک کوتام. ڕۆحیان کردم بە ئاو، تا بەخاوەخاو کردیانەوە. کە دەروازە قڵیشاو شەبەقی کزە ڕووناکی دڕیدا بە تاریکی، پیرە تارمایی، تراویلکە دەرچوو. ساڵانێکی زۆر هەردوکلامان (ئێمەش و کاژیکیش)خۆمان تەفرە دەدا، ئەو بە گوریشمە و نازێکەوە خۆی وا نیشان دەدا، کە گوایە حیزبە، ئێمەش گێل گێل بەدیار ئەو مەلۆتکە هەر بە مردوویی لەدایکبوەوە، هەڵتروشکابووین و وامان پێشان دەدا، کە گوایە ئەندامین.

دەبێت لێرەدا ڕاستییەک بۆ مێژوو و بۆ وەچەکانی داهاتوو تۆمار بکەم، بە بڕوا و باوەڕی من، بوونی کاژیک بەو شێوە سڕ و سست و شل و پەیت و بێ جووڵە و چالاکییە، بوونی ئەو مەلۆتکەیەی هەر بە مردوویی لە دایک بوو و کەس دڵی نەیهێنا، یاخود نەیپەرژا بینێژێت، مەزنترین کۆسپ و گەورەترین تەگەرەبوو لەسەرەڕێی بیر و بزوتنەوەی نەتەوەییانەی کورد دا. توندترین زەبر و گەورەتریبن سەکتەی لەو بیر و ڕێبازە وەشاند و نیوسەدە لە گۆی خست و دوای خست و سڕی کرد و هێز و پێزی لەبەربڕی، چونکە بوونی ئەو تارمایی و داهۆڵە، مانەوەی ئەو توێکڵە بێ نێوەڕۆکە، ڕێگەی ئەوەی بەسەوە بیر و بزوتنەوەیەکی نەتەوەییانەی ڕاستەقینەی کامڵ و خەمڵیی بێتە کایەوە و سەرپێی خۆی کەوێت و جڵەوی کارەکە بگرێتە دەستی خۆی. ئەوەی هەبوو، خەیاڵێکی ڕۆمانسییانە و فەنتازی بێباج و بێنیازی کۆمەڵێک شاعیر و نووسەر بوو، کە مخابن هەرگیزاو هەرگیز بۆیان نەکرایە واقیع. لە دایکبوون و نێونان و مردنی مەلۆتکەکە، لەیەک کاتدا بوون، پێکەڵپێکی یەکبوون.

لە دۆنادۆنەکەی کاژیک و پاسۆکیشدا، هەرچی خەسڵەتی بەدو بێکەڵکی کاژیک هەبوون، گشت لە گشتیان زانە هەناوی پاسۆکەوە و هەر لە سەرەتاوە ئەویش بە شەپڵەلێدراوی زایەندرا. جگەلەوە، ڕاستتان دەوێت من سیما و خەسڵەتی بیرێکی نەتەوەیی کوردیی کامڵ و خەمڵیو نابینم. بیر و بزووتنەوەیەک بە چوار بەیان و سێ نامیلکە و دوو دروشمی زەقی کۆپییکراو، ناگاتە قۆناغی کەماڵ و ناتوانێت لاف و گەزافی قەبە و لەسەنگی خۆی قورستر لێبدات. ماکی یەکەمی شکست و لانەوازیی و لاوازیی ئەو ڕێبازە، کەمتوانایی و بەتەنگەوەنەهاتن و خۆخڵافاندن و خۆخەڵەتاندنی ڕێبەران و کادێران و ڕێونکەرانی خۆیەتی، دەنا هەرچی شت هەیە لە کوردستاندا ڕەواجی نەدەبوو، تەنها بیری نەتەوەیی نەبێت. هەتا جاشێتیش بەبرەو بووە، چونکە کاری بۆ کراوە. ئەوانەی تاوانی نوشوتی و بێ برەوی و کەم ڕەواجیی بیرەکەیان، بە شانی کەسان و دەستەوتاقمی دیکەدا دەسوون و قسورەخۆیی و قسرەزاتییەکە فەرامۆش دەکەن،ناڕاست و دوور لە واقیعن و هەمدیسان خۆ و جەماوەر فریودەدەنەوە.

تەجرەبەی من لە ڕیزی بیر و بزووتنەوەی نەتەوایەتیدا، ئەزموونێکی تاڵ و نوچدان و نوشوستییەکی گەورەیە و هەست دەکەم ڕەنج بەبابووین و قەت قەت واقیعانە بیرمان نەکردۆتەوە و وەک پێویست کارمان بۆ بیرەکە نەکردووە، بەڵکە هەر خەریکی قسەی قەبە و سەوز و سوور و بێ باج بووین.

١٥ ـ نووسەرێکی بێگانە پێناسەی خۆی لە هەندەران ئاوها دەکات:" من درەختێکم لق و پۆپ و گەڵام شین بووە، وەلێ ڕەگ و ڕیشەم بەم خاکەوە نییە".تۆش ساڵانێکی زۆرە پەڕیدەی هەندەران بوویت،تاراوگە بۆ تۆ چ دەبەخشێت و چ کاریگەرییەکی لەسەرت هەیە؟.

ئاڵمان لەو ڕووەوە ووشەیەکی جوانیان هەیە، دەڵێن(entwurzelt) واتە ڕیشەکێشکراوە. ئەو درەختەی ڕیشەکێش دەکرێت، ناتوانێت لەسەر تاوێری دەربەدەری ڕەگ و ڕیشە داکوتێتەوە و بەرز هەڵچێت. من هەمیشە خۆم بە ئاوارە و نامۆ و مێوان زانیوە و خەونم بەو ڕۆژەوە دیتووە کە بتوانم بگەڕێمەوە ئامێزی زێدی ئازیزم. قینت لەهەرکەس بوو، نزا و تووکی لێ بکە، پازدە، بیست ساڵ لە مەفتەنی خۆی دوور کەوێتەوە و بە ئاوارەیی بژێت. گرنگترین شتانێک کە لە پەڕیدەیی هەندەران و دەربەدەریم فێربووبم، ئەوەیە: نەتەوە و نیشتمانەکەی خۆمم لە جاران زێتر و تا ڕادەی پەرستن خۆش بوێت. خوێندنم تەواو کردووە و بڕێک زانست و شتی نوێ فێربووم، کە بۆ خۆم و ڕەنگە بۆ نەتەوەکەشم سوودبەخش بن. زمانێکی جیهانیی گرنگ فێربووم، بەباشی پێی دەخوێنمەوە و لەتەک بڕێک نووسینی خۆمدا، هەندەک بەرهەمی دانسقەم پێ تەرجەمە کردووە.

١٦ـ هیچ بیرەوەری و یادگارێکی ڕۆحیت لەگەڵ یادی شەهیدانی وەک کاکە فەتاح ئاغا و فەرهاد خەفاف و مولازم حەمە شەوقی و کاکە جەلالی حاجی حسین و مولازم کەریم و کاک ئازاد مستەفادا هەیە،بتهەژێنن و بۆمان بگێڕیتەوە؟.

زامتان هێنامەوە سوێ و بەچەند کڵافەیەک ژان. دڵتان شەتەک دام. ئەو شەهیدە سەروەرانە بڕێکیان مامۆستا و برای گەورە و زێدە ئازیزم بوون، هەندێکیشیان هاوتەمەن و هاوڕێی گیانی بە گیانیم بوون، یادیان هەمیشە بە خێر و پڕ فەڕ بێت و ڕەوانی پاکیان شاد. لەگەڵ هەر هەموویان دا کۆمەڵێک یادگاری شیرینم هەن، کە گەش گەش لە بیر و هەستمدا دەچرسکێنەوە. گەر لەگەڵ هەر یەکێکیان دا یادگارێکی خۆم بگێڕمەوە، ڕەنگە باسەکە هێجگار درێژە بکێشێت و خوێنەر وەڕس بکات.

شەهیدان کاکە فەتاح مامۆستا و برای گەورە و ئازیزی هەموومان بوو، بۆیە یادگارێکی شیرین لەو ساتە خۆشانەی لە خزمەتی ئەو کەڵە مێرەدا بردوومەتە سەر، دەکەمە باقەبێنەیەک و لە بریتی گشت یادگارەکان دەیگێڕمەوە.

کاکە فەتاح لە پۆلی شەشەمی سەرەتاییدا مامۆستای زمانی کوردیم بوو، یەکێک بوو لە مامۆستا هەرە خۆشەویست و سەرکەوتووەکان. بە پێشمەرگایەتیش لە هێزی خەبات هەر براگەورە و سەروەرم بوو. قەت داوایەکم لێ نەکردووە بۆی جێبەجێ نەکردبم. هەتا دڵ دەخوازێت میهرەبان و قسەخۆش بوو. ئێوارەیەک لە مەریوانەوە حەمە فرێری شۆفێری نارد بە دووی من و کاکە برایمی حەمە عەلی دا. ترساین هەڵەیەک ، سەرپێچییەکمان کرد بێت. کە گەشتینە خزمەتی، فەرمووی: تاکەی؟ بۆچ داوای پشوویەک، ئیجازەیەک ناکەن؟ عەرزمان کرد: قوربان ئێمە پێشمەرگەین، ئیجازەی چی؟ فەرمووی: چاکە، دە ئەمشەو ناهێڵم بڕۆنەوە، میوانی منن. شەو پێکڕا نانمان خوارد و یەک دوو بیرەشمان پێکەوە خواردەوە. هەر لەوێش لە ماڵی خۆیان نواندینی. بەیانی زوو زوو وەخەبەری هێناین. فەرمووی هەڵسن بچنە ئەو مزگەوتەی ئەوبەر دەست و دەموچاوتان بشۆن و زوو وەرنەوە، گیپەم بۆ کردوون. ئێمەش لە خۆشی گیپە ڕامان کرد، بە پەلە دەستودەموچاومان پشیلەشۆر کرد. کە گەڕاینەوە، سینییەکی گەورەیان هێنا، کەدایان نا، یەک دوو ژێرپیاڵەی گچکە ماستی لەسەر بوون. کاکە فەتاح (یادی بەخێر و ڕەوانی شاد) پێکەنی و فەرمووی : ئەوە گیپەی پێشمەرگەیە.

١٧ـ باری ئێستای بزووتنەوەی خوێندکاریی و پیشەیی کورد چۆن دەبینن؟

بەداخەوە، هێشتا بزووتنەوەیەکی کوتکوتی شەق و پەقکراوی لاواز دەبینم، کە ناتوانم بە بزووتنەوەی خوێندکاران و پیشەیی نێویان بەرم و بڕوا ناکەم خزمەتی چاوەڕوان کراویان پێهەڵسووڕێت، چونکە لە بریتی ئەوەی باڵوێز و نوێنەری ڕاستەقینەی نەتەوە کەساسەکەیان بن، بوونەتە چەند کەوڵسوورێکی بەر لەشکر و برغوویەک لە ئامێری خوێناویی و ژەنگاویی شەڕی چەپەڵی کوردکوژیی حیزبەکانیان و ئارمانجی سەرەکیی لە بیرکراوە و شتەکان لنگەوقووچ کەوتوونەوە.

١٨ـ لە تاقیکردنەوەی تاراوگەتانەوە چ پێشنیازێک بۆ خوێنەران دەکەن، لە بارێکدا وەک ئاگادارین وا بۆ چەند ساڵێک دەچێت هەوڵی گەڕانەوەی هێجگاریی بۆ وڵات دەدەن؟.

پێشنیاز و تکام لە گشت کوردێک ئەوەیە کە لەو هەل و دەرفەتەی ئەوروپایان سوود وەرگرن، هیچ نەبێت کەمەکێک لە ئەزموونی دێموکراسێتی و ئازایی و ئازادیی بیری ئەوروپا فێر ببن و لە ژیانی ڕۆژانەی خۆیان دا پێڕەویی بکەن و خۆیان لەو تەنگەتیلکەیی و تاقم تاقمێنە و پەرتپەرتی و لەتلەتییە دوورەپەرێز بگرن و نەبنە بەشێک لێی. بە بڕوای من، ئێمە بە هەڵە و لنگەوقووچ لە شۆڕش و شۆڕشگێڕێتی گەیشتووین، پێمان وایە شۆڕشگێڕ کەسێکە کە دەکوژێت، خوێندەڕێژێت، لەش دەنێژێت، لێ لە ڕاستیدا شۆڕشگێڕیی هەڵوێستە، ڕەفتار و ئامڕاز و ئامانجە، مەبەستە. شۆڕشگێڕ ئەو کەسەیە کە بارێکی کەچ و خراپ ڕاست دەکاتەوە و

گۆڕانکارییەکی بنەرەتیی و بنجیی چاکی تێدا ئەنجام دەدات. بۆیە بەلای منەوە شۆڕشگێڕی ڕاستەقینە ئەو کەسەیە کە بەر لە هەر شت، لە خۆیدا و ئەوجا لە کۆمەڵگەدا گۆڕانکاریی چاک دەهێنێتە دی. ئەو کەسە شۆڕشگێڕە کە ڕاستگۆیانە و ئازایانە پێ لە هەڵە و پەڵەی خۆی دەنێت، ڕێز لە ڕاوبۆچوونی بەرامبەرەکەی دەگرێت و ئەوەی ڕاستە لێی دەسەلمێنێت. بەهیوام گشت کوردێک تا ئەو مەودایە و بەو پێ و دانگە شۆڕشگێڕ بێت.

١٩ ـ خوێندکاری کورد چۆن دەبینن؟

چیتان لێ بشارمەوە، ناڵێم خراپە، یا خوادانەکردە بێسوودە، بوونی چاکە و ئەویش دەنگێکە و جارجارە دەچریکێنێت، لێ ڕاستتانم دەوێت ئەوە نییە کە بە ئاواتی دەخوازم. جگەلەوە نێو و نێوەڕۆک و شێواز و مەبەستی لەگەڵ یەکدیدا ناگونجێن و جووت نایەنەوە و هاوتا ناوێستنەوە. گۆڤارەکە نە خوێندکار دەریدەکات، نە گوتاری خوێندکارانەی تێدایە و نە پێوەندیی بە خوێندکارانەوە هەیە، کەچی نێویشی (خوێندکاری کورد) ە. من لەسەر وەختێکدا ژیاندمەوە و مەخابن نێوی (خوێندکاری کورد)م لێنایەوە. کە خۆم خوێندکار بووم و زۆربەی هەرە زۆری گوتارەکانی خۆم دەمنووسین. لێ ئەو دەمەش هەر بە بیر و بزووتنەوەی خوێندکارانەی کورد تا ڕادەیەکی زۆر نامۆ و نابەڵەد بوو. من تکا و پێشنیاز دەکەم نێوەکەی بگۆڕن بە نێوێکی شیاوتر و گونجاوتر، بۆ نموونە (پەیک) یاخود(پەیام) جوان و لەبارن، یەکێکیان هەبژێرن. هەوڵیش بدەن لە بابەت و نێوەڕۆکدا کەمێک ڕەنگینتر و دەوڵەمەندتر کرێت. دیارە بەشێکی ئەو ئەرکە شانی خۆشم دەگرێتەوە، هەق وایە جارجارە کۆمەکێکتان بکەم.

٢٠ـ بار و زروفی ئێستای کوردستان چۆن هەڵدەسەنگێنن؟ کام داهاتووتان بۆ لەبەرچاو گرتووە؟.

بارودۆخی ئەمڕۆی کوردستان ئەنارخیستانەیە،وڵاتی فرەکوێخایە و گشتیان پێکڕا پەندە کوردییەکە پەیڕەو دەکەن کە دەڵێت:" ئۆخەی ئۆخەی،هەرکەس بۆ خۆی". یاسا و داب و نەریت هەڵگیراون و ترس و دڵەڕاوکە و برسێتی و خەم و دزیی و جەردەیی و بەرتیل خواردن زاڵن. کەس لە گیان و ماڵ و سەر و سامان و ژیانی خۆی دڵنیا نییە. دەبێت ئا لەو حاڵ و بارەدا چاوەڕوانی چ داهاتوویەک بکەم. ئەوەی لە کوردستانێکی نیمچە ئازاد و چکێک وابەستەدا دەکرێت، لە هەر وڵاتێکی صەدان ساڵەی پێشکەوتووشدا کرابا، لە مێژبوو بووبووە وێرانە و ئاساری بەسەر پاتارییەوە نەمابوو.

پەشێو گوتەنی، وەرە ئەو برسێتی و دوژمنایەتی و چەکە زۆرە ببەرە وڵاتێکی پێشکەتووی وەک سویسرا و سوێدەوە،جا پاش ساڵێک حاڵی میللەتەکانیان دەبینیینەوە. گیان بەوەیە لە کوردستانی ئەوڕۆدا، خەڵکە بە حورمەتە کوردپەروەرەکە، نەبوو و برسییە، دەنا گەر پێچەوانەی ئەوە بایە، وەزعەکە هێجگار شپرزەتر دەبوو. ئالەو بارودۆخەدا، دەبێت چاوەڕوانی چ پاشەڕۆژێک بکەین؟

بە دڵنیاییەوە دەڵێم: گەر بەزوویی ڕێونکەرانی بزووتنەوەی ماڵوێرانکەری کورد، تیماری دەروونی نەخۆش و پەستی خۆیان نەکەن و کۆتایی هێجگارەکی بە شەڕی خۆکوژی نەهێنن و چارەسەرێک پەیدا نەکەن،یانی حوکمی مردنی میللەتەکە لەو کوتە وێرانەدا، پەنجەمۆرە دەکەن. هەرچیش بەسەر میللەتەکە بێت، تەنها و تەنها دوو گوڕنەتەڵەکە لێیبەرپرسیارن و مێژوو بواری هیچ پاکانەیەکیان نادات.

٢١ـ بۆ یادی صەدساڵەی ڕۆژنامەگەریی کوردیی چ بەرنامە و پێشنیازێکتان هەیە؟

بۆ خۆم بەرنامە و نەخشەی فرەم هەن و توانای کەم،تایبەت نەداریی و دەست کورتییەکە پشتی من، یاخود پشتی من و زۆرکەسی دیکەشی شکاندووە. بەڵام گیان بەوەیە هیوا و ئاواتی پەتیی و هەناسەی سارد هەڵکێشان، پووڵی تێناچێت و دەتوانم بەکامی دڵ و بێ ترس و دەستەلەرزە، دەزوو بۆ کۆلارەی خەیاڵ و ئاواتی بەرزەفڕم بەرهەڵدا بکەم. ئاواتم ئەوەیە گشت توانا بەهرەدار و گەشەکان یەکخرێن و کۆتایی بەو کوتکوتی و پەرتپەتییە بهێندرێت و بە گشت لایەک هەفتەنامەیەکی سەربەخۆی ڕێک و پێک و گۆڤارێکی مانگانەی بە پیتی پڕ سوود، سەر بکەن بە گشت ماڵە کوردێکی پەڕیدەی دەستی تەڕییدەکان و تینووی وشەی پیرۆز و بە پێزی کوردیدا.

*************************************

سەرچاوە: گۆڤاری خوێندکاری کوردی، ڕێکخراوی خوێندکارانی سۆسیالیستی کوردە لە ئەوروپا ـ سۆکسە، ژمارە ٢٤ـ٢٥ ی گەڵاڕێزانی ٢٦٠٩/١٩٩٧

بۆ زیاتر شارەزابوون لە کەسایەتی کاک کوردۆ و کار و بەرهەمەکانی خوێنەر دەتوانێ تەماشای ئەم لینکەی خاورەوە بکات. بابەتێکی بەندەیە بەناوی (( د.کوردۆ عەلی،هاوبیرێک لە هزر و پەیڤ))


نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە