چاند و فەرهەنگی کوردان، دیلی دەست کاسبکارانی چازان!

Thursday, 17/01/2019, 21:58

2282 بینراوە


مێژووی بازرگانیکردن بە بواری فەرهەنگ و ڕۆشنبیرییەوە لە ئاستی جیهاندا،دیرۆکێکی کۆن و دێرینی هەیە و سەدان کەس، لایەن، بنکە و ناوەندی ناڕۆشنبیریی لەم ڕێگەوە سامانێکی بەرفرەوانیان بۆ خۆ گلێر کردۆتەوە کە هەرگیز سەتی یەکی ئەو سەرمایە و داهات و سامانە لە پێناو پێشخستن و گەشەپێدانی فەرهەنگ و ڕۆشنبیرییدا دەکار نەهێنراوە.
ئەم پرسە بە درێژایی مێژوو لە جیهانی سێیەمدا، زەقتر و هەژێنەرتر بووە و لە نێو ڕووبەری چاندیی ئێمەی کوردیشدا بە زەقی دەبینرێت و کەم نین ژماری ئەو کەس،لایەن،بنکە و ناوەندە ناڕۆشنبیرییانەی کە بەناڕەوا و لە ڕێی جۆربەجۆرەوە،دەمێکە دەسەڵات و کلیلەکەی دەروازەی فەرهەنگیان گرتۆتە دەست خۆ و لەمێژە لەم بوارەدا تەراتێن دەکەن و پارە و سامانێکی خەیاڵی لە نێو تەنکەی گیرفان دەنێن. کەچی مخابن بۆ خۆ ئەوەندە پرسی فەرهەنگ و چاندی کوردییان لا گرینگ نییە و تەنێ چاو لە دەسکەوتە مادییەکەی ئەم بوارە دەکەن؛هەر بۆیە دۆخی فەرهەنگیی کۆمەڵەی ڕۆشنبیریی کوردیی ئەوەندە شپرز و ئاڵۆزە و کەمتر هەژان و تەکانێکی ڕاستینە بە خۆوە دەبینێت. چونکە لە ڕاستیدا ئەم جۆرە کەس،لایەن،بنکە و ناوەندانە،گەشە و بەرەوپێشڤەچوونی پرسی فەرهەنگ و ڕۆشنبیرییان لا گرینگ نییە و پتر بۆ خۆدەرخستن و ناوبانگدەرکردن و دەسکەوتە مادییەکەیەتی کە بە ناڕەوا دێنە نێو گۆڕەپانەکەوە؛ مخابن نموونەکان لە نێو کۆمەڵی کوردییدا زۆر زۆرن.
تاڵتر لە هەمووان ئەوەیە کە هەندێکجار گەلێک نووسەر و ڕۆشنبیری کوردیش دەکەنە دارەدەستی خۆ و وەک قەڵغان بۆ بەرەنگاربوونەوەی ڕەوت و لایەنە سەربەخۆکان لە ساتەوەختی پێویستدا دەکاریان دێنن ئەگینا
بۆ خۆ نە خەمخۆری بواری فەرهەنگ و ڕۆشنبیریین و نەیش توانای نەخشاندنی دوو ڕستەی پاکژی کوردییان هەیە.
ئەم پرسە هەنووکە بۆتە پرسێکی پڕمەترسی و هەڕەشە لە فەرهەنگ و چاندی کوردی دەکات و مخابن ئەم چەشنە کەس،لایەن،بنکە و ناوەندانە، لە زۆربەی بنکە و ناوەندە ڕۆشنبیریی و زانستییەکان هەتا کۆڕ و جڤین و فێستیڤاڵە کوردییەکاندا تاقە بڕیاردەر هەر بۆ خۆن. هەر لەبەر ئەم پرسەیش،بە سەدان سیما و لایەنی خەمخۆری کۆمەڵەی ڕۆشنبیریی کوردی پەراوێز دەخرێن.
ڕاستە مێژووی ئەم دیاردە ترسناکە لە ڕۆژهەڵاتی کوردستاندا دەگەڕێتەوە بۆ سەردەمی پێش شۆڕشی گەلانی ئێران بەڵام دوابەدوای سەرکەوتنی شۆڕش،خێراییەکی سەیری بە خۆوە بینیوە و دەیان بەناو کەسایەتی،بنکە و ناوەند و پەخشکاری کوردی، قارچکئاسا سەریان هەڵداوە و بوونەتە پێشەنگی بواری ڕۆشنبیریی کوردی و هەسپی خۆ بەلەز لەم مەیدانەدا تاو دەدەن و کەسیش لەبەر دەستڕۆییشتووییان،لێرە و لەوێ،ناوێرێت وەبەر لۆمەیان بدات.
لە بیرمە لە پێشانگەیەکی کتێبی کوردییدا،کاتێک چاوم لە بەرهەمی نوێی شاعیرێکی دیار و ناسراوی کورد دەکرد و لاپەڕەی کتێبەکەم هەڵدەدایەوە،دەبینم پەخشکار بە گەز و پێوانەی خۆی،بەشێکی ڕووبەری کتێبەکەی قرتاندووە و مخابن هەمووانیش کتێبەکە دەکڕن و کەسیش فزەی لەدەم دەرنایە. لێم پرسی ،کاکە بۆ وا دەکەن؟ پێی وتم: باشە تۆ کێیت؟ کە وتم: خوێنەرێکی کورد، بە بێ وەستان لە وەرامدا وتی: وەڵڵاهی بەختت یار بوو ئێرە زۆر قەرەباڵغە ئەگینا پڕشەقم دەکردیت! ئەمە سەرگورشتەی تاڵی ڕەوشی بەناو ڕۆشنبیریی ئێمەی کوردە و لەمێژە کلیلەکەی بەناڕەوا کەوتۆتە دەست ژمارەیەک کاسبکار و بازرگان کە تەنێ چاویان لە قازانج و ناوبانگی ئەم بوارەیە و فەرهەنگ و چاندی کوردییان هەرگیز لا مەبەست نەبووە و نییە.
داخراوبوونی بازنەی ڕۆشنبیریی کۆمەڵی کوردی گرێکە سەد هێندە ئاڵۆزتر دەکات و ئەستەمە بەمزووانەیش چارەسەرێک بۆ ئەم ئارێشەیە بدۆزرێتەوە. دەمێکە بەناحەق ژمارەیەک بت دروست کراون و لەبەر ئاستنزمیی ڕۆشنبیریی کۆمەڵی کوردی،هەمووان هەر شوێنکەوتەی ئەو تاقمەن و گەر دە ساڵ جارێک،دەنگێکی جیاواز دەربکەوێت و سووکە ڕەخنەیەکیان بەرەوڕوو بکاتەوە،بە هەزار داخ و مخابنەوە،دەروێشەکانیان هووتەرەی بۆ دەبەن و،سەدان ناو و ناتۆرەی بۆ چێ دەکەن و دەیبەستنەوە بەم لایەن و ئەو لایەنەوە و شاربەدەر دەکرێت.
هەژاربوونی ڕەخنە لە نێو کۆمەڵەی ڕۆشنبیریی کوردییدا، یەکێکە لە هۆکارە سەرەکییەکانی بەردەوامیی ئەم ڕەوشە و تا کاتێک ئاستی وشیاریی تاک و کۆی کۆمەڵ بەرز نەبێتەوە،ئەم دۆخە هەر وا درێژەی دەبێت و بگرە ئاڵۆزتریش.
ئەم بازرگان و کاسبکارانە هەنووکە ئەوەندە لق و پۆیان بۆ نێو هەموو بوارێکی فەرهەنگی شۆڕ بۆتەوە کە بنبڕکردنیان،کارێکی گەلێک چەتوون و پڕزەحمەتە و پێویستیی بە هاریکاریی هەمەلایەنەی گرووپ و ئالی و کەسایەتییە سەربەخۆکان هەیە و گەر هەر وا لە هەمبەر ئەم پرسە هەستیارەدا کەمتەرخەم بین،دادێیەکی تاڵتر و ڕەشتر بۆ ڕووبەری ڕۆشنبیریی خۆ دەنووسینەوە. بۆیە ئەرکی سەرشانی هەموو کەس،لایەن و بنکەیەکی سەربەخۆیە پێکڤە لێرە و لەوێ ،کارنامە و فایلی ڕەشی ئەم کەس و لایەن و بنکە و ناوەندانە ئاشکرا بکەین تا چیدی لە نێو ڕووبەری چاندیی کورددا ڕمبازێن نەکەن.
زارووەکانی نێو پانتایی ڕۆشنبیریی کوردی لە خوێنی گەشی گەل دەمژن و بەری ڕەنجی میللەتێک بۆ خۆ دەچنەوە و ئەو سامانەیش بۆ بوارێک دەکار دێنن کە هیچ فڕی بەسەر ڕاژە و خزمەت بە فەرهەنگ و چاندی کوردییەوە نییە و زێتر سەرمایە و سامانی پێ خڕ دەکەنەوە؛بە واتایەکی ڕاستتر لە وردە کاسبکارێکەوە،دەبنە گەورە بازرگان.
دووکانی ئەم جۆرە کەس،لایەن و ناوەندانە هەر لە تارانەوە تا بە هەموو ستان و پارێزگە کوردییەکانی ڕۆژهەڵاتدا بڵاو بۆتەوە و ڕوو لە هەر بنکە و مەڵبەندێکی ڕۆشنبیریی و ناوەندێکی زانستیی دەکەیت، خودان ماڵ و کاربەدەست و بڕیاردەر هەر خۆیانن و بەس. ئەم جۆرە کەسانە،ئەمڕۆکە دزەیان کردۆتە نێو هەموو بنکە و ناوەندێکی ڕۆشنبیریی،ئەدەبیی و زانستیی و لە هەموو شوێنیک،سەر و پۆتراکیان دەردەکەوێت و ئۆختاپووسئاسا،کۆنترۆڵ و دەسەڵاتی هەموو شوێنێکیان لە بن چنگدایە.
ئەم کەس،بنکە و ناوەندانە،بەدوور لە چاوی خاوەن بەرهەم،زۆر جار سەرەڕای لەچاپدانەوەی کتێب و بەرهەمی نووسەر و شاعیران،بە شێوازێکی نەشاز و ناجوان،خۆ بە دەمڕاست و تریبۆن و بگرە جەمسەر بۆ کۆمەڵەی ڕۆشنبیریی ڕۆژهەڵات دادەنێن و کورد گوتەنی:" ئاوایی مەلای تیا نەبوو،کەڵەشێر ئەبێتە بڵقاسم".

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە