مەلاى تۆراو

Saturday, 19/01/2019, 20:41

5861 بینراوە


دنیایەکى سەیر و سەمەرە تێکەوتوین سەری لێدەرناکەین : ناهەقمانە ، جاران مەلاژن ئەتۆرا ئێستا مەلا ئەتۆرێت ، جاران مناڵ خیشى ئەکرد ئێستا کەڵتە مەلایەک خیش ئەکات ، مەلایەکى پڕ مۆزایک ، ماوەیەک هەر لالغاوەى پڕبە تاکە پێڵاوێک کەفى ئەچڕان و دەمارى ملى وەک سۆندەى بەرهەتاو بەرز ئەبۆوە (دابڕان)ى تەتەڵە ئەکرد کۆمەڵێک گەجەر و گوجەرى لە براندى خۆى شوێنکەوتبوو بۆ ئەوانیش تاریفى دابران ئاشکرابوو کە ئەم مەلایە لە هەموو ئەخلاقێک دابڕاوە ، باسى عیلمانیەتى چى بکات ئەوا چەند دەیەیەکە نەیتوانیوە ئەم  (مەلا)یە لە پاشەڵى بقرتێنێ  .
• فشەکردنیش وەستایەتى ئەوێت مەلا بەختیار لەم هونەرەشدا کەوتووە و پلەى پێویستى نەهێناوە مەگەر وەکو قوتابیە کەوتووەکان بە بڕیار دەریبچێنن نازانم بەڕێوەبەرى گشتى پەروەردەى سەر بەو گردەى چاخۆرەکانى لێماوە  ، ئەم بڕیارەى لا پەسەندە و ئەیکات بەدیارى بۆ برایانى پارتیان هەتا دڵى مەسرور نەرمتر بێت نائومێدیان نەکەن و لەت یان قەراغە حکومەتێکیان بەربکەوێت .
• مەلا لە فشەى هێلیکۆبتەرەکاندا کورتى هێناو بوو بەگاڵتە جاڕ ئەگەر جێگرى سکرتێرى گشتى بەو هەموو دەرد و نەخۆشى و هەزەیەوە فریاى نەکەوتایە ئەبوو بەمەلا کۆبتەر ،
مادام جارێ لە ئاسمانین : 
با فشەى مەلایەکی تر بەسەر بکەینەوە:
مەلا مستەفا جارێک لەکۆڕى دیوەخانەکەیدا بۆ دۆست و ئەحبابى گێرایەوە و ووتى: (دوو تەیارە هاتن منیش لەپاڵ گاشە بەردێکدا سەنگەرم لێگرتن بە بڕنەو، کە نزیک بونەوە سێرەم لێگرت و یەک فیشەکم پێوەنا، سەیرم کرد قۆڵى کراسەکەم خوێناوى بوو! تومەز تەیارەچییەکەم بریندار کردووە.)
کەس نەیئەوێرا بە مەلاکەى پارتى بڵێت ئەزبەنى فشەکەت زۆر قەبەیە،  بەڵام بۆ مەلا کەى یەکێتى کەس باوەڕى بە ٢٣ هێلکۆبتەرەکەى نەدەکرد، هەرکەسێکت دەبینى ئەیوت ئەى ڕوى بابت ڕەشبێت بۆ خۆت و درۆت، 
با هەر لە ئاسمان بمێنینەوە :
کابرایەک لە گەرەدێى ناوچەى شارباژێر ووتى: (دوو تەیارەى سیخۆ بەسەرمەوە بوون منیش تەراکتۆرێکى فۆڕگاسنم پێبوو بە عارەبانەکەیەوە گردێک نزیکم بوو کەوتمە خولانەوە بە چواردەوریدا کردم بە تەپوو تۆزێک ئەتوت ڕۆژى حەشرە و چاو چاوى نەئەبینى هەتا سایەقى یەکێک لە تەیارەکان لە پەنجەرەکەوە سەرى دەرهێنا ووتى: ووتى عەموو تەپو تۆز مەکە هیچ نابینین) .
ئەم پیاوە لاى خەڵک خۆشەویستە، بەڵام خەڵک بە مەلا بەختیار هێڵنج ئەدات .
 
• ئەڵێن یەکێتى کەوتۆتە جوڵە و ملە لەقێ، کۆبونەوە بەدواى کۆبونەوەدا ئەکات بەکۆبونەوەى کراوە و نیوەداخراو هێشتا ئەم کۆبونەوەیە ساردنەبۆتەوە کۆبونەوەیەکی تر هەڵئەپچڕن داواکارم :   کۆبونەوەیەک بکەن و وەڵامى ئەم پرسیارە بدەنەوە:
ئەرێ جەماعەتى سەوز مەلا بەختیار سەوزایى تێدا ماوە؟ ئەگەر یەکێتیە بەڵگەتان هەیە ئەم پرسەش مەکەن بە بەزمى کۆنگرە . 
• لەوەتى پارتى مەلا بەختیارى بەم فلیمە ڕوتە بە بارمتە گرتووە مەلاى داماو بە بێ مەسعود و پارتى نزگەرەش نادات، وەک پارتییەکان ئەڵێن بریا هەر وەکو فلیمەکەى شێخ جەعفەر بوایە ئەوەى مەلا دوو دیوە.  
• مەلا سەرمەقولاتێکى بە دیموکراتی دا و وازى لە ئۆلۆمپیک هێنا، هەتا نەبێتە مەلا ئۆلۆمپی و بە سپۆنسەرى پارتى فیستیڤاڵى بەڕێکرد، ئاى کە بێزوى بەسەرۆک کۆماریەوە کرد!، حکومەتى فەرەنساى خەمبار و هەناسە سارد کرد، کە نەکرا بە سەرۆک کۆمار، ئێستا فەرشى سوریشى لەبەرچاو کەوتووە .
• مەلا باس  لە پارەى ژێر زەمین ئەکات، ئێستاش لچ لە نەوتى دزراوى کەرکوکەوە ئەدات! تۆ بڵێیت ئەمانەش هەروەکو مەلا ئەڵێت هەڵەى سیاسى بن وەکو ٣١ى ئاب، ئەبێت هەڵەیەک هەبێت یان نەسریە و موچەکەیان بۆ پاشەکەوت کردووە، یاخود بەشە پارەکەى لە نەوتى دزى کورتى هێناوە؟!.

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە