دەنا ھەرچی بە مەبەستی تێکدان و شێواندن و بۆ دڵڕازیکردنی دوژمنانمان نەنووسرابن بوونییان بە باش و سوودبەخش دەزانم، بێ ئەو کتێب و گوتارانە، کێشەی گەورەترین میللەتی بێدەوڵەتی ئەم تۆپی زەوییە، کەنتر دەناسرا و کەمتر لای لێدەکرایەوە. با کارل مای صەد و ھێندەساڵ لەمەوبەر «بەنێوکوردستانی دڕندە» یدا نە نووسیبا، ئێستا کام ئاڵەمان کورد و کوردستانی دەناسی؟.
بە شێوەیەکی گشتیی زۆربەی زۆری ئەو نووسینانەی دەربارەی کورد نوسراون دەچنەخانەی گەشتنامەکانەوە، ئەوانەش کەمترزانیاریی و ھەڵشێلانی بابەتانە و زانستانە دەگرنەخۆ. دیارە گشتیان وەک ھەواڵنامەکەی مۆلتکە و لێکۆڵینەوەکەی ئۆسکارمان و ھەڵشێلانەکەی گیونتەر دێشنەر نیین. جگە لەوانە زۆربەی ئاڵەمانزمانیش خوێندەواری ڕەشۆکین و خەریکی کار و بژێو پەیداکردنی خۆیانن و نایانپەرژێت و نایانەوێت بچنە بنج و بناوانی زۆر مەسەلەی ئالۆزەوە.
خوێندنەوە لای زۆربەیان بۆ خۆخڵافاندن و کات بەسەربردنە. سەرچاوەی زانیارییان دەربارەی ژیان و گەردوون، ڕۆژنامە تووڕەھاتە بێ سەروبەرەکانە و ئەوانیش زێتر هەواڵی ڕۆژانەی پڕوو و پووچ و بێبایەخ بە شێوازێکی سادە و ساکار و کورت و کلک و گوێکراو ، ڕادەگەیەنن.
ئەگەری پرسیارەکەتان ،پەندەکەم دێنێتەوە یاد کە دەڵێت : "ئەگەر پوورم ڕدێنی هەبا، پێمدەگوت خاڵە". هیچ کات و لە هیچ ڕوویەکەوە ، هەتا لە چڵەپۆپەی هێز و دەسەڵاتیشیاندا،هەرگیز باوەڕم بەوە نەبووە بەو شێواز و هەست و نەست و هۆشە سیاسی و بارە ئابوورییەوە داتەپیو و دواکەوتوو و شێواوەوە،لەسەر ئاستی نێونەتەوەیی و نێودەوڵەتان، هیچ سەرکەوتنێک بەدەست بێنن. بیر و بزووتنەوەکە لە مێژ بوو پایدۆستی لە بنەما ئیدیۆلۆژییەکانی خۆی کرد بوو، دەمێک بوو پشتیوانیی و پشتیگیریی جەماوەری لەدەست دابوو، تەنها سەری نێزە و زنجیری زرێپۆش ئەو کۆسیستێمەیان ڕاگیکردبوو. نابێت ئەوەشمان لەبیر بچێت کەبوونی تەنها بلۆکێک لەو دوو بلۆکە، خۆی لە خۆیدا شکستی و زیانێکی گەورەیە بۆ مرۆڤایەتی، چونکە ترسی باڵادەستیی و فریشککەوتن و نەسڵەمینەوە و نەپرینگانەوە لە دەستدرێژی و ناخونەک و چاوزیتکردنەوە، زاڵە.
هەڵبەت بلۆکی خۆرهەڵات بەو تەمەنە کورتەی خۆشییەوە، زەبری کوشندەی بە سەرجەمی بیر و بزووتنەوەی ئازادیخوازانەی جیهان گەیاند و جەزرەبەیەکی خراپی دا. چونکە درۆ و دەسبڕیی دەگەڵ کردن، بۆ مەرام و بەرژەوەندیی خۆی هەڵیدەسووڕاندن. بەڵێنی قەبە و دوورەدەست و پاشەڕۆژێکی ڕووناک و بەختیاری پێدەدان.
چاک بوو لە شەڕی سارد دا گلا و سەرەنگرێ بوو، دەنا لە بریتی تاقە ((ستالین))ێک، (ماو)ێک و (پۆلپۆت)ێک و (چاوچیسکۆ)یەک و (خواجە)یەک و... هتد، دەیان دڕندەی دیکە، دەیان خوێنڕێژی دیکەمان دەبوو، چنگۆڵەیان لە کڕکڕاگەی مرۆڤایەتی گیردەکرد و گشت بیرێکی ئازاد و گشتدەنگێکی ئازادیان، هەر بەنێوی ئازادییەوە، یاساغ دەکرد. هەموو دنیا دەبووە (ک.گ.ب) یەکی گەورە، دەبووە (شتازی)یەکی گەورەتر دەبووە(سێکۆریتاتێکی)مەزنتر.
١٣ـ بەدوای قوڵبوونەوەیەکی باش و سەرقاڵییەکی درێژخایەن لە ئەدەب و دراساتی ڕەخنەگر لە مارکسێتی ، ئێستا بە ناو چەپی کورد لە کوێی وێڵی و وێڵبووندا دەبینن؟
جارێ بەرلەوەی وەرامی پرسیارەکەتان بدەمەوە، بە پێویستی دەزانم ئەوەتان عەرزبکەم کە زاراوەکانی چەپ و پێشکەوتنخواز و شۆڕشگێڕ و گشت ئەو قسە پڕباق و بریقانە لەسایەی سەری مارکسپەرستەکانەوە، هێندە سووک و چرووک و بێتام و بێڕەونەق
بوون، کە بە بیستنیان مرۆ لەشی دادەهێزرێت و نێویانی لا دەبێزرێت، چونکە تاوان بەرامبەر بەو زاراوانە کراوان و هێند سووکایەتییان پێکراوە، کەڵکیان لێبڕڕاوە و پووکێنراونەتەوە، قەت لە جێی خۆیاندا بەکارنەهێنراون و بە نای ناهەق پێچەوانەکراونەتەوە، کراونەتە خەسڵەتی شتێک کە بۆی ناشێن و دەگەڵ یەکدیدا ناگونجێن.
مارکسیستی کورد ئەگەر وا زوو تێبگەن، فلیمەکە کۆتایی هات و بیرەکە ئاشبەتاڵی لێکرد، ئیدی مانای وایە نە مارکسین و نە کوردیشن. ئەوەتا ئەوەی ڕووس و دەوڵەتانی خولگەی، بەو هەموو ساڵانەی دەستەڵاتییان، بەو توانا مرۆڤی و سیاسی و ئابووری و سوپایی و ئیعلامییە زۆر و زەوەندەی بەردەستییانەوە، بۆیان نەچووەسەر و لە ژێریدا پسان و بۆڕیانخوارد، بەخێرێ بەنیازی ئەمان بۆیان هەستێننەوە و باری کەچیان بۆ ڕاستکەنەوە. مارکسپەرستی کورد، جاران بەو هەموو پشتوپەنا ماددی و مەعنەوییەیەوە، نەیانتوانی هیچ بە هیچ بکەن، ئێستەکە وەک زەڕنەقووتەی بێ باب و داک وان، دەبێت چییان لەدەست بێت و چییان پێبکرێت و چییان پێ بگۆڕدرێت؟ ئەوانەی هێشتا لەسەر ئەو بیرە ماون و توندڕەویی دەکەن، دیارە هەرزەکاری سیاسین و پەند لە هیچ نسکۆ و نەهامەتییەک وەرناگرن.
١٤ـ ماوەیەکی زۆر خۆتان لە ڕیزی پارت و ڕێکخراوی نەتەوەییدا دیوەتەوە و سەرپەرشتی کاروبارتان کردووە،ئەو ئەزموون و سەردەمە چۆن هەڵدەسەنگێنن؟
مادامێکی پرسیارەکە پەیوەندی بە خۆم و دەور و ڕۆڵی خۆمەوە هەیە، حەز دەکەم بەوە دەست پێبکەم کە بۆ خۆم هەر بە هەژدەساڵی هەوای سیاسەت لە کەللەی دام و لەو دەورووبەرەی تەمەنی هەرزەکاریمدا تێکەڵی کۆڕ و کۆمەڵە سیاسییەکان بووم و دەگەڵیان تێهەڵچووم. لەوەبەر هەر لەخۆوە، بەسۆز بووبوومە کۆمەنیست، بێ ئەوەی بزانم کۆمۆنیستی چییە، خۆم بە کۆمۆنیست دەزانی. بەوەی چاک بوو کۆمۆنیستان پێیان نەزانیم و زوو دەستیان پێمدا نەگەیشتوو و دەستەمۆیان نەکردم، دەنا لەدەست دەچووم. یەکێتی قوتابیانی کوردستان، یەکەم قوتابخانە و فێرگەی سیاسی و کۆمەڵایەتی و ئەخلاقییم بوو، تێیدا فێری نیشتمانپەروەریی و خۆناسین و کوردناسین بووم. کاتێک بوومە ئەندامی پارت، هێشتا ڕەش و سپی سیاسەتم لێک هەڵنەدەبوارد، لێ هەستم دەکرد ڕۆژ بە ڕۆژ زێتر هۆشم بەبەردا دێتەوە و تا دێت لە ڕەفتار و هەڵسوکەوتمدا هێورتر دەبم و کوردانەتر بیردەکەمەوە و بەرەو پێشکەوتن دەڕۆم.
پاشان دیتم ئاسۆی تاکتیک و ستراتیژ و ڕێباز و ڕێڕەوی سیاسی پارتی، جێگەی خەون و خەیاڵ و ئاواتە قاچاغ و قەدەغە و تامەزرۆ و بەرزەفڕەکانی منی تێدا نابێتەوە و خەریکن باڵی بیرم بکەن و هێدی هێدی کەوییمکەن. جارجارە لێرە لەوێ بە چپەوە، باسی تارماییەکی سەیرم بەنێوی (کاژیک)ەوە دەبیست، وەک شابازی چاوئەندازی، چاکنیازی فەنتازییەکانی من دەینواند. بە هەزار دەردیسەری و ئەمسەروئەوسەر دەروازەی سست و سەرکڵۆمکراوی تارماییم دۆزییەوە و قەدەرێکی چاک کوتام. ڕۆحیان کردم بە ئاو، تا بەخاوەخاو کردیانەوە. کە دەروازە قڵیشاو شەبەقی کزە ڕووناکی دڕیدا بە تاریکی، پیرە تارمایی، تراویلکە دەرچوو. ساڵانێکی زۆر هەردوکلامان (ئێمەش و کاژیکیش)خۆمان تەفرە دەدا، ئەو بە گوریشمە و نازێکەوە خۆی وا نیشان دەدا، کە گوایە حیزبە، ئێمەش گێل گێل بەدیار ئەو مەلۆتکە هەر بە مردوویی لەدایکبوەوە، هەڵتروشکابووین و وامان پێشان دەدا، کە گوایە ئەندامین.
دەبێت لێرەدا ڕاستییەک بۆ مێژوو و بۆ وەچەکانی داهاتوو تۆمار بکەم، بە بڕوا و باوەڕی من، بوونی کاژیک بەو شێوە سڕ و سست و شل و پەیت و بێ جووڵە و چالاکییە، بوونی ئەو مەلۆتکەیەی هەر بە مردوویی لە دایک بوو و کەس دڵی نەیهێنا، یاخود نەیپەرژا بینێژێت، مەزنترین کۆسپ و گەورەترین تەگەرەبوو لەسەرەڕێی بیر و بزوتنەوەی نەتەوەییانەی کورد دا. توندترین زەبر و گەورەتریبن سەکتەی لەو بیر و ڕێبازە وەشاند و نیوسەدە لە گۆی خست و دوای خست و سڕی کرد و هێز و پێزی لەبەربڕی، چونکە بوونی ئەو تارمایی و داهۆڵە، مانەوەی ئەو توێکڵە بێ نێوەڕۆکە، ڕێگەی ئەوەی بەسەوە بیر و بزوتنەوەیەکی نەتەوەییانەی ڕاستەقینەی کامڵ و خەمڵیی بێتە کایەوە و سەرپێی خۆی کەوێت و جڵەوی کارەکە بگرێتە دەستی خۆی. ئەوەی هەبوو، خەیاڵێکی ڕۆمانسییانە و فەنتازی بێباج و بێنیازی کۆمەڵێک شاعیر و نووسەر بوو، کە مخابن هەرگیزاو هەرگیز بۆیان نەکرایە واقیع. لە دایکبوون و نێونان و مردنی مەلۆتکەکە، لەیەک کاتدا بوون، پێکەڵپێکی یەکبوون.
لە دۆنادۆنەکەی کاژیک و پاسۆکیشدا، هەرچی خەسڵەتی بەدو بێکەڵکی کاژیک هەبوون، گشت لە گشتیان زانە هەناوی پاسۆکەوە و هەر لە سەرەتاوە ئەویش بە شەپڵەلێدراوی زایەندرا. جگەلەوە، ڕاستتان دەوێت من سیما و خەسڵەتی بیرێکی نەتەوەیی کوردیی کامڵ و خەمڵیو نابینم. بیر و بزووتنەوەیەک بە چوار بەیان و سێ نامیلکە و دوو دروشمی زەقی کۆپییکراو، ناگاتە قۆناغی کەماڵ و ناتوانێت لاف و گەزافی قەبە و لەسەنگی خۆی قورستر لێبدات. ماکی یەکەمی شکست و لانەوازیی و لاوازیی ئەو ڕێبازە، کەمتوانایی و بەتەنگەوەنەهاتن و خۆخڵافاندن و خۆخەڵەتاندنی ڕێبەران و کادێران و ڕێونکەرانی خۆیەتی، دەنا هەرچی شت هەیە لە کوردستاندا ڕەواجی نەدەبوو، تەنها بیری نەتەوەیی نەبێت. هەتا جاشێتیش بەبرەو بووە، چونکە کاری بۆ کراوە. ئەوانەی تاوانی نوشوتی و بێ برەوی و کەم ڕەواجیی بیرەکەیان، بە شانی کەسان و دەستەوتاقمی دیکەدا دەسوون و قسورەخۆیی و قسرەزاتییەکە فەرامۆش دەکەن،ناڕاست و دوور لە واقیعن و هەمدیسان خۆ و جەماوەر فریودەدەنەوە.
تەجرەبەی من لە ڕیزی بیر و بزووتنەوەی نەتەوایەتیدا، ئەزموونێکی تاڵ و نوچدان و نوشوستییەکی گەورەیە و هەست دەکەم ڕەنج بەبابووین و قەت قەت واقیعانە بیرمان نەکردۆتەوە و وەک پێویست کارمان بۆ بیرەکە نەکردووە، بەڵکە هەر خەریکی قسەی قەبە و سەوز و سوور و بێ باج بووین.
١٥ ـ نووسەرێکی بێگانە پێناسەی خۆی لە هەندەران ئاوها دەکات:" من درەختێکم لق و پۆپ و گەڵام شین بووە، وەلێ ڕەگ و ڕیشەم بەم خاکەوە نییە".تۆش ساڵانێکی زۆرە پەڕیدەی هەندەران بوویت،تاراوگە بۆ تۆ چ دەبەخشێت و چ کاریگەرییەکی لەسەرت هەیە؟.
ئاڵمان لەو ڕووەوە ووشەیەکی جوانیان هەیە، دەڵێن(entwurzelt) واتە ڕیشەکێشکراوە. ئەو درەختەی ڕیشەکێش دەکرێت، ناتوانێت لەسەر تاوێری دەربەدەری ڕەگ و ڕیشە داکوتێتەوە و بەرز هەڵچێت. من هەمیشە خۆم بە ئاوارە و نامۆ و مێوان زانیوە و خەونم بەو ڕۆژەوە دیتووە کە بتوانم بگەڕێمەوە ئامێزی زێدی ئازیزم. قینت لەهەرکەس بوو، نزا و تووکی لێ بکە، پازدە، بیست ساڵ لە مەفتەنی خۆی دوور کەوێتەوە و بە ئاوارەیی بژێت. گرنگترین شتانێک کە لە پەڕیدەیی هەندەران و دەربەدەریم فێربووبم، ئەوەیە: نەتەوە و نیشتمانەکەی خۆمم لە جاران زێتر و تا ڕادەی پەرستن خۆش بوێت. خوێندنم تەواو کردووە و بڕێک زانست و شتی نوێ فێربووم، کە بۆ خۆم و ڕەنگە بۆ نەتەوەکەشم سوودبەخش بن. زمانێکی جیهانیی گرنگ فێربووم، بەباشی پێی دەخوێنمەوە و لەتەک بڕێک نووسینی خۆمدا، هەندەک بەرهەمی دانسقەم پێ تەرجەمە کردووە.
١٦ـ هیچ بیرەوەری و یادگارێکی ڕۆحیت لەگەڵ یادی شەهیدانی وەک کاکە فەتاح ئاغا و فەرهاد خەفاف و مولازم حەمە شەوقی و کاکە جەلالی حاجی حسین و مولازم کەریم و کاک ئازاد مستەفادا هەیە،بتهەژێنن و بۆمان بگێڕیتەوە؟.
زامتان هێنامەوە سوێ و بەچەند کڵافەیەک ژان. دڵتان شەتەک دام. ئەو شەهیدە سەروەرانە بڕێکیان مامۆستا و برای گەورە و زێدە ئازیزم بوون، هەندێکیشیان هاوتەمەن و هاوڕێی گیانی بە گیانیم بوون، یادیان هەمیشە بە خێر و پڕ فەڕ بێت و ڕەوانی پاکیان شاد. لەگەڵ هەر هەموویان دا کۆمەڵێک یادگاری شیرینم هەن، کە گەش گەش لە بیر و هەستمدا دەچرسکێنەوە. گەر لەگەڵ هەر یەکێکیان دا یادگارێکی خۆم بگێڕمەوە، ڕەنگە باسەکە هێجگار درێژە بکێشێت و خوێنەر وەڕس بکات.
شەهیدان کاکە فەتاح مامۆستا و برای گەورە و ئازیزی هەموومان بوو، بۆیە یادگارێکی شیرین لەو ساتە خۆشانەی لە خزمەتی ئەو کەڵە مێرەدا بردوومەتە سەر، دەکەمە باقەبێنەیەک و لە بریتی گشت یادگارەکان دەیگێڕمەوە.
پێشنیاز و تکام لە گشت کوردێک ئەوەیە کە لەو هەل و دەرفەتەی ئەوروپایان سوود وەرگرن، هیچ نەبێت کەمەکێک لە ئەزموونی دێموکراسێتی و ئازایی و ئازادیی بیری ئەوروپا فێر ببن و لە ژیانی ڕۆژانەی خۆیان دا پێڕەویی بکەن و خۆیان لەو تەنگەتیلکەیی و تاقم تاقمێنە و پەرتپەرتی و لەتلەتییە دوورەپەرێز بگرن و نەبنە بەشێک لێی. بە بڕوای من، ئێمە بە هەڵە و لنگەوقووچ لە شۆڕش و شۆڕشگێڕێتی گەیشتووین، پێمان وایە شۆڕشگێڕ کەسێکە کە دەکوژێت، خوێندەڕێژێت، لەش دەنێژێت، لێ لە ڕاستیدا شۆڕشگێڕیی هەڵوێستە، ڕەفتار و ئامڕاز و ئامانجە، مەبەستە. شۆڕشگێڕ ئەو کەسەیە کە بارێکی کەچ و خراپ ڕاست دەکاتەوە و
گۆڕانکارییەکی بنەرەتیی و بنجیی چاکی تێدا ئەنجام دەدات. بۆیە بەلای منەوە شۆڕشگێڕی ڕاستەقینە ئەو کەسەیە کە بەر لە هەر شت، لە خۆیدا و ئەوجا لە کۆمەڵگەدا گۆڕانکاریی چاک دەهێنێتە دی. ئەو کەسە شۆڕشگێڕە کە ڕاستگۆیانە و ئازایانە پێ لە هەڵە و پەڵەی خۆی دەنێت، ڕێز لە ڕاوبۆچوونی بەرامبەرەکەی دەگرێت و ئەوەی ڕاستە لێی دەسەلمێنێت. بەهیوام گشت کوردێک تا ئەو مەودایە و بەو پێ و دانگە شۆڕشگێڕ بێت.
١٩ ـ خوێندکاری کورد چۆن دەبینن؟
چیتان لێ بشارمەوە، ناڵێم خراپە، یا خوادانەکردە بێسوودە، بوونی چاکە و ئەویش دەنگێکە و جارجارە دەچریکێنێت، لێ ڕاستتانم دەوێت ئەوە نییە کە بە ئاواتی دەخوازم. جگەلەوە نێو و نێوەڕۆک و شێواز و مەبەستی لەگەڵ یەکدیدا ناگونجێن و جووت نایەنەوە و هاوتا ناوێستنەوە. گۆڤارەکە نە خوێندکار دەریدەکات، نە گوتاری خوێندکارانەی تێدایە و نە پێوەندیی بە خوێندکارانەوە هەیە، کەچی نێویشی (خوێندکاری کورد) ە. من لەسەر وەختێکدا ژیاندمەوە و مەخابن نێوی (خوێندکاری کورد)م لێنایەوە. کە خۆم خوێندکار بووم و زۆربەی هەرە زۆری گوتارەکانی خۆم دەمنووسین. لێ ئەو دەمەش هەر بە بیر و بزووتنەوەی خوێندکارانەی کورد تا ڕادەیەکی زۆر نامۆ و نابەڵەد بوو. من تکا و پێشنیاز دەکەم نێوەکەی بگۆڕن بە نێوێکی شیاوتر و گونجاوتر، بۆ نموونە (پەیک) یاخود(پەیام) جوان و لەبارن، یەکێکیان هەبژێرن. هەوڵیش بدەن لە بابەت و نێوەڕۆکدا کەمێک ڕەنگینتر و دەوڵەمەندتر کرێت. دیارە بەشێکی ئەو ئەرکە شانی خۆشم دەگرێتەوە، هەق وایە جارجارە کۆمەکێکتان بکەم.
٢٠ـ بار و زروفی ئێستای کوردستان چۆن هەڵدەسەنگێنن؟ کام داهاتووتان بۆ لەبەرچاو گرتووە؟.
بارودۆخی ئەمڕۆی کوردستان ئەنارخیستانەیە،وڵاتی فرەکوێخایە و گشتیان پێکڕا پەندە کوردییەکە پەیڕەو دەکەن کە دەڵێت:" ئۆخەی ئۆخەی،هەرکەس بۆ خۆی". یاسا و داب و نەریت هەڵگیراون و ترس و دڵەڕاوکە و برسێتی و خەم و دزیی و جەردەیی و بەرتیل خواردن زاڵن. کەس لە گیان و ماڵ و سەر و سامان و ژیانی خۆی دڵنیا نییە. دەبێت ئا لەو حاڵ و بارەدا چاوەڕوانی چ داهاتوویەک بکەم. ئەوەی لە کوردستانێکی نیمچە ئازاد و چکێک وابەستەدا دەکرێت، لە هەر وڵاتێکی صەدان ساڵەی پێشکەوتووشدا کرابا، لە مێژبوو بووبووە وێرانە و ئاساری بەسەر پاتارییەوە نەمابوو.
پەشێو گوتەنی، وەرە ئەو برسێتی و دوژمنایەتی و چەکە زۆرە ببەرە وڵاتێکی پێشکەتووی وەک سویسرا و سوێدەوە،جا پاش ساڵێک حاڵی میللەتەکانیان دەبینیینەوە. گیان بەوەیە لە کوردستانی ئەوڕۆدا، خەڵکە بە حورمەتە کوردپەروەرەکە، نەبوو و برسییە، دەنا گەر پێچەوانەی ئەوە بایە، وەزعەکە هێجگار شپرزەتر دەبوو. ئالەو بارودۆخەدا، دەبێت چاوەڕوانی چ پاشەڕۆژێک بکەین؟
بە دڵنیاییەوە دەڵێم: گەر بەزوویی ڕێونکەرانی بزووتنەوەی ماڵوێرانکەری کورد، تیماری دەروونی نەخۆش و پەستی خۆیان نەکەن و کۆتایی هێجگارەکی بە شەڕی خۆکوژی نەهێنن و چارەسەرێک پەیدا نەکەن،یانی حوکمی مردنی میللەتەکە لەو کوتە وێرانەدا، پەنجەمۆرە دەکەن. هەرچیش بەسەر میللەتەکە بێت، تەنها و تەنها دوو گوڕنەتەڵەکە لێیبەرپرسیارن و مێژوو بواری هیچ پاکانەیەکیان نادات.
٢١ـ بۆ یادی صەدساڵەی ڕۆژنامەگەریی کوردیی چ بەرنامە و پێشنیازێکتان هەیە؟
بۆ خۆم بەرنامە و نەخشەی فرەم هەن و توانای کەم،تایبەت نەداریی و دەست کورتییەکە پشتی من، یاخود پشتی من و زۆرکەسی دیکەشی شکاندووە. بەڵام گیان بەوەیە هیوا و ئاواتی پەتیی و هەناسەی سارد هەڵکێشان، پووڵی تێناچێت و دەتوانم بەکامی دڵ و بێ ترس و دەستەلەرزە، دەزوو بۆ کۆلارەی خەیاڵ و ئاواتی بەرزەفڕم بەرهەڵدا بکەم. ئاواتم ئەوەیە گشت توانا بەهرەدار و گەشەکان یەکخرێن و کۆتایی بەو کوتکوتی و پەرتپەتییە بهێندرێت و بە گشت لایەک هەفتەنامەیەکی سەربەخۆی ڕێک و پێک و گۆڤارێکی مانگانەی بە پیتی پڕ سوود، سەر بکەن بە گشت ماڵە کوردێکی پەڕیدەی دەستی تەڕییدەکان و تینووی وشەی پیرۆز و بە پێزی کوردیدا.