دەرئەنجامەکانی پەرەسەندن و چەند بەڵگەیەک

Thursday, 17/01/2019, 23:46

17137 بینراوە


هەڵبژاردنی سروشتی وەک میکانیزمێکی بنەڕەتی پەرەسەندن، بەدرێژایی مێژوو ڕۆڵێکی سەرەکیی گێڕاوە لە هەردوو کرداری پەسندکردن و لابردنی تایبەتمەندییەکان، ئەویش بەگوێرەی هەلومەرجە سروشتییەکان و ئەو گۆڕانکارییانەی بەسەر ژینگەکانی زیندەوەران هاتوون، لە چاخ و سەردەمە جۆراوجۆرەکاندا. لەسەر بنچینەی ئەو کردارانەی پەسندکردن و لابردنە، دەشێ پێکهاتە، یان ئەندامێکی لەش لە پێشینەکانی زیندەوەرێک لە ڕابردوودا، گەلێک چالاک و کارا بووبێ لە فرمانەکانیدا، کەچی ئەمڕۆکە لە لەشی ئەو زیندەوەرە هیچ سوودێکی ئەوتۆی نەبێت. هەروەها لەوانەیە ئەو ئەندامانەی لەش کەموکوڕی و هەڵەیان تێدا بێت، هەندێ جاریش ببنە هۆی ئێش و ئازار و دروستبوونی کێشەکانی لەشساغی لە مرۆڤ و چەندان گرفتی دیکە لە زیندەوەراندا. بەمانە بۆمان ڕوون دەبێتەوە کە هەڵبژاردنی سروشتی، تەنیا کار لەسەر ئەو پێکهاتانە دەکات کە هەن، پاشان بەرەبەرە هەوڵ دەدا چاکتریان بکات. بە گوزارشتێکی دی، هەڵبژاردنی سروشتی هەرگیز ناتوانێ شتێکی نوێ لە هیچەوە بهێنێتە کایەوە.
لێرەدا هەندێک نموونە لەو دەرەنجامانەی پەرەسەندن کە کێشە و گرفتیان هێناوەتە ئاراوە دەخەینە بەردەست، بەوەی کە دەتوانین بە مانەوەی شوێنەوار و جێماوی پێکهاتە لابراوەکانیان، چاوگی بێسوودی و کەموکوڕییەکان دەستنیشان بکەین. ئەمانە هەموویان بەڵگەی زۆر بەهێز و ئاشکران بۆ ڕوودانی پەرەسەندن و بوونی پێشینەی هاوبەشی مرۆڤ و چەندان ئاژەڵی دیکە.

تۆڕینەی چاو
تۆڕینە لە چاودا وەک فیلمە لەناو کامێرادا، کامێراش بە جۆرێک دروست دەکرێ کە فیلمەکە لەدوای هووردبینەوە بێت، تەلەکانیشی لەدوای فیلمەوە بێن، بەمەش وێنە بەڕێکوپێکی دەکەوێتە سەر فیلم. کەچی تۆڕینەی چاوی مرۆڤ دەکەوێتە بەشی دواوەی چاو کە چەند خانەیەک دەگرێتە خۆ، لەوانەی هەست بەبوونی ڕووناکی دەکەن. بوونی ئەمانە لە بەشی دواوەی چاو شتێکی نائاسایی و چاوەڕواننەکراوە، لەبەرئەوەی لە پێش ئەو خانانەدا، چەندان پەردە، تەل و خانەی دیکە هەن کە ڕووناکی ناچار بکات بەهەموویاندا تێ بپەڕێت تا بگاتە خانە هەستییەکان، بێگومان لێرەشدا بڕێکی زۆری پەرتوبڵاو دەبێتەوە.
لە لایەکی دیکەوە، خانەکانی ڕووناکی هێما و زانیارییەکان لەڕێی دەمارە تایبەتییەکانی کە لە چاوەوە دەردەچن بۆ مێشک دەنێرن، بەڵام ئەو خاڵەی دەماری لێوە دەردێت، هیچ خانەیەکی هەستی تێدا نییە، بۆیەش لە چاوەکانماندا خاڵێکی کوێر هەیە کە ناتوانین پێی ببینین. کەچی ئەگەر هەر تەنیا سەرنج بدەینە هەشتپەلە (ئەختەپووت)، دەبینین چاوەکانی گەلێک چاکن، چونکە خانەکانی هەست ڕوویان بەرەو ڕووناکییە، نەک بەرەو تۆڕینەی چاو (وەک ئەوەی مرۆڤ)، جگە لەوەش چاوی هەشت پەلە خاڵی کوێری تێدا نییە. لە ڕاستیدا چاوی مرۆڤ بە ڕادەیەکی زۆر بێهێز و ناڕێکە، بۆیە هەندێک لە زاناکان پێیان سەیرە، چۆن مرۆڤ بە پێکهاتەیەکی وا خراپ دەتوانێ شت ببینێت!

پێڵوی سێیەم
ئەگەر سەرنج بدەینە پشیلەیەک لە کاتی چاوتروکاندا، دەبینین پەردەیەکی تەنک بەشێکی چاوی لەناوەوە دادەپۆشێت کە پێی دەگوترێ، پێڵوی سێیەم. ئەمە لە شیردەرەکاندا بەدەگمەن دەبینرێت، بەڵام لە کۆمەڵەی باڵندە، خشۆکەکان و ماسییەکاندا نموونەی زۆرە کە گەلێک سوودی هەیە بۆیان، بەتایبەتیش بۆ ئەو وشکاوەکی و وشکانییانەی لەناو ئاودا بۆ نێچیر دەگەڕێن. لەو ئاژەڵانەی نێزیکن لە مرۆڤ، تەنیا یەک جۆریان هەیە، ئەو پێڵوانە لە چاوەکانیدا بەچاکی کار دەکەن، ئەویش ئاژەڵی (Angwantibo)یە.
لە چاوی مرۆڤدا پاشماوی ئەو پەردیە هەیە، بەڵام زۆر بچووک بووەتەوە. شارەزاکان لەم بوارەدا ئەوەیان سەلماندووە کە پێڵوی سێیەم لە نیوەی یەکەمی ماوەی گەشەکردنی ئاوەلەمەدا، بەخێرایی گەشە دەکات، بەڵام پاشان دەوەستێت، ئەمەش وا لەو پێڵوە بچووکە دەکات، نەتوانێت بەتەواوی چاو داپۆشێت.

ماسوولکەکانی گوێ
ماسوولکە دەرەکییەکانی گوێ لە ئاژەڵەکاندا، بەکار دەهێنرێت بۆ جووڵاندنەوەی گوێ بەرەو ئاراستەی دەنگەکان (مەرج نییە، جووڵاندنەوەی سەری لەگەڵدا بێت)، بۆ بیستنی ئەو دەنگانەی کە لە لایە جیاجیاکانەوە دێن. مرۆڤ هەتا ئەمڕۆ پاشماوی ئەو ماسوولکانەی لە گوێیەکانیدا هەن، بەڵام سست و لاوازن، بێگومان ئەمانە لە ڕابردوودا هەروەک ئاژەڵانی دیکە بۆ هەمان مەبەست بەکار دەهێندران، کەچی گوێی زۆربەی مرۆڤەکانی ئێستە تەنیا توانی لەرینەوەیەکی یەکجار کەمی هەیە، بەڵام هەندێ کەس هەن لەبەر بوونی چەند ماسوولکەیەک، دەتوانن تا ڕادەیەک گوێیەکانیان بجوولێنن.
گەر سەرنج بدەینە پشیلە، بەچاکی ئەم کردارە دەبینین، بەوەی کە پشیلە پێی دەکرێ بەتەواوی گوێچکەی خۆی وەرسووڕێنێ بەو لایەی کە دەنگی لێوە دێت، بەتایبەتی لە کاتی ڕاونانی باڵندەکاندا کە لە لایەک بتوانێ هەموو دەنگەکان ببیستێت، لە لایەکی دییەوە ناچار بێت کەمترین دەنگەدەنگ دەربکات، نەوەک باڵندەکە پێی بزانێ، بەمەش ئەو نێچیرەی لەدەست بچێت.

ئەندامی جاکۆبسۆن
ئەندامی جاکۆبسۆن (لودڤیگ جاکۆبسۆن ١٧٨٣ – ١٨٤٣٩)، لە لایەنی ژیانی زایەندییەوە بەشیکی گرینگە لە پێکهاتەکانی لەشی خشۆکەکان و زۆربەی ئاژەڵانی دیکە. لەڕێی ئەم ئەندامەوە زانیارییەکی زۆرمان بەدەست دەکەوێ، نەک تەنیا لە چەند زیندەوەرێک، بگرە دەربارەی هەندێ لایەنی مێژووی زایەندی مرۆڤیش. ئەم پێکهاتەیە ئەندامی بۆنکردنە لە لووتدا، کرداری وەرگرتنی فێرمۆنەکان ئەنجام دەدات. فێرمۆن ئاوێتەیەکی کیمیایییە لەشی ئاژەڵ دەری دەهاوێژێت و بەهۆی هەواوە بڵاو دەبێتەوە، بۆ چەند مەبەستێک بەکار دەهێنرێت، وەک ئارەزووی زایەندییەتی، ئاگەدار کردنەوە و زانیاری وەرگرتن لەبارەی شوێنی خۆراک. بەم ئەندامە ئاژەڵەکان دەتوانن بەدوای ڕەگەزی دیکەی جۆرەکەی خۆیاندا بچن بۆ کرداری زایەندییەتی، هەروەها دەسکەوتنی نێچیر و زانینی ڕووداوە مەترسیدارەکان. هەر مرۆڤێک کە لەدایک دەبێت هەڵگری ئەم ئەندامەیە، بەڵام بەزوویی و لە سەرەتای تەمەنەوە توانی کەم دەبێتەوە، تا دەگاتە ئەو ئاستەی کە هیچ سوودێکی بۆی نەبێت. مرۆڤ لە چاخ و سەردەمە دێرینەکاندا پێویستی بە ئەندامی جاکۆبسۆن هەبووە، لەو کاتانەی کە لەڕێی ئاخاوتنەوە توانی پێک گەیشتن و پێوەندی پێ کردنی نەبووە، بەڵام ئێستە گرینگییەکی وای نییە، چونکە ئاشکرایە ئەمڕۆ ڕێ زۆرە بۆ دیارکردن و هەڵبژاردنی ڕەگەزەکەی دی.
شارەزایان لەم بوارەدا دەڵێن، لە سەردەمە کۆنینەکاندا گیرفانەکانی لووت پڕ بوون لە وەرگرەکانی بۆن، ئەوانەی کە هەستی بۆنکردنێکی گەلێک بەهێزی بە مرۆڤی ئەو کاتانە دابوو، ئەمەش دەسکەوتێکی گەورە بوو بۆ مانەوەیان. بەڵام ئێستە کەس بەتەواوی نازانێت، ئەو هەموو بۆشایییانەی لەناو لووتدا هەن و ناوپۆش کراوەن بە پەردە چڵمینییەکان کە زۆر جار تووشی چەندان گیروگرفتمان دەکەن، بۆچی هەن؟
ئەندامی بۆنکردنی مرۆڤ گەلێک بێهێزە، هەرچەندە دەتوانێت نێزیکەی ١٠ هەزار جۆرە بۆن بناسێتەوە. بەڵام چاوی مرۆڤ دەتوانێت ٣ ملیۆن جۆرە ڕەنگ ببینێت، ئەمەش لەبەرئەوەیە کە مرۆڤ بوونەوەرێکی ڕۆژەکییە، واتە لە ڕۆژدا پتر چالاکە وەک لە شەو، ئەوانەشی کە شەوەکین ئەو ئەندامەیان زۆر بەهێزە، بۆ نموونە مشک. ئێمە ٨٠٠ جینی وەرگری بۆنەکانمان هەیە، نیوەیان کار ناکەن، بەڵام لە ڕۆگارێکدا هەموویان ئیشیان دەکرد، کەچی مشک نێزیکەی ٢٠٠٠ دانەی هەیە و هەمووشیان چالاکن. لێرەدا ئێستە دەتوانین پێشبینییەک بخەینە بەردەست و بڵێین، کەواتە شیردەرەکانی دی کە ڕۆژەکین، وەک ئێمە دەبێ هەستی بۆنکردنیان بێهێز بێت و جینێکی زۆریان پەکخراو بن، لە ڕاستیشدا دەبینین هەر وایە. دۆلفین کە لەناو ئاودا دەژیت، ئەوانەی لە لای ئەودا هەن ٨٠% یان پەککەوتوون، مەبەست ئەوەیە کە هەیانە بەڵام پەکخراون، ئەمەش هەمووی لەبەرئەوەیە کە دۆلفین بە ڕەچاوکردنی پێشینەکەی، سەربە شیردەرە وشکانەکییەکانە.

پنتی داروین
لە بەشێکی دیکەی گوێ، لە زۆربەی شیردەرەکاندا بەرزەکێکی (نووکە) بچووکی لێوار تیژ هەیە، بە پنتی داروین (Darwin’s point) ناسراوە، لە ئاژەڵەکاندا بە شێوەی گرێیەکی ئەستوور بەدەر دەکەوێ و دەکەوێتە خاڵی یەکدیبڕینی بەشەی سەرەوە و ناوەڕاستی گوێ. زاناکان لەو باوەڕەدان، کاتی خۆی بۆ کۆکردنەوە و تیرکردنی دەنگەکانی ڕاوکەران و نێچیرەکان سوودی لێ وەرگیرا بێت. لەبەرئەوەی مرۆڤیش یەکێکە لە شیردەرەکان، بۆیە هەندێ کەس ئەم پنتە لە بەشی سەرەوەی گوێیەکانیاندا هەیە، بەڵام هیچ کارێک بەڕێوە نابات. ئەوەش نیشانەیەکی ئاشکرایە کە ئەمەیان لە پێشینەکانەوە بۆیان ماوەتەوە.

ددانی ژیری
پێشینەکانی مرۆڤ زۆریان ڕوەک دەخوارد، دەبوایە ئەمەش بەپەلە ئەنجام بدرێ، تا بتوانن بڕێکی زۆر لە یەک ڕۆژدا بخۆن، بۆ ئەوەی وزە و هەموو ئەو ماددە پێبژیوانەیان دەست بکەوێ کە پێویستییانە. ئەو پێشینانە جگە لەو ددانانەی کە مرۆڤی ئێستە هەیانە، کۆمەڵە ددانێکی دیکەیان هەبوو، بەمەش دەمیان گەورەتر بوو، هەتا توانی خواردنی گژوگیایان پتر بێت. لە لایەکی دیکەوە کاتێک دانەوێڵەیان دەخوارد پێویستیان بەو ددانانە دەبوو، بۆ هاڕینی ئەو جۆرە خۆراکە ڕەقەی کە لە ژینگەکایاندا هەبووە. بەڵام بە گۆڕانی خۆراک و کاریگەری فشاری پەرەسەندن، مرۆڤەکان تواناکانی هەرسکردنی سێلیلۆزیان لەدەست دا، ئەمەش بووە هۆی ئەوەی کە چی دیکە بەو ڕادەیە گژوگیای سەوز نەخۆن.
سەرەنجام گۆڕانی جۆری خۆراک، بەتایبەتیش گۆشت کە پڕ وزەیە، بووە خۆراکی سەرەکییان، وای کرد شەویلگەکانیان بچووک ببێ، بەمەش جێی ئەو هەموو ددانانەی تێدا نەبێتەوە. مرۆڤی ئێستە پێویستی بەو کۆمەڵە ددانانە (کۆمەڵەی سێیەم) نییە، ئێش و ئازاریان زۆرە، هیچ سوودێکیشیان لێ نابینرێت. ئەم ددانانە لای هەندێ کەس لە گەشەکردن وەستاون و بەتەواوی بزر بوونە، کەچی لای نەوەکانی هەندێکی دیکە، پلەی شیاوی دەرکەوتنیان گەلێک بەرزە.

جێی قوڕگ زۆر بەرزە
خواردن و هەناسەدان دوو کردارن، هەرگیز بەیەکەوە ناکرێن، بۆیە لە کاتی خواردندا هەندێ جار بەرەوڕووی خنکان دەبینەوە، لەبەرئەوەشە دەبینین ساڵانە چەندان کەس بەهۆی پەڕینی خواردن بۆ ناو بۆڕیچەی هەناسەیان دەمرن. بۆچوونەکان ئەمە دەبەستنەوە بە ڕۆیین لەسەر دوو پێ، واتە ئەگەر لەشی مرۆڤ ستوونی نەبووایە، ئەوا دووچاری ئەم مەترسییە نەدەبووەوە.

ڕیخۆڵە کوێرە
ڕیخۆڵە کوێرە هیچ دەسکەوتێکی بۆ مرۆڤی هاوچەرخ نییە، بۆیە زۆربەی جار کە کێشە پەیدا دەکات، لای نەخۆشەکان بە نەشتەرکاری لادەبرێن. هەتا ئێستە بەتەواوی نازانرێت، ڕیخۆڵە کوێرە لە ڕابردوودا چ کارێکی ئەنجام داوە، بەڵام هەندێک لە زاناکان (بە داروینیشەوە) وای بۆ دەچن، ئەمەشیان کاتی خۆی یاریدەر بووبێ بۆ هەرسکردنی سێلیلۆز، لەو سەردەمانەی کە گژوگیا و گەڵای سەوزی ڕوەکەکان، خۆراکی سەرەکیی مرۆڤ بووە. زاناکان لەو باوەڕەن هەڵبژاردنی سروشتی دەیتوانی هەموو توانەکانی ڕیخۆڵە کوێرە لاببات، کەچی ئەمەی نەکردووە، بگرە هاتووە لە ڕووی قەبارەوە، گەورەترینیانی هەڵبژاردووە هەرچەندە بێسوودیش بووبێ. هۆیەکەشی بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە کە ڕیخۆڵە کوێرە چەندە گەورەتر بێت، هێندە پلەی شیاوی هەوکردن و تووشبوونی بە نەخۆشی کەمتر دەبێتەوە.

کلێنچکە و کلک
کلێنچکە پاشماوەی ئەو کلکەیە لە ڕۆژگارێکدا لە پێشینەی مرۆڤدا هەبووە، بەڵام بە تێپەڕبوونی کات ئیشی پێ نەماوە، پاش ئەوەی لەسەر درەختەکانەوە دابەزیووەتە سەر زەوی، کاتێکیش بەستوونی ڕێی کردووە بووتە بەربەستێک بۆی، بەمەش بەرەبەرە کورت بووەتەوە، هەتا بەتەواوی پوکاوەتەوە. مرۆڤ ئێستەش پێویستی بە کلێنچکە ماوە، وەک پاڵپشتییەک بۆ هەندێ ماسوولکە، بەتایبەتی ئەوانەی کونی کۆم، هەروەها ڕاگرتنی پشت لە کاتی دانیشتنێکی وا کە پشت بەرەو دواوە لار ببێتەوە.
پێویستە ئاماژە بەوە بکەین کە مرۆڤ هەڵگری ئەو جینانەیە، لە مەیموونەکاندا کلک پێک دەهێنن، بەڵام لە قۆناغەکانی گەشەکردنیدا بەرەبەرە سست دەبن، تا بەتەواوی نامێنن، کەچی لە شیردەرەکانی دی دەمێننەوە، چونکە ئەمانە پێویستییان بەو کلکەیە بۆ جووڵە و هاوسەنگییان و زۆر مەبەستی دیکە.

ئێسکەکانی سمت لە مرۆڤدا
گرفتی منداڵبوون کێشەیەکی مەزنی دیکەیە کە بە هۆکاری گۆڕانمانەوە لە بوونەوەرێکی ئاسۆیییەوە بۆ ستوونی پەیدا بووە. لەبەرئەوەی ڕێڕەوی هاتنەدەرەوەی ئاوەلەمە لە ئاژەڵاندا ڕاستەڕێیە، بۆیە لە لای ئەواندا کرداری زایین زۆر بەئاسانی ڕوو دەدات، بەڵام لە مرۆڤدا ئەو ڕێڕەوە لە قۆناغێکی منداڵبوون تا نێزیکەی ٩٠ پلە لار دەبێتەوە، بۆیە بەردەوام بوونی کەسێکی دیکە لەو دەمەدا پێویست دەبێت، تا ئاراستەی دەرچوونی منداڵەکە لەو پێچکردنەدا ڕێک بخات. بە بوونی ئەم کێشەیە، دەشێ ئەو منداڵە لەو ڕێڕەوەدا گیر ببێت، دەرنجام زیانێکی کوشندە بە دایک و منداڵەکە بگات، ئەمەش وامان لێ دەکات بەچاکی لە هۆکاری مردنی ئەو ژمارە زۆرەی ژنان بەدەم منداڵبوونەوە تێبگەین.
ئێسکەکانی سمتی (سێ بەند) مرۆڤ زۆر بچووکن، لەتەک ئەمەشدا بەرەبەرە زلبوونی سەر، واتە قەبارەی مێشکی مرۆڤ، لە لای مێیینەدا بووەتە هۆی منداڵبوونێکی سەخت و پڕ لە ئازار. ئێسکەکانی سمت لە مرۆڤدا هێندە بچووکن کە نەتوانن بەچاکی و بۆ ماوەیەکی زۆر کێشی لەش هەڵ بگرن، بەوەش مرۆڤ تووشی گەلێک گرفت ببێتەوە. ئەمانە لە ئاژەڵەکانی دیکەدا نابینرێن، بۆیە لەم ڕووەوە کێشەیان نییە، بەئاسانیش بێچوو دەهێنن.
بە ڕای زاناکان ئەمانە دیسانەوە بەندن بە ڕۆیین بەدوو پێ. ئەم شێوازەی ڕۆیین لایەنە چاکەکانی یەکجار زۆرە، گەلێکیش گرینگترە لە ئازاری منداڵبوون، تا ئەو ڕادەیەی کە سروشت و پەرەسەندن نەکارن فەرامۆشی بکەن. ئاشکرایە کە لە پەرەسەندندا هەر شتێک نرخی خۆی هەیە، بۆیە دەبینین مرۆڤ هەتا ئێستە باجی ئەو بەدوو پێ ڕۆیینە دەدات، بەو واتایەی ئەگەر مرۆڤ بە چوار پەلان ڕێی بکردبایە، ئەوا ئێسکەکانی سمت گەورەتر و فرەوانتر دەبوون، کرداری منداڵبوونیش ئاسانتر دەبوو.
مەبەست لە بوونی نرخ و باجدان لە پەرەسەندندا ئەوەیە، زۆر جار سازانی ئەندامێک بۆ کردارێکی تایبەتی و گرینگ وا دەکات ئەندامێکی دی تووشی کێشە ببێ، یان هەمان ئەندام بۆ ئەنجامدانی فرمانێکی دیکە، چالاکییەکانی کەمتر ببێتەوە. لەبەرئەوەشە لە هیچ جۆرێکی زیندەوەراندا، چاومان بە بوونەوەرێک ناکەوێ بۆ نموونە، دەستەکانی بۆ فڕین، هاوکات بۆ مەلەکردن، یاخۆ بەداردا هەڵگەڕان لەبار و گونجاو بێت.
نێزیکەی ٣٦٥ ملیۆن ساڵە ڕۆیین پەیدا بووە لای زیندەوەران، بەڵام لە زۆربەی کاتەکاندا بە چوار پێیان بووە، جگە لە لای باڵندەکان کە بۆ باڵ گۆڕاون، تەنیا لای سەرەکییەکان و چەند شیردەرێکی کەم نەبێت بە دوو پێیانە.
بە سەرنج دانمان لە مێژووی پەرەسەندن دەبینین، ڕۆیین بەدوو پێ ئاکارێکی جیاکەرەوەی مرۆڤە لە ئاژەڵەکانی دی، چونکە بەدوو پێ ڕۆیین، بووە هۆی بەرەڵاکردنی دەستەکان، بەمەش مرۆڤ توانی بۆ زۆر مەبەست دەستەکانی بەکار بهێنێ وەک، داهێنانی ئامراز و ئامێرەکان، هەروەها بۆ ڕاوکردن و دابینکردنی پێداویستییەکانی. سەربارەی ئەوانە دوا کۆمەڵەی مرۆڤ بەهۆی دەستەکانییەوە فێرە وێنەکێشان و نووسین بوو، لە ئاکامدا هۆشمەندی و زیرەکی زێدەتر بوون، بەمانەش هەنگاوەکانی داهێنان و پێشکەوتن دەستیان پێ کرد.

ماسوولکەکانی بنەپێ
ماسوولکەکانی بنەپێ، لای هەندێک لە ئاژەڵاندا بەکار دەهێنرێت بۆ شت گرتن و چەندان کاری جیاجیای پێویست، وەک چۆن دەبینین کە مەیموونەکان دەتوانن هەم بە دەستەکانیان، هەمیش بە پێیەکانیان زۆر کار و فرمان ئەنجام بدەن. مرۆڤ چەند دانەیەک لەو ماسوولکانەی هەیە، بەڵام ئێستە زێدەن و هیچ کەڵکێکی ئەوتۆیان نییە، لەبەرئەوەشە بژیشکەکان لە کاتی پێویستیدا ئەمانە وەردەگرن، بۆ ڕۆنانەوە و چاندنەوەی شانەی بەشەکانی دیکەی لەش. ئەم ماسوولکانە هیچ گرینگییان بۆ لەش نەماوە، بە ڕادەیەک لە ٩%ی مرۆڤی هاوسەردەم ئەو ماسوولکانەیان هەر نییە.
سەبارەت بە پێیەکانی مرۆڤ، ئاشکرایە مەیموونەکان لە کاتی بەدار هەڵگەڕانیاندا، پێویستییان بە هەموو پەنجەکانی قاچیان هەیە، کەچی مرۆڤ بۆ هاوسەنگی لە کاتی وەستاندا، پێویستی تەنیا بە پەنجەگەورەیە، بەڵام پەنجەکانی دی بۆ هیچ جۆرە فرمانێک بایەخێکی وایان نییە.

موچڕکە بەلەشدا هاتن
موچڕکە بەلەشدا هاتن، یاخۆ لەرز لێ هاتن، دیاردەیەکە لەمرۆڤدا دەبینرێت، لە کاتی سەرما و ترس، هەندێ جار تووڕەییدا، ئەمە لە هەندێک ئاژەڵ لە نموونەی سەگ و پشیلەدا، بە بوونی هەمان ئەو هۆکارانە بەدەر دەکەوێت. سەگ لە کاتی ترسدا کەمێک هەوا لە نێوان مووەکان و پێستەیدا گل دەدرێنەوە، لە ئاکامدا لەشی گەرم دەبێتەوە، مووەکانیشی بەرز دەبنەوە، بەمەش لەشی زلتر دێتە بەرچاو بەرانبەر بە دوژمنەکانی. هەرچەندە هەڵبژاردنی سروشتی ئەو مووە چڕەی لە لەشی مرۆڤدا هەبوو لای برد، بەڵام ئەم دیاردەیەی بەرزبوونەوەی مووەکانی لەش، لە کاتی ترس و سەرمادا ئێستەش ماوە. ئەو موچڕکەیە جگە لە بەڵگەی بوونی پێشینەی هاوبەش لەگەڵ ئاژەڵەکاندا، هیچ سوودێکی بۆ مرۆڤی هاوچەرخ نییە.
هەر لێرەدا دەمانەوێ ئاماژە بەوەش بکەین کە ئەو مووانەی لەشی مرۆڤ، جگە لە مووی برۆ و برژانگ کە بۆ پاراستنی چاوەکانن تا ئارەقە، یان تۆز نەچێتە ناویان، هیچ ئەرک و فرمانێکی دیکەیان نییە.

چەند پێکهاتەیەک لە ئاوەلەمەی مرۆڤدا
ئاوەلەمەی مرۆڤ گەلێک جار وەک بەڵگەیەکی ئاشکرا بۆ پەرەسەندن خراوەتە بەرچاو، هۆیەکەشی بۆ چەند خاڵێک دەگەڕێتەوە لەوانە:
- ئێمە کاتێک سەرنج دەدەینە پێکهاتە و شێوەی ئاوەلەمە لە قۆناغەکانی گەشەکردندا، دەبینین لە هەفتەکانی چوارەم و پێنجەم لە ئاوەلەمەی مرۆڤ و زۆربەی بڕبڕەدارەکاندا، شەش دانە کەوانەی گەرووەکی و پێنج درزی ڕیشەداری لە لای مل و سەردا بەدەر دەکەون، هەر درزێکیش بەندە بە پەردەیەکی تایبەت بەخۆی کە لەناوەوەدا لە توورەکە گەرووەکییەکەی هاوتای جیای دەکاتەوە. ئەمانە لە بێچووی ماسییەکاندا دمێننەوە و دەبنە کەوانە ڕیشەدارەکان، بەڵام لە مرۆڤدا هەموویان ون دەبن، تەنیا ئەوەی یەکەمیان نەبێت کە لەدواییدا دەبێتە کونی دەرەکی گوێ. بەمەش دەگەینە ئەوەی کە ئاوەلەمەی مرۆڤ بۆ چەند ڕۆژێک، پێنج درزی ڕیشەداری وەک ماسییەکانی بۆ پەیدا دەبێت، بەبێ ئەوەی هیچ سوودێکیان هەبێت.
- لە لای خشۆکەکاندا زەردێنەی هێلکە کە خۆراکی بێچووە، لەناو توورەگەیەکە (کیسە) پێی دەگوترێ (توورەگەی زەردێنە). مرۆڤیش کە شیردەرە پێشینەکەی وەک باڵندەکان خشۆک بووە، بۆیە ئاوەلەمەکەی لە سەرەتای گەشەکردندا هەتا مانگی دووەمی، ئەو توورەگەیەی هەیە کە بەندە بە کۆئەندامی هەرسکردن (بەچاکی دیارە)، بەڵام لەبەرئەوەی جینەکەی پەکخراوە، بەتاڵە و زەردێنەی تێدا نییە، پاش دوو مانگ لە تەمەنی ئاوەلەمە ئەو توورەگەیە نامێنێت، ئەمەش بەڵگەیە کە پێشنەی کۆنمان خشۆک بووە.
- ئەگەر لە سووڕی خوێنی ئاوەلەمە بڕوانین، دەبینین ئاوەلەمە لەناو زگدا لەڕێی ناوکییەوە بە دایکی بەستراوەتەوە و هەناسە دەدا، چونکە هێشتا سییەکانی بەتەواوی گەشەیان نەکردووە. لە ئەنجامی ئەو گواستنەوەیە خوێنی پاکی هەڵگری ئۆکسیجن تێکەڵ بە خوێنی پیس دەبێت، ئەمەش وا دەکا ئاوەلەمە بڕێکی کەمی لە ئۆکسیجن بگاتێ، بەڵام لە قۆناغەکانی دیکەی گەشەکردندا، دڵ و سییەکان بەتەواوی گەشە دەکەن و خوێنی پاک و پیس لە یەکدی جیا دەبنەوە. بۆ بوونی ئەم شێوازەی سووڕی خوێن و بۆ ئەوەی جیابوونەوەیەکی هاوشێوە لە ئاوەلەمەشدا ڕوو بدات، دەبینین کە لە نێوان ژوورۆچکەکانی دڵی ئاوەلەمە زارکێک هەیە بۆ هاتووچۆکردنی خوێن، هەتا ئەم زارکەش کراوە بێت، ئەوا خوێن بەرەو سییەکان ناچێت. ئەم زارکە لە کاتی لەدایکبووندا دادەخرێ، تا کرداری هەناسەدان بە سییەکانەوە بەسروشتی بەڕێوە بچێت، کەچی ئەوەی جێی سەرنجە هەندێ جار گەر ئاستەنگێک بێتە بەردەم، ئەوا ئەو زارکە داناخرێ، لە ئەنجامدا کۆرپەلە دەمرێت.
لێرەدا پرسیارێک دێتە ئاراوە، ئەویش ئایە دەتواندرا ئەمەیان بە شێوەیەکی چاکتر ببوایە؟ زاناکان دەڵێن، بەڵێ! ئەگەر ئاوەلەمە لە سنگەوە (لەبری زگ) بە دایکی ببەسترایە، ئەوا ئەو کاتە خوێنبەرەکانی هەڵگری خوێنی پاک، ڕاستەوخۆ لەگەڵ خوێنبەری سییەکانی ئاوەلەمە پێک دەگەیشتن، بەمەش نە خوێنی پاک و پیس تێکەڵ بەیەکدی دەبوون، نە پێویستیشی بەبوونی ئەو زارکەیەی دڵ دەکرد.
قۆناغەکانی گەشەکردنی ئاوەلەمەی مرۆڤ هەر لە سەرەتاوە کە هێلکەیەکی پیتێنراوە لەناو تاریکایی منداڵدان، تا ئەو دەمەی بە ڕووناکی جیهان شاد دەبێت، گەلێک نهێنی شاراوەی دیکە دەربارەی هاوبەشبوونمان لەگەڵ ژمارەیەکی زۆر لە زیندەوەران بۆ ڕوون دەکاتەوە. 

شوێنی گون
گون (هێلکەگون)، وەک بەشێک لە کۆئەندامی زاوزێی نێرینە، لە ماسییەکان لە سنگەدایە کە دەکەوێتە بەشی سەرەوەی لەش، بەڵام لە مرۆڤدا بە پەرەسەندن بۆ بەشی خوارەوە دابەزیووە، لە ئاوەلەمەشدا وەک ماسی، سەرەتا لەسەرەوەیە پاشان بەرەبەرە دێتە خوارەوە. زانراوە کە تۆماو پلەی گەرمییەکی گەرەکە کە جیاواز بێت لە پلەی ئاسایی لەش، لەبەرئەوەی مرۆڤ و گەلێک ئاژەڵی دیکەی شیردەر لە خوێنگەرمەکانن، بۆیە لەو دەمانەی کە پلەی گەرمی گۆڕانی بەسەردا دێت، بۆ ئەمانە کێشە دێتە کایەوە. پەرەسەندن بۆ پاراستنی تۆماو و چارەسەرکردنی ئەمە، وای کردووە کە هێلکەگونەکان لەڕێی توورەگەیەك بتوانن تا ڕادەیەک بۆ دەرەوە و ناوەوەی لەش بچن. لە سەرمادا توورەگەکە گرژ دەبێتەوە و هێلکەکان بۆ ناو لەش دەچن، کاتێکیش پلەی گەرمی بەرز دەبێتەوە، ئەوا توورەگەکە شۆڕ دەبێتەوە و بۆ فێنکبوونەوە، هێلکەکان لە لەش تۆزێک دوور دەکەونەوە. بەڵام دەرەنجام ئەم بۆشایییەی کە لە ئاکامی ئەمدا پەیدا بووە، وا دەکات هەندێ جار پیاوان دووچاری گرفت ببن، کاتێک ڕیخۆڵە دادەبەزێتە ئەو توورەگەیە و فشار دەخاتە سەر گون، بەمەش ئەو کەسە لەم بەشەی لەشدا تووشی نەخۆشی (قۆڕبوون) دەبێت. 

پەرەسەندن و گرفتەکانی پیربوون
هەموو ئەو کەموکوڕی و کێشانەی لە لەشی مرۆڤدا هەن دەرئەنجامی پەرەسەندنن، زۆربەی ئەمانەش لەو کاتانەدا بەدەر دەکەون کە مرۆڤ تەمەنی پەنجا ساڵی بەڕێ دەکات، وەک ئەوەی لەشی ئێمە بۆ ئەوە دروست نەبووبێ کە لە دوا ساڵەکانی تەمەنماندا بتوانین بەئارامی و ئاسوودەیی بژین.
هۆکارەکانی چەوتی، کەموکوڕی، گرفتەکانی لەشساغی، ئەو ئێش و ئازارانەی کە پێشتر لێیان دواین چین؟ بۆچی لەگەڵ بوونی هەڵبژاردنی سروشتیش، هەتا ئێستە لە لەشماندا ماون؟ زاناکان لە وەڵامی ئەو پرسیارانەدا دەڵێن، هۆکاری سەرەکیی ئەمانە ئەوەیە، ئێمە ئەمڕۆ گەلێک پتر دەژین لەو ماوەیەی لە بنەڕەتەوە بۆ پێکهاتەی لەشمان دانراوە، ئەویش کە نێزیکەی چل ساڵێکە! بە گوێرەی تۆژینەوەکانی ئەم دوایییانە، تەمەنی مرۆڤی پێش قۆناغی کشتوکاڵی نێزیکەی ٣٠ ساڵ دەبوو.
بۆ ئەوەی لەشی مرۆڤ تووشی ئەم گرفتانە نەبێ و توانای بەرگریکردنی زێدەتری هەبێت، هەروەها تەمەنێکی درێژتر بژی بە کەمترین کێشە، پێویستە پێکهاتەی هەندێک لە ئەندامەکانی لەشی بە شێوەیەکی دیکە بن، بە جۆرێک زۆربەی ئەو چەوتی و گرفتانەی کە هەڵبژاردنی سروشتی توانای لابردنیانی نەبووە، تێدا چارەسەر کرابێ. هەموو ئەوانەش وایان لە هەندێک زانا کردووە، بیر لە نەخشەکێشانی لەشێکی نموونەیی بۆ مرۆڤ بکەنەوە. هەرچەندە شێوەی ئەو مرۆڤەی ئەمانە نەخشەیان بۆ کێشا جوانیش نەبێت، بەڵام ئەگەر لەشی مرۆڤ ئەو پێکهاتە چاکانەی هەبێت، ئەوا ڕەنگە بەلایەنی کەمەوە بتوانێت بەبێ کێشە، سەد ساڵ بژیێت!
گەورەترین گیروگرفتەکانی مرۆڤی ئێستە وەک گوتمان، لەبەرئەوەیە کە لەسەر دوو پێ دەڕوات، ئەمەش ناچاری دەکا بەستوونی بجووڵێت و بەبەردەوامی گرانباری و کێشێکی زۆر بخاتە سەر بڕبڕەکانی پشتی (کە شێوەی پیتی Sی وەرگرتووە)، بەتایبەتیش لەسەر ئەو بەشە کڕکڕاگەیییانەی ئەو بڕبڕانە لە یەکدی جیا دەکەنەوە، بۆیەش زانراوە کە لە ٨٠%ی مرۆڤەکان لە ژیانیاندا تووشی ئازاری پشت دەبن. بۆ کەمکردنەوەی ئەو کێشە لەسەر بڕبڕەکان، پێویستە مرۆڤ بۆ پێشەوە بچەمێتەوە لەبری پشت ڕاستکردنەوە و ڕۆیین بەستوونی، بێگومان ئەمەش تووشبوونی بە نەخۆشیەکانی پشت، کەمتر دەکاتەوە.
ئێسکەکانیشمان ئەو چڕی و پتەوییەی کە هەیبوو نەماوە، ئەمەش تووشبوونی بە نەخۆشی ئێسکەنەرمە و چەندان گرفتی لەشساغی زێدەتر دەکاتەوە. لێکۆڵینەوە جینەکییەکان پێمان دەڵێن، ئێسکەکانمان جیاوازییەکی زۆری نییە، لەگەڵ ئێسکەکانی هۆمۆ ئیرکتس، بەڵام بەداخەوە نێزیکەی ٤٠٪ی چڕییەکەی لەدەست داوە، ئەمەش وای لێ کردووە، ئەگەری شکانی پتر بێت. هۆکاری کەمبوونەوەی ئەم پتەوییە چییە؟ زاناکان دەبێژن، زۆربەی بۆ کەمبوونەوەی جووڵەی مرۆڤ دەگەڕێتەوە، بەتایبەتیش لە ڕەگەزی مێینەدا ئەو کێشەیە زەقتر بەدەر دەکەوێت، لەبەرئەوەشە مرۆڤی ئەم سەردەمە گەر بیەوێت، بەهۆی وەرزش و مەشقی بەردەوام، دەتوانێت ئێسکەکانی ڕەقتر و چڕتر بکاتەوە.
لە لایەکی دیکەوە ئەم کێشە و گرفتانەی نەرمی ئێسکەکانمان وای لێمان کردووە کە خێرایی ڕاکردنیشمان خاوتر ببێتەوە، بە بەراوردکردن لەگەڵ ڕاکردنی پێشینەکانمان. زانای مرۆناسیی هاوچەرخ پیتەر ماکالیستەر، بە پشتبەستن بەو تۆژینەوەیەی کە لەسەر شوێنپێی بەبەردبووی مرۆڤێکی کۆنی ئوسترالیایی ئەنجامی داوە دەڵێت، مرۆڤی کۆنی ئاسایی دەیتوانی لە خێرایی ڕاکردندا پێش وەرزشەوانێکی ڕاکردنی ئۆڵۆمپیکی ئەمڕۆکە بکەوێت! 
کێشەیەکی دیکەی لەشمان ئەوەیە، ئێمە هەتا دێ باڵامان درێژتر دەبێت، بەبێ ئەوەی هیچ دەسکەوتێکی بۆمان هەبێ، کەچی باشترە ئەگەر کورتتر ببین، چونکە کورتی باڵا پێویستی بە وزە و خۆراکی کەمترە، هەروەها دەبێتە هۆی نێزیکبوونی خاڵی هاوسەنگیمان لە زەوی، بەمە ئەگەری کەوتن و شکانی ئێسکەکانیشمان کەمتر دەبێتەوە.
پێکهاتەی ئەژنۆ خاڵێکی دیکەی گرینگی بێهێزی لەشی مرۆڤە، چونکە جومگە و دەمارە لێک گرێدەرکانی ئەژنۆ، گەلێک جار دەئاوسێن و ئازارێکی زۆر پەیدا دەکەن. شارەزایان لە بواری بژیشکیدا دەبێژن، گەر ئەژنۆ وەک چۆن بۆ پێشەوە دەنوشتێتەوە، بۆ دواوەش بنوشتابووایە، ئەوا بەئاسانی دووچاری هەڵئاوسان و داخوران نەدەبوو. لەشی مرۆڤ پێویستی بە چاکسازییەکی دیکە هەیە، بەوەی ئەگەر ژمارەی پەراسووەکانی زیاتر بووایە، ئەوا ئەندامەکانی ناو زگی چاکتر دەپارێزران، لەو کاتەی مرۆڤ تووشی ڕوداوێک دەبێت.
سەرباری ئەمانە، مرۆڤ ڕووبەڕووی کێشەیەکی بنەڕەتی دەبێتەوە کە بۆ چاخە سەرەتایییەکانی پەرەسەندنی دەگەڕێتەوە، ئەویش لە کاری مایتۆکۆندریا کە دابینکردنی وزەیە دێتە کایەوە. بە جۆرێک گەر (دنا)ی تایبەتیی مایتۆکۆندریا تێک بچێت، ئەوا مرۆڤ دووچاری ژمارەیەکی زۆر لە نەخۆشی جۆراوجۆری وەک، نەخۆشییەکانی مێشک، دڵ، جگەر، گورچیلە، گەدە، نەخۆشی شەکرە و هی دیکە دەبێت.
زانراوە کە لەشی مرۆڤ پاش پەنجا ساڵی تووشی گەلێک گرفت دەبێت لەمانە، هەڵئاوسانی پڕۆستات لە پیاوان، لە ژنانیشدا لە پاش منداڵبوون گرفتەکانی خاوبوونەوەی ماسوولکەکانی میزڵدان، ئەوانە لە هەردووکیاندا دەبێتە هۆی ئەوەی نەتوانرێت، میزڵدان بەتەواوی میزی تێدا بگیرێت.
قەڵەویش کێشەیەکە لە پاش قۆناغی گەنجییەتی زیاتر دەبێت، ئەویش لەبەرئەوەیە کە لەشی ئێمە بەتەواوی لەگەڵ هەلومەرجی ژیانی ئێستەمان نەسازاوە. ژیانی ئەمڕۆکەمان لە لایەنی چالاکی و گورجوگۆڵی زۆر کەمترە لەوەی کۆن، چونکە هیچ هەوڵێکی تێدا ئەنجام نادرێ، بۆ ڕاکردنی خێراو و ڕاوکردن و کۆکردنەوەی خۆراک. پێشینەکانمان نەیان دەزانی ژەمی داهاتوویان کەی و لەکوێیە، ئەمەش بووە هۆی ئەوەی لەش ناچار ببێ پەرە بسێنێت بەرەو گلدانەوەی وزە لە شێوەی چەوری و بەکارهێنانی لە کاتی پێویستدا، ئێستە لەشمان وای لێ هاتووە نەتوانێت بەئاسانی لەو چەورییە ڕزگاری ببێ و ببێتە لەشێکی ڕێک و زراڤ.
لێرەدا پێویست ناکا لە هەموو نەخۆشییەکانی پیربوون بدوێن، چونکە هەندێکیان ئاشکران و لە زۆربەماندا هەستی پێ دەکرێت، وەک چاوکزی و گوێگران بوون و چەندانی دیکە. بۆ ئەوەی ئەو کەموکوڕی و گرفتانە چارەسەر ببن، مرۆڤ پێویستی بە گەلێک گۆڕان و پەرەسەندنی جیاجیا هەیە، بێگومان ئەمانەش بە ساڵێک و دووان ناکرێن، بگرە زۆربەیان هەزاران ساڵی گەرەکە.
لەشی مرۆڤ بە پەرەسەندنێکی یەکجار مەزن و ئاڵۆز تێ پەڕیووە، ئامانجی سەرەکیش بۆ نانەوەی نەوە و مانەوەی جۆرەکەی بووە، نەک بۆ ئەوە بووبێ، لەشێکی ساغمان بداتێ، لە پیریدا بەبێ گرفت بین. هەڵبژاردنی سروشتی بەلایەوە گرینگ نییە، چەند تایبەتمەندییەکمان هەبێ لە پیریدا تووشی کێشەمان بکەن، چونکە هەموو ئەمانە لە کاتێکدا دەبن کە ئێمە لەقۆناغەکانی پێکهێنانی خێزان و بەخێوکردنی منداڵەکانمان تێ پەڕیووین.
بۆ ڕوونکردنەوەی زیاتری بابەتی بوونی گیروگرفت دوای نەوەنانەوە، نموونەیەک دێنینەوە لەسەر بوونی هێز وەک تایبەتمەندییەک لە مرۆڤدا: گریمان جۆرە بوونەوەرێکی هاوشێوەی مرۆڤ هەیە، بەشێک لە تاکەکانی بێهێز و لاوازن، پێش ئەوەی تەمەنیان ببێتە ١٥ ساڵ دەمرن، هەندێکی دیکەیان بەهێزن و بەرگرییان زۆرە بەرانبەر بە گەلێک جۆرە نەخۆشی و گرفتی ژیان، بە شێوەیەک دەتوانن تا ٣٠ ساڵ، یان زیاتریش بژین. بێگومان بێهێزەکان دەمرن پێش ئەوەی زاوزێ بکەن، کەچی بەهێزەکان پاش ئەوەی نەوە دەنێنەوە ئینجا دەمرن، بەمەش دەبینین لەدوای چەند بەرەیەک، گەنجەکانی ئەم جۆرە زۆربەیان لەوانە دەبن کە بەهێزن.
ئێستە با بێین جارێکی دیکە بڕوانینە تاکەکانی ئەم جۆرە، بەتایبەتیش ئەوانەی کە تەمەنیان نێزیکەی ٤٠ ساڵێک دەبێت. دیسانەوە با وا دابنێین کە کۆمەڵەیەکیان پاش ٤٠ ساڵی بێهێز دەبن، کۆمەڵەیەکی دیکەیان لەدوای ٤٠ ساڵییەوەش هەر بە بەهێزیی دەمێننەوە. لێرەدا دەبینین کە لەبەرئەوەی هەردوو کۆمەڵەکە زاوزێیان کردووە نەوەیان ناوەتەوە، بۆیە هیچ هۆکارێک نییە، وا لە ئاکاری (بێهێز)ی بکا، لەناو ئەم جۆرەدا بزر ببێت.
وەک هەمیشە گوتومانە کە لە پەرەسەندندا تەنیا جۆر گرینگیی هەیە نەک تاک، بۆیە ئەو زیندەوەرانەی کە نەوەیان ناوەتەوە، زوو بمرن چاکترە بۆ مانەوەی جۆرەکەیان و زێدە بڵاوبوونەوەیان، ئەمەش هەمووی لەبەرئەوەیە کە سەرچاوەی خۆراک گەلێک جار سنووردارە، ئەو نەوەیە گەر تەنیا بێ، ئەوا پتر سوود لەو بڕە خۆراکە وەردەگرێ، لەوەی کاتێک باوان و باوانی باوانیانیش بەشیان تێدا هەبێت. بەڵام ئێمەی مرۆڤ وەک ئاشکرایە کە زۆر جار دژی هەڵبژاردنی سروشتی دەجەنگین، لەمەشدا بەردەوام لە هەوڵی ئەوەین، تا بۆمان بکرێت تەمەنمان درێژتر بکەینەوە.


شڕوشیتاڵەکانی ناو ترشە ناوەکییەکانمان
لە مرۆڤدا دواجار دێینە سەر یەکێک لە گرینگترین بەڵگەکانی پەرەسەندن، ئەویش بوونی هەڵە هاوبەشەکانە لەناو ترشەناوەکییەکاندا. ئەمانە وەڵامی یەکلاییکەرەوەن بۆ هەموو ئەوانەی گومانیان لەبوونی پەرەسەندنە، لەبەرئەوەشە لێرەدا تۆزێک بەدرێژی ئاماژەیان پێ دەدەین.
گەر چاویش بپۆشین لە لێکچوونەکان و بیان گەڕێنینەوە بۆ چەندان هۆکاری جۆراوجۆر، ناتوانین بوونی هەڵەی هاوبەش فەرامۆش بکەین. بەو واتایەی گەر زیندەوەران بەجیا سەریان هەڵدابێ و لە یەک پێشینەوە نەهاتبن، چۆن دەبێت لە هەڵەکانیاندا هاوشێوە بن، ڕێژەی هەڵەکانیشیان بەگوێرەی دوور و نێزیکیان بێت لە یەکدی؟
دۆزینەوەی ئەو هەڵە هاوبەشانە، دەبێتە بەڵگەیەکی ئاشکرا بۆ بوونی پێشینەی هاوبەش. یەکە بۆماوەیییەکانی جۆرە نێزیکەکان (مرۆڤ، شیمپانزی، گۆریلا، ئۆرانگوتان)، پێکهاتەیەکی گوێزراوەیە لە پێشینەیەکی هاوبەش، ئەگەر بەم شێوەیە ڕاڤە نەکرێت، ناتوانین هیچ میکانیزمێک بدۆزینەوە بۆ گوێزانەوەی ئەم یەکانە لە مرۆڤەوە بۆ شیمپانزی، یاخۆ لە گۆریلاوە بۆ مرۆڤ ...هتد. مەبەست ئەوەیە کە ئەو پێکهاتەیە زۆر لەمێژە لە پێشینەیەکەوە بۆ ئێمەی مرۆڤ و ئەوانەی دی گوێزراوەتەوە، نەک لە یەکێک لەوانەوە بۆ ئەوانی دیکە.
ئەو هەڵە بۆماوەیییە هاوبەشانە (DNA errors) چین؟
هەڵەی بۆماوەیی هاوبەش : بڕگەیەک، یان بەشێک لە (دنا) بەهۆی ڕووداوێکی بۆماوەیی بەبەرهەم دێت، هیچ سوودێکی بۆ ئەو زیندەوەرە نییە کە هەڵگرییەتی، هاوبەشیش بەو واتایەیە کە لە جۆرە جیاوازەکاندا، ئەو بەشە بازدراوە (بازدانی جینەکی) هەمان ڕیزبوونی شێواوی هەیە، لە هەمان شوێنی (دنا)، دەرکەوتنیشی لە هەمان زنجیرەیە لە (دنا)دا.
نموونەکان گەلێک زۆرن بەڵام لێرەدا تەنیا ئاماژە بەهەندێکیان دەکەین.
هەڵەکان بە شێوەیەکی گشتی ئەم چەشنانە دەگرێتەوە:
یەکەم: جینە پەکخراوەکان (درۆزنەجین) (Pseudogenes)
دووەم: ڕیترۆپۆسۆنەکان (Retroposon) 
یەکەم: جینە پەکخراوەکان
مرۆڤ و مەیموونەکان لە خۆراکیاندا پێویستییان بە ڤیتامین (C)یە، کەمی ئەمەش دەبێتە هۆی تووشبوون بە چەند نەخۆشییەک لەوانەش نەخۆشی (ئەسکەربووت)، بەتایبەتیش لای دەریاوانەکان. ئەمانە ناتوانن لە لەشیاندا ئەم ڤیتامینە بەبەرهەم بهێنن، بەڵام زۆربەی شیردەرەکان و جۆری دیکە دەکارن ڤیتامین (C) دروست بکەن، بۆیە بۆ ئەمانە گرینگ نییە، لە خۆراکیاندا ئەم پێکهاتەیە هەبێت. 
هۆیەکەی ئەوە دەگەڕێتەوە بۆ پەککەوتنی جینی دروستکەر کە ناوی (Gulo)یە. ئەگەر ئێمە و مەیموونەکان لەگەڵ شیردەرەکانی دیکە سەربە هەمان پێشینە نەبین، کەواتە پێشبینی ناکرێت ئەو جینەی دروستکەری ڤیتامین (C) لە ئێمە و لە مەیموونەکاندا هەبێت. کەچی ئەوەی جێی سەرنجە ئەو جینە لە مرۆڤ و مەیمووندا هەیە، بەڵام پەکخراوە. سەیرتریش ئەوەیە کە ئەو جینە پەکخراوە لای ئێمە و لای مەیموونەکان، لەڕێی هەمان بازدانی جینەکی پەکخراوە. ئەمەش بێگومان بواری ئەوەمان نادات بڵێین، لەوانەیە ئەو بازدانانە لەمە و لە هەندێک لەو جۆرە مەیموونانە، بەجیا لە یەکدی ڕوویان دابێ. لەبەرئەوەی هەرگیز ڕێی تێناچی ئەو بازدانانەی کە هەڕەمەکین، لەناو ئەو هەموو ئاژەڵەدا هەر بە ڕێکەوت، تەنیا لەو چوار جۆرەدا (مرۆڤ، ئۆرانگوتان، ماکاکا، شیمپانزی) ڕوویان دابێت، نەک هەر ئەوەندە، بگرە لە هەر چوار جۆرەکەشدا ئەو جینە تایبەتە بە هەمان شێواز پەکی خرا بێت، بە بازدانێکی وا کە بووەتە هۆی لابردنی نوکلیۆتیدێکی هاوبەش. لێرەدا پەرەسەندن دەتوانێ وەڵامی ئەوە بداتەوە، بەوەی کە دەبێت ئەو بازدانە لابەرە لە پێشینەی ئەم چوار جۆرەدا، بەر لە ملیۆنان ساڵ ڕووی دابێ، دەرەنجام ئەو جینەی پەک خستبێ، پاشان لەو پێشینە هاوبەشەوە بەرەبەرە بۆ ئێمە و بۆ هەندێک جۆر لە مەیموونەکان گواسترابێتەوە.
ئاشکرایە پێشینەکەمان، ئەوەی کە هەڵگری ئەو جینە نەبووە، توانیوویەتی نەوە بنێتەوە و ئەو جینە پەکخراوە بۆ ئێمە بگوێزێتەوە، دەبێ پێشینەکەمان نەکەوتبێتە ژێر فشارێکی کاریگەری هەڵبژاردنی سروشتی بۆ بەبەرهەم هێنانی ڤیتامین (C)، ئەویش ڕەنگە لەبەرئەوە بێت، ئەو خۆراکەی ئەو دەمە دەیخوارد، بڕێکی باشی لەو ڤیتامینە تێدا بووبێ، بە شێوەیەک هەتا ئەگەر ئەو جینەشی نەبووبێ وای لێ نەکا زیانێکی گەورەی پێ بگات. هەر بۆیە مرۆڤی ئەمڕۆ دەتوانێت پشت تەنیا بە خۆراک ببەستێت بۆ دەستکەوتنی ئەم ڤیتامینە. 
ئەوەی پێوەستە ئاماژەی پێ بکەین، جینی دروستکەری ڤیتامین (C)، تاکە پێکهاتەی پەکخراوی هاوبەش نییە، بگرە چەندان نموونەی دیکە هەن وەک:
پڕۆتینی جۆری (RT6 surface)، ئەم پڕۆتینە لە ٢٣٠ ترشە ئەمینی پێک دێت کە لە خانەی لیمفاوی جۆری (T)دا هەیە، لە ئاژەڵە کرتێنەرەکان (بکرۆژەکان). لە لای ئەم ئاژەڵانەدا جینێک هەیە بۆ چێکردنی ئەم پڕۆتینە، کەچی لەشی مرۆڤ ناتوانێت دروستی بکات. دەکرێ بپرسین، ئایا مرۆڤ ئەم جینەی هەیە؟ بەڵێ، بەڵام جینێکی پەککەوتووە. ئەگەر لە ئاژەڵە نێزیکەکان بە مرۆڤ بڕوانین بە نموونەی شیمپانزی، دەبینین کە ئەویش توانای دروستکردنی ئەم پڕۆتینەی نییە، بەڵام سەیر لەوەیە کە شیمپانزیش هەمان جینی پەکخراوی هەیە. لێرەدا دیسانەوە ئەو بازدانانەی کە جینەکەیان لە لای مرۆڤ و شیمپانزیدا پەک خستووە، هەمان بازدانن کە پێک دێن لە سێ پێکهاتە (stop codons). ئایا دەشێ ئەمانەش هەر بە ڕێکەوت وا بەجیا ڕوویان دابێ؟ جارێکی دی دەڵێین، جگە لە پەسندکردنی بیرۆکەی ڕوودانی ئەم سێ بازدانە لە پێشینە هاوبەشەکەماندا و گواستنەوەی بۆ ئێمە و شیمپانزی، هیچ ڕاڤەیەکی دیکە هەڵ ناگرێت.
نموونەیەکی دی:   
جینی (Urate oxidase)، ئەم جینەش لە لای ئێمە، شیمپانزی و ئۆرانگوتاندا پەکخراوە، وەک ئەو جینەی پێشوو بەهۆی ڕوودانی سێ بازدانی شێواو.
نموونەیەکی دیکە:
جینی تایبەت بە ئەنزیمی (Steroid 21-hydroxylase)، دوو دانەی هەیە لە مرۆڤدا، یەکێکیان کارا و چالاکە لە فرمانەکانی، دووەمیش پەکخراوە لەڕێی بازدانێک کە ٨ نوکلیۆتید دەگرێتەوە. کاتێک زاناکان شیمپانزییان پشکنی بینییان، ئەویش هەر هەمان دانە لە لایدا پەک خراوە، بە هەمان بازدانە گشتییەکەی لەو ٨ نوکلیۆتیدە. ئەمەش ئەو واتایە بەدەستەوە دەدات کە جینە پەکخراوەکە وەک ئەوانەی کە لێیان دواین، لە پێشینە هاوبەشەکەدا پەک خراوە، پاشانیش بۆ ئێمە و شیمپانزی گوێزراوەتەوە.
دووەم: ڕیترۆپۆسۆنەکان
١- جینە پەکخراوە بەکاربەرەکان (Processed pseudogenes)، ئەم چەشنە جینانە گەلێک پترن لە چەشنی پێشوو، لەوانەیە ژمارەیان خۆی لە ١٥ هەزار جینی پەکخراو بدات لە جینۆمی مرۆڤدا.
جیاوازی ئەم جینانە لەگەڵ ئەوانەی یەکەم ئەوەیە کە لێرەدا جینی بنەڕەتی چالاکە لە کارەکانی، بەڵام لە کاتی لەبەرگرتنەوەیدا جینی دووەم، سێیەم و ئەوانی دیکە کە دێنە بەرهەم و لە شوێنی جیاجیای (دنا)دا جێگیر دەبن، هەموویان پەکخراون. هۆکارەکەشیان دەگەڕێتەوە بۆ ئەو چەند بازدانانەی کە وایان لێ دەکات بشێوێنرێن و نەبنە هەڵگری زنجیرەیەکی تەواو و ڕێکخراو (regulatory sequences)، بەمەش جیاواز بن لەو جینە بنەڕەتییەی کە لێیەوە پەیدا بوونە.
نموونەکانی ئەمانە:
پڕۆتینی جۆری (Epsilon immunoglobulin)، جینی چالاکی تایبەتیی ئەم پڕۆتینە لە کڕۆمۆسۆمی ژمارە ١٤دایە، دانەیەکی هاویەکی دەقاودەقی ئەم جینە لە کڕۆمۆسۆمی ٩دا دۆزرایەوە، بەڵام پەکخراوە بەهۆی ڕوودانی چەند بازدانێک. زاناکان یەکسەر پێشبینی ئەوەیان کرد کە جینێکی هاوشێوەی ئەوە لە لای مەیموونەکاندا هەبێت، لە ڕاستیشدا بەم جۆرە بوو، ئەم جینە پەکخراوە لای هەریەک لە شیمپانزی، گۆریلا، ئۆرانگوتان و مەیموونی جیهانی کۆندا دەبینرێت، لە هەمان کرۆمۆسۆم، بە ژمارەیەکی نێزیکیش لە ژمارەی بازدانەکان. ئەوەش سەلمێنەری ئاشکرای ئەوەیە کە لە پێشینەی هاوبەشیانەوە بۆیان بەجێ مابێت.
نموونەیەکی دیکەی ئەم شێوازە ئەنزیمی جۆری (glyceraldehyde-3-phosphate dehydrogenase)یە، یەکە بۆماوەیییەکەی ئەم ئەنزیمە لە ئێمەی مرۆڤی ئەمڕۆکە چالاک و کارایە، بەڵام لەگەڵ ئەمەدا ژمارەیەکی زۆر لە جین هەن، هەموویان پەکخراون و هیچ سوودێکیان نییە، لە ئەنجامی ئەو بازدانانەی کە نێزیکەی ١٥ تا ٣٠ ملیۆن ساڵێک پێش ئێستە ڕوویان داوە.
٢- (SINEs): زۆربەیان پێک دێن لە (Alu sequences), ئەمەشیان زنجیرەیەکی درێژە لە ٣٠٠ نۆکلیۆتید، نێزیکەی ملیۆنێک زنجیرە لە کۆمەڵەیەکی ڕیزبوو لە جینۆمی مرۆڤدا هەیە، زۆربەیان جگە لە خۆلەبەرگرتنەوەیان لە شوێنی جیاجیای (دنا)دا، هیچ فرمانێکی دیکەیان نییە، ئەمانە گەلێکیان لە مرۆڤ و شیمپانزیدا هاویەکن. بۆ نموونە: ٧ دانە لە (Alu sequences)، لە نێزیک جینی (alpha globin)، ٧ی دیکە لە تەنیشت جینی پەکخراوی (cdc27hs)، لای مرۆڤدا هەن، هەمان ئەو ژمارانە لە شیمپانزیدا هەن، لە هەمان شوێنی دیارکراو و هەمان زنجیرەی (دنا)دا.
٣- (LINEs): نێزیکەی ملیۆنێک دەبن، پێک دێن لە زنجیرەیەکی درێژ، بەڵام لەوەی پێشوو درێژتر ژمارەیان ٧٠٠ نوکلیۆتیدە لە هەر زنجیرەیەکدا. ئەمانەش تەنیا خۆلەبەر دەگرنەوە، جگە لە ٥٠ دانەیان نەبێت کە چالاکن، ئەوانی دیکە هیچ کارێک بەڕێوە نابەن.
٤- (Endogenous retroviruses): لەوانەیە بەهۆی تووشبوونی هەندێ خانەی پێشینەکانمان بێت بە ڤایرۆسی جۆری (ڕیترۆ)، پاشان بۆ ئێمە گوێزرابێتەوە، ئەمانەش هیچ فرمانێکیان نییە. لەبەرئەوەی ژمارەیان زۆر کەمە، بۆیە تەنیا ٥ دانەیان دۆزراوەتەوە کە لە مرۆڤ و شیمپانزیدا وەک یەکن.
ئەمانە و زۆری دیکە کە پەرەسەندن پێشبینی دەکردن، بەکردارەکیی لە ئەزموونگەکاندا سەلمێندراون، هەتا ئەمڕۆ نەبیستراوە یەکێک لەو پێشبینییانە هەڵە بووبێ، یان نەکرێ دەرەنجامەکانی پەرەسەندنیان تێدا ببینرێن. لە زۆر پێکهاتە و جێی جۆراوجۆر لە جینەکانی مرۆڤدا خەوشی و ناڕێکی هەن، بەڵام لێرەدا پێویست نییە، ئاماژە بە هەموویان بکرێت.

ئەو چاوانەی بێسوودن
لە هەندێک لە زیندەوەرانیشدا کەموکوڕی و چەند پێکهاتەیەک دەبیندرێن، پێویستیان بە ڕاڤەکردن هەیە. وەک، سەدان زیندەوەر لە شوێنە تاریکەکانی قووڵایی و بنەبانی زەریاکان و ئەشکەوتەکان دەژین، پێویستییان بەبوونی چاو نییە. ئەمەش چەندان جۆرە ماسی، مێروو، جاڵجاڵۆکە و جۆری دیکە دەگرێتەوە کە لەگەڵ ئەوەی زۆربەیان چاویان هەیە، بەڵام هیچ پێکهاتەیەکی بنەڕەتی وایان تێدا نییە، بۆ کرداری بینین بشێت. ئەو زیندەوەرانە ناتوانن بەو چاوانەیان هیچ ببینن، هەتا ئەگەر بخرێنە بەر ڕووناکیش. زۆربەی ئەو زیندەوەرانەش نە شێوەیان جوانە و نە ڕەنگێکی واشیان هەیە جێی سەرنج بێت، ئەمەش بێگومان لەبەرئەوەیە کە لەو ناوچانەدا هیچ کێبڕکێیەک نابینرێت، لە نێوان هاوڕەگەزەکان بۆ ڕەگەزەکەی دی. بوونی چاو بۆ ئەمانە لە لایەک پێویستی بە وزەیە، لە لایەکی دیکە گەر چاو هەبێت و کار بکات، ئەو کاتە دەبێت گلێنە لەناو چاڵایی چاودا ببزوێت، بەمەش ئەگەری هەوکردن و تووشبوونی بە نەخۆشییەکان پتر دەبێت، بۆیە نەبوون، یان پووکانەوەی گەلێک چاکترە لە بوونێکی بێسوود. دەرەنجام دەگەینە ئەوەی بڵێین، بوونی چاو لە جێیەک کە ڕووناکی لێ نەبێت، چ مەبەستێک بەدەستەوە نادات، جگە لەوەی بەڵگە بێت کە ئەمە لە پێشینەکانیانەوە بۆیان بەجێ ماوەتەوە.

گیروگرفتەکانی شەمشەمەکوێرە
شەمشەمەکوێرە و هەموو ئاژەڵە وشکانییەکان لە پێکهاتەی ئێسکەکانیاندا هاوشێوەن، هەر لە مشکەوە بگرین هەتا دەگاتە فیل، هەمان شێوە ئێسکەپەیکەریان هەیە. ئەگەر سەرنج بدەینە ئێسکەپەیکەری شەمشەمەکوێرە، لێکچوونی شێوە و ڕواڵەتی لەگەڵ ئاژەڵە وشکەنشینەکاندا زۆر زیاترە لە ئێسکەپەیکەری باڵندەکان. ئێسکی باڵندەکان کلۆر و سووکن، دەبێتە هۆی ئەوەی کێشی لەشیان کەمتر و فڕینیان ئاسانتر بێت، بەڵام ئێسکی شەمشەمەکوێرە ئەو تایبەتمەندییانەی نییە، بۆیە لە فڕینیدا گرفت و کێشەی هەیە و وەک باڵندەکانی دی چالاک نییە. بەمەش دەگەینە ئەو دەرئەنجامەی کە ناشێت ئەمیان لە بەڵندەکانەوە پەرەی سەند بێت.
ئەگەر بەراوردێکیش بکەین، لە نێوان سییەکانی شیردەرەکان و باڵندەکاندا، دەبینین لە شیردەرەکاندا (بە شەمشەمەکوێرەوەش)، لە کاتی هەناسەدان هەوای پاک و هەوای بەکارهێندراو تێکەڵ بەیەک دەبن. لە باڵندەکاندا ئەو کردارەی هەناسەدان بە دەیان جار چاکتر بەڕێوە دەچێت، هیچ تێکەڵبوونێکی هەوای پاک و پیسیش ڕوو نادات، چونکە سییەکانی باڵندە چەندان کونیلەی هەوایان تێدایە کە هەوای بەکارهێندراو گل دەدەنەوە، لەو کاتەی هەوای پاک دەچێتە ناو خوێن. ئەم کێشەیەی کرداری هەناسەدان تەنیا هی شەمشەمەکوێرە نییە، وەک باڵدارێک، بگرە کێشەیەی ئێمەی شیردەریشە.
لەبەر بوونی ئەم گرفتانە و چەندین ناڕێکی دیکە لە لەشماندا، ئێمە هەرگیز ناتوانین بێژین کە مرۆڤ لە هەموو ڕووێکەوە لە ئاژەڵەکانی دی باشترە، یان پتر پەرەی سەندووە، چونکە چەندان ئاژەڵ هەن لە زۆر پێکهاتە و تایبەتمەندییاندا گەلێک لە مرۆڤ چاکترن.

کەموکوڕییەکانی نەهەنگ
سەرەتا دەبێ بزانین کە نەهەنگ لە ئاژەڵێکی وشکەنشین پەرەی سەندووە کە بە چوار پەل دەڕۆیی، پاشان چووەتە ناو ئاو (بەپێچەوانەی گەلێک ئاژەڵی دیکە)، بەڵگەی ئەمەش ئەو هەڵکۆڵدراوانەن کە بەدەست زاناکانەوە کەوتوون. هەروەها ئەگەر لە نەهەنگ بڕوانین، دەبینین سەرباری ئێسکەکانی سێ بەند، پاشماوەی ئێسکی پەلەکان هەتا ئێستە لە لەشیدا هەن، هیچ گرینگییەکییان نییە، نە بۆ مەلەکردنی، نە بۆ هیچ لایەنێکی دیکەی ژیانی.
نەهەنگ شیردەرێکە لەناو ئاودا دەژی، بۆیەش چەند کێشەیەکی هەناسەدانی هەیە، ئەو کێشانەشی لەبەرئەوەن کە نەهەنگ بە سییەکانییەوە هەناسە دەدات، نەک لەڕێی کەوانە ڕیشەدارەکان، وەک ئەوەی کە لە ماسییەکاندا هەن. نەهەنگ زۆربەی کاتەکانی لەژێر ئاودایە، بۆیە ناچار دەبێت، دەم نادەم بێتە سەر ئاو بۆ ئەوەی هەناسە بدا، بێگومان نەهەنگ لە ئاودا نوقوم نابێت، بەڵام گەر لە کاتی پێویست بەپەلە نەیەتە سەر ئاو ڕەنگە بخنکێت. ئەم گرفتە زێتر لەو بێچووانەی تازە زاون بەدەر دەکەوێ، چونکە هەر لەگەڵ هاتنە دەرەوەی ئەو بێچووانە لە زگی دایکیانەوە، دەبێت بەخێرایی خۆیان بگەیێننە سەر ئاو بۆ هەڵمژینی هەوا. لەبەرئەوەشە بەردەوام ژمارەیەکی زۆر لەو بێچووە نەهەنگانە بە مردوویی دەبینرێن، ئەوانەی لەبەر بوونی بەربەستێک، نەیان توانیووە بەپەلە بگەنە سەر ئاو و خنکاون.
نەهەنگەکان مەترسییەکی دی بەرەوڕوویان دەبێتەوە لەڕێی دیاردەیەکەوە کە پێی دەگوترێت (نەخۆشی ژێراوگەڕەکان)، ئەویش لە ئەنجامی بەخێرایی تێپەڕبوونە لەشوێنێکی پەستانی بەرز، بۆ یەکێکی دیکەی پەستانی نزم کە دەبێتە هۆی مردنێکی پڕ لە ئێش و ئازار.
ئەم دیاردەیە بۆ ژێراوگەڕەکانیش گرفتێکی گەورەیە، چونکە کاتێک ژێراوگەڕێک بیەوێت بەخێرایی لە بنی دەریاوە بۆ سەرەوە بێت، ئەوا لە سییەکانیدا بڵقەکانی نیترۆجن پەیدا دەبن، ئەویش لەبەرئەوەیە کە ئەو گازە لە بەشی ژێرووی ئاودا پەستانێکی گەلێک زۆرتری لەسەرە وەک لەبەشی ژووروویدا. بۆیە هەر سەرکەوتنێکی بەپەلە دەبێتە هۆی پەیدابوون و کۆبوونەوەی ئەو بڵقانە و بەندکردنی ئۆکسیجن، ئاشکراشە نەبوونی ئۆکسیجن لە خوێندا، ئەگەر بۆ چەند چرکەیەکیش بێت، زیانی کوشندەی لێ دەکەوێتەوە، لەوانەشە ببێتە هۆی مردن.
نەهەنگەکان تووشی هەمان گرفت دەبن، بۆیە بەناچاری دەبێت هاوسەنگییەک ئەنجام بدەن، بەوەی کە پێویستە لە لایەک هێدی هێدی بێنە سەر ئاو، هەتا لە سییەکانیاندا ئەو بڵقانە پەیدا نەبن، لە لایەکی دیکەوە دەبێت پەلە بکەن بۆ سەرکەوتن و هەناسەدان، چونکە دەرئەنجامی هەر دواکەوتنێک بێگومان خنکانە!

توورەگە بەرەواژەکەی کوالا
کوالا (koala): ماوەیەکی زۆر بوو وا دەزاندرا کە کوالا ئاژەڵێکە لە جۆری ورچەکان، بەڵام لەم دوایییانەدا بە جۆرێک لە توورەگەدارەکان پۆلێن دەکرێت. بەداخێکی زۆرەوە کوالاش وەک گەلێک ئاژەڵی دیکە، لەژێر هەڕەشەیەکی ڕاستەوخۆی بنەبڕبووندایە، لەبەرئەوەی کەوڵێکی زۆر جوانی هەیە، بۆیە بەردەوام دەکەوێتە بەر هێرشی ڕاوکردنیان لەلایەن مرۆڤەوە.
کوالا شیردەرێکی توورەگەدارە، وەک کەنگەر و توورەگەدارەکانی دیکە لە ئوسترالیادا دەژیت. ئەمانە بێچووەکانیان کە دەزێن بەتەواوی گەشەیان نەکردووە، بۆیە بۆ ماوەیەک لەناو ئەو توورەگانە دەمێننەوە. ئەوەی جێی سەرنجە کە دەمی ئەو توورەگەیە لەبری ئەوەی لەسەرەوە بێت، لەژێرەوەیە! خۆراکی کوالا گەڵای دارە، بۆیە ئەو کاتەی بەداردا هەڵ دەگەڕێ، بێچووەکەی تووشی گرفتێکی زۆر دەبێت. هۆکاری ئەمە چییە؟ پەرەسەندن دەڵێت، بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە کە ئەمەیان لە پێشینەیەکە، زۆر لە ئاژەڵێکی دیکەی توورەگەدار دەچێت پێی دەگوترێ، ومبات (Wombat).
ومبات چاڵهەڵکەنە و لەو دارستانانە دەژی کە خاکەکەیان نەرمە. ئەم ئاژەڵە چاڵهەڵکەنێکی گەلێک چووست و چالاکە، لەو کارەشیدا بە پەلەکانی خۆڵی هەڵکەندراو بۆ دواوە فڕێ دەدات. بۆ ئەمە باشترە کە دەمی توورەگەکەی لەژێرەوەدا بێت، گەر نا ئەوا لە چوونەناو کون و هاتنەدەرەوی، خۆڵ دەچێتە ناو توورەگەکە، هەروەها لەکاتی چاڵهەڵکەندندا بێچووەکەی لەو خۆڵە زۆر ئازاری پێ دەگات، بەڵام ئاشکرایە کە ئەمە بۆ کوالا شتێکی خەراپە.
------------------------------------
ئەمەی سەرەوە بابەتێکە لە کتێبێکی ئامادەکراو بەناوی (دەروازەیەک بەرەو تیۆری پەرەسەندن) کە لە ئایندەدا بڵاو دەکرێتەوە.
سەرچاوەی وێنەکان یەک لەدوای یەک:

darasulaiman
https://www.veazievet.com/feline-wellness/senior-cat-health/subtle-signs-of-illness/
https://commons.wikimedia.org/wiki/File:Jacobson%27s_organ_in_a_

3.reptile.svg
https://commons.wikimedia.org/wiki/File:Darwin-s-tubercle.jpg
http://iraqidentistry.com/ar/?cat=19
https://www.gezondheidenco.nl/244502/barrett-slokdarm-bepaalde-vorm-slokdarmkanker-voorspelbaar/
http://lacienciadiver.blogspot.com/
http://tomvangelder.antrovista.com/
http://6.18.16.jacobwinterstein.com/wiring/hip-bone-diagram.html
http://arcphysicaltherapy.com/2014/strengthening-the-core-muscles-of-the-foot/
https://www.nporadio2.nl/nieuws/15469/kippenvel-betekent-meer-emoties
https://upload.wikimedia.org/wikipedia/commons/0/08/Haeckel_drawings.jpg
http://www.childrenshospital.org/conditions-and-treatments/conditions/i/inguinal-hernia
http://byotna.kenanaonline.com/photos/1173777985
https://www.licg.nl/aquariumdieren/ziekten-en-aandoeningen-bij-zoetwatervissen/
https://nl.depositphotos.com/43994591/stockillustratie-vleermuis-skelet.html
https://gervanpoelgeest.wordpress.com/2016/12/07/de-walvis/
https://zoo.sandiegozoo.org/cams/koala-cam
  


نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە